رادیۆی دهنگ- ماردین حسێن
لە نێوان رۆژەکانی چاوەڕوانی بۆ دامەزراندن و بێئومێدیی پاش تەواوکردنی زانکۆ، خانمێکی دانیشتوی قەزای رزگاری بڕیاری دا رێگەیەکی جیاواز بگرێتە بەر. رۆژان عەلی، تەنیا وەک خەیاتێک نەمایەوە، بەڵکو توانی پیشەی دورمان لە کارێکی دەستییەوە بگۆڕێت بۆ زانستێکی نوسراو و ئەرشیفکراو، تا ببێتە ئیلهامبەخش بۆ سەدان خانمی دیکەی ناوچەکەی.
هەنگاوە سەرەتاییەکان و گۆڕانکارییەکی جەوهەری
رۆژان پاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، کاتێک بینی دەرگاکانی دامەزراندن لە کەرتی حکومی داخراون، دەستی بۆ پیشەیەک برد کە ١٢ ساڵە بوەتە ناسنامەی ئەو؛ پیشەی دورمان. بەڵام رۆژان نەیویست تەنیا خەریکی دورینی پۆشاک بێت، بەڵکو بۆ ماوەی شەش ساڵ لە سەنتەرە جیاوازەکان بوە مامۆستای فێرکاری دورمان و زانیارییەکانی بە خانمانی تر بەخشی.
نوسین؛ چەکێک بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی
کاتێک رۆژان درکی بەوە کرد کە لە ناوچەی گەرمیان و تەنانەت لەسەر ئاستی کوردستاندا، سەرچاوەی نوسراو لە بواری دورماندا کەمە، بڕیاری دا مێژویەک بۆ خۆی و پیشەکەی بنوسێتەوە، بۆ ئهم مهبهستهش، دهستى بۆ چاپكردنى كتێب لهسهر درومان برد.
ئەو دەڵێت: "ویستم ئەو زانیارییانەی هەمە وەک ئەرشیفێک بمێنێتەوە و ببێتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ کتێبخانەی کوردی."
ئەم خانمە بەهرەمەندە دو کتێبی لەم بوارەدا بەرهەمهێناوە؛ یەکەمیان بە زمانێکی سادە و ساکار کە دورمانی لای خانمان خۆشەویست کرد، دوەمیشیان کە زیاتر لە دو ساڵ کاری تێدا کردوە، بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ و ورد، یاسا و بنەماکانی بڕین و دورمانی تێدا رون کردوەتەوە.
تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و خزمەت بە خانمان
سەرباری ئەوەی نوسینی کتێب و بەڕێوەبردنی خولەکان کاتێکی زۆری لێ دەبرد، بەڵام پاڵپشتیی خێزانەکەی و متمانە بەخۆبونی رۆژان، وایلێکرد ئاستەنگی بێوەختی تێپەڕێنێت. ئەو ئێستا بوەتە دەروازەیەک بۆ ئەو کچانەی زانکۆیان تەواو کردوە و بێکارن؛ رێگەیان نیشان دەدات چۆن لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا ببنە خاوەن کار و داهات، هەم ئاگاداری خێزانەکانیان بن و هەمیش پیشەیەکی سەربەخۆیان هەبێت.
روەو ئاسۆیەکی رونتر
رۆژان عەلی لێرەدا ناوەستێت. پلانی داهاتوی بریتییە لە فراوانکردنی خولەکانی بۆ جیهانی ئۆنلاین، تا ئەو خانمانەی بەهۆی دورودرێژیی رێگە ناتوانن بگەنە لای، لە ماڵەکانی خۆیانەوە فێری دورمان بن. هەروەها کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکات بۆ ئامادەکردنی "پاترۆن (قالبی ئامادەکراو)" بۆ ئەو خانمانەی نەخوێندەوارن یان شارەزایی بڕینیان نییە، تا هیچ خانمێک لە کارکردن پەکی نەکەوێت.
پەیامێک بۆ هەمو ئافرەتان
لە کۆتایی چیرۆکەکەیدا، رۆژان پەیامێکی پڕ لە وزە ئاراستەی هاورەگەزەکانی دەکات و دەڵێت: "سەرکەوتنی کەسەکان رێکەوت نییە، بەڵکو بەرهەمی هەوڵدان و پلانی پێشوەختەیە. هەر خانمێک لەسەر پێی خۆی راوەستێت، دڵنیابە زو بێت یان درەنگ، بەو خەونە دەگات کە لە مێشکیدایە".
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵنرخی بانزین لە گەرمیان بەرزدەبێتەوە
-
-
هەواڵسەرەڕای دابەشکردنی ٤٠٠ خان بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات لەناو رزگاریی بەردەوامە
-
-
هەواڵتەندروستی گەرمیان: بەهۆی سەرپێچییەوە چەندین نۆڕینگە و دەرمانخانە داخراون
-
-
هەواڵسەرۆکی سەندیکای کرێکاران لەسەر سکاڵای گواستنەوەی گەرمیان دەستگیردەکرێت
-
-
هەواڵکارەکانی زۆنی ٦ـی روباری سیروان راگیرا
-
زۆرترین بینراوەکان