
بێستون ژاڵەیی
کاتی خۆی هەوڵێکی مەدەنی و ئیداری بەرفراوانمان سەرپێ خست بەمەبەستی بەپارێزگا کردنی گەرمیان و وتمان هەڵپەساردنی دۆخی گەرمیان بەبیانوی جێبەجێکردنی مادەی 140ـەوە لەدوایدا زەرەرێکی زۆری بۆ کورد وقەوارەی هەرێمیش دەبێت.
ئەو کاتە برادەرێک کوردایەتی پێ دەفرۆشتین و کردیە هەرا کە گوایە ئێمە باڵی کەرکوک ئەبڕینەوە، خۆش ئەوەبو ئەو کاکەیە دواتر خۆشی سەری کردە خێراتی بەغا و بوە پەرلەمانتێر!
ئەگەر لە 20 ساڵی رابردودا بمانتوانیایە گەرمیانمان بکردایەتە پارێزگا لەهەرێمدا، ئێستا شەڕی دانپێدانانی پارێزگاکەشمان لەعیراقدا تەواو کردبو، بەڵام ئەو دەرفەتەشمان دۆڕاند و گەرمیانیش لەم رۆژانەدا بەکردنە قەزای قەرەتەپە و دابڕینی کوڵەجۆ و جەبارە بۆ ئەم قەزایە پارچەیەکی تری لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە لێ پچڕێنرا.
ئەڵبەتە لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە دۆخێکی نمونەیی بۆ کورد لەناوچە دابڕێنراوەکان هاتە ئاراو بستێکی کوردستان بەدەست عیراقەوە نەما و هەر لەسنوری گەرمیانەوە خانەقین و جەلەولا و قەرەتەپە و جەبارە بەتەواوی کەوتنە ژێر دەسەڵات وئیدارەی هەرێم، بەڵام وەک هەمو جارێکی تر کورد لەوێ بەئاراستەی گەڕاندنەوەی یەکجارەکی ئەو ناوچانە بەردێکی نەخستە سەر بەردێ و دڵی هاونیشتمانیەکی هیلاک وبەشمەینەتی ئەو ناوچانەیان بەهەنگاوێکی پەرۆشانە خۆش نەکرد، بەسیاسەتێکی گەمژانە و حیزبایەتیەکی ناشیرین و تاڵان وبڕۆ و ئازاردانی خەڵک کارێکیان کرد کوردە بەشمەینەتەکەشیان پەرێشان و نائومێد کرد، تا دۆخەکە گەنی و عەرەبی شۆفینی و هاوردەی ئەم ناوچە کوردستانیانە دەستیان کردە جموجوڵ و لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەغدا یەک یەکی ئەو ناوچانەی وەرگرتەوەو نیوەی خاکی کوردستانیان دۆڕاند.
وەک وتیشم دوا پەرەسەندنی ئەم رۆژانەش ئەوەیە کە عەرەبی شیعە و سونە لە دیالە کە قەت لەسەر هیچ کۆک نەبون دەستیان بەیەکا کردوە و دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە دوای بەبڕیاری سەرۆک وەزیران قەرەتەپەیان کردۆتە قەزا و جەبارە و کوڵەجۆ"کۆکس"ـیشیان خستۆتە سەری کە لە دوای راپەڕینەوە لەلایەن هەرێم و ئیدارەی گەرمیانەوە ئیدارە ئەدرێت وناحیە و 12 فەرمانگەی سەر بە هەرێم لە کوڵەجۆن و 30 ساڵە ئیدارەی ئەدەن، لەپاڵ ئەوەشدا 1700 پێشمەرگە لەسنورەکەن و حکومەتی عێراق و حکومەتی خۆجێی دیالە بۆ سەرژمێری دانیشتوانیش نەهاتونەتە کوڵەجۆ!
سەیر ئەوەیە کە لەبڕیارەکەی سەرۆک وەزیراندا لەجیاتی باسکردنی مادەی 143ـی دەستوری عیراق کە سنووری هەرێمی کوردستانی بەناوچەی سەوز دیاری کردوە، ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لەجیاتی ناوچە کێشە لەسەرەکان کە لەدەستوری عیراقدا هاتوە بە سنووری سوپا لە 19ـی ئازاری 2003 ناو دەبات!
لەدیاریکردنی سنوورە ئیداریەکانی پارێزگاکەشدا بڕیارەکەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئیستنادی کردۆتە سەر نوسراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق کە هیچ دان نەک بەئیدارەی گەرمیان بەڵکو بە کەلار و کفریشدا وەک شار وئاوەدانی نانێت و لەدوای ناوهێنانی جەلەولا وخانەقیدا کە دەوری قەرەتەپەیان داوە لەنوسراوەکەدا هاتوە: قەزای قەرەتەپە لە باکوریەوە پارێزگای سلێمانیە!
ئەڵبەتە بەپێی یاسا بەرکارەکانی عیراق بۆ کردنەوەی قەزا دەبێت ناوەندی قەزاکە 50000 کەس و هەمو سنوری قەزاکە 80000 کەسی تێدا بێت کە هیچ کام لەم مەرجانە لە قەرەتەپەدا نیە، بۆیە ئەم کردنە قەزایە تەواو بڕیارێکی سیاسی دژی کوردە و کوردیش بەوهەمو ساڵەی بوونی وەک هێز وئیدارە لە جەبارە وقەرەتەپە نەیتوانی هیچ لەچارەنوس وئایندەی ئەو ناوچانە بگۆڕێ و بووە یادگاریەکی ناخوش بۆ دانیشتوانەکەشی!
لەکاتێکدا هەمو کورد لەهەرێم لە میحنەتی بێ موچەیی و لێڵی ئاسۆی ئایندەی هەرێمەکەیان و لەبەر مەترسی پێشهاتە خێرا وخراپەکاندان و حکومەتی عێراق هێزی زیاتری هێناوەتە دەروازەی قەزای کفری و هێزە عێراقیەکە لەو رۆژانەدا هاتونەتە ناو شارەکەش، هەروەک پارێزگاری دیالە وەک ناحیە وێنەی نووسراو ئەداتە ئیدارەی شاری کفری کە کۆنترین قەزای نەک هەرێم بەڵکو هەمو عێراقە!
هەر لەم کاتەدا عێراق 3 ناحیەی گەرمیان دادەبڕێت وقەزایەکیان لێ دروست دەکات کە کوڵەجۆیان لەناودایە وا لەوەتەی حکومەتی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان هەیە سەر بە هەرێم و گەرمیانە، بەمەش حکومەتی عێراق دێتە سەر سنوری کەلار ! تا ئەم لەحزەیەش کاردانەوە وکەوتنەجوڵە و تەنانەت لێدوانی بەرپرسێکی هەرێم لەسەر ئەم پێشهاتە مەترسیدارە نیە! هەمو روداوەکان وادەردەکەون بەرەو هەرەسێکی تر کەوتووینەتە رێ!
عەرەبە شۆفینیەکانی سەر سنورەکانی گەرمیان بەم بڕیارەی بەغدا کەوتوونەتە شایی و هەڵپەڕکێ و لەنەشئەیەکی سەیردان! کوردیش کە یەکێتی وپارتی نوێنەرایەتی دەکەن حەپەساو و بێدەنگ و دەستەپاچە!
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵ2 رۆژ ماوە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی ئۆنلاینی خۆراک و هاوڵاتییەکی زۆری گەرمیان خۆیان تۆمار نەکردوە
-
-
هەواڵزانیاریی نوێ لەبارەی ئەو درۆنەی لە گەرمیان کەوتەخوارەوە
-
-
هەواڵبۆ ساڵی نوێ 5 بەشی نوێ لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە
-
-
هەواڵحکومەتی عێراق قەرەتەپە دەکاتە قەزا و ناحیەی کۆکسیشی دەخاتە سەر
-
-
هەواڵوشکەساڵیی گوندی رەزوارـی بێئاو کردوە
-
زۆرترین بینراوەکان