
دەنگ نێت
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە وەڵامی داواکاریی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆکە بۆ داخستنی کۆلێژەکەیان دەڵێت: دەستی خۆم ببڕم کۆلێژەکە داناخەم، هاوکات هەڕەشەی بە دادگاگەیاندنی ئەو خوێندکارانەش دەکات کە قوفڵیان لە دەرگای زانکۆ داوە.
ئەمڕۆ خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان جارێکی تر گردبونەوەیان ئەنجامدا و رێگای سەرەکی زانکۆکەیان داخست و رێگەی چونەژورەوەیان بۆ ماوەیەک گرت. لەو سەروبەندەدا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، د. فەرهاد قادر، گەیشتە لای خوێندکارەکان و گفتوگۆ لەنێوانیان دروستبو.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گفتوگۆکە کە دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، سەرۆکی زانکۆ نیگەرانی خۆی بە خوێندکارەکان دەڵێت لەبارەی رێگەگرتن و قوفڵدانی دەرگای زانکۆکە، لەوبارەوە دەڵێت: "ئەوەی قوفڵی لەو دەرگا داوە لێی قبوڵ ناکەم، ئەشیدۆزمەوە و ئەیدەمە دادگا، چونکە ئەوە داخستنی دەزگای زانستییە".
دەشڵێت: بۆتان نییە رێگە ببڕن (..) من لە ئەمڕۆوە لەگەڵ راگرایەتی کۆلێژەکە قسە ئەکەم، ئەوەی دەوام ناکات، ئەوا یان سمستەرەکەی بۆ ئەخەمە هاوین، یان دواخستنی ئیجباریی بۆ ئەکەم.
هەر لەو گفتوگۆیەدا خوێندکاران داوای چارەسەر لە سەرۆکی زانکۆ دەکەن، لەوبارەوە دەڵێت: چارەسەری بابەتی ئێوە لای من نییە، قبوڵیش ناکەم بەردەرگای من بگرن.
دەشڵێت: "کێ پێیخۆشە ئەتوانێت دەوام بکات، کێ پێی خۆش نییە ئەتوانێت دواخستن بکات یان بڕوات".
لەوکاتەدا خوێندکاران ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەم قسەیە بە هەڕەشەکردن دەزانن، بەڵام د. فەرهاد قادر دەڵێت: هەڕەشە نییە و بە شێوەیەکی ئیداریی قسەیان لەگەڵ دەکات.
دەربارەی داواکاری داخستنی کۆلێژی پزیشکییش کە خوێندکاران پێداگیریی لێدەکەن، سەرۆکی زانکۆ دەڵێت: "من دەستی خۆم ببڕمەوە ئەو کۆلێژە داناخەم، هەزار ساڵی تر لەسەر جادە بن کۆلێژ داناخەم، کۆلێژ موڵکی من نییە وەکو فەرهاد، موڵکی هەمو خەڵکی گەرمیانە".
دەربارەی ئەوەی دەوامکردنی کۆلێژەکە بە بونی کەموکورتییەوە چ رۆڵێک بۆ کۆلێژەکە دەهێڵێتەوە، د. فەرهاد قادر، دەڵێت: کۆلێژ کەموکوڕیی هەیە، بەڵام ئەو کەموکوڕییە هی ئەوە نییە کۆلێژ دابخەم.
کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە وتەی خوێندکار و ستافی مامۆستایانی، چەندین کێشەی هەیە کە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، لەوانەش: نەبونی ستافی پێویست، نەبونی نەخۆشخانەی فێرکاریی لە سنورەکە و دانپێدانەنانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
لە وەڵامی ئەوەی چیکردوە بۆ ئەو بابەتانە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە خوێندکارەکان دەڵێت: وەرن بۆلام بە نوسراو بۆتان ئەخەمەڕو کە چیمان کردوە، ئەوەی لە توانای مندا بوە کردومە.
دەشڵێت: ئەگەر خەمی کۆلێژەکەم نەبێت و بزانم چارەنوسی دەفەوتێت، مناڵی خۆم لەگەڵ ئێوەدا دەوامی نەئەکرد.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە کۆی قسەکانیدا جەخت لە سەردانی نوێنەری خوێندکاران و قسەکردن لەسەر کێشەکانیان دەکاتەوە، بەڵام ئاماژەش بەوەدەکات ئەگەر بابەتەکە داخستنی کۆلێژەکە بێت وەک خوێندکارەکان پێداگیریی لێدەکەن، ئامادەنییە گوێیان بۆ رابگرێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵبه بڕیاری داواكارى گشتى رێگهنادرێت شارهوانى كفری زهوی بفرۆشێت
-
-
هەواڵشارهوانى رزگاریی: رێژهى سهوزایی له ناحیهكهمان 11%ـه و دۆخی سهوزاییش بهرهوپێشچوه
-
-
هەواڵههر خاوەنکارێك لهگهرمیان لەکاتی خۆیدا پارەی دەستەبەریی نەدات غەرامە دەکرێت
-
-
هەواڵمامەڵەکردنی خراپ ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەڕادەیەکی مەترسیدار کەمکردوەتەوە
-
-
راپۆرتبە گیرفانی بەتاڵ و ئیرادەیەکی بەهێزەوە؛ 'کیماش' شەڕی رۆشنبیرکردنی كۆمهڵگا دەکات
-
زۆرترین بینراوەکان