رادیۆی دەنگ- زریان محەمەد
روباری سیروان کە شادەماری کشتوکاڵی ناوچەکەیە، لەبری بەخشینی ژیان، بوەتە هۆکاری گواستنەوەی پیسبونی ژینگەیی و مەترسی بۆ سەر تەندروستی گشتی.
وەک جوتیاران و پسپۆڕان باسی لێوەدەکەن، بەهۆی تێکەڵبونی ئاوەڕۆ بە ئاوی روبارەکە، جگە لەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکە زیانی پێدەگات، هاوکات مەترسی تەندروستیشی دروستکردوە.
هاوارێک لە جوتیارانەوە
جوتیارانی ناوچەکە کە ساڵانێکی زۆرە پشتیان بە ئاوی سیروان بەستوە، ئێستا بە نیگەرانییەوە سەیری رەنگی گۆڕاوی ئاوەکە دەکەن.
یەحیا محەمەد، جوتیار لە گوندی گردەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلار، خاوەنی باخێکی سێ دۆنمییە. دەڵێت: "تێکەڵبونی ئاوی زێراب بە روبارەکە زیانی گەورەی بە دار و بەرهەمەکانمان گەیاندوە؛ ئەمە تەنها پیسبونی ئاو نییە، بەڵکو تێکدانی بژێوی ئێمەیە".
هاوشێوەی ئەو، کازم ئیبراهیم، جوتیارێکی تری ناوچەکەیە و باس لە دیمەنە تراژیدییەکەی روبارەکە دەکات.
ئەو دەڵێت: ئاوەکە هێندە پیسبوە کە دەبێتە کەف، تەنانەت چەند رۆژێک لەسەر یەک بەکاریبهێنین، بەرهەمەکانمان بەتایبەت مەرەزە، وشکدەکات و توشی نەخۆشییان دەکات.
مەرگێکی سپی لەناو ئاوێکی رەشدا
پپسۆڕانی بواری ژینگە هۆشداریی توند دەدەن لەوەی ئەم پیسبونە تەنها لە سنوری کشتوکاڵدا نامێنێتەوە.
د. دڵپاک ئەحمەد، پسپۆڕی ژینگە و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، جەخت لە مەترسییەکی گەورەتر دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو ئاوەی زێرابی تێکەڵ دەبێت، بڕێکی زۆر لە مادە قورسەکانی تێدایە. ئەم مادانە راستەوخۆ دەگوێزرێنەوە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و لەوێشەوە بۆ جەستەی مرۆڤ.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات کە ئەم دیاردەیە نەک هەر ژینگە و خاک تێکدەدات، بەڵکو بەپێی ستانداردەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، ئاوی پیسبو بە میتاڵە قورسەکان هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک (کۆلێرا و شێرپەنجە).
حکومەت و بەربەستەکان؛ قەیرانی دارایی یان نەبونی پلان؟
لایەنە پەیوەندیدارەکان، دان بە بونی کێشەکەدا دەنێن.
موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاودێریی گەرمیان، ئاماژە بەوە دەکات کە تێکەڵبونی زێرابی ماڵان بە پڕۆژە ئاودێرییەکان و روباری سیروان، کێشەیەکی زەق و بەرچاوە.
هەرچەندە ئاماژەی بەوەکرد کە کێشەی پڕۆژەی شێخ لەنگەرـیان چارەسەر کردوە، بەڵام بۆ تەواوی ناوچەکە هێشتا گرفتەکە ماوە.
بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان و جوتیارانیش کۆکن لەسەر ئەوەی تاکە چارەسەری ریشەیی بریتییە لە دروستکردنی یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس. بەڵام بە وتەی بەرپرسان، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە لە قەزای کەلار بەهۆی قەیرانی داراییەوە پەکیکەوتوە و تەنها لە چوارچێوەی پلاندا ماوەتەوە.
مەترسییەک بۆ ئێستا و داهاتو
لە کاتێکدا جیهان بەرەو پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان هەنگاو دەنێت، لە گەرمیان روباری سیروان جگە لە وشکبون، لەبەردەم هەڕەشەی پیسبونێکی مەترسیدار دایە.
ئەگەر بەپەلە یەکەکانی چارەسەرکردنی ئاو کارا نەکرێن، ئەوا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت باجی قورسی تەندروستی و ژینگەیی بدرێت، باجێک کە تێچوەکەی زۆر زیاتر دەبێت لە دروستکردنی یەکەکانی چارەسەر.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵهیچ ئامادەییەکی گەرمیان لەنمرەی پێوانەییدا سەرکەوتو نەبوە
-
-
هەواڵناڕەزایەتی و هەوڵی بایكۆتكردنى هۆڵهكانى خوێندن له گهرمیان سهرههڵدهداتهوه
-
-
هەواڵگرفتی راگرتنی کارەکانی دەروازەی پەروێزخان چارەسەر کرا
-
-
هەواڵئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان وەستا
-
-
هەواڵسەنتەری ئۆتیزمی کەلار بەخۆبەخش بەڕێوە دەبرێت
-
زۆرترین بینراوەکان