رادیۆی دهنگ- محهمهد مهحمود
لەکاتێکدا گەرمیان بەردەوامە لە گەشەسەندنی خێرای شارستانی و ژمارەی دانیشتوان، نیگەرانییەکی گەورە سەریهەڵداوە سەبارەت بە کاریگەری پرۆژەکانی نیشتەجێبون لەسەر ژینگە و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما. چالاکوانانی ژینگە و بەرپرسانی حکومی لە گەرمیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم پرۆژانە، بەهۆی بەکارهێنانی بەرفراوانی ماددە بیناسازییەکان و کەمی رێژەی سەوزایی، دهبنه هۆکارێکی سەرەکی بۆ گەرمبونی زیاتری ناوچەکە، ئهگهر ههنگاوى پێویست نهنرێت.
بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 30 پرۆژەی نیشتەجێبون لە سنوری گەرمیاندا هەن، کە بەشێکی زۆریان دەکەونە سەنتەری قەزای کەلار. ئەم پرۆژانە بە شێوەیەکی فراوان پشت بە ماددەی کۆنکرێت، قیر و بلۆک دەبەستن، کە بە وتەی شارەزایان، ئەم ماددانە گەرمی هەڵدەمژن و بە شەویش دەیدەنەوە، ئهمهش بەپێچەوانەی روەکی سروشتی و دارستانەکان کە هاوسەنگییەکی پلەی گەرما دروست دەکەن.
"پڕۆژەکان پلەی گەرما بەرز دەکەنەوە"
ئازاد ئەحمەد، چالاکوانی ژینگەیی لە گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ، جەختی لەسەر ئەم کاریگەرییە کردەوە: "پرۆژەکانی نیشتەجێبون کاریگەرییان هەیە لەسەر بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، چونکە ئەو پرۆژانە لەسەر زەوییەک دروست دەکرێن و دەکرێنە کۆنکرێت، ماددە بیناسازییەکان تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە، رەنگیان تێرە و بەڕۆژ گەرمی هەڵدەمژن و بە شەو دەیدەنەوە، بە پێچەوانەی روەک و دارستان یان دەشتاییەکان".
د. دورەید سەلیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، جهخت لهم قسهیهى چالاكوانه ژینگهییهكه دهكاتهوه و باس لەوە دەکات نەبونی روبەری سەوزایی "کاریگەری و گرفتی ژینگەیی دروست دەکات و ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان زیاد دەکات".
چارەسەر: زیادکردنی رێژەی سەوزایی
ئازاد ئەحمەد، رێگەچارەی کێشەکەش دەخاتەڕو: "کەمی رێژەی سەوزایی کاریگەریی هەیە لەسەر بەرزبونەوەی پلەی گەرمی. سەوزایی بۆ خۆی دەتوانێ کاریگەری هەبێت لەسەر شارەکە لە 2 پلە بۆ 6 پلە لەسەر نزمبونەوەی پلەکانی گەرما."
ئەو ئاماژە بەوەشدەکات کە بەشێک لە پڕۆژەکان پابەند نەبون بەو رێژە سەوزاییەی کە بۆیان دیاری کراوە و تەنانەت هەندێک پرۆژە هیچ سەوزاییەکیان تێدا نەکراوە.
چالاکوانە ژینگەییەکە پێشنیار دەکات کە رێژەی سەوزایی لە پرۆژەکاندا بۆ 25% بەرز بکرێتەوە و چاودێریی ورد بکرێت لەسەر جێبەجێکردنی. هەروەها داوا دەکات ماددە پێشکەوتوەکان بەکار بهێنرێن کە دۆستی ژینگەن و کەمترین گەرمی هەڵدەمژن.
پابەندبون بە رێژەی سەوزایی و رێکارە یاساییەکان
لە بەرامبەردا، هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ رایگەیاند: بۆ هەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبون رێژەیەکی دیاریکراو هەیە، کە نزیکەی 20 بۆ 25%ـی بۆ سەوزایی چەسپاوە.
ئەو دەشڵێت: ئەگەر ئەو رێژەیە پڕ نەکرێتەوە، یەکەم لەڕوی ئیدارییەوە رسوماتەکەی بەرز دەبێتەوە، دوەمیش لەڕێگای فەرمانگەی ژینگەی گەرمیانەوە رێنماییەکیان هەیە بە ناوی لە بری سەوزکردن.
ئاشکرایشی دەکات کە 8 پرۆژەی نیشتەجێبون لە سنورەکە کلیلەکانیان رادەستکراوە و هاوڵاتیان تێیاندا نیشتەجێن. بە وتەی ئەو، ئەوەی لە سایت پلانیاندا هەبوە وەکخۆی جێبەجێ کراوە، ئەوەشی کەموكورتی تێدابوە، دوبارە کاری تێدا کراوەتەوە.
هەروەها دوپاتی دەکاتەوە کە هەر پرۆژەیەک رێژەی سەوزایی وەک پلانی سایت جێبەجێ نەکات، لە لایەن شارەوانییەوە وەرناگیرێت و رێکاری تاپۆکردنی بۆ ئەنجام نادرێت.
فەرمانگەی ژینگە: پرۆژهكان به كۆمهڵێك مهرج پهسهند دهكهین
د. دورەید سەلیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، لهبارهى رێكارهكانیانهوه باس لەوە دەکات: "ئێمە پرۆژەکانی نیشتەجێبون بە کۆمەڵێک مەرج پەسەند دەکەین و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار وەک شارەوانی یان وەبەرهێنان دەکرێت. ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، ئەوان لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەن، چونکە فەرمانگەکەمان راوێژکارییە و لایەنەکانی دیکە بەرپرسن و لیژنەیان هەیە."
جەخت لەسەر گرنگیی سەوزاییش دەکاتەوە، بە تایبەتی لە ناوچەیەکی وەک گەرمیان کە ئاوههوایهكى وشکی هەیە، "بۆیە پێویستە رێژەی سەوزایی ستاندارد لە پرۆژەکاندا هەبێت".
باس لەوەش دەکات کە زیادبونی پێداویستییەکانی مرۆڤ و ژمارەی دانیشتوان، دەبێتە هۆی فراوانبونی شار و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون، بەمەش هاوسەنگی ژینگەیی تێکدەدات.
ئایندەیەکی سەوزتر بۆ گەرمیان؟
لە کاتێکدا گەرمیان بەردەوامە لە گەشەکردن و فراوانبون، پرسیار ئەوەیە: ئایا دەتوانرێت هاوسەنگییەک لە نێوان پێداویستییەکانی گەشەپێدانی شارستانی و پاراستنی ژینگەدا دروست بکرێت؟ ئایا پلانداڕێژەران و وەبەرهێنەران پابەند دەبن بە ستانداردە ژینگەییەکان و رێژەی سەوزایی پێویست جێبەجێ دەکەن، یان گەرمیان چارەنوسەکەی بەرزبونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و تێکچونی ژینگەکەی دەبێت؟

- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵپاسەوانێکی لاهور شێخ جەنگی لە کەلار دەستگیر دەکرێت
-
-
هەواڵتەندروستی گەرمیان: داوای دەرخستەیەکی نوێمان کردوە بۆ نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکەی کەلار
-
-
هەواڵبەڕێوبەری پەروەردەی گەرمیان دەگۆڕێت
-
-
هەواڵگەرمیان؛ دو کاندیدی پێشو دەرچون و چوار کاندیدی تر دەرنەچون
-
-
هەواڵپارتی "هەڵەکەی" یەکێتی لەگەرمیان دوبارە کردەوە
-
زۆرترین بینراوەکان