مزگەوتەکانی گەرمیان لە رەمەزاندا دەبنە سەکۆی بەرەنگاربونەوەی مادەی هۆشبەر
07:58PM - 2026-03-18 , بینین : 64


رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود

لە شەوانی رەمەزاندا، کاتێک موسڵمانان رو لە مزگەوتەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی پەرستش و خواپەرستی، لە ناوچەی گەرمیان دیمەنێکی جیاواز لە مینبەرەکانەوە دەبینرێت، دیمەنی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و زانیاریی لەبارەی مادەی هۆشبەرەوە.


مزگەوت؛ ناوەندێکی نوێی بەرەنگاربونەوە

بەگشتی ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا لە هەڵکشانە. لەم نێوەندەشدا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە، وادەبینرێت کە گەرمیان وەکو ترانزێتێکی لێهاتبێت بۆ گواستنەوەی ئەو ماددانە لە ئێران و ئەفغانستانەوە بەرەو ئەوروپا.

بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ئەم حاڵەتە، دو چالاکوان، هەڵمەتێکیان لە مزگەوتەکانەوە دەستپێکردوە.

دڵشاد ئەنوەر، چالاکوان و رۆژنامەنوس، یەکێکە لەو کەسانەی کە بە پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی گەرمیان، مزگەوتەکانی کردوەتە سەکۆیەک بۆ هۆشیارکردنەوە لەبارەی مادەی هۆشبەرەوە.

ئەو بۆ رادیۆی دەنگ دەڵێت: "مزگەوت تەنها شوێنی پەرستش نییە، بەڵکو ناوەندێکی کۆمەڵایەتی گرنگە بۆ ئەم جۆرە هۆشیارکردنەوانە".

پێیشیوایە رەمەزانی ئەمساڵ وەرچەرخانێکی دروستکردوە، چونکە تەنانەت ئەو مزگەوتانەی لە لیستی ئەوقافیشدا نەبون، داوایان دەکرد سیمیناریان تێدا ئەنجام بدرێت.

دەشڵێت: دوای چەند سیمینارێک، تێگەیشتین کە نوێژخوێنان مەترسییەکەیان بە جدی وەرگرتوە، دڵنیام ئەگەر ئاوا بەردەوام بین، مەترسی مادەی هۆشبەر دەبێتە خەمی هەمو کۆمەڵگا و پێکەوە روبەڕوی دەبینەوە.


لە قوتابخانەکانەوە بۆ شەوانی قەدر

قادر ئیسماعیل، مامۆستا و سەرۆکی رێکخراوێکی ژینگەیی لە کفری، باس لەوە دەکات کە کارەکانیان تەنها لە مزگەوتەکاندا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو لە قوتابخانەکانیش دەستیان پێکردوە.

ئەو دەڵێت: مزگەوت شوێنێکی زۆر گونجاوە، چونکە لە شەوانی رەمەزان و بەتایبەت شەوانی قەدر، گەنجان و باوکان کۆدەبنەوە. ئێمە رێنماییمان پێشکەش بە هەردولایان دەکرد.

م. قادر جەخت دەکاتەوە کە "پەرۆشیی هاوڵاتیان و مامۆستایانی ئاینی بۆ ئەم هەڵمەتە، لەسەرو چاوەڕوانییەکانمانەوە بو".


پشتیوانییەکی فەرمی بۆ پاراستنی کۆمەڵگا

سەباح محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان، ئاماژە بەوە دەدات کە هەرچەندە چالاکییە ناوخۆییەکانی مزگەوت کاری ئیمام و خەتیبەکانە، بەڵام بۆ پرسە هەستیارەکانی وەک مادەی هۆشبەر، دەرگایان بۆ شارەزایان و چالاکوانان کردوەتەوە.

ئەو دەڵێت: کۆبونەوەی موسڵمانان لە مزگەوتدا فرسەتێکی گەورەیە بۆ ئاگادارکردنەوەیان، سنوری ئێمە ناوچەی راگوزەرە و ئەمەش دەخوازێت هاوڵاتیانمان زیاتر بەئاگا بن بۆ ئەوەی نەکەونە ناو ئەو کێشانەوە.

ئەم هەڵمەتەی گەرمیان نیشانیدا کە بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکی گەورەی وەک مادەی هۆشبەر، پێویستە هەمو هێزە کۆمەڵایەتی و ئاینی و رۆشنبیرییەکان یەکبگرن. وەک دڵشاد ئەنوەر ئاماژەی پێکرد، "تاکە چەکی دەستمان لەم جەنگەدا، دروستکردنی هێزێکی کۆمەڵایەتییە لە رێگەی هۆشیارییەوە".