رادیۆی دهنگ- هونهر ئهحمهد
	لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان، گروپێکی خۆبەخشی گەنجانی دەرچوی زانکۆ لە سنوری گەرمیان، هەڵمەتێکیان بۆ دابینکردنی ئاو و پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان لە مەترسیی لەناوچون دەستپێکردوە.
	"گروپی ژینگەپارێزانی گەرمیان" کە لە زیاتر لە 30 گەنجی خاوەن بڕوانامەی جیاواز پێکهاتوە، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کار بۆ پاککردنەوە و کردنەوەی ئەو سەرچاوە ئاوانە دەکەن کە بەهۆی وشکەساڵییەوە وشكبون یاخود مەترسیی وشکبونیان لەسەرە، تاوەکو گیانلەبەرە کێوییەکانی ناوچەکە لە تینویەتی بپارێزن.
	رێباز ناسر، دەرچوی یەکێک لە بەشە کشتوکاڵییەکان و ئەندامی گروپەکە، باس لە سەرەتای بیرۆکەکە دەکات و دەڵێت: "هەستمان کرد ئاژەڵە کێوییەکانی سنوری گەرمیان لە وەرزی هاویندا روبەڕوی کەمئاوییەکی کوشندە دەبنەوە، کە هەندێکجار دەبێتە هۆی کوێربون و لەناوچونیان، بۆیە بڕیارمان دا وەک ئەرکێکی مرۆیی و ژینگەیی، هەڵمەتی دابینکردنی ئاو بۆیان رێکبخەین."
	ئەو گەنجانە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کار دەکەن. رێباز ئاماژەی بەوەشکرد: "لە وەرزی هاویندا چەند هەڵمەتێکمان بۆ شوێنە جیاوازەکان هەیە، ئێستا لە باکوری گەرمیانین و لە گوندەکانی پیازەجار و زەند، چەند سەرچاوەیەکی ئاومان پاککردوەتەوە بۆ ئەوەی ئاژەڵە کێوییەکان لە لەناوچون بپارێزین."
	کاریگەرییەکانی کەمبارانی لە چەند ساڵی رابردودا، پاڵنەرێکی سەرەکیی ئەم هەڵمەتەیە. 
	محەمەد رەئوف، دەرچوی بەشی زمانی ئینگلیزی و ئەندامێکی دیکەی گروپەکەیە، جەخت لەسەر ئەم لایەنە دەکاتەوە و دەڵێت: "ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی کەمبارانییەوە، ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان کەوتوەتە مەترسییەوە."
	محەمەد داوا لە هاوڵاتیان و دانیشتوانی گوندەکان دەکات کە هاوکاریان بن و پەیامێکی پەروەردەییشی هەیە: "هیواخوازین خەڵکی گوندەکان پشتگیریمان بکەن، لەوەش گرنگتر، پێویستە لە قوتابخانە و زانکۆکاندا بابەتی خزمەتکردن و پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان بکرێتە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن، تا نەوەیەکی هۆشیارترمان هەبێت و رێگری لە قڕبونیان بگرین."
	ئهم گهنجانه، كارهكهیان به ههستكردن به بهرپرسیارێتى بهرامبهر به ژینگه دهزانن.
	حەمید شەعبان، دەرچوی بەشی کارگێڕی و بانک و ئەندامێکی دیکەی گروپەکەیە، باس لهوهدهكات گروپهكهیان دهیهوێت بهرامبهر بهو گۆڕانكارییه ژینگهییانه بوهستێتهوه كه جیهان و ناوچهكهى گرتوهتهوه.
	دەڵێت: "لەڕوانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژینگە، ئەم گروپەمان دامەزراند، شێوازی کارکردنمان بە جۆرێکە کە ئەو شوێنە دورەدەستانە دیارییدەکەین کە ئاژەڵی کێوییان لێیە و لە هاویندا توشی کەمئاوی دەبن، رەنگە نەتوانین کێشەکە بنبڕ بکەین، بەڵام توانیومانە لە چەندین ناوچەدا کاریگەریی باشمان هەبێت و گرفتەکان کەم بکەینەوە."
	ئەندامانی گروپەکە لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە جوانییەکانی سروشت بەشێکی دانەبڕاوی پەیوەستە بە بونی ئاژەڵە کێوییەکانەوە، بۆیە داوا دەکەن ئەم بابەتە لە کۆڕ و سیمینارە پەروەردەییەکان و تەنانەت لە وتاری مزگەوتەکانیشدا گرنگیی پێبدرێت، تاوەکو تاک بە تاکی کۆمەڵگە هۆشیاریی تەواویان لەبارەی پاراستنی سامانی سروشتی و ژیانی کێوی هەبێت.
- دوایین بابەتەکان
 - 
                    هەواڵدو ساڵە بڕیار لە کردنەوەی چاكسازی گەورانی گەرمیان دراوە و تائێستا دروستنەکراوە
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    هەواڵقیرتاوکردنی شەقامی پاسپۆرت لەکەلار وەستاوە و حکومەت هۆکارەکەیە
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    بەرنامەرێکخراوەکان چۆن دەتوانن کۆمەڵگا هۆشیار بکەنەوە؟
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    هەواڵگەرمیان؛ حاڵەتەکانی کوشتن زیاتر بون و خۆکوشتن و کوشتنی هەڵە کەمتر
 - 
                     
                        
                    
                 - 
                    هەواڵخوێندکارێکی پەیمانگا: بەبێ خواستی خۆمان براین بۆ ئاهەنگی بانگەشەی یەکێتی
 - 
                     
                        
                    
                 
            زۆرترین بینراوەکان