
عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی سێ دەیەی رابردودا زنجیرەیەک ئاله‌نگاریی تێپەڕاندوە، بەڵام رەنگە هێرشە بێ وێنەکانی ئیسرائیل مەترسیدارترینی ئەم قەیرانانە بێت بۆ مانەوەی رژێمی ئێران و سەلامەتی کەسیی خۆیشی.
خامنەیی لە ساڵی 1989ـدا لە دوای کۆچی دوایی یەکەمین رێبەری ئینقلابی ئیسلامی (خومەینی)، سەرکردایەتی ئێرانی کردوە سه‌رباری سزای توندی نێوده‌وڵه‌تى و گرژیی نیوه به‌رده‌وام لەگەڵ جیهاندا. هەروەها به داپڵۆسینێكى تونده‌وه روبەڕوی هه‌مو ناڕەزایەتییه‌كان بوه‌ته‌وه كه دواهه‌مینیان بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ساڵانی 2022-2023 بو.
پرسی جێگرتنه‌وه‌ى خامنەیی تەمەن 86 ساڵ، لە ئێران‌دا پرسێکی سەرەکی بوە، بەڵام ئەو بڕیارانەی كه ئێستا ده‌یدات لەم هەلومەرجە سەختەدا، کاریگەریی یەکلاکەرەوەی دەبێت لەسەر ئایندەی ئەو دەسەڵاتەی کە لە دوای شۆڕشی 1979 و روخاندنى شاوه، یه‌كێك بوه له پایەكانى.
رەنگە ئێستا سەلامەتی کەسیی ئەو لە مەترسیدا بێت. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا رۆژی یەکشەممە ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژ به پلانێکی ئیسرائیل وه‌ستاوه‌ته‌وه بۆ تیرۆرکردنی. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دوشەممە رایگەیاند کە تیرۆرکردنی رێبەری ئێران ده‌شێت "کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت".
هەروەها ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رۆژی دوشەممە به‌ڵێنى دا کە "دیکتاتۆری ئێران لە هەر شوێنێک بێت لێی دەدەین".
"كێشه‌یه‌ك كه به‌ده‌ستى خۆی سازاندى"
سەرکەوتنی ئیسرائیل لە تیرۆرکردنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئێران، بەتایبەتی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و فەرماندەی سوپای پاسداران، توانای هەواڵگریی ئیسرائیلی بۆ شوێنپێهەڵگرتنی سەرکردەکانی ئێران نیشان دا و پرسیاری ئەوەی هێنایه ئاراوه کە ئایا ناتانیاهۆ بەڕاستی دەتوانێت فەرمانی تیرۆرکردنی خامنەیی ده‌ربكات؟
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه ڕێوشوێنی ئەمنی توند و نهێنییه‌كى زۆر ده‌گیرێته‌به‌ر په‌یوه‌ست به جموجۆڵەکانی رێبەری ئێران کە لە دوای دەستبەکاربونییه‌وه ئێرانی بەجێ نەهێشتوە و دوایین گەشتی كه بۆ دەرەوەی وڵات كردبێتى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1989، كاتێك وه‌كو سه‌رۆكى ئێران سەردانی کۆریای باکوری کردوه.
کەریم سەجادپور، توێژه‌ر له په‌یمانگاى کارنیگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، پێیوایە خامنەیی روبەڕوی كێشه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه "كه به ده‌ستى خۆی سازاندویه‌تى"، چونکە وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: "خاوه‌نى دوربینییه‌كى جه‌سته‌یی و مه‌عریفیی ئه‌وتۆ نییه بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنى ئێران لە شەڕێکی تەکنەلۆژی ئاڵۆزدا".
ئاماژەی بەوەشکرد "وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشه‌كانى ئیسرائیل ئه‌گه‌ر لاواز بێت، ئه‌وا زیاتر ده‌بێته هۆی تێكدانى دەسەڵاته‌كه‌ى (خامنه‌یی)، لەکاتێکدا ئه‌گه‌ر وەڵامدانەوەی بەهێز بێت، ئه‌وا ره‌نگه مانەوەی خۆی و رژێمەکەی بخاتە مەترسییەوە".

وێنه‌یه‌كى ساڵی پاری ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی یەکەی موشەکی سوپای پاسداران كه له هێرشه‌كه‌ى ئیسرائیل له شه‌وى پێنجشه‌مه له‌سه‌ر هه‌ینی كوژرا، کە پێکهاتەکانی موشەکی هایپەرسۆنیکی فاتح 2 بۆ خامنەیی روندەکاتەوە
"حیسابکردنێکی هەڵە"
خامنەیی لە کاتێکدا گوتاری ڕوبەڕوبونەوەی خۆی بەرامبەر به ئەمریکا و ئیسرائیل پاراست، بەڵام بەردەوام بو لە پشتیوانیکردنی باڵ و بریکاره‌كانى ئێران لە ناوچەکەدا له‌نمونه‌ى حیزبوڵڵای لوبنانی، به‌شێوه‌یه‌ك توانى ئێران لە هەر روبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمنەکانی، دوربخاته‌وه.
بەڵام رێڕەوی پێشهاتەکانی ئەم دواییە ئەوە پیشان دەدات، کە ئەم ستراتیژە گه‌یشتوه‌ته کۆتایی.
جەیسۆن برۆدسکی، بەڕێوەبەری سیاسەته‌كات له رێکخراوی "یەکگرتوانی دژ بە ئێرانی ئەتۆمی" کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، رایگەیاندوە: خامنەیی "لەو کاتەوەی لە ساڵی 1989 سه‌ركردایه‌تى باڵای ئێرانى وه‌رگرتوه، راهاتوە کە ململانێکان لە سنورەکانی ئێران دور بخاتەوە". وتیشی: كه‌واتا خامنه‌یی به‌شێوه‌یه‌كى زۆر زه‌ق هه‌ڵه‌یكردوه له حساباته‌كانى.
برۆدسکی وایده‌بینێت نزیکترین لێکچونی دۆخی ئێستای ئێران، ئەو پشێوییه‌یه کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا رویدا، کە تیایدا چه‌ندین هێرش (كه درایه پاڵ هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن) كرایه سه‌ر سه‌ركرده‌كان و له‌ئاكامدا بوه‌هۆی كوشتنى سه‌رۆك (محه‌مه‌د عه‌لی ره‌جائی) و برینداربونى خامنه‌یی له هه‌وڵێكى تیرۆركردن له ساڵی 1981ـدا.
برۆدسکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتوە، بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەزمونێکه كه خامنه‌یی له‌م بارودۆخه‌ى ئێستادا كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرێت. بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە "ئەوەی ئەمڕۆ ده‌یبینین، قەبارەیەکی تەواو جیاوازی هه‌یه و بە خێراییەکیش رودەدات کە هەڕەشەی تێپه‌ڕاندنى تەواوەتی تواناکانی تاران دەکات".
هێرشەکانی شەوی پێنجشەممە له‌سه‌ر هه‌ینی ئیسرائیل، سەرکردایەتی ئێرانی توشی سوپرایز و سەرسوڕمان کرد، بەتایبەتی کە رۆژێک پێش خولێکی نوێی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا رویدا کە بڕیار بو سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ش لە کاتێکدا کە چاو له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌كى تازه‌بو به‌هۆكاری تێکچونی دۆخی ئابوری ئه‌و وڵاته‌وه.

خامنەیی لە رێوڕەسمی یادی کۆچی دوایی یەکەمین رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران (خومەینی) لە باشوری تاران وتارێک پێشکەش دەکات
"ئەوەی دەبێت بیکەین دەیکەین"
ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئیسرائیل ره‌نگه ببێته هۆی "گۆڕینی رژێم"، هاوکات جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە گەلی ئێران خۆیان ئه‌و كاره بكه‌ن (رێژم بگۆڕن).
وتوشیه‌تى: "بە دڵنیاییەوە دەکرێت ئەوە دەرئەنجامەکەی بێت، چونکە رژێمی ئێران زۆر لاوازە"، وه‌كخۆیشی وتویه‌تى: "80%ـى خەڵک 'خراپه‌كاران' دەردەکەن".
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێ‌کرا کە ئایا بەڕاستی پلانێکی ئیسرائیلی هەیە بۆ تیرۆرکردنی خامنەیی کە واشنتۆن دژایەتی دەکات؟ لە وەڵامدا وتی: ئێمە ئەوە ده‌كه‌ین كه دەبێت بیکەین، بۆ داهاتوش هه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كه پێویسته بیکەین، پێموایە ئەمریکاش دەزانێت کە ئەمە بۆ ئه‌ویش باشە.
بەڵام تائێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی سه‌رهه‌ڵدانى ناڕەزایەتی جەماوەرییەوە له ئارادا نییه، هەرچەندە بەشێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە ئێرانییه‌كان لە دەرەوەی وڵات گرتەی ئەو خه‌ڵكانه‌یان بڵاوکردوەتەوە کە دروشمی دژە خامنەیی دەڵێنەوە.
هۆلی داگریس، توێژه‌ر له په‌یمانگاى واشنتۆن، دەڵێت: "واقیعەکە ئەوەیە کە لێدانه‌كان گرژییەکانی ئێستایان زیاتر وروژاندوه، زۆرێک لە ئێرانییەکان دەیانویست رژێمەکە بڕوات و بکەوێت، بەڵام زۆربەیان نایانەوێت ئه‌مه به شه‌ڕ و خوێنڕشتن به‌دیی بێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش خاڵی سه‌ره‌كییه".
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵبەهۆی لەبەرنەکردنی جلی فەرمیی لەکاتی سەردانی پرسە، ئاگادارکردنەوە بۆ بەڕێوبەری پۆلیسی کفری دەردەکرێت
-
-
پرۆژەدەستەبەری کۆمەڵایه‌تی بۆ كرێكارانى گه‌رمیان لەنێوان كێشه‌ى خاوەنکاران و ئاستەنگی هۆشیاریی و یاسایی
-
-
بەرنامەئایا كاری پەرلەمانتاریی گرنگی خۆی لەدەستداوە؟
-
-
بەرنامەلە ناوبردنی ناوچە سەوزەکان لەپێناو پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەلار
-
-
بەرنامەزانکۆ و دۆخی خوێندنی زانکۆیی لە گەرمیان
-
زۆرترین بینراوەکان