
رادیۆی دهنگ- محهمهد مهحمود
لێرەوە گوێبیستی راپۆرتەکە بن
نەبەرد فوئاد، رۆماننوس و سینەماکار، سێیەمین رۆمانی خۆی بە ناونیشانی (من تەمتەمەم) بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە نوێیە درێژەپێدەری ئەو گەشتە ئەدەبییەیە کە پێشتر بە دو رۆمانی دیکە دەستی پێکردبو و ئێستا خوێنەران دەتوانن جیهانێکی نوێ لە رێگەی قەڵەمەکەیەوە بناسن.
"من تەمتەمەم"؛ گەڕان بەدوای مردندا لە گەرمیانەوە بۆ جیهان
سەبارەت بە ناوەڕۆکی رۆمانە تازەکەی، نەبەرد فوئاد ئاماژەی بەوەدا کە چیرۆکی سەرەکی باس لە "ئینسانێک دەکات کە بەشوێن مردندا دەگەڕێت، بەڵام نامرێت."
هەرچەندە نوسەر پێی باشە وردەکاریی زیاتر بۆ خوێنەر بەجێبهێڵێت تا خۆی چێژ لە خوێندنەوەی وەربگرێت، بەڵام رونیکردەوە کە چەقی روداوەکان لە گەرمیانەوە دەستپێدەکات و پاشان چیرۆکەکە بەسەر کیشوەر و وڵاتە جیاوازەکاندا بڵاودەبێتەوە. ئەمەش وا دەکات رۆمانەکە رەهەندێکی ناوخۆیی و جیهانی لەخۆبگرێت.
نوسین؛ ئەرکێک بۆ گەڕاندنەوەی پیرۆزیی کاغەز
لە دیدی نەبەرد فوئاد دا، نوسین تەنها لێهاتویی نییە، بەڵکو بەرهەمی خوێندنەوەی بەردەوامە. ئەو پێیوایە: "ئەوەی کە زۆر دەخوێنێتەوە، دەتوانێت بنوسێت".
لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا وایکردوە خەڵک کەمتر رێز لە کاغەز بگرێت، فوئاد بەردەوامیی خۆی لە نوسین وەک هەوڵێک بۆ "رێزگرتن لە نەمانی کتێب و نەبونی خوێنەر" دەبینێت.
ئەو دەڵێت: "جارێکی تر دەمانەوێت کاغەز وەکو شتێکی پیرۆز سەیربکرێت. دەیان کەس بەهۆی نامەیەکەوە لەسێدارە دراون و دەیان کەسی دیکە بەهۆی نامەیەکی دڵدارییەوە کوژراون. بۆیە ئەوەی دەستی بۆ قەڵەم برد، هەرگیز ناتوانێت وازی لێبێنێت، مەگەر خۆی بفرۆشێت. قەڵەم پیرۆزە و نوسین لەو پیرۆزترە".
لە شانۆوە بۆ رۆمان؛ گەشتێکی ئەدەبیی پڕ ئەزمون
ئەزمونی نەبەرد فوئاد تەنها لە نوسینی رۆماندا کورت نابێتەوە. ئەو لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لە ساڵی 1993 لەسەر تەختەی شانۆ بوە و هەمیشە لەناو جیهانی چیرۆک و گێڕانەوەدا ژیاوە. کاری رۆژنامەوانیش یەکێکی تر بوە لە وێستگە گرنگەکانی ژیانی کە پاڵنەر بوە بۆ داڕشتنی چیرۆک، سیناریۆ و لە کۆتاییشدا رۆمان.
ئەو دەڵێت: "نان وەکو رەشەبا هیواکان لەگەڵ خۆی دەبات"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کارانەی لەپێناو بژێویدا کردویەتی، بەڵام ئێستا نوسین خەریکە دەبێتە پیشەی سەرەکی، هەرچەندە به دوریشی نازانێت بگەڕێتەوە بۆ کاری رۆژنامەوانی.
سۆشیاڵ میدیا خوێنەری روکەش و رۆمان مرۆڤی قوڵ دروست دەکات
زۆرێك له نوسهر و تهنانهت خوێنهرانیش، بهگلهیی و رهخنهن له رۆڵه سلبییهكانى سۆشیاڵ میدیا لهسهر خوێندنهوه.
نەبەرد فوئاد، ههمان بۆچونى ههیه و پێیوایە "سۆشیاڵ میدیا خوێنەرێکی روکەش دروست دەکات، نەک مرۆڤێکی قوڵ و بیرکەرەوە". ئەم سەردەمەش بە "سەردەمی تێپەڕاندن" و "سکیپکردنی بابەتەکان" ناودەبات.
لەگەڵ ئەوەشدا، گەشبینە بە مانەوەی رۆمان و ئەدەبیاتی گێڕانەوە و دەڵێت: "رۆمان ئەمێنێتەوە، چونکە ناکرێت ئەو ژانرە لە ژیانی ئینسان دەربکرێت". جەخت لەوەشدەکاتەوە کە تەنانەت ئەگەر سەد ساڵی تریش ژیریی دەستکرد جێگەی هەمو نوسەرێک بگرێتەوە، خەڵکی هەر ئارەزوی ئەوە دەکات ناخ و ئەندێشەی مرۆڤەکان لەسەر کاغەز ببینێت، چونکە "ژیریی دەستکرد و سۆشیاڵ میدیا هەستی تێدا نییە، بەڵام لە رێی نوسینەوە هەستی نوسەرەکە دەگوازرێتەوە".
گەشتی نەبەرد فوئاد لە شانۆوە بۆ رۆژنامەوانی و لەوێشەوە بۆ جیهانی رۆمان و سینهما، چیرۆکی پێداگری و باوەڕبونە بە پیرۆزیی وشە. دواین رۆمانیشی بانگەوازێکە بهمهبهستى گەڕانەوە بۆ قوڵایی خوێندنەوە لە سەردەمی روکەشیی سۆشیاڵ میدیادا. وەکخۆی دەڵێت: "گرنگ نییە چەند کەس گوێ دەگرن، گرنگ ئەوەیە کارێکی باش رۆژێک دێت و جێگەی خۆی دەگرێت".
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدواى ساڵێك ڤیدیۆی دانانى بۆمب بۆ ئۆتۆمبیلهكهى بهرپرسێكى پارتى بڵاودهكرێتهوه
-
-
بەرنامەرێکارەکان چین بۆ روبەڕوبونەوەی کەمئاویی لە گوندەکانی گەرمیان؟
-
-
بەرنامەچ خۆراکێک جەستەمان دەپارێزێت لە وشكبونەوە بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە؟
-
-
بەرنامەتاچەند پیسکردنی ژینگە هۆکارە بۆ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما؟
-
-
بەرنامەرێکارەکانی دروستکردنی ماستەرپلانی کەلار بە کوێ گەشتوە؟
-
زۆرترین بینراوەکان