لە مەتبەخێکی سادەوە بۆ ماڵی هیوای ١٤ ئافرەت؛ چیرۆکی سەرکەوتنی چێشتخانه‌كه‌ى ئارەزو
09:15PM - 2026-06-02 , بینین : 90


رادیۆی ده‌نگ- هۆزان فه‌ریق

لە ناو جەرگەی شارى كه‌لار، لەو شوێنەی کە بۆنی چێشتی خۆماڵی و عەشقی کارکردن تێکەڵ بە یەک دەبن، چیرۆکێکی جیاواز لە هەوڵدان و سەرکەوتن لە دایک دەبێت. ئەمە تەنیا چیرۆکی چێشتخانەیەکی ئاسایی نیە، بەڵکو داستانێکی رەنج و خۆڕاگری ئافرەتێکە کە بڕیاری داوە بەربەستەکان بشکێنێت و متمانەیەک بۆ خۆی و چواردەوری دروست بکات.

ئارەزو ئەحمەد کەریم، ئەو خانمە شێف و خاوەنکارەیە کە خاوه‌نى چێشتخانه‌یه‌كى تایبه‌ته‌ له‌ كه‌لار بەناوی "ماڵی خاتون"، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ خۆی بوه‌ته‌ خاوه‌نكار، هاوكات بوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى بژێوی چه‌ندین ژنى دیكه‌ش.


هەنگاوە سەرەتاییەکان؛ لە ئۆردەری ماڵانەوە

سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک ئارەزو دەستی بە کارەکەی کرد، تەنیا خەونێکی گەورە و چەند کەرەستەیەکی سادەی لەبەردەستدا بو. ئەو رۆژانەی تەنیا بە کاری داواكاریی "ئۆردەرات" و ئامادەکردنی خواردن بۆ ماڵان دەستیپێکرد.

رەنگە زۆرکەس پێیانوابوبێت ئەمە تەنیا سەرکێشیەکی کاتییە، بەڵام ئارەزو بە هێزەوە دەستیپێکرد. ئەو دەڵێت: "سەرەتا چێشتخانەکەمان تەنیا ئۆردەرات بو، بەڵام سوپاس بۆ خوا بەهۆی ماندوبونمانەوە ئێستا شوێنی دانیشتنی تایبەتمان هەیە".

ئەو گەشەکردنە خێرایە رێکەوت نەبو، بەڵکو ئەنجامی ئەو متمانەیە بو کە کڕیارەکان بە دەست و برد و تامی خواردنەکانی ئارەزویان بەخشیبو، تا ئەو رادەیەی کڕیارەکان رۆژ دوای رۆژ زیاتر بون.


سوپایەکی ١٤ کەسی لە ئافرەتە دەستڕەنگینەکان

ئەوەی لەم چێشتخانەیەدا دەگوزەرێت، جۆرێکە لە شۆڕشی بێدەنگی ئافرەتان لە ناو بازاڕدا. ئارەزو توانیویەتی مۆدێلێکی نوێ لە کارکردن پێشکەش بکات کە تێیدا ئافرەتان تەنیا کارمەند نین، بەڵکو بڕبڕەی پشتی پڕۆژەکەن.

ئێستا لە ژێر دەستی ئەودا ١٤ ئافرەت رۆژانە سەرقاڵی کارن. ئەم گروپە کاریگەرە لە دو شەفتی جیاوازدا کار دەکەن؛ ١٠ ئافرەت لە شەفتی بەیانیان کە بە وزەیەکی زۆرەوە دەستپێدەکەن و ٤ ئافرەتی تریش لە شەفتی ئێواراندا درێژە بەو کاروانە دەدەن.

ئارەزو تەنیا وەک خاوەنکار لە دورەوە تەماشا ناکات، بەڵکو خۆی وەکو شێفی سەرەکی و سەرپەرشتیار، لە ناو جەرگەی کارەکەدایە و هەمو وردەکاریەکان دەبینێت.


پەناگەیەک بۆ دەرچوانی زانکۆ و کچانی ماڵەوە

یەکێک لە جوانترین و کاریگەرترین لایەنەکانی ئەم چیرۆکە، رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەو کچانەی کە ساڵانێکی زۆر رەنجیان کێشاوە و بڕوانامەی زانکۆیان بەدەستهێناوە، بەڵام لە چاوەڕوانی دامەزراندنی حكومییدا بێ هیوا بون.

ئارەزو بە شانازیەوە دەڵێت: "من خۆشحاڵم کە توانیمە هەلی کار بۆ کۆمەڵێک ئافرەت لێرە دابین بکەم، زۆربەیان دەرچوی زانکۆن و لای من وەکو کارمەند ئیش دەکەن".

ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە چێشتخانەکەی ئارەزو تەنیا شوێنێکی خواردن نیە، بەڵکو ناوەندێکی پێگەیاندن و کارکردنە کە تێیدا بڕوانامەکان و بەهرەکان تێکەڵ دەبن بۆ دروستکردنی ژیانێکی شایستە.


گۆڕینی ژیان و دروستکردنی سەربەخۆیی دارایی

نەک تەنیا دەرچوانی زانکۆ، بەڵکو کچانی ماڵەوەش لەم پرۆژەیەدا پشکیان بەرکەوتوە. ئەو کچانەی کە پێشتر تەنیا لە چوارچێوەی ماڵدا بون، ئێستا لێرە ئەزمونێکی وایان پەیدا کردوە کە ئارەزو بە "بڕوانامەی ژیان" ناوی دەبات. کچانی ماڵەوە کە پێشتر رەنگە ئاسان نەبوایە کارێکی گونجاویان دەست بکەوێت، ئێستا لێرە هه‌م تواناكانیان پیشان ده‌ده‌ن، هه‌میش بون به‌ خاوه‌نى داهات و سه‌رچاوه‌یه‌كى بژێویی.


خەونێک کە بەردەوامە و کۆتایی نایەت

هەمو ئەو دیمەنانەی کە لە ناو ئەم چێشتخانەیەدا دەبینرێن، لە پشتیانەوە شەونخونی و هەوڵێکی بێ وچان هەیە.

ئارەزو کاتێک باس لەو هەمو هه‌وڵ و تێکۆشانە دەکات کە بۆ گەیشتن بەم رۆژە داویەتی، چاوەکانی پڕ دەبن لە ئومێد. ئەو ئێستا نەک تەنیا خاوەنکار، بەڵکو وەک سیمبولێکی سەرکەوتن بۆ ئافرەتانی تری ناوچەکە دەردەکەوێت.

لە کۆتاییدا، ئارەزو بە بزەیەکی پڕ لە متمانە و بەڵێنی بەردەوامیەوە دەڵێت: "ئینشەڵڵا بە نیازیشم بەردەوام بم".