سوتاندنی تایە لەناوچەی پیشەسازیی کەلار؛ بژێوییەک کە ژینگە دەخنکێنێت
01:02PM - 2026-07-09 , بینین : 54


رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود

سوتاندن و ئاگرکردنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار کۆنترۆڵ نەکراوە، کاسبکارێک دەڵێت: زیاتر لە دوساڵە سەردانی قایمقامیەتی کەلارمان کردوە بەڵام بێ ئەنجام بوە، فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان دەڵێت: ئێمەش نوسراومان کردوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، قایمقامیەتی کەلاریش جەخت لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکاتەوە.

لەناوچەی پیشەسازیی کەلار، ماوەیەکی زۆرە کارێک بە بەردەوامی دەکرێت، ئەویش سوتاندنی تایەی ئۆتۆمبیلە بۆ دەرهێنانی تەلەکانی ناوی، یاخود سوتاندنی وایەر و کەرەستەی دیکەیە بۆ دەرهێنانی مس و فافۆن و تەلەکانی ناویان. ئەم کارە بوە بە سەرچاوەی بژێوی بۆ بەشێک لە هاوڵاتیان، ئەوان بەرۆژ تاوەکو ئێوارە بەکوچەکانی شار بەدوای تایەو وایەر و ئەو کەرەستانە دەگەڕێن کە سودی لێدەبینن و دوای دەرهێنانی مادەکانی ناویان دەیفرۆشنەوە.

هەرچەندە ئەوان بۆ بژێوی ژیان وادەکەن، بەڵام کارەکە لێکەوتەی ژینگەیی مەترسیداری بۆ خۆیان و هاوڵاتیانیش هەیە، ئەمە سەرباری ئەوەی کاسبکارانی ناوچەی پیشەسازیی نیگەران کردوە.

کاسبکاران: سوتاندی پاشماوە و تایە بوەتە هۆی پیسبونی ناوچەکە

محەمەد ئەحمەد، کاسبکارێکی ناوچەی پیشەسازیی کەلارە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: زۆربونی کردنەوەی ئاگر لەناوچەی پیشەسازیی بوەتە هۆی پیسبونی ناوچەکە، چ لە روی ژینگەییەوە یاخود لە روی زیانگەیاندن بە کارگە خۆراکییەکانی ئەو سنورە، هەروەها فڕێدانی پاشەڕۆ لەدوای خۆیانەوە بوەتە هۆی پیسبونی ناوچەکە و دیمەنێکی ناشرینیشی پێبەخشیوە.

ئەو کاسبکارە رەخنەی لە لێپێچینەوەکانی حکومەت هەیە لەوبارەوە، دەڵێت: لیژنە حکومییەکان بەردەوام کارگەکان دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی کەموکورتییەک، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە گرفتی سوتاندن چارەبکرێت.
دەشڵێت: گرفتێکی دیکەمان جگە لەمەترسی ژینگەیی و تەندروستی، مەترسی گیانییە، بەشێک لەو ئاسنانەی دێن دەیسوتێنن کەرەستەی کۆنن و رەنگە تەقەمەنییان تێدابێت، ئەمەش لەسەر کاسبکاران و کرێکاران مەترسی دروستکردوە.

ئەو کاسبکارە باس لەوەش دەکات دو ساڵ پێش ئێستا چونەتە قایمقامیەتی کەلار و نوسراوی بۆ کردون بۆ شارەوانی، بەڵام وەکخۆی وتی: "تائێستا ئیشێکی جدی نەکراوە و گرفتەکە وەکخۆی ماوەتەوە".


فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان: چەندینجار نوسراومان کردوە بۆ لابردنیان

بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، جەخت لەوەدەکاتەوە بابەتێکی کۆنی بێ چارەسەرە.

د. دورەید سەلیم، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: سوتانی پاشماوەکان لە ناوچەی پیشەسازی کەلار بابەتێکی زۆر کۆنە، تاوەکو ئێستاش چارەسەر نەکراوە.

وتیشی: پێویستە لیژنەی ئەمنی ئەو ناوچەیە ئەو کەسانە دەستگیر بکات کە هەڵدەستن بە سوتاندی ئەو پاشماوەنە.

دەشڵێت: هەرکات ئەو کەسانە دەستیگر کران پێویستە بدرێن بەدادگا و ئێمەشی لێ ئاگادار بکرێتەوە تاوەکو نوێنەری یاسایمان بنێرینە دادگا.

بەوتەی بەڕێوبەری ژینگەی گەرمیان لەماوەکانی پێشودا چەندین نوسراویان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدارەکانی وەکو قایمقامیەت کردوە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بگرنەبەر.


قایمقامیەتی قەزای کەلار: هەرکەسێک تایە بسوتێنێت دەستگیر دەکرێت

لەبەرامبەر کێشەکەدا، قایمقامیەتی کەلار دەڵێت: رێنمایی دراوە بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران.

ئه‌فراسیاو مه‌حمود، سه‌رۆكى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار، بۆ رادیۆى ده‌نگ باسى له‌وه‌كرد: هه‌ندێكجار ئه‌و پاشماوه‌ و تایانه‌ى كه‌ ده‌سوتێنرێن له‌لایه‌ن هاوڵاتیانە‌وه‌، زیاتر لەکاتی ئێوارانه‌ و ئەو جێگایانە چۆڵ دەبن.

وتیشى: ئەو کەسانە دوای کردنەوەی ئاگرەکە، خۆیان دەشارنەوە و دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى سیمه‌كانى ناویان.

جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: لیژنه‌ى ئه‌منى خۆمان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى پۆلیسى دارستان و ژینگەمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ به‌به‌رده‌وامى چاودێریی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌ن، هه‌ركه‌سێكیان بینى هەوڵی کاری لەوشێوەیە دەدات له‌و سنورەدا،‌ ده‌ستگیرى بكه‌ن.


کێشەیەکی بەردەوام

لەنێوان سکاڵای کاسبکاران لە چارەسەرنەکردنی حاڵەتەکە و جەختکردنەوەی حکومەت لە پێپێچینەوە کردن لە سەرپێچیکاران، سوتاندنی تایە و پاشماوە لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار بەردەوامە. ئەگەرچی کارەکە بۆ هەندێک کەس سەرچاوەی داهات و بژێوییە، بەڵام بۆ کاسبکارانی دیکە سەرچاوەی نیگەرانی و بێزاریی و بۆ ژینگەش کارەساتە.