دۆخی ئەمنی گەرمیان و چەند پێشنیارێک
وتار
07:38PM - 2025-12-19 , بینین : 3
 
دڵشاد ئەنوەر
 
* دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتییەوە لە ناوچەی ئێمە، ٤ کەس کوژران و ٧ کەس بریندار بون، هەردولایان خزم دۆستن و ڕۆحی کوژراوەکان شاد..
 
* ئەو ڕووداوەش با لێگەڕێین، شەڕە چەقۆ، چەقۆ هەڵگرتن، سەیارەی بێ سەرەتا، ماتۆڕسوار تەواو ژیانی خەڵکی تێکداوە، ڕۆژانە گوێبیستی کوژران و بریندار بونی گەنج دەبین بەهۆی شەڕە چەقۆوە..
 
پێشنیار؛
 
یەکەم؛ دەزگا ئەمنییەکان دەتوانن هەنگاوی جدی و خێرا بنێن، ئێستا ژمارەی ئەو پۆلیسانەی لای بەرپرس و پاسەوانی ڕیبات لە ملی چین و توێژە جیاوازەکانن ، زیاترن لەوانەی لە ئەرکدان.
 
ئەو پۆلیس و کارمەندە ئەمنیانەی لای ریبات لە ملەکانن، ئیشیان دەرگا کردنەوە و خزمەتی کەسییە، بۆیە یەکێک لەچارەسەرەکان ئەوەیە سەرجەمیان سەحب بکرێن و لەچوارچێوەی هێزێکی ئامادەدا ڕێکبخرێنەوە، بۆ توندوتۆڵکردنی لایەنی ئەمنی.
 
دووەم: هەڵمەتی بەردەوام بۆ دەستگیرکردنی گەنجانی چەقۆ لە گیرفان، بەجۆرێک چاوپۆشی نەکرێت و لێپێچینەوەی توند بکرێت.
 
سێهەم: ماتۆڕ سوارەکان کە بەفعلی خەڵکیان بێزار کردووە و بەشێکیان لەوانەن لە تاواندا تێوە دەگلێن بەتایبەت چەقۆ کێشان، پێویستە خۆیان و ماتۆڕەکانیان دەست بەسەر بکرێن و توندترین ڕێوشوێنیان بەرامبەر بگیرێتەبەر. ئەمە ئەوانە نەگرێتەوە کە ماتۆڕ بۆ هاتووچۆی سەر کارو کەسابەت بەکار دەهێنن و جلەکان و ڕواڵەتیشیان ڕوونە کاسبن.
 
چوارەم: ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، جادەکانیان کردووەتە شوێنی پێشبڕکێ و حادیسە، لە ترافیک ناوەستن، سەیارە دەشکێنن بەسەر خەڵکدا، لەناوەراستی شەقامەکان یاری بە سەیارەکانیان دەکەن، تاوانیش بکەن بە چرکەیەک دەتوانن ژمارە بگۆڕن.
 
نەک هەر ئەوە، ئێستا سەیارە ژمارەدارەکان کاتێک دەچن بۆ جێگەیەک ژمارەی لێدەکەنەوەو  ژمارەی بێ سەرەتای لێدەدەن، بۆ ئەوەی کامیرا نەیانگرێت… ئەمە کارەساتە کارەسات…
 
لێرەشدا دەتوانرێت ئەم ڕێگەچارەیە بگیرێتە بەر، هەر ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا، بچوکترین موخالەفەی کرد ئۆتۆمبێلەکەی لەناو ببرێت.
 
پێنجەم؛ ڕێگە گرتن لە هێنانی ماتۆڕ و سەیارەی بێ سەرەتا.
 
شەشەم: هەماهەنگی نێوان پۆلیس و ئاسایش و دادگاو گرتنەبەری ڕێگەی خێرا، بەجۆرێک بەدەستی پۆڵایین ڕووبەڕووی سەرپێچیکاران ببنەوە.
 
* داماڵینی کارمەندی ئەمنی و سەربازی لە چەک کاتێک لە ئەرکدا نین، ئیجرائاتی توند بەرامبەر هەر کارمەندێک دەستوەران بکات ..
 
حەوتەم؛ ئەرکی پەرلەمانی داهاتووە، خێرا سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژ بەرکار بکاتەوە.
 
زۆر دڵنیاتان دەکەمەوە، گەر ڕێوشوێنی توندو خێرا نەگیرێتە بەر دۆخەکە خراپتر دەبێت.