کێ ژنانی لە پرسە ژینگەییەکان دورخستوەتەوە؛ توانای کەسیی یان رێگری کۆمەڵگە؟
12:30PM - 2026-02-22 , بینین : 74


رادیۆی دەنگ- زریان محەمەد


قەیرانی ژینگە و تێکچونی هاوسەنگییەکەی، لە ئێستادا بوەتە یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگارییەکان کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتوە. ئەم دۆخە مەترسیدارە، پێویستی بە هەڵمەتێکی گشتگیری کۆمەڵایەتی هەیە کە سەرجەم چین و توێژەکان تێیدا بەشداربن. 

لەم نێوەندەدا، ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگە و هێزێکی بزوێنەر، خاوەنی توانا و کاریگەرییەکی شاراوەی گەورەن بۆ پاراستن و بوژاندنەوەی ژینگە، بەڵام هێشتا بەربەستەکان رێگرن لە دەرکەوتنی رۆڵی راستەقینەیان.

تابلۆ دەرباز، کچە چالاکوانێکی دانیشتوی قەزای کفرییە کە بە قوڵی ئاوێتەی پرسە ژینگەییەکان بوە. ئەو سەبارەت بە رۆڵی رەگەزەکەی دەڵێت: "بەشداریی ژنان لە چالاکییە ژینگەییەکاندا بونی هەیە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویست و چاوەڕوانکراودا نییە".

تابلۆ پێیوایە، دەکرێت ژنان لە رێگەی رێکخراوە ژینگەییەکانەوە بێنە مەیدانەکە و ببنە بانگخوازێکی کاریگەر بۆ پاراستنی سروشت.

هاوڕا لەگەڵ تابلۆ، کوێستان غەریب، دەرچوی بەشی جوگرافیا لە زانکۆی گەرمیان، تیشکدەخاتە سەر تواناکانی ژنان و دەڵێت: وەک چۆن کچان لە بوارەکانی دیکەدا جێدەستیان دیارە، لە پرسی ژینگەشدا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا دەتوانن رۆڵێکی زۆر لەوە گرنگتر و کاریگەرتر بگێڕن.

سەرباری ئەمەش، بەڵام هێشتا جێدەست و چالاکی ژنان لەبواری ژینگەدا بە سنورداریی ماوەتەوە.

بانە سۆران کە خوێندکاری زانکۆیە، نیگەرانیی خۆی لە کەمیی رێژەی بەشداریی ژنان دەردەبڕێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئامادەیی ژنان لە چالاکییە ژینگەییەکاندا "هێندە کەمە، بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێت".

بەڵام بانە هاوکێشەیەکی سەرنجڕاکێش دەخاتە رو و دەڵێت: "سەرباری کەمیی بەشداریمان لە پرسە گشتییە ژینگەییەکاندا، بەڵام کاتێک دێتە سەر پاکڕاگرتنی ژینگە لەسەر ئاستی پراکتیکی، ژنان هەمیشە پێشەنگن."


بۆچی بەشداریی ژنان کەمە؟

کاتێک باس لە هۆکارەکانی پاشەکشێی ژنان دەکرێت لە مەیدانی ژینگەپارێزیدا، کۆدەنگییەک لە نێوان ئەم کچانەدا هەیە کە کێشەکە بایۆلۆجی یان کەمیی توانا نییە، بەڵکو هۆکارەکە کۆمەڵایەتییە.

کوێستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لایەنی کۆمەڵایەتی و دابونەریت، هۆکاری سەرەکیین بۆ ئەوەی ژنان کەمتر لە مەیدانەکەدا بن."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگە تائێستا وەک پێویست درکی بە قەبارەی کاریگەریی و رۆڵی ژنان نەکردوە لە روبەڕوبونەوەی قەیرانە ژینگەییەکاندا.


چارەسەر چییە؟

بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، ئەم کچانە یەک دەنگن لەسەر ئەوەی کە دەبێت پرسی ژینگەپارێزی لە رێگەی "پەروەردەوە" بکرێتە کولتورێکی جێگیر.

تابلۆ له‌‌وبارەوە دەڵێت: دەبێت پرسی پاراستنی ژینگە بکرێت بە کەلتور لەنێوان هەمو تاکەکاندا.

لە کۆتاییدا دەردەکەوێت؛ ئەگەر هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەرز بکرێتەوە و رێگە بە ژنان بدرێت توانا شاراوەکانیان بخەنەگەڕ، ئەوان دەتوانن ببنە پێشەنگترین هێز بۆ دروستکردن و هێشتنەوەی ژینگەیەکی سەلامەت و تەندروست بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتو.