داهاتوی ژینگەی گەرمیان لە نێوان دو بڕیاردا
09:04PM - 2026-06-17 , بینین : 67


 محەمەد مەحمود

کەلار لە قۆناغێکی گەشەکردنی خێرای دیمۆگرافی و ئاوەدانکردنەوەدایە، وەک هاوڵاتی و وەک رۆژنامەنوسیش، هەموان دڵمان بەم فراوانبون و گۆڕانکاریە خۆشە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پێشکەوتنە لە ئاستێکی سەتحی و رواڵەتی نەمێنێتەوە، پێویستە تەواوی جومگەکانی بە شێوازێکی سیستەماتیک و زانستی بونیاد بنرێن، چونکە لە کۆتایدا، شار هی هاوڵاتیانێتی و تەندروستی گشتی لە سەروی هەمو پێوەرێکەوەیە.

یەکێک لە گرنگترین مەرجە ژینگەیی و تەندروستیەکانی ناو ماستەرپلانی پڕۆژە نیشتەجێبوەکانی گەرمیان، پرسی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆ و پاشەڕۆکانە، لە ئێستادا لە ناوەندە بڕیاردەرەکان و کۆمپانیاکاندا، دو رای جیاواز لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوی قورسی پڕۆژەکاندا دروست بوە، لێرەدا بە پشتبەستن بە بنەما زانستییەکان و تێچوی دارایی، بەراوردێکی ورد لە نێوان هەردو سیستەمەکەدا دەخەینەرو:


یەکەم: سیستەمی کۆن یاخود دانانی مەجاریی سندوقی ورڕشتنی بۆ ناو روباری سیروان

ئەم بۆچونە پێی وایە پاشەڕۆی پڕۆژەکان هاوشێوەی ناو شاری کەلار لە رێگەی مەجاری سندوقییەوە راستەوخۆ و بێ پاڵاوتن بڕژێنرێتە ناو روباری سیروانەوە، ئەم رێگەیە ئەگەرچی بۆ کۆمپانیاکان بێ خەرجییە، بەڵام کۆمەڵێک زیانی گەورە و کوشندە بە داهاتوی شارەکە دەگەیەنێت، لەوانە: 

ـ بەهەدەردانی سامانی ئاو: لەم رێگەیەوە ملیۆنان مەتر سێجا ئاو بە خەساوەی دەڕوات و ناتوانرێت دووبارە بۆ ئاودانی باخچە، روبەرە سەوزاییەکان و پڕۆژەکان سوودی لێ ببێنرێتەوە.

ـ زیانی قورسی ژینگەی: تێکەڵبونی راستەوخۆی پاشەڕۆکان بە سروشت، دەبێتە هۆی ژەهراویکردنی روباری سیروان، تێکدانی ژینگەی ئاوی و بڵاوبونەوەی بۆنی ناخۆش و نەخۆشی.

ـ مەترسی لەسەر ئاوی ژێرزەوی: ئەگەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبونی نزیک شەقامی پشتێنەیی کەلار بە نمونە وەربگرین، هەموان دەزانن کە گرفتی ئاویان هەیە و سەرچاوەی سەرەکییان بیرە، بەپێی بەدواداچونێکی پێشوترمان لە (رادیۆی دەنگ)، دەرکەوتوە کە قوڵایی بیرەکان لەو ناوچانە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠٠ مەتر تا دەگەن بە ئاو..! لە کاتێکدا شارەکە لەبەردەم قەیرانی وشکەساڵیدایە، ئایا رەوایە ئاوی پاکی ژێرزەوی بەکاربهێنرێت و پاشان بە پیسی بڕژێنرێتە ناو روبار بەبێ ئەوەی سودی لێ وەرگیرێتەوە؟


دووەم: سیستەمی پێشکەوتو یاخود دامەزراندنی یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆ (وێستگەی موعالەجە)

ئەم یەکەیە بریتییە لە کۆمەڵێک حەوز و ئامێری تەکنیکی و بایۆلۆجی کە پێکەوە کاردەکەن بۆ وەرگرتنی ئاوی پیسی ناوماڵان و کارگەکان بە مەبەستی پۆلێنکردن و پاککردنەوەی لە پاشەڕۆ و بەکتریا زیانبەخشەکان تا کوالێتییەکەی بگۆڕێت بۆ ئاوێکی شیاو کە بەبێ زیان بڕژێتە سروشتەوە یان بۆ ئاودانی باخچەکان بەکاربهێنرێتەوە.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای کردوە بەشێک لە وەبەرهێنەران دوربکەونەوە لەم سیستەمە، بیانوی تێچوی زۆری دارایی، خەرجیی کارەبا و پێویستی بە کارمەندی زۆرە، بەڵام دوای بەدواداچونی وردمان و قسەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندازیار و پسپۆڕی بوارەکە، لەئێستادا سیستەمی زۆر پێشکەوتوی جیهانی هاوچەرخ هەیە کە تەواوی ئەم کێشانەی چارەسەر کردووە، لەوانە سیستەمی (MBBR)ە:

ـ تەکنەلۆجیایەکی کەم، خەرج و بەرز: سیستەمی (MBBR) لە ئێستادا لە سەرانسەری جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕو دەکرێت، ئەم سیستەمە بە تەواوی ئۆتۆماتیکی کاردەکات، پێویستی بە تیمی کارمەندی بەردەوام نیە و بەهۆی بچوکی قەبارەی حەوزەکانیەوە کارەبایەکی زۆر کەم خەرج دەکات، لە کاتێکدا بەرزترین کوالێتی پاککردنەوەی ئاوەکە دابین دەکات.

ـ هاوکێشەی نرخ: بەپێی خەمڵاندنی ئەندازیاری، بۆ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبونی مامناوەند کە لە ٥٠٠ خانو پێکهاتبێت، تێچوی کڕین، گواستنەوە و جێبەجێکردنی تەواوی ئەم سیستەمە تەنها نزیکەی ١٥ دەفتەر دۆلار ($١٥٠,٠٠٠) دەکەوێت، ئەمەش واتە تێچوی پاراستنی ژینگەی شارەکە بۆ هەر خانویەک تەنها دەگاتە ٣٠٠ دۆلار (٣ وەرەقە)، کە ئەم بڕە لە چاو قازانج و داهاتی پڕۆژەکاندا ڕێژەیەکی زۆر کەمەو خەرجیش بگرێت گرفتێکی ئەوتۆی نییە، بەڵام ئەگەر ($٢٥٠,٠٠٠) یان ۲٥ دەفتەر دۆلار بکەوێت لەسەر پرۆژەیەک هیچ قورساییەک نییە لەسەر پرۆژەکە.

یەکەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ لەچەندین پرۆژەی گەورە لە هەرێمی کوردستان سودی لێبینراوە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەتایبەت، تێیدا پرۆژەکان سودیان لێ بینیوە کە ئاوی پاڵفته‌کراو دووبارە دەخرێتەوە خزمەت ئاودانی پارک و سەوزاییەکانی ناو پڕۆژەکە، نەک بڕژێتە ناو سروشتەوە و ژینگەی دەوروبەر پیس بکەن، وەک پرۆژەکانی گوندی ئیتالی، گوندی ئینگلیزی، لافارج، یان پڕۆژەکانی کۆمپانیای بەڕێز و فاروق لە سلێمانی و هەولێر.


روی یاسایی:

 بەپێی ماددەی (۲٥ لە یاسای ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠٠٨)ـی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و هاوکات بەپێی ماددەی ١٩ لە یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی   ٢٠٢١ تایبەت بە پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان- عیراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆژە نیشتەجێبونەکان دەبێت یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆیان بۆ دابنرێت و نابێت پاشماوەکانی فڕێ بدرێتە سروشت و چارەسەر نەکرێت.


دەرەنجام:

پاراستنی ئاو و خاکی کەلار لە پیسبون، ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقییە کە دەکەوێتە سەر شانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانی، وەبەرهێنان و خودی کۆمپانیاکانیش، ناونانی پڕۆژەکان بە ناوی مۆدێرن و دروستکردنی شەقامی جوان، کاتێک بەهای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە لە ژێر زەویدا ژێرخانێکی تەندروست و دۆستی ژینگەیان بۆ بونیاد بنرێت، بەهیواین لایەنە بڕیاردەرەکان مەرجی دانانی یەکەی موعالەجەی هاوچەرخ بکەنە هێڵی سوور، بۆ ئەوەی سبەی نەوەکانمان لە شارێکدا نەژین کە باجی چاوپۆشییە ژینگەیییەکانی ئەمڕۆمان بداتەوە.