
رادیۆی دهنگ- محهمهد مهحمود
لێرەوە گوێبیستی راپۆرتەکە بن
لە قەزای کفری دڵی گەرمیاندا، گروپی کیماش ماوەی چوار ساڵە بوەتە ناوەندێکی زیندوی چالاکیی رۆشنبیری و هونەری. ئەم گروپە بە ئامانجی پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا دامەزراوە و تائێستا زیاتر لە 45 چالاکیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە، لە کاتێکدا روبەروی ئاڵنگاریی دارایی و کەمبونەوەی ئامادەیی گەنجان دەبێتەوە.
لە ساڵی 2021، لە کاتێکدا بۆشاییەکی رۆشنبیری باڵی بەسەر دەڤەری گەرمیاندا کێشابو، دیار لەتیف و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی بڕیاریاندا چیتر چاوەڕێ نەکەن و خۆیان ببنە دەستپێشخەر. بەمشێوەیە "گروپی کیماش" لەدایکبو.
دیار لەتیف، دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی دەنگ، باس لە سەرەتاکان دەکات و دەڵێت: هۆکاری دامەزراندنی کیماش دەگەڕایەوە بۆ ئەو بۆشاییە رۆشنبیرییەی کە لە ناوچەکەدا هەبو.
وتى: "هۆکاری دامەزراندنی کیماش دەگەڕایەوە بۆ ئەو بۆشاییە رۆشنبیرییەی کە لە ناوچەکەدا هەبو. من و چەند هاوڕێیەک کۆبوینەوە و بڕیارمان دا مانگانە و وەرزانە چالاکی ئەنجام بدەین".
چالاکییەکانی کیماش بریتین لە کۆڕی ناساندنی کتێب، سیمینار، دیداری ئەدەبی و میوانداریکردنی نوسەران لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە، کە وهكخۆیان دهیڵێن هەموی لەپێناوی خزمەتکردنی زیاتری کلتوری گەرمیان دایە.
هۆکاری دامەزراندنی کیماش دەگەڕایەوە بۆ ئەو بۆشاییە رۆشنبیرییەی کە لە ناوچەکەدا هەبو
هەرچەندە گەنجان بە داینەمۆی هەر بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری دادەنرێن، بەڵام کیماش لەم روەوە روبەروی ئاڵنگاری بوەتەوە. دیار لەتیف دان بەوەدا دەنێت کە بەشداریی گەنجان لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە.
دەڵێت: "گەنجان کەمتر بەشدارن، زیاتر کەسانی ئەدەبدۆست و مامۆستایان، بەتایبەت ئەوانەی لە بوارەکەوە نزیکن، ئامادە دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین گەنجان لەم فەزا رۆشنبیرییە نزیک بکەینەوە."
بهڵام ئهم پێدراوه وایاننهكردوه گروپهكه پشت له گهنجان بكات، بهڵكو بهپێچهوانهوه رێگهى جیاواز دهگرنه بهر بۆ تێكهڵكردنى گهنجان به چالاكییهكانیان.
رەفعەت محەمەد، یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە، باس لهوهدهكات بایەخێکی تایبهتی به گهنجان دهدهن.وتى: بایهخێكى باشمان داوە بەگەنجان، پێمانوایە گەنجان بەردی بناغەی هەمو بزاڤێکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسیین، بۆیە ههوڵدەدەین گەنجان لەو چالاکیانە بونیان هەبێت.
وەک زۆربەی گروپە خۆبەخشەکان، لایەنی مادیی گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم بەردەوامیی کیماشدا.
دیار لەتیف ئاشکرای دەکات، زۆربەی کات پشت بە گیرفانی خۆیان دەبەستن. "بەردەوام روبەروی گرفتی ماددی بوینەتەوە و رەنجێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی گروپەکە لەسەر پێی خۆی رابگرین، زۆرێک لە چالاکییەکانمان لەسەر ئەرکی خۆمان بوە". دیار واى وت.
رەنجێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی گروپەکە لەسەر پێی خۆی رابگرین
سەرەڕای ئەمە، کۆڵنەدان و راستگۆییان لە کارەکەیاندا، وایکردوە خەڵک و کەسایەتییە خەمخۆرەکان و هەندێک لایەن هاوکارییان بکەن. لە نوێترین هەنگاویشدا، کیماش توانیویەتی هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ "بنکەی رۆشنبیریی گەلاوێژ" و "دامەزراوەی کەریمی عەلەکە" دروست بکات، کە ئەمەش ئومێدێکی گەورەیە بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کارەکانیان.
رەفعەت محەمەد، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژیان تەنها خۆگونجاندن نییە لەگەڵ واقیعێکی سەپێنراو، بەڵکو پێویستە تاکەکان رۆڵی خۆیان لە دروستکردنی گۆڕانکاریدا ببینن.
ئەو دەڵێت: "ژیان بریتییە لەوەی مرۆڤەکان چ رۆڵێکیان هەیە لە گۆڕانکارییەکاندا، بەتایبەت لە کۆمەڵگای کوردی بەگشتی و گەرمیان و کفری بەتایبەت. نابێت ژیانی رۆژانە وامان لێ بکات لە فەزایەکی مەعریفی و رۆشنبیری داببڕێین."
گروپی کیماش، بە توانایهكى مادیی کەم و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە، نەک هەر بۆشاییەکی رۆشنبیرییان لە ناوچەکەدا پڕکردوەتەوە، بەڵکو کار بۆ ئامانجێکی گەورەتر دەکەن. وەک سهرۆكى گروپهكه لە کۆتاییدا ئاماژهى پێدا، ئهوان دهیانهوێت تاكی هۆشیار و دونیابینییهكى فراوان بۆ مرۆڤى گهرمیان دروستبكهن، لهم پێناوهشدا له ههوڵدان ناوهستن.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵلیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی رزگاریی: گەرما هۆکارێکی نزمی ڤۆڵتییەی کارەبای مۆلیدەیە
-
-
هەواڵرۆژنامهى فهرمی عێراق: ههرێم و بهغدا لە رێککەوتنێکی نوێ نزیک دەبنەوە و پرسی موچە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران
-
-
هەواڵكۆبونهوهكهى ئهمڕۆ بێدهرهنجام بو... "پێدانى نهوت به پاڵاوگهكان" كێشهى سهرهكییه
-
-
هەواڵخەرجنەکردنی موچە بازاڕی پیشەوەرانی ناوچەی پیشەسازیی کەلاری لاواز کردوە
-
-
راپۆرتلە وێنەکێشان لەسەر دیواری ماڵەوە بۆ خەونی گۆڕینی ئەنیمى بۆ پیشەیەک
-
زۆرترین بینراوەکان