دزینی شمەکی "ناپێویست" لە کەلار دەبێتە دیاردە و پۆلیس هۆشداری دەدات
راپۆرت
12:53PM - 2026-05-10 , بینین : 231


رادیۆی دەنگ

دیاردەی بردنی کەلوپەل و شمەکی ناپێویست لە مارکێت و فرۆشگاکانی کەلار لە حاڵەتەوە گۆراوە بۆ دیاردە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە کە تێیدا وردەکاری دزییەکان دەردەکەوێت، پۆلیسی گەرمیانیش لەسەر ئەم پرسە رونکردنەوە دەدات.

بەپێی ئەو زانیاری و ڤیدیۆیانەی خاوەن هەرزانەبازارەکان بۆ رادیۆی دەنگیان ناردوە، دزییەکان زیاتر بریتین لە: شیرینی و خواردەمەنی هەرزان، کەلوپەلی جوانکاریی و جوانکاریی ژنان و چەند بابەتێکی تری هاوشێوە. هەرچەندە بەڵگە ڤیدیۆییەکان لای رادیۆی دەنگ پارێزراون، بەڵام لەبەر پابەندبون بە ئیتیکی رۆژنامەوانی بڵاونەکراونەتەوە.

خاوەنی یەکێک لەو مارکێتانە دەڵێت: "ئێمە رۆژانە هاوکاری هاوڵاتیانی دەستکورت دەکەین و ئەوەی پێویستی ژیانیان بێت پێیاندەبەخشین، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە دزینی کەلوپەلی ناپێویستە، وەکو شیرینی، یان بابەتی جوانکاریی و بۆیاخی قژ".

ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر جار لەرێگەی کامێرای چاودێرییەوە "دزەکان" دەگرن، بەڵام بەهۆی رۆتینی دادگاوە بێزار بون لە سکاڵاکردن و تەنها شتەکانیان لێ وەردەگرنەوە.


رای پۆلیسی گەرمیان لەسەر دیاردەکە

عەقید سۆران محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ رایگەیاند: "ئەم دیاردەیە نوێ نییە و لە زۆر شوێنی تریش بونی هەیە. هەندێکجار خاوەن فرۆشگاکان لەبەر لایەنی مرۆیی یان بۆ ئەوەی لە دادگاکان سەرقاڵ نەبن، سکاڵا تۆمار ناکەن".

وتەبێژی پۆلیس هۆشداریی دەدات کە ئەم رەفتارە زیانی کۆمەڵایەتی و ماددی لێدەکەوێتەوە و رەنگە ببێتە هۆی دروستبونی کێشەی گەورەتر، بۆیە داوا لە خاوەن مارکێتەکان دەکات هاوکاری پۆلیس بن بۆ ئەوەی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران بکرێت.


پێویستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە

پۆلیسی گەرمیان جەخت لە گرنگی رۆڵی رێکخراوەکان دەکاتەوە لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی تاوان. 

عەقید سۆران محەمەد لەوبارەوە دەڵێت: "بونی رێکخراوەکان زەرورە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ئاراستەی رێگای راست بکەن و لە مەترسییەکانی ئەنجامدانی تاوان هۆشیاریان بکەنەوە".

سەبارەت بە لایەنی یاسایی حاڵەتەکە، وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەکرد کە یاسا بەپێی قەبارە و جۆری دزییەکە ماددەی تایبەتی دیارییکردوە و سزای حوکمدان و راگرتنیش بۆ ئەو جۆرە تاوانانە لە یاسادا بونی هەیە.