دوای ساڵێک هێشتا چاکسازیی رێگای گوندێکی گەرمیان تەواو نەکراوە
هەواڵ
06:41PM - 2025-10-14 , بینین : 49
 
رادیۆی دەنگ
 
زیاتر لە ساڵێکە دەستکراوە بە چاکسازیی رێگای گوندی زەماوەنگە لە گەرمیان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی تەواونەکراوە، بەڕێوبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی گەرمیانیش دەڵێت: تەنها پڕکردنەوەکەی چواردەوری قەنتەرەکان ماون.
 
بەپێی ئەو وێنانەی دانیشتویەکی گوندی زەماوەنگە بۆ رادیۆی دەنگی ناردوە، چاکسازیی رێگای گوندەکەیان پاش ساڵێک هێشتا تەواو نەکراوە، بەتایبەتی هی قەنتەرەکانی رێڕەوی ئاوەکان.
 
لایخۆشیەوە، لوقمان شێخ عوسمان، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو پرۆژەیە لە بنەڕەتدا دو پرۆژەیە، یەکێکیان پرۆژەی چاککردنی رێگای نێوان گوندی زەماوەنگەـ ژاڵەیە و ئەوەکەی تریان چاککردنی رێگای ناو گوندی زەماوەنگەیە.
 
وتیشی: هەردوو پرۆژەکە تەواو بوە، تەنها لەناو زەماوەنگە دو قەنتەرەی تێدایە ئەملاولای ماوە پڕبکرێتەوە، ئامێرەکانمان لە شوێنێکی دیکە سەرقاڵی کارکردن بون، سبەی ئامێرەکان دێنین و ئەوەش چارەسەر دەکەین.
 
بەپێی وتەی لوقمان شێخ عوسمان، ناتوانن رێگاکە قیر یان کۆنکرێت بکەن، بەڵکو تەنها تێکەڵەڕێژی دەکەن، چونکە وەکخۆی وتی: "ئەو پارەی خەرجی دەکەین زۆرکەمە و لەسەر بودجەی بەڕێوبەرایەتیمانە".