"وانەیەک لەناو ئاگر و دوکەڵدا"... با ئەم وانەیەش لە هەڵەبجەیەکانەوە فێربین
12:29PM - 2025-08-20 , بینین : 82
 
د. ئاریان ره‌ئوف
 
هەڵەبجە، ئەو شارەی هەمیشە وانەی قوربانیدان و خۆڕاگری فێرکردوین، ئەمجارە لە بەرگێکی دیکەدا، مانا باڵاکانی نیشتمانپەروەری و بەرپرسیارێتیمان نیشان دەداتەوە.
 
بۆ چەندین رۆژە، کاتێک زمانی ئاگر بەرۆکی چیاکانی هەڵەبجەى گرتوە و هەڕەشەی سوتاندنی جەستەی خاکەکەی دەکات، خەڵکی هەڵەبجە مۆزایکێکی مرۆییان لە یەکڕیزی و فیداکاری دروست کردوە. لەوێ، مناڵ و گەنج، ژن و پیاو، پیر و لاو، شان بە شانی یەک، ئارامییان لە خۆیان تۆراندوە. یەکێکیان بە گیانی بوەتە قەڵغان، ئەوی دیکەیان بە ناوساجی و پیتزایەکەوە برسێتیی ماندوبونێکی پیرۆزی شکاندوە. دایکێک گەورەترین مەنجەڵی ماڵەکەی کردۆتە سفرەی خەمخۆری و بەرمیلە ئاوەکان بونەتە فرمێسکی کوژاندنەوەی جەرگی سوتاوی خاک.
 
هەڵەبجەیەکان نەوەستان و پرسیاریان نەکرد: "ئەمە ئەرکی کێیە؟" چونکە دەنگێک لە ناخیاندا، دەنگی ویژدان و خۆشەویستیی خاک، هاواری دەکرد: "نیشتمانەکەمان دەسوتێت و خاکەکەمان دوکەڵی لێ بەرزئەبێتەوە!" ئەوان چاوەڕێی حکومەتیان نەکرد، چونکە دەركیان بەو راستییە کردبو کە کاتێک ماڵەکەت ئاگری تێبەردەبێت، چاوەڕوانیی هیچ هێزێک ناکرێت، بەڵکو هەموان دەبنە ئاگرکوژێنەوە.
 
ئەمەیە وانە ڕاستەقینەکەی هەڵەبجە؛ پەیامێک بۆ هەمومان. ئەوان پێمان دەڵێن هەرچەندە سیستەمی حوکمڕانی سست و کەمتەرخەم  و خراپ بێت، هەرگیز نابێت ئەمە ببێتە پاساو بۆ ئەوەی ئێمەش شوناسی نیشتمانیی خۆمان لەبیر بکەین و وەک دەسەڵاتداران، دەستبەرداری خاکەکەمان بین و لە وێرانکردنیدا بەشدار بین. بەپێچەوانەوە، هەرکاتێک ستونەکانی دەسەڵات لەرزۆک بون، ئەرکی سەرشانی ئێمەی هاوڵاتییە کە پتەوتر بوەستین و زیاتر ئەم خاکە لە ئامێز بگرین.
 
خۆشەویستیی راستەقینەی نیشتمان بە دروشم نییە، بەڵکو بە هەستکردنە بە خاوەندارێتی و پاراستنیەتی بەکردار لە هەر هەڕەشەیەک، چونکە حکومەتەکان و سیاسیە پۆپۆلیستەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان بۆ هەمیشە وەک لانکەی رۆح و ناسنامەمان دەمێنێتەوە.