کاندیدە ژنەکان لە گەرمیان؛ کۆتا یان گۆڕانکاریی؟
01:52PM - 2025-11-05 , بینین : 62
 
رادیۆی دەنگ- زریان محەمەد
 
لە کاتێکدا عێراق خۆی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە دەکات کە بڕیارە لە 11ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، پرسی بەشداریی ژنان و رۆڵی کاندیدە ژنەکان لە داڕشتنی ئایندەی سیاسیدا، گەرموگوڕتر بوە.
 
لە گەرمیان، ئەو ناوچەیەی بواری سیاسەت تێیدا گەرم و پڕ جۆشە، کاندیدە ژنەکان روبەڕوی تاقیکردنەوەیەکی گەورە و چەندین تێبینی و چاوەڕوانی جیاواز دەبنەوە.
 
کۆتا بۆ ژنان: گەرەنتییەک بەبێ زامنی گۆڕانکاریی؟
 
لە پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک کورسی وەکو کۆتا بۆ ژنان تەرخانکراوە، کە ژمارەکەیان 83 کورسییە لە کۆی 329 کورسی، بەمپێیە لە هەرێمیش دەکاتە 11 بۆ 12 کورسی. هەرچی سنوری گەرمیانە، ئەوا لە کۆی 10 کاندیدی حیزبە سیاسییەکان، تەنها 2 کاندیدیان ژنن.
 
 
سروە محەمەد؛ خزمەتگوزاریی نوێ یان دوبارەکردنەوەی ئەزمون؟
 
سروە محەمەد، کاندید لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوە، باس لەو کارانە دەکات کە ئەنجامی داون لە پەرلەمانی عێراق، وەک: زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی لە 12 ساڵەوە بۆ 15 ساڵ لە هەمواری یاسای باری کەسێتی و چارەسەرکردنی کێشەی لەخۆگرتنی "حەزانەی" مناڵ.
 
ئەو بۆ خولی نوێش، دو پڕۆژەیاسای سەرەکی لە پێشینەی کارەکانی دادەنێت: یاسای پاراستنی مناڵان لەناو خێزان و شوێنە گشتییەکان، لەگەڵ هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی کە لە خولی پێشو روبەڕوی بەرهەڵستی بوەتەوە. هەروەها پێشنیازی یاسای خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە وەک خۆی دەڵێت: "ژنانی توشی گرفت کردوە".
 
 
شیلان محەمەد؛ ژن لەنێو پاکێجێکی گشتگیر
 
لەلایەکی ترەوە، شیلان محەمەد، کاندید لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکدەخاتە سەر پاکێجێکی گشتگیر بۆ هەمو چین و توێژەکان و جەخت دەکاتەوە کە لە بەرنامەکەیاندا "ژنیان دانەبڕیوە لە کۆمەڵگا".
 
ئەو باس لەوەشدەکات، کە بەگشتی حزبەکەی بەرنامەی هەیە بۆ هەمو سێکتەر و بوارەکان.
 
 
پلانەکانی ژن؛ چاوەڕوانییەکی بێ وەڵام؟
 
زۆرجار لەلایەن هاوڵاتیان و بەتایبەت ژنان باس لەوە دەکرێت کە کاندیدە ژنەکان کاتێک خۆیان دەپاڵێون و دەچنە پەرلەمان، پلان و بەرنامەیان وەکپێویست نییە بۆ پرسی ژنان.
 
شه‌یما جه‌مال، چالاکوانی بواری ژنان لە گەرمیان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لە ئێستا و رابردوشدا ئەو کاندیدە ژنانەی چونەتە پەرلەمان، هێندەی ئەجێندای حیزبەکەیان جێبەجێ کردوە، هێندە بیریان لای ئەوە نەبوە پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بکەن کە خزمەت بە ژنان و مافەکانیان بکات".
 
 
ژنانی کاندید و ئەگەرە کراوەکان
 
لەگەڵ نزیکبونەوەی رۆژی هەڵبژاردن، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا کاندیدە ژنەکانی گەرمیان دەتوانن متمانەی ژنانی ناوچەکە و دەنگدەران بەگشتی بەدەستبهێنن و ئەو چاوەڕوانییانە جێبەجێ بکەن کە لەسەریانە، یان تەنها وەک ژمارەیەک لە چوارچێوەی کۆتادا دەمێننەوە؟