رادیۆی دەنگ
ژمارەیەک لە چالاکوانان و هاوڵاتیان، لەمیانەی گفتوگۆیەکی کراوەدا، لەگەڵ بەڕێوبەری ناحیەی باوەنور و سەرۆکی شارەوانی باوەنور، باسیان لە دۆخی خزمەتگوزارییەکان و کێشە خزمەتگوزارییەکانی ناو ناحیەکەیان کرد.
رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتیی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED، لە رێگەی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیانەوە، ئەمڕۆ (چوارشەمە ٢٤/ ٧/ ٢٠٢٤)، گفتوگۆیەکی کراوەی لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی باوەنور ئەنجامدا.
لە گفتوگۆکەدا، عەدنان عەلی- بەڕێوبەری ناحیەی باوەنور و مەسعود محەمەد- سەرۆکی شارەوانیی باوەنور و ١٣ چالاکوان و فەرمانبەر و هاوڵاتیی ناحیەکە، بەشداربون.
سەرەتا بەڕێوبەری ناحیە، پوختەیەکی لەو خزمەتگوزارییانە خستەڕو کە کاریان لەسەری کردوە، پاشان سەرۆکی شارەوانی بەوپێیەی تازە دەستبەکاربوە، ئاماژەی بە هەندێک خاڵ کرد کە وەکو بەرنامەی کار دەیانەوێت کاری لەسەر بکەن.
دواتر دەرفەت درا بە بەشداران هەریەکە و تێبینی و سەرنج و پرسیاری خۆی بخاتەڕو لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی ناحییەکە، لەو روەشەوە لە چەندین سێکتەر و بواردا ئاماژەیان بە چەندین کێشە و گرفتی ناو ناحییەکە کرد.
دواتر هەریەکە لە بەڕێوبەری ناحیە و سەرۆکی شارەوانی، وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانیان دایەوە و لەوبارەوە گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچو.
ئەم چالاکییە یەکێکە لە پرۆژەکانی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیان بە ئامانجی برەودان بە شەفافیەت و چاودێریی و لێپرسینەوە لە حکومەتدا، پێشتریش چەندین چالاکی و گفتوگۆی کراوەی ئەنجامداوە، بەڵام زۆربەیان لە سەنتەری شارەکانی کەلار و کفری دا بون و ئەمە یەکەمجارە گفتوگۆ لەسەر ئاستی ناحیەیەکی گەرمیان ئەنجام بدات.