رادیۆی دهنگ- پهرژین كامهران
چیتر مۆبایل و ئینتەرنێت تەنها ئامرازێک نین بۆ کات بەسەربردن؛ بهڵكو لە ناو ماڵ و گوند و شارەکانی گهرمیاندا، تەکنەلۆژیا شۆڕشێکی بێدەنگی بەرپا کردوە. بۆ ژنی کورد، ئەمڕۆ شاشەکان بونەتە پەنجەرەیەک بەرەو سەربەخۆیی، تەندروستی و فێربون.
لەم راپۆرتەدا چیرۆکی ئەو ژنانە دەخوێننەوە کە تەکنەلۆژیا ژیانی گۆڕیون.
ئەسما و هییام؛ کاتێک دوری دەبێتە مێژو
بۆ ئەسما عەزیز، کە دایکێکی گەنجە، مۆبایلەکەی تەنها پەیوەندی نییە، بەڵکو پزیشکێکی ٢٤ کاتژمێرییە. ئەو دەگێڕێتەوە: "لە کاتی دوگیانیمدا، کە نەدەگونجا هەمو کات بچمە لای پزیشک، مۆبایلەکەم رێنوێنیم بو. لە خواردنی تەندروستەوە تا وەرزش و پەروەردەی منداڵەکانم، هەموی لەوێوە فێر بوم".
ئەم گۆڕانکارییە سنوری شارەکانی تێپەڕاندوە و گەیشتوەتە قوڵایی گوندەکانیش. هییام قاسم، کە دانیشتوی گوندێکی دەوروبەری کەلارە، دەڵێت ئینتەرنێت "تەنیایی" لێ زەوت کردوین.
دەڵێت: پێشتر گوند دابڕان بو، بەڵام ئێستا لە ناو ماڵەکانمانەوە ئاگامان لە هەمو دنیا هەیە. کاتێک خەریکی ئیشوکاری ماڵەوەین، گوێ لە بابەتە نوێیەکان دەگرین و چاومان کراوەتر بوە.
ژیریی دەستکرد؛ یاریدەدەرە نوێیەکە
سەردەمی گەڕان بەناو لاپەڕە تۆزاویەکانی کتێبخانە بۆ دۆزینەوەی زانیارییەک خەریکە کۆتایی دێت، بهڵكو ئێستا نوێترین ڤێرژنى تهكنهلۆژیا كه ژیری دهستكرده، جێگهى گرتونهتهوه.
پەیمان ئەمین، وەک مامۆستایەک، تەکنەلۆژیا و "زیرەکی دەستکرد" بە دەستەڕاستی خۆی دەزانێت بۆ ئامادەکردنی وانەکانی و فێربونی زمانی ئینگلیزی.
دهڵێت: توانیومە لێیەوە فێری رێگەی نوێی وانەوتنەوە ببم و کەرەستەی فێرکاری بۆ قوتابییەکانم دروست بکەم. تەنانەت بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی و خوێندنەوەی سەرچاوەی دەرەکی، کارئاسانییەکی بێوێنەی بۆ کردوین.
هەروەها هاوژین مەهدی-یش كه مامۆستایه، ههمان رای ههیه و دەڵێت: "ئێستا تەنها بە یەک کلیک دەگەیتە هەمو سەرچاوەکان. ئینتەرنێت یەکەم مامۆستای منە، بەتایبەت زیرەکی دەستکرد کە زۆر پرۆفیشناڵانە وەڵامی هەمو پرسیارەکانمان دەداتەوە."
"گوڵخانمانی کەلار"؛ بازاڕێک لەناو گیرفانی ژناندا
یەکێک لە روە باشهكانى بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، دروستکردنی هەلی کارە. بەختەوەر عەبدوڵڵا، خاوەنی گروپی (گوڵخانمانی کەلار)، توانیویەتی کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵی بۆ ٣٠ هەزار ژن دروست بکات.
بەختەوەر بە شانازییەوە دەڵێت: "لە رێگەی ئەم گروپەوە، ١٥٠ ژن بونەتە خاوەنی کاری خۆیان و دەستڕەنگینییەکانیان دەفرۆشن".
بەڵام سودەکە تەنها ماددی نییە؛ لەم گروپەدا پزیشک و پارێزەرە ژنەکان بە خۆڕایی راوێژ دەدەنە ئەو ژنانەی کێشەیان هەیە، ئەمەش وایکردوە "رێگەی دوری دادگاکان و نەخۆشخانەکان بۆ ژنان کورت ببێتەوە."
وریابە له داوی زانیارییە هەڵەکان!
لەگەڵ هەمو ئەم لایەنە گەشانەدا، جیهانی دیجیتاڵ بێ مەترسی نییە. ئاسۆ وەهاب، پسپۆڕی مافە دیجیتاڵییەکان، هۆشداری دەداتە ژنان کە نەکەونە داوی زانیاری چەواشەکارانە.
ئاسۆ سێ مەرجی سەرەکی بۆ گەڕانی ئارام دادەنێت:
وردبینی: بەکارهێنانی وشەی دروست بۆ گەڕان.
پشتڕاستکردنەوە: بەراوردکردنی زانیارییەکان لەگەڵ سێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو.
تێپەڕاندنی "بڵقی فلتەر": تەنها گوێ لەو شتانە مەگرە کە پێت خۆشە، بەڵکو بەدوای رای جیاوازدا بگەڕێ بۆ ئەوەی بیرکردنەوەت قەتیس نەبێت.
هەروەها ئامۆژگاری ژنان دەکات ئامرازی وەک (Google Lens) بەکاربهێنن بۆ دڵنیابونەوە لە رەسەنایەتی ئەو وێنانەی لە سۆشیال میدیا دەبینرێن.
پردێكى كاریگهر
چیرۆکی ئەم ژنانە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە تەکنەلۆژیا تەنها "ئامێر" نییە، بەڵکو بهشێكى ژیان و هێزێکی گۆڕانکارییە و پردێکە بەرەو داهاتویەکی رونتر. کاتێک ژنی کورد بە ژیرییەوە مۆبایلەکەی بەکاردەهێنێت، دەتوانێت دیوارەکان بڕوخێنێت، ببێتە خاوەن کار و پارێزگاری لە تەندروستی خێزانەکەی بکات.

- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵنۆژەنکردنەوەی بینای کۆلێژەکەی رزگاریی رادەگیرێت
-
-
هەواڵلەماوەی مانگێکدا حکومەتی هەرێم ٣ پۆستی لەسەر بەنداوەکانی گەرمیان کردوە
-
-
هەواڵدو هەفتەیە کارکردن لە رێگای دەربەندیخان ـ زەرایەن وەستاوە
-
-
پرۆژەراهێنانێک لەبارەی پەیوەندیی وتەبێژ و بەرپرسی راگەیاندنی دامودەزگاکان لەگەڵ رۆژنامەنوسان
-
-
هەواڵ"شاری وەکالەت!"… دو گرنگترین پۆستی کەلار بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت
-
زۆرترین بینراوەکان