رادیۆی دەنگ
لەگەڵ ئامۆزاکەیدا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و راوکردنی ماسی رۆشتنە سەر روباری سیروان، بەڵام نزیکەی ١٠ رۆژە تەرمەکەی لەو روبارە دایە و نەدۆزراوەتەوە.
دوانیوەڕۆی چوارشەمە (١٧ـی ٦ـی ٢٠٢٥)، 'ئەحمەد لوقمان'ـی تەمەن ٢٦ ساڵان، لەگەڵ ئامۆزایەکیدا چونە سەر روباری سیروان بۆ ئەوەی لەو گەرما بەتینەدا کەمێک پشو بە رۆحیان بدەن، بەڵام روباری سیروان بێبەزەییانە ئەحمەدی لەگەڵ خۆی برد و ئەوە بۆ رۆژی نۆیەمە هیچ ئاسەوارێکی دیار نییە.
ئەحمەد کە دانیشتوی گەڕەکی کەلاری نوێی قەزای کەلار بو، هاوسەردارە و خاوەنی کچێکی تەمەن ۲ ساڵانە. ماوە ماوە سەردانی سەردانی روباری سیروانی دەکرد و راوە ماسی دەکرد، بۆ دواینجار کە چوە سەر روباری سیروان، ویستی ژمارەیەک ماسی کۆبکاتەوە و لەگەڵ خانەوادەکەیدا بەشی بکات و چێژ لەخواردنی ببینن، بەڵام بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد.
بەپێی گێڕانەوەی ئامۆزاکەی کە بۆ پۆلیسی گەرمیان قسەی کردوە، ئەحمەد دوای چونە نێو ئاوەکەوە، نەعلەکانی ئاو دەیبات، ئەویش ویستویەتی بڕوات بەدوایدا و بیهێنێتەوە، بەڵام شەپۆلەکانی روبارەکە پەلکێشی ناوەوەی دەکەن و لەبەرچاو ون دەبێت.
ئامۆزاکەی باسی لەوە کردوە راویان بەتۆڕ کردوە، ئەو لەقەراغ ئاوەکە و ئەحمەدیش لەنێو ئاوەکە، چونکە ئەو مەلەی بەباشی نەزانیوە، بەڵام ئەحمەد باشتر بوە.
وتی: جاری یەکەم چەند ماسییەکمان راوکردوە، بەڵام بۆ جاری دوەم ئەحمەد نەعلەکانی ئاو دەیبات و ویستی بڕوات بەدوایدا، بەڵام بەپشتدا کەوت و چەند جارێک ئاو هێنایە سەرەوە و بردیە خوارەوە، هەتا دواتر ئاسەواری نامێنێت.
بەپێی وتەی ئەو، هەرچەندە هەوڵی داوە کە تۆڕەکە رابکێشێت و ئەحمەد بهێنێتە دەرەوە، بەڵام هیچ ئاسەوارێکی نەماوە.
پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی خنکانی ئەو گەنجە، هەر زو تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان گەیشتنە شوێنی روداوەکە، بەڵام لەگەڵ تاریکداهاتنی ئاسمان، گەڕانی رۆژی یەکەم بێ ئەنجام کۆتایی هات.
لە رۆژی دوەمەوە تاوەکو ئێستا، غەمەکە گەورەتر بوە، جگە لە گەڕانی نزیکەی ٦٠ کارمەندی بەرگری شارستانی گەرمیان، گەنجانی مەلەوان، تیمە خۆبەخشەکان، تەنانەت بەرگری شارستانی سلێمانی و سۆران و هێزەکانی ئاسایش، پێشمەرگە، پۆلیس، پاسەوانی سنور و پۆلیسی نەوت و گاز، بەشدارییان لە گەڕانەکەدا کردوە، بەڵام تا ئێستا ئاوەکە تەرمەکەی رادەست نەکردوەتەوە.
ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان، باس لەوە دەکات کە هەمو توانایەکیان بۆ دۆزینەوەی ئەو گەنجە خستوەتەگەڕ و هەمو شێوازێکی گەڕانیان تاقیکردوەتەوە، بەڵام تائێستا هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوە.
ئەو بە رادیۆی دەنگیشی وت: چەندینجار داوامان لەگەنجان کردوە کە لە روباری سیروان مەلە نەکەن، چونکە روبارەکە مەترسیدارە، بەڵام بەداخەوە بە قسەمان ناکەن.
چیرۆکی ئەحمەدی ٢٦ ساڵان، یەکێکی دیکەیە لەو دەیان چیرۆکە تاڵانەی کە لە نێو روباری سیرواندا کۆتاییان هات، بەڵام جیاواز لە غەمەکانی رابردو، سیروان ئەمجارە تەرمەکەشی شاردوەتەوە و هێشتا ئامادە نییە بیداتەوە بە کەسوکارەکەی.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵکێشەی غاز بۆ تازە هاوسەران و ئەو پیاوانەی ٢ هاوسەریان هەیە دروستدەبێت
-
-
هەواڵشارەوانی رزگاریی: هەڵمەتێكی لابردنی خانی ئاژەڵانمان دەستپێكردوە
-
-
هەواڵداخستنی کارگەیەکی سەهۆڵی بارگرانی بۆ خەڵکی کفری دروستکردوە
-
-
راپۆرتیەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ؛ حکومەت و کۆمپانیا لە گەرمیان پێشێلی یاسا دەکەن
-
-
هەواڵهەڵمەتێک بۆ داخستنی دەرمانخانەکانی کەلار دەستپێدەکات
-
زۆرترین بینراوەکان