فیستیڤاڵەکانى گه‌رمیان دەبنە سه‌كۆی ره‌خساندنى هەلی کار بۆ گه‌نجان
10:26PM - 2026-01-04 , بینین : 102
 
رادیۆی ده‌نگ- هونه‌ر ئه‌حمه‌د
 
لە کاتێکدا سستی بازاڕ و نەبونی دامەزراندن بوه‌تە خەمێکی گەورە بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، لە ناو جەرگەی گەرمیاندا فیستیڤاڵەکانی بازاڕ بونەتە هەناسەیەکی ئابوری و سەکۆیەک بۆ نمایشکردنی بەهرەی ئەو گەنجانەی چاوەڕێی دەستی حکومەت ناکەن و خۆیان هەلی کار بۆ خۆیان دەخوڵقێنن.
 
ساڵانه‌ له‌ شاره‌كانى كه‌لار و كفری، فیستیڤاڵی بازاڕ ئه‌نجام ده‌درێت، تیایدا ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌و كچ و كوڕانه‌ى خاوه‌ن پیشه‌ و بزنسی بچوكن، به‌شداریی ده‌كه‌ن.
 
ئەم فیستیڤاڵانە تەنها شوێنێک نین بۆ کڕین و فرۆشتن، بەڵکو گۆڕەپانێکی گەورەن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و ناساندنی بزنسی بچوکی گەنجان.
 
لە هۆڵەکانی زانکۆوە بۆ ناو بازاڕ
 
شاسوار شێروان، گەنجێکی دەرچوی بەشی گەشتوگوزارە، بەڵام ئەمڕۆ لە بری خەونبینین بە کورسی فەرمانبەری، بە بەرهەمی "ترشیاتی دەستکرد" بەشداری لە فیستیڤاڵێكدا له‌ قه‌زاى كفری کردوە. ئه‌و بۆ رادیۆی دەنگ دەڵێت: "ئەم فیستیڤاڵانە تەنها بۆنەیەک نین، بەڵکو دەرگایەکی گەورەی هەلی کارن، بەتایبەت بۆ ژنان و گەنجانی دەستڕەنگین کە لە ماڵەکانیانەوە کار دەکەن."
 
شاسوار پێیوایە لەم بارودۆخە سستەی بازاڕدا، فیستیڤاڵەکان دەبنە هۆی بوژانەوەی شار و داوا لە گەنجان دەکات چیتر لە ماڵەوە بە دیار سۆشیاڵ میدیاوە دانەنیشن و کۆڵ نەدەن، چونکە ژیان پێویستی بە هەوڵدانە.
 
سەکۆیەک بۆ بەهرە شاراوەکان
 
لە گۆشەیەکی دیکەی فیستیڤاڵی کفریدا، نیشتیمان جەمیل وەک کچێکی خاوەنکار دەبینرێت کە بە ورەیەکی بەرزەوە بەرهەمەکانی نمایش دەکات. نیشتیمان پێیوایە ئەمە هەنگاوێکی زێڕینە بۆ ئەوەی گەنجان بەهرەکانیان نیشان بدەن و داهاتێکی سەربەخۆیان هەبێت.
 
نیشتیمان دەڵێت: "مەرج نییە تەنها چاوەڕێی دامەزراندن بین، پێویستە هەر کەسێک بەهرەیەکی هەیە برەوی پێ بدات." ئەو داواکارە لە لیژنە سەرپەرشتیارەکان کە گرنگی زیاتر بەو گەنجانە بدەن کە "کاری تایبەت و دەستڕەنگینیی" خۆیان هەیە و جێگەی شایستەیان بۆ دابین بکرێت تا بەرهەمە ناوخۆییەکانیان ساغ بکەنەوە.
 
لە هەڵەبجەوە بۆ گەرمیان؛ خەونەکان بێ سنورن
 
کاریگەریی ئەم فیستیڤاڵانە تەنها لە سنوری گەرمیاندا نەمایەوە، عیماد عەبدوڵڵا لە پارێزگای هەڵەبجەوە رێگەی بڕیوە تا به‌شداریی فیستیڤاڵێكى بازاڕ له‌ گه‌رمیان بكات.
 
عیماد باس لە گرنگیی دۆزینەوەی خولیا و لێهاتوویی مرۆڤ دەکات و دەڵێت: "ئەم بوارانە رێگەن بۆ ئەوەی گەنج کارێکی سەربەخۆی هەبێت و ببێتە خاوەن بزنسی خۆی."
 
هونەر و ئابوری لە یەک خاڵدا
 
تەنها خواردن و کەلوپەل نییە، بەڵکو رەنگ و تابلۆکانیش بەشێکی گرنگی فیستیڤاڵەکانى بازاڕن. رێبین زانا، خوێندکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، بە تابلۆکانی کە باس لە جوانیی سروشتی کوردستان دەکەن، رەنگێکی دیکەی بە فیستیڤاڵى كفری بەخشیبو.
 
ئه‌و پێیوایە زۆرێک لە گەنجان بەهرەی شاراوەیان هەیە و نازانن چۆن دەری ببڕن، بۆیە ئەم فیستیڤاڵانە دەبنە ئەو ئاوێنەیەی کە گەنجان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و پەیامی خۆیان دەگەیەننە هاوڵاتیان.
 
په‌یامێكى رون بۆ لایەنه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كان
 
فیستیڤاڵەکانی بازاڕ لە گەرمیان، پەیامێکی رونن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگە؛ کە گەنجی کورد خاوەن توانا و بەهرەیە، بەڵام پێویستی بە پشتگیری و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار هەیە.