"هزر و خه‌یاڵه‌كانى كرده‌ رۆمانێك"؛ چیرۆکی چرۆ و دونیای نوسین
07:57PM - 2026-07-05 , بینین : 88


رادیۆی ده‌نگ- شیرین ئه‌حمه‌د

گوێبیستی راپۆرتەکە بن...


لە نێوان ئەرکە پیرۆزەکانی دایکایەتی و چرپەی هێمنی وشەکاندا، چیرۆکی نوسەرێک لەدایکدەبێت کە دەیسەلمێنێت خەونەکان تەمەنیان نییە و بەهرەش به‌رپرسارێتییه‌ بەرامبەر بە کۆمەڵگە.
چرۆ عەلی، ئەو خانمە نوسەرەی کە لە ناو خێزانێکی خوێنەردا پێگەیشت، ئێستا لە پەنای پەروەردەکردنی مناڵەکانیدا، خەریکی پەروەردەکردنی وشە و گەیاندنی پەیامە هزرییه‌كانه‌.

لە خوێنەرێکی مناڵەوە بۆ نوسەری "هاورێى خەیاڵەکان"

چرۆ هەر لە منداڵییەوە هاورێیەتییەکی قوڵی لەگەڵ کتێبدا هەبوە، بەڵام پێنج بۆ شەش ساڵ لەمەوبەر بڕیاری دا ئەو هزر و خەیاڵانەی لە ناخیدان، بکاتە نوسین. ئەو پێیوایە: "نوسین تاکە ئامرازە کە زۆرتر لە رۆحی مرۆڤ دەژی." هەر بۆیە دوای بڵاوکردنەوەی نوسینەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا یەکەم بەرهەمی خۆی بە ناوی "هاورێی خەیاڵەکان" پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرد. ئەم کتێبە ئەگەرچی کورتە رۆمانێکی خەیاڵییە، بەڵام لە واقیعی کۆمەڵگە دانەبڕاوە.
چیرۆکەکە لە دەوری ژیانی "مارلین"ـدا دەخولێتەوە؛ کچێک کە لە روخسار و بیرکردنەوەدا لە خەڵکی شارەکەی ناچێت. روداوێکی کتوپڕ مارلین دەباتە ناو قۆناغی کۆما و لەوێوە بۆ ناو دارستانێکی پڕ لە نهێنی، تا لەو سەفەرە خەیاڵییەدا وانە گرنگەکانی ژیان فێربێت.
چرۆ دەڵێت: "بیرۆکەی ئەم کتێبەم لەو پرسیارەوە بۆ هات؛ ئایا مرۆڤ کاتێک دەچێتە قۆناغی کۆماوە، ئاگای لە دەوروبەری هەیە یان وەک خەونێکە؟"

بەربەستەکان و ئیرادەی خانمێک

رێگەی نوسین بۆ چرۆ بێ کۆسپ نەبووە. وەک خانمێکی نوسەری نوێ، روبەروی سێ ئاستەنگی سەرەکی بوەته‌وە: یەکەم: نەبونی متمانەی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بە نوسەری نوێ. دوەم: ترسی سەرەتا لەوەی ئایا خوێنەر پێشوازی لە بەرهەمەکەی دەکات؟ سێیەمیش: کەمیی کات؛ چونکە ئەو وەک دایکێک دەبو لە نێوان بەرپرسیارێتی ماڵ و خوێندنەوە و نوسیندا هاوسەنگی رابگرێت.
بەڵام پاڵپشتیی هاوسەر و خێزانەکەی، بونە هێزێک بۆ ئەوەی ترسی تێپەرێنێت و کتێبەکەی بگەیەنێتە دەستی خوێنەران.

فرەڕەنگی و پڕۆژەکانی داهاتو

به‌هره‌ى نوسین لای چرۆ عەلی تەنیا لە رۆماندا قەتیس نەماوە، به‌ڵكو ئەو خاوەنی ٤٠ شیعری ناسک و چەندین کورتە چیرۆکە.
ئێستا چرۆ لەبەردەم وێستگەیەکی نوێدایە؛ کار لەسەر رۆمانێکی واقیعی دەکات و هاوکات شەش زنجیرە چیرۆک بۆ مناڵان ئامادە دەکات بۆ چاپ.
پەیامی ئەو بۆ هەمو خانمەکان رونە: "بۆ گەیشتن بە ئامانج دەبێت شه‌ونخونیی بۆ بکەیت. کاتێک متمانەت بە خۆت هەبو، جیهانیش متمانەت پێ دەکات."