بەبێ گوێدانە بڕیارەکەی حکومەت قوتابخانە ناحکومییەکانی گەرمیان نمرەی خوێندکاران بڵاودەکەنەوە
هەواڵ
09:25PM - 2026-07-10 , بینین : 86


رادیۆی دەنگ

بەشێک لە قوتابخانە ناحکومییەکانی گەرمیان نمرەی قوتابییەکانی پۆلی ١٢ـی ئامادەییان بڵاوکردوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی پەروەردە بڵاوکردنەوەی نمرەی قەدەغە کردبو، پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت لێپێچینەوەی یاسایی دەکەین.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە پێش نزیکەی مانگێک ئاڕاستەی تەواوی بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کردوە، خوێندنگا حکومی و ناحکومییەکان ئاگاداردەکاتەوە لەوەی دانانی نمرەی قوتابیان لە ماڵپەڕ و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمو شێوەیەک قەدەغەیە.

لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتوە کە هەر قوتابخانەیەک نمرەی قوتابیان دابنێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی بەدواداچونی رادیۆی دەنگ، ژمارەیەک قوتابخانەی ناحکومی لەگەرمیان، نمرەی قوتابیانی پۆلی ۱۲ـی قوتابخانەکانیان بڵاوکردوەتەوە.

لەبەرامبەردا پەروەردەی گەرمیان باس لەوەدەکات کە کار بەنوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە دەکەن.

محەمەد ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە هەریەکە لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان نمرەی خوێندکار دانرابێت، بەگوێرەی نوسراوەکەی وەزارەت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو قوتابخانانە دەکرێت.

وتیشی: پێمانخۆشە هەمو قوتابییەکی گەرمیان و کوردستان یەکەم بێت، بەڵام بۆ بابەتێکی لەمشێوەیە هەمومان دەبێت پابەندی بڕیاری وەزارەت بین.