رادیۆی دەنگ- هونەر ئەحمەد
	لەدەشتاییەکانی گەرمیاندا، خولیایەکی دێرین لە نوێبونەوەدایە، خولیای ئەسپسواریی. توانا حسێن، لاوێکی پڕ لە وزە، مەشخەڵی ئەم خولیایەی هەڵگرتوە و لە یەکێک لە فێرگەکانی ئەسپسواریی، خەڵکی فێری ئەم هونەرە دەکات.
	توانا حسێن بە گەرموگوڕییەوە باس لە فێرگەکەیان دەکات و دەڵێت: "چەند ساڵێکە فێرگەی ئەسپسواریمان هەیە و ئەسپ و ماینمان هەیە، ئەم خولیایەی ئەسپسواری هەر لە باو و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە".
	دەشڵێت: ماوەی 10 ساڵێکە ئەسپسواریی دەکەم و نزیکەی سێ ساڵیش دەبێت فێرگەکەمان کردوەتەوە.
	ئەو باس لە گەشەسەندنی بەرچاوی فێرگەکە دەکات و دەڵێت: "ئێستا خەڵکێکی زۆر سەردان دەکەن و خەڵکێکی زۆر فێری ئەسپسواریی بون لە رێگەی ئێمەوە".
	کۆمەڵێک ئەسپی راهێنراو بۆ هەمو ئاستەکان
	فێرگەکەی توانا خاوەنی کۆمەڵێک ئەسپی جۆراوجۆرە. دەڵێت: "ئەسپ و ماینمان زۆرە، کوردی هەیە و عەرەبیش هەیە، ئەسپی راهێنراومان هەیە کە بۆ فێرکردنە و پێیان دەڵێین 'ئەسپی عەجول'. هەروەها ئەسپ و ماینیشمان هەیە کە فەقیرن (تازەپێگەیشتو یان کەم ئەزمون)، ئەوانەی کە دێنە لامان سەرەتا 'ئەسپی فەقیریان' بۆ بەکاردەهێنین تاوەکو رادێن، رێنماییەکانیان هەموی پێدەدەین کە چۆن ئەسپ بەکاربهێنن و جڵەویان بکەن".
	خۆشەویستیی و پابەندییەکی بەردەوام
	توانا حسێن باس لە پابەندبونی خۆی و خێزانەکەی بەم پیشەیە دەکات: "خۆم لە سەرەتاوە بە هەمانشێوە لەگەڵ باوکم وا فێربوم و ئەسپم بەکارهێناوە. ماوەی سێ ساڵە بە بەردەوامی بەیانی تاوەکو ئێوارە لە فێرگەکەین، شەوانیش چاودێریی ئەسپەکان دەکەین و بە بەردەوامی پاکیان دەکەینەوە و تەنانەت پزیشکی تایبەتیشمان بۆ ئەسپەکان داناوە".
	وەک توانا باسیدەکات، بەشێک لە ئەسپەکانی فێرگەکە لە ئێرانەوە هێنراون، بەشێکی دیکەشیان لە شوێنە جیاوازەکان کڕیویانە.
	ئەسپە سەرەتاییەکانیش کە بۆ فێرکردن بەکاردەهێنرێن، ئەسپی فێرکراون و دواتر زیاتر رادەهێنرێن بۆ مەبەستی دەرچون و شارەزایی زیاتر.
	ئەسپسواری، بەبێ سنوری تەمەن و ترس
	یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە فێربونی ئەسپسواریی بە تەمەنەوە بەند نییە.
	توانا حسێن دەڵێت: "کەسی 12 ساڵمان هەیە بە تەنیا سواریی دەکات بەبێ هیچ کەسێک، بە پێچەوانەوە کەسیش هەیە تەمەنی گەورەیە و فێری سواریی نەبوە".
	سەبارەت بە ترسی ئەسپسواریی، توانا دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "هیچ ترسێکی ناوێت، گوێڕایەڵی راهێنەرەکان بن، فێردەبن".
	پلانی داهاتو: بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵەکان
	توانا ئومێدی ئەوە دەخوازێت کە لە داهاتودا فێرگەکەیان بتوانێت بەشداری ڤیستیڤاڵی ئەسپسواری بکات، ئەگەر لە سنورەکەدا بکرێتەوە.
	لە کۆتاییشدا بە سادەییەوە دەڵێت: "ئەسپسواریی خولیایە، حەزت لێی هەبێت فێر دەبیت".
                - دوایین بابەتەکان
 - 
                    هەواڵدو ساڵە بڕیار لە کردنەوەی چاكسازی گەورانی گەرمیان دراوە و تائێستا دروستنەکراوە
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    هەواڵقیرتاوکردنی شەقامی پاسپۆرت لەکەلار وەستاوە و حکومەت هۆکارەکەیە
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    بەرنامەرێکخراوەکان چۆن دەتوانن کۆمەڵگا هۆشیار بکەنەوە؟
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    هەواڵگەرمیان؛ حاڵەتەکانی کوشتن زیاتر بون و خۆکوشتن و کوشتنی هەڵە کەمتر
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    هەواڵخوێندکارێکی پەیمانگا: بەبێ خواستی خۆمان براین بۆ ئاهەنگی بانگەشەی یەکێتی
 - 
                     
                        
                    
                 
            زۆرترین بینراوەکان