کەمپی قۆرەتو تاڵانکراوە؟
07:14PM - 2026-02-24 , بینین : 273


رادیۆی دەنگ

دوای گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، کەمپی ئاوارەکانی قۆرەتو کەلوپەلەکانی لەجێگای خۆیدا نەماوە کە مەزندە دەکرێت بای نیو ملیۆن دۆلار بێت، ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەسەر بابەتەکە قسەی جیاواز دەکەن.

کەمپی ئاوارەکانی قۆرەتو لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ و بە دیاریکراوی لە مانگەکانی (٦ـو ٧)ـی ئەو ساڵەدا دروستکرا.

کەمپەکە لە کاتێکدا دروستکرا کە شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبون بەهۆی هێرشەکانی "داعش"ـەوە لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە، سەڵاحەدین و دەوروبەری خانەقین و جەلەولا رویان لە ناوچەی گەرمیان کرد.

کەمپەکە لەلایەن ئیدارەی گەرمیان و بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (وەک UNHCR) بونیادنرا بۆ حەواندنەوەی ئەو خێزانە ئاوارانەی کە زۆربەیان لە ناوچە جێناکۆکەکانەوە هاتبون.

لە رێکەوتی ۲۳ـی ۱۱ـی ۲۰۲۳، کەمپەکە لەلایەن ئیدارەکەیەوە تەسلیم بە ئیدارەی گەرمیان کرا، دواتر لەسەر فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ کەمپەکە کرا بە کۆمەڵگەی فەرمانگە حکومییەکانی ناحیەی قۆرەتو.


نەمانی کەلوپەلەکانی کەمپەکە 

بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ، دوای ئەوەی کەمپەکە چۆڵکرا، کەلوپەلەکانی نێو کەمپەکە دیار نین، کە بریتین لە گۆڕەڕی کارەبا، مۆلیدە، ماتۆڕی ئاو، تەنکی، پەناڵ و وەرشەیەکی کەلوپەل و کامێرای چاودێریی و کابینەو ژمارەیەکی زۆرتر لە جۆری دیکەی کەلوپەل.

هەر بەپێی بەدواداچونەکە، لەکەمپەکەدا جگە لە دیوارەکان، هیچ شتێکی ئەوتۆی لێنەماوەتەوە، هاوکات ئەو کەلوپەلانەی کەدیار نەماون، نرخەکەیان بەنزیکەی نیو ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

چۆمان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: لەکاتی تەسلیمکردنی کەمپەکە بە ئیدارەی گەرمیان و هەمو ئەو کەلوپەلانەی کە تێیدا بوە، لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەکان و بەشێوەی ئسوڵی خراوەتە ئەستۆی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان.

وتیشی: کەرەستەکان لەسەر فەرمانگەکان ماڵەو بەشێوەیەکی فەرمی پێیاندراوە، نەکو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دابەشکرابێت. 

دەشڵێت: دوای چۆڵکردن و تەسلیمکردنی کەمپەکە بە ئیدارەی گەرمیان، بەڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ کەمپەکە کرا بە کۆمەڵگەیەک بۆ فەرمانگەکانی سنوری ناحیەی قۆرەتو، لەئێستاشدا کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی ناحیەی قۆرەتویە بە فەرمی.

لە بەرامبەردا سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی ناحیەی قۆرەتو بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئێمە ئاگادارین کەلوپەلەکانی نێو کەمپەکە براوە، بەڵام بۆ کوێ براوە نازانین و هیچ زانیارییەکمان نییە.

وتیشی: ئیدارەی گەرمیان دواینجار نوسراوی کرد بۆ مۆلیدەیەک و دو تەنکی، بەڵام هەرچی براوە ئێمە ئاگامان لێنییە.

هاوکات لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو کەلوپەلانە چەندەو دراوەتە کێ و دابەشکراوە بەسەر چەند فەرمانگە؟ ئیدارەی گەرمیان هیچ رونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەدا.


بردنی کەلوپەلەکان و دزیکردن لە کەمپەکە

بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان، لە پشوی سەری ساڵدا هەندێک کەس هاتونەتە نێو کەمپەکە و سێ ماتۆڕی گەورەی ئاویان بردوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئاسان ئەنجامدانی کردەوەکە، لێکردنەوەی کامێراکانی چاودێریی کەمپەکەیە.

کەمپی قۆرەتو لەسەر روبەری ۳۰۰ دۆنم زەوییە و لەپێشەوە و لە چەند بەشێکی کەمپەکە کامێرای چاودێریی لێبوە، بەڵام ئێستا جگە لە کامێرایەکی ئاسایش کە کارناکات، هیچ کامێرایەکی دیکە لەوانەی پێشو، لێ نەماوە.

لەبارەی بەرپرسیارێتی پۆلیس لە روداوەکە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا ئەرکی پاراستنی کەمپەکە لە ئەستۆی ئەواندا نییە.

ئاماژەی بەوەشدا ئەوان بە هەمو بنکەی ناحییەی قۆرەتوەوە ١٢ پۆلیسیان هەیە کە دابەشکراون بەسەر وەجبەکاندا و ئەرکی تریان هەیە.

ئەمە جگە لەوەی کەمپەکە هیچ پاسەوانێکی نییە بەفەرمی.

هاوکات دۆسییەی دزییەکەی کەمپەکە لە دادگایە و نزیکەی ۳ مانگە پۆلیس بەدوای ئەنجامدەرانیەوەیەتی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاسەوارێکی نەدۆزراوەتەوە.

رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئەوان، پەیوەندیی بە بەڕێوبەری ناحییەی قۆرەتوەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبو قسە بکات.