رادیۆی دەنگ- زریان محەمەد
لە سەردەمێکدا کە موشەک و درۆنەکان ئاسمانی ناوچەکە دەبەزێنن، لە پشتی شاشەکانەوە جەنگێکی دیکەی بێدەنگ بەڕێوەدەچێت؛ جەنگی "زیرەکیی دەستکرد".
لەم شەڕەی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر، ئەوەی بە زەقی دەرکەوتوە، بەکارهێنانی ژیریی دەستکردە بە فراوانی، بەشێوەیەک دەیان و سەدان ڤیدیۆ و وێنە لەڕێگەی ژیری دەستکردەوە دروستکراون و بەناوی راستییەوە بڵاوکراونەتەوە.
چەکە سەرەکییەکە
دیاردەکە بەڕادەیەک بڵاوە، هەندێک پێیانوایە ئێستا ژیریی دەستکرد بوە بە چەکێکی سەرەکی لە شەڕەکەدا.
پەیوەند محەمەد، خوێندکاری زانکۆ لە قەزای کەلار، لەو باوەڕەدایە هاوشانی ململانێ سەربازییەکان، ئێستا ململانێی ژیری دەستکردیش بەڕێوەدەچێت.
ئەو دەڵێت: "ئەوەی ئێستا دەیبینین لێشاوێکە لە زانیاریی چەواشەکار کە جیاکردنەوەیان لەڕاستی کارێکی سادە نییە".
ژیری دەستکرد، ژمارەیەک بەرنامەی تەکنەلۆژیی وردن، کە فەرمانی جیاواز بۆ مرۆڤ جێبەجێ دەکەن بە ماوەیەکی کەم. ئەوان هەر لە تێکستەوە تا وێنە و ڤیدیۆ بەرهەمدەهێنن، کە هەندێکیان هێندە لە راستییەوە نزیکە کە جیاکردنەوەی دەبێتە کارێکی قورس.
کاتێک میدیا گەورەکان دەکەونە داوی "فەیک"ـەوە
ئەم دۆخە سەریکێشاوە بۆ ئەوەی نەک هاوڵاتی ئاسایی، بەڵکو دەزگا میدیاییەکانیش بکەونە هەڵەوە.
سەردەشت حەسەن، دانیشتوی قەزای رزگاریی، ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت دەزگا گەورەکانی راگەیاندنیش لە تاقیکردنەوەی ژیری دەستکرد دا دەرنەچون.
ئەو دەڵێت: لە چەند هەفتەی رابردودا، لە کاتی گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا، بە سەدان ڤیدیۆی دروستکراو بە ناوی راستییەوە دەرخواردی خەڵک دران، ئەمەش نەک هەر دڵەڕاوکێی دروستکرد، بەڵکو بووە هۆی بەلاڕێدا بردنی رایگشتی.
ئەم دۆخە گەیشتوەتە ئاستێک کە گەنجێکی کەلاریی، بە "تەنزئامێز" وەسفی دەکات.
بیلال محەمەد، دەرچوی زانکۆ، دەڵێت: زۆرجار وێنە و ڤیدیۆکان ئەوەندە بە ناشیانە دروستکراون یان دورن لە راستی، کە دەبنە مایەی گاڵتەجاڕیی، کەچی کەناڵە بەناوبانگەکانیش وەک هەواڵ بڵاوی دەکەنەوە.
قوربانییە سەرەکییەکان کێن؟
پسپۆڕان و هاووڵاتیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پریشکی گەورە بەر ئەو توێژانە دەکەوێت کە شارەزایی تەکنەلۆژییان کەمە.
بەتەمەنەکان و کەسانی کەم ئەزمون لە جیهانی دیجیتاڵیدا، ناتوانن ڤیدیۆیەکی راستەقینەی مەیدانی و ڤیدیۆیەکی دروستکراوی AI لەیەکتر جیابکەنەوە.
رای پسپۆڕان: متمانە لە لێواری داڕماندایە
دەشتی عەلی، پسپۆڕی بواری راگەیاندن و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، هۆشداری دەدات لەوەی کە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ مەبەستی سیاسی و جەنگی دەرونی، گەورەترین گورز لە متمانەی نێوان میدیا و جەماوەر دەوەشێنێت.
ئەو دەڵێت: "میدیاکان چ بە مەبەست بێت یان لە نائاگاییەوە، کاتێک دەکەونە داوی ئەم زانیارییە دروستکراوانە، نەک هەر مێژوی خۆیان لەکەدار دەکەن، بەڵکو وا دەکەن جەماوەر گومان لە هەمو ئەو هەواڵانەش بکات کە راستین".
هۆشیاریی تاکە چەکە
لە کاتێکدا تەکنەلۆژیا بەردەوامە لە لێڵکردنی سنوری نێوان "راستی و خەیاڵ"، پەیوەند و گەنجانی هاوشێوەی ئەو جەخت لەسەر یەک شت دەکەنەوە: "پێویستە هاوڵاتیان هۆشیار بن و پێش ئەوەی بڕوا بە هەر هەواڵێک بکەن، بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە فەرمی و جێگەی متمانەکان".
لە جەنگی ئەمڕۆدا، رەنگە فیشەکێک نەپێکێت، بەڵام وێنەیەکی دروستکراوی زیرەکیی دەستکرد، دەتوانێت وڵاتێک بخاتە دڵەڕاوکێوە.


- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵکۆمەڵەی کرێنشینان: نرخی کرێ خانو لە گەرمیان بەرزنەبوەتەوە
-
-
راپۆرتلە نێوان بژێویی و ترسدا؛ گوندنشینانی گەرمیان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕدا
-
-
هەواڵ"تەنها ٦ قاطع کاردەکەن"؛ حکومەتی عێراق عەلوەی کەلاری پەکخستوە
-
-
هەواڵداواكراوه شارهوانى قهزاى رزگاریی بكرێت به پله یهك
-
-
هەواڵکارەبای گەرمیان: رۆژانە 4 سەعات کارەبای نیشتمانی بە ماڵان دەدەین
-