رادیۆی دهنگ- حهمزه سهردار
لە ناو جەنجاڵی بازاڕ و گەرمای تاقەتپڕوکێنی گەرمیاندا، کاتێک دەچیتە ناو پێشانگاکانی فرۆشتنی باڵندە لە شاری کەلار، دەنگ و ئاوازێکی جیاواز دەتباتە جیهانێکی تر. لێرە تەنیا کڕین و فرۆشتن نییە، بەڵکو چیرۆکی گەنجانێکە کە خولیای مناڵییان گۆڕیوە بۆ پیشە و بزنس، وایانکردوە باڵندەكانى جوانكاریی و "زینە"، ببنە بەشێک لە ماڵ و ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە.
پازدە ساڵ هاوڕێیەتی لەگەڵ باڵندەکان
سەیوان جەبار، یەکێکە لەو گەنجانەی کە نزیکەی ١٥ ساڵە تەمەنی خۆی بۆ بەخێوکردنی باڵندە تەرخان کردوە. ئەو کە ئێستا خاوەنی فرۆشگایەکی تایبەتە، دەڵێت: "ئەمە سەرەتا خۆشەویستی خۆم بو بۆ باڵندە، پاشان بومە خاوەنی ئەم ئیشە".
سەیوان جەخت لەسەر کوالیتی و جۆری باڵندەکان دەکاتەوە و پێیباشە زیاتر گرنگی بە باڵندەی ناوخۆ بدات نەک ئەوانەی لە دەرەوە دەهێنرێن. ئەو دەڵێت: "باڵندەی ماڵی سوودی زیاترە و بەرگری لەشی بەهێزترە، خەڵکیش زیاتر حەزی لێیەتی چونکە کەمتر تووشی کێشە و گرفت دەبن".
لە پێشانگاکەی سەیواندا، لە کۆکتێل و غەندورەوە تا دەگاتە لۆریکێت و سەن کنێر دەستدەکەون، کە هەندێکیان بۆ جوانی و هەندێکیشیان بۆ زاوزێ و بەدەستهێنانی قازانج بەکاردەهێنرێن.
خولیایەک بە نرخی دەفتەرە دۆلارەکان
دونیای باڵندەکان تەنیا رەنگ و دەنگ نییە، بەڵکو بازاڕێکی گەرم و پڕ لە کێبڕکێیە.
رەوا موئەیەد، خاوەن فرۆشگایەکی تری باڵندەیە و باس لەوە دەکات کە خواستەکان جیاوازن؛ هەندێک بۆ دەنگخۆشی وەک بولبول و بوكهسوره و کەناریی، هەندێکیش بۆ ماڵیبون كۆكتێل و بۆ قسەکردن وەک توتى "بهبهغا" و دوڕە دەکڕن.
رەوا پەردە لەسەر لایەنێکی سەرسوڕهێنەری ئەم كاسبییه لادەبات و دەڵێت: "خەڵک هەیە مەبلەغێکی زۆر دەخەوێنێت بۆ کڕینی باڵندە، کەسێک دەناسم زیاتر لە دەفتەر و نیوێک دۆلاری داوە بە باڵندە تەنیا لەبەر حەزی خۆی".
ئەو ئامۆژگاری کڕیاران دەکات کە وەک مناڵ چاودێریی باڵندەکان بکەن و دەڵێت: "ئەگەر توانای بەخێوکردنتان نییە، خۆتان گوناهبار مەکەن، چونکە باڵندە ئەرکی قورسە و پێویستی بە خزمەتە".
قەیران و دابەزینی نرخەکان
ئازاد ئەحمەد، کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە بواری ماسی و باڵندە کار دەکات، ئاماژە بە لایەنە ئابورییەکەی ئەم پیشەیە دەکات. ئەو دەڵێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بازاڕ وەک پێشتر نەماوە.
ئازاد نمونەیەکی سەرنجڕاکێش دەهێنێتەوە: "جاران جوتێک باڵندەی ریمبۆ بە ٣٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار دینار بو، بەڵام ئێستا نرخەکەی شکاوە بۆ ١٥ بۆ ٢٠ هەزار دینار".
بە وتەی ئازاد، وەرزی بەهار و زستان باشترین کاتن بۆ بازاڕی باڵندە، بەڵام لە هاویندا بەهۆی گەرماوە، بەخێوکەران ناچارن هێلانەکان لابدەن بۆ ئەوەی باڵندەکان ماندو نەبن و زاوزێ نەکەن، ئەمەش وادەکات نرخەکان زیاتر دابەزن.
ئارامییەک لە ناو قەفەسەکاندا
سەرەڕای لایەنە بازرگانییەکەی، هەمو خاوەن پێشانگاکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە باڵندە تەنیا کاڵا نییە، بەڵکو سەرچاوەی ئارامییە.
ئازاد ئەحمەد دەڵێت: "تۆ لەوپەڕی توڕەبون و ماندوبوندا بیت، تەنیا ١٠ خولەک سەیری باڵندەکان یان حەوزێکی ماسی بکەیت، لە رووی دەرونی و جەستەییەوە تەواو ئارام دەبیتەوە".
ئەمڕۆ لە کەلار، فرۆشتنی باڵندە تەنیا وەک کات بەسەربردن نەماوە، بەڵکو بوەتە کلتورێکی باو و بزنسێکی رێکخراو، کە تێیدا گەنجان و شارەزایان هەوڵ دەدەن لە رێگەی بەخێوکردنی ئهم پهلهوهرانهوه، هەم بژێوی ژیانیان دابین بکەن و هەم جوانییەکی سروشتی بە ماڵەکانی گەرمیان ببەخشن.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵتا کۆتایی ئەمساڵ کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەرێگای کەلار- دەربەندیخان دادەنرێت
-
-
هەواڵپڕۆژەی "گەشانەوە" لە گەرمیان دەستپێدەكات و قەرز دەداتە هاوڵاتیان
-
-
هەواڵ٤ مانگە فەرمانگەکانی گەرمیان "نەسرییە"ـیان وەرنەگرتوه
-
-
هەواڵنەخشە بۆ گردەگۆزینە دروستدەکرێت و دەکرێت بە پێنج کەرت
-
-
هەواڵتەندروستی گەرمیان هۆشداریی لە پەککەوتنی تاقیگەکان دەدات
-
زۆرترین بینراوەکان