رادیۆی دهنگ- زریان محهمهد
لە نێوان دیوارەکانی ماڵێکی گەڕەکی کەلاردا، بۆنێک دێت کە تەنها بۆنی خواردن نییە، بەڵکو بۆنی کۆڵنەدان و بڕوابەخۆبونە. هەنار رەشید، ئەو کچەی نەیویست چاوەڕێی دامەزراندن بکات، نەخشەی ژیانی خۆی بە تامی یاپراخ و شێوازی کوردەواری گۆڕی.
هەنار کە دەرچوی بەشی جوگرافیای زانکۆی گەرمیانە، کاتێک بینی دیوارە ساردەکانی بێکاری رێگەی لێ دەگرن، بڕیاری دا چێشتخانەی ماڵەکەی بکاتە مەیدانی جەنگێک بۆ سەرکەوتن.
ئێستا دوای هەشت ساڵ، ئەو ناوەی بۆ پڕۆژەکەی هەڵیبژاردوە، "کۆشکی هەنار"، تەنها ناو نییە، بەڵکو ناونیشانی سەرکەوتنی ژنێکە لە ناو جەرگەی گەرمیاندا.
لە زانکۆوە بۆ مەنجەڵەکان
هەنار هەشت ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد. ئەو دەڵێت: "نەمویست بڕوانامەکەم تەنها کاغەزێکی هەڵواسراو بێت و بێکاری بمشکێنێت".
ئەو بەهرەی دەستڕەنگینیی خۆی لە دروستکردنی یاپراخ، بریانی، کوبە، بۆرەک و کفتە بەکارهێنا، بۆ ئەوەی بژێوی خۆی دابین بکات.
هەنار تەنها چێشت لێنانێت، بەڵکو تامی رەسەنی کوردەواری دەخاتە سەر مێزی کڕیارەکانی.
تەکنەلۆژیا لە خزمەت تامی ڕەسەندا
هەنار زیرەکانە سودی لە سۆشیاڵ میدیا و ئەپڵیکەیشنەکان بینیوە. ئەو دەزانێت چۆن خواردنە گەرمەکانی لەڕێگەی "دلیڤەری"یەوە بگەیەنێتە ناو ماڵی کڕیارەکانی.
دەڵێت: "ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر خواردنی ناوماڵ هەیە، خەڵک تامەزرۆی ئەو خواردنانەن کە بۆنی دەستی دایکان و رەسەنایەتییان لێ دێت".
کۆسپەکان؛ لە قسەی کۆمەڵگەوە بۆ پاڵپشتی خێزان
رێگاکەی هەنار هەمیشە گوڵڕێژ نەبوە. لە سەرەتادا، وەک هەر كچێكى تری خاوەنکار، روبەڕوی دو بەربەستی گەورە بوەوە: ئاستەنگی دارایی و قسەوقسەڵۆکی کۆمەڵگە.
هەنار بە بزەیەکەوە باس لەو رۆژانە دەکات و دەڵێت: "ئەگەر پاڵپشتی خێزانەکەم نەبوایە، رەنگە تێپەڕاندنی ئەو قسانە ئاسان نەبوایە".
بەڵام ئەو نەک هەر کۆڵی نەدا، بەڵکو بۆ ماوەی شەش ساڵە وەک ئەندامێکی چالاک لە فیستیڤاڵە جیاوازەکانی گەرمیاندا بەشداری دەکات و خواردنەکانی نیشانی هەموان دەدات.
خەونێک بۆ داهاتو
هەنار لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو ئێستا خەونێکی گەورەتری هەیە؛ دامەزراندنی خواردنگەیەکی تایبەت کە تەواوی ستافەکەی ئافرەت بن. دەیەوێت ببێتە چەترێک بۆ ئەو ژنە دەستڕەنگینانەی تریش کە دەیانەوێت ببنە خاوەن داهاتی خۆیان.
پەیامی ئەو بۆ گەنجان و ژنان کورت و بەهێزە: "هەرگیز کۆڵ مەدەن، پەرە بە بەهرەکانتان بدەن و ببن بە پشت و پەنای خۆتان".
چیرۆکی هەنار و کۆشکەکەی، پێمان دەڵێت: هەندێکجار، گەورەترین سەرکەوتنەکان لەناو چێشتخانەیەکی بچوک و لە ژێر هەڵمی مەنجەڵێکەوە لەدایکدەبن.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵمەکۆی کەلاری گۆڕان: پۆستی قایمقامی کەلار پشکی ئێمەیە
-
-
هەواڵشوێنەوار و خانوە کەلەپورییەکانی کفری لەبەردەم مەترسی هەرەسهێناندان
-
-
هەواڵگۆڕانکاریی لە بەرپرسەکانی زانکۆی گەرمیاندا دەکرێت
-
-
راپۆرتلە خولیاوە بۆ پیشه؛ دونیای باڵندە رەنگاوڕەنگەکان لە کەلار ئارامی دەبەخشن
-
-
هەواڵتا کۆتایی ئەمساڵ کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەرێگای کەلار- دەربەندیخان دادەنرێت
-
زۆرترین بینراوەکان