رۆژنامه‌نوسانى گه‌رمیان: له‌ كاتى ته‌نگژه‌كاندا دۆخی ئازادیی رۆژنامه‌وانیی خراپتر ده‌بێت

2024/05/07    690 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ، گفتوگۆیه‌كى له‌باره‌ى دۆخی ئازادیی رۆژنامه‌وانیی و ئاسته‌نگییه‌كانى به‌رده‌م كارى میدیایی له‌ گه‌رمیان، به‌ ئاماده‌بونى ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس و نوێنه‌رى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسان رێكخست، تیایدا به‌شداران ئاماژه‌یان به‌وه‌دا دۆخی رۆژنامه‌وانیی له‌كاتى ته‌نگژه‌كاندا خراپتر ده‌بێت و ئاسته‌نگییه‌كانیش زیاتر ده‌بن.
 
له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كیدا بۆ بره‌ودان به‌ رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ، رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتیی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤى رادیۆكه‌وه‌، رۆژى دوشه‌مه‌ 6/5/2024 گفتوگۆیه‌كى له‌ هۆڵی رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار ئه‌نجامدا.
 
له‌ گفتوگۆكه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌: عومه‌ر عه‌بدولكه‌ریم- ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوسینگه‌ى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى كوردستان، گه‌رمیان حه‌مه‌پور- په‌یامنێری كه‌ناڵی NRT، ئه‌یاد محه‌مه‌د- په‌یامنێری ده‌زگاى شارپرێس، له‌یلا ئه‌حمه‌د- په‌یامنێری ماڵپه‌ڕى كه‌ركوكناو، میلاد جه‌لال- په‌یامنێری ئاژانسی 964، سومه‌یه‌ ساڵح- سه‌رنوسه‌رى ماڵپه‌ڕى نه‌وژین و ئازاد عوسمان- به‌ڕێوبه‌رى رادیۆی ده‌نگ به‌شدارییان كرد و راوبۆچونیان له‌باره‌ى دۆخی ئازادیی رۆژنامه‌وانى و ئاسته‌نگییه‌كانى به‌رده‌م كاره‌كانى رۆژنامه‌نوسان له‌ سنوره‌كه‌دا گۆڕیه‌وه‌.
 
به‌شداران كۆكبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دۆخی ئازادی رۆژنامه‌وانى له‌گه‌رمیاندا تاڕاده‌یه‌ك باشه‌، به‌ڵام ئه‌م باشییه‌ به‌رده‌وام نییه‌ و زۆرتر له‌ كاته‌ ئاساییه‌كاندا وایه‌، ئه‌گینا له‌كاتى ته‌نگژه‌ و خۆپیشاندان و دۆخه‌ نائاساییه‌كاندا، دۆخی ئازادیی رۆژنامه‌وانیش خراپتر ده‌بێت و پێشێلكاریی و ئاسته‌نگی به‌رده‌مى كارى رۆژنامه‌وانی زیاتر ده‌بێت.
 
له‌باره‌ى ئاسته‌نگییه‌كانیشه‌وه‌، به‌شداران ئاماژه‌یان به‌چه‌ند ئاسته‌نگییه‌ك كرد، له‌وانه‌: 
 
- پێنه‌دانى زانیاریی پێویست له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها بونى جیاكاریی له‌نێوان ده‌زگاكان له‌ پێدانى زانیاریی و لێدوان دا.
 
- نه‌بونى هۆشیاریی له‌لای به‌رپرسان و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ته‌نانه‌ت هاوڵاتیانیشه‌وه‌ له‌باره‌ى ئه‌رك و كارى رۆژنامه‌وانیی، ئه‌مه‌ش واده‌كات زۆرجار ئاسته‌نگیان بۆ دروست بكرێت.
 
- كارنه‌كردن به‌ یاساكانى په‌یوه‌ست به‌ رۆژنامه‌وانیی و پێدانى زانیاریی و نه‌بونى ئاگایی له‌باره‌یانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌.
 
- هه‌ندێكجار پرس و بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تى كه‌ ره‌هه‌ندى تاوانكارییان هه‌یه‌، روماڵكردنى قورس و گرانه‌ بۆ ئه‌وان و لێكه‌وته‌ و مه‌ترسی ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تى سنوره‌كه‌وه‌.
 
ئه‌م گفتوگۆیه‌ دوه‌م كارى یه‌كه‌كه‌یه‌ له‌مساڵدا له‌ بوارى ئازادیی رۆژنامه‌وانیی له‌ گه‌رمیاندا، دواى ئه‌وه‌ى مانگى رابردو راپرسیه‌كى له‌سه‌ر دۆخی رۆژنامه‌وانیی له‌ گه‌رمیان و گرفته‌كانى به‌رده‌م كارى رۆژنامه‌وانیی له‌ سنوره‌كه‌ ئه‌نجامدا.
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,433     ژمارەی میوان 666