
رادیۆی دهنگ- زریان محهمهد
لێرەوە گوێبیستی راپۆرتەکە بن
لە دڵی گەرمیاندا، خانمە کارمەندێکی تەندروستی زیاتر لە پانزە ساڵە ژیانی خۆی بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و مناڵان تەرخان کردوە. ئەو وەک پەرستارێک دەستیپێکرد، بەڵام خولیا و ئامانجە مرۆییەکەی وایلێکرد ببێتە چالاکوانێکی خۆبەخشی دیار و کاریگەر لە بوارەکەیدا، بەتایبەت لەو ناوچەیەی کە پێویستییەکی زۆری بە زانیاریی تەندروستی هەیە.
گەشتێکی 15 ساڵە لە خزمەتکردن
تاڤگە کەریم، دەرچوی کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆی سلێمانی و خوێندكاری ماستهر، چیرۆکی کارکردنی لە ساڵی 2010ـهوه دەستپێدەکات، کاتێک وەک پەرستارێک لە کەرتی تەندروستی دامەزرا. هەر لە سەرەتاوە تێبینی ئەو بۆشاییە گەورەیەی کرد کە لە بواری هۆشیاریی تەندروستیدا هەیە، بەتایبەت لەنێو ژناندا. ئەم هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی، بوە بنەمایەک بۆ دەستپێکردنی گەشتێکی درێژخایەن لە پێشکەشکردنی سیمینار و چالاکی خۆبەخشانە.
ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئامانجم ئەوەیە تاک هۆشیار بکەمەوە، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە لەڕوی تەندروستییەوە لاوازییەکی زۆری هەیە و پێویستە کار بۆ بەهێزکردنی ئەم لایەنە بکرێت."
چالاکییەکانی تاڤگە بە شێوەیەکی سەرەکی ئاراستەی قوتابیانی ناوەندەکانی خوێندن و ژنان کراوە و تێیاندا تیشکی خستوەتە سەر بابەتە هەستیار و گرنگەکانی وەک: شێرپەنجە، خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان، گرنگیی خواردنی تەندروست و چۆنیەتیی بەسەربردنی ژیانێکی باشتر.
جگه له سیمینار و چالاکییە هۆشیارییەکان، هاوكات تاڤگه چهندین ساڵ بهرنامهی تایبهت به كێشه تهندروستیی و نهخۆشییهكان و بڵاوكردنهوهى هۆشیاریی، له رادیۆ و كهناڵه ناوخۆییهكانهوه پێشكهشكردوه.
روبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و کەمیی پسپۆڕ
وەک هەر کارێکی دیکە لە کوردستان، بەتایبەت کاتێک لەلایەن ژنێکەوە ئەنجام بدرێت، رێگەی تاڤگەش بێ کێشە و ئاستەنگ نەبوە. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە روبەڕوی ئاستەنگی زۆر بوەتەوە، بەڵام وەکخۆی دەڵێت: "هەمو ئاستەنگەکانم تێپەڕاندوە و کردومن بە خاڵی بەهێزی و سەرکەوتن بۆ خۆم."
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم ئەم بوارە لە سنوری گەرمیان، کەمیی کارمەندی پسپۆڕە لە بواری تەندروستی ژناندا. تاڤگە وەک چالاکوانێکی خۆبەخش هەوڵیداوە ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
ئهو جەخت لهوه دەکاتەوە: "بونی کادری پسپۆڕ لەم بوارەدا زۆر گرنگە و ئێمە کێشەی نەبونی کارمەندی پێویستمان هەیە."
هاوکات گرفتی دارایی یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان. تاڤگە ئاماژە بەوە دەکات کە "بونی پاڵپشتیی دارایی بۆ هەر کارێک کە دەیکەیت، گرنگیی خۆی هەیە و دەتوانێت کارەکان فراوانتر بکات."
دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پلانی داهاتو
سەرەڕای هەمو ئاستەنگەکان، ماندوبونی تاڤگە بەفیڕۆ نەچوە. کار و چالاکییەکانی بونەتە جێی سەرنجی رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ئەمریکی، کە وەک تاکە ژن لە گەرمیان هەڵیانبژاردوە بۆ ئەوەی ئەرکی هۆشیارکردنەوەی کارمەندانی تەندروستی لە بواری ژنان و مناڵبوندا بگرێتە ئەستۆ.
تاڤگە باوەڕی وایە کە سیمینار و چالاکییە هۆشیارییەکان دەتوانن گۆڕانکاریی راستەقینە لە کۆمەڵگەدا دروست بکەن. ئەو بە هیواوە سەیری داهاتو دەکات و پلانی هەیە کە کارەکانی فراوانتر بکات. وەکخۆی دەڵێت: "نامەوێت بوەستم، بەڵکو پلانی جدیم هەیە بۆ داهاتو تا کاری زیاتر بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان بکەم و هەر لە ئێستاوە کارم لەسەر کردوە."
تاڤگە کەریم نمونەی ژنێکی ماندونەناسە کە بە ئیرادە و خۆبەخشی، بۆشاییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەکەیدا پڕکردوەتەوە كه رهنگه زیاتر له ههر بوارێك پێویستیی به هۆشیاریی بێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدواین زانیاریی لەبارەی سێ کادیرە دەستگیرکراوەکەی بەرەی گەل لە گەرمیان
-
-
هەواڵکارەبای گەرمیان: دانانی تاوەر لەناو زهوی زیندانیانی سیاسی بەدەست ئێمە نییە و شارەوانی بۆی دیارییکردوین
-
-
هەواڵبهرپرسێك له شارهوانى كهلار: دروستكردنى یوتێرنهكانى جادهى پشتێنهیی چاوهڕێی كۆمپانیا دهكات
-
-
یەکەی چاودێریراپۆرتێک لەبارەی کێشەکانی خولەکانی بەهێزکردنى خوێندكاران و چاودێریی حکومەت لەسەریان
-
-
هەواڵلە چاودێریی بازرگانی گەرمیانهوه بۆ هاوڵاتیان: ههر شوێنێك نرخی گران كرد ئاگادارمان بكهنهوه
-
زۆرترین بینراوەکان