رادیۆی ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له میانه‌ى كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، به‌دواداچونی كرد بۆ دۆخی پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له سنورى گه‌رمیان.
یه‌كه له مانگى (7)ـى ساڵی پار (2023)،
راپۆرتێكى وردی له‌باره‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له‌گه‌رمیان و كێشه‌كانیه‌وه بڵاوكرده‌وه، بۆ به‌دواداچونى ئه‌وه‌ى كێشه‌كان به‌چی گه‌یشتون و چۆن چاره‌سه‌ر كراون، سه‌ردانى به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان- هونه‌ر مه‌حمودـى كرد.
ناوه‌ڕۆكى كۆبونه‌وه‌كه و پوخته‌ى قسه‌كانى به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، له‌خواره‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕو.
* كاركردن له پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كان به كوێ گه‌یشتوه؟
به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: كاركردن له پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كان به‌رده‌وامى هه‌یه كه خۆى له 25 پرۆژه ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه ساڵى رابردو مۆڵه‌تى 12 پرۆژه‌مان وه‌رگرتوه كه هه‌ندێكیان ده‌ست به‌كاربون.
هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كانى گه‌رمیان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له سه‌ره‌تاى دروستبونى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه كه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 2006 تاوه‌كو ئێستا له سنورى گه‌رمیان 25 پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون رۆشتوه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه كه خۆى له نزیكه‌ى 25 هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون ده‌بینێته‌وه، كه به‌مشێوه‌یه دابه‌ش بون نزیكه‌ى 5 هه‌زارى به شێوه‌ى شوقه‌یه هاوكات نزیكه‌ى 4 هه‌زارى خۆى له ڤێلا ده‌بینێته‌وه، ئه‌و رێژه‌كه‌ى دیكه‌ى كه ده‌مێنێته‌وه خانوه به‌شێوه‌ى یه‌ك قات و دوقات.
وتیشى: ئه‌م پرۆژانه‌ش تاوه‌كو ساڵى 2030 ته‌واو ئه‌بێت و 25 هه‌زار یه‌كه‌مان به ته‌واوى ئاماده ده‌بێت بۆ نیشته‌جێبون.
له باره‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى كه ته‌واو كراون خۆى له چه‌ند پرۆژه ده‌بینێته‌وه، به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌و پرۆژانه‌ى كه ته‌واو بون و هاوڵاتیان تێیدا نیشته‌جێین خۆى له 7 پرۆژه ده‌بینێته‌وه ئه‌مانه‌ش بریتین له 3 هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون.
ئه‌و پرۆژانه‌ى كه مۆڵه‌تیان پێدراوه و ده‌ست به‌كاربون یان له رێكاردان چه‌نده، هونه‌ر مه‌حمود، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له ماوه‌ى پار ساڵدا 12 پرۆژه‌مان هه‌یه مۆڵه‌تیان وه‌رگرتوه هه‌ندێكیان له كاردان و هه‌ندێكیان ده‌ست به‌كار نه‌بون، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌و عه‌رز و ته‌ڵه‌به‌ى كه هه‌یه وایكردوه خۆاستى ده‌ست به‌كاربونیان نه‌بێت تاوه‌كو بازاڕ جێگیر ده‌بێت له روى نرخه‌وه، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له %3 بۆ10 پرۆژه‌كان كاریان تێدا كراوه.
* نه‌فرۆشتنى به‌شێك له یه‌كه‌كانى پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كان تا چه‌ند قه‌یرانى دروست كردوه؟
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه له پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كان هه‌یه له گه‌رمیان ئه‌وه‌یه به‌شێك له پرۆژه‌كان یه‌كه‌كانیان نه‌فرۆشراوه‌ته‌وه، وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: دۆخه‌كه زۆر باشه و گرفت نیه.
هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان وتى: ئه‌و پرۆژانه‌ى كه هه‌ن و نیوه‌یان نه‌فرۆشراونه‌ته‌وه، من ئه‌مه به قه‌یران نابینم، ده‌توانم بڵێم ئه‌م پرۆژانه‌ى كه كراون بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار ده‌گه‌رێته‌وه یه‌كێك له‌وانه له ساڵى 2006ـه‌وه زه‌وى دابه‌ش نه‌كراوه به بڕیارێك له كاتێكدا ساڵ به ساڵ ژماره‌ى دانیشتوان رو له زیادبون ده‌كات به‌تایبه‌ت له قه‌زاى كه‌لار، به جۆرێكه بۆ هه‌ر ساڵێك له %3 رێژه‌ى دانیشتوان زیاد ده‌كات و ساڵانه‌ش پێویستمان به نزیكه‌ى 3 هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون ده‌بێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئێمه له گه‌رمیان له 2 پرۆژه گرفتى نیشته‌جێبونمان هه‌یه یه‌كێكیان ئه‌وه‌ى قه‌زاى كفرییه كه هه‌مو هاوكارییه‌كمان كردون بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه سه‌ركه‌وتوبێت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى نرخى یه‌كه هه‌ر له‌و قه‌زایه كه‌مه نه‌یتوانیوه بگات به ئه‌نجام، ته‌نانه‌ت خۆمان سه‌رپه‌رشتى ئه‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له %1ـى ئه‌و یه‌كانه نه‌چێته سه‌ر نرخه‌كه‌ى ئه‌مه جگه له‌وه‌ى له روى ختاب زه‌مانیشه‌وه هاوكاریان بوین، به‌ڵام هه‌ر ماوه‌ته‌وه.
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ى شارى شكۆش له ناحیه‌ى رزگارى بۆخۆیان ماركێتینى باشیان بۆ كردوه، هاوكات ئه‌م پرۆژه‌یه 4 بۆ 5 ساڵ ته‌واو ده‌بێت بۆ هه‌ر رۆژێكیش 2 خان‌و بفرۆشێت زۆرباشن و زه‌ره‌ریش نیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م گرفته‌مان پێشتر له قه‌زاى كه‌لاریش هه‌بوه و چوه‌ته پێشه‌وه و گرفت نه‌بوه.
* زه‌وى دابه‌شكردن له گه‌رمیان چ كاریگه‌رییه‌كى ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون؟
به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: بڕیارى زه‌وى دابه‌ش كردن كاریگه‌رى خۆى هه‌یه له‌سه‌ر پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له سنوره‌كه.
هونه‌ر مه‌حمود، وتى: هه‌ر بڕیارێك كه له حكومه‌ته‌وه ده‌رده‌چێت باش و خراپى خۆى هه‌یه، ئه‌م بڕیاره‌ش كه هاتوه بۆ زه‌وى دابه‌ش كردن كاریگه‌رى خۆى هه‌یه و چینێك سودمه‌ند ده‌بێت و چینێك زه‌ره‌رمه‌ند، به‌ڵام ئێستا پێویستمان به‌مه نابێت چونكه پێش ئه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته دروست ببێت پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان رۆڵى خۆیان هه‌بوه.
وتیشى: به‌جۆرێك بۆ نمونه له ناو گه‌ڕه‌كى شه‌هیدانى كه‌لار ئه‌گه‌ر زه‌وییه‌كى 200 مه‌ترى نزیك به شه‌قام بێت و نزیك بێت له بازاڕ و شوێنه گشتیه‌كانه‌وه ئه‌وه به 100 هه‌زار دۆلار ده‌یكڕیت، ئه‌گه‌ر زه‌وی دابه‌ش بكرێت و كه‌سێك بیكڕێته‌وه به 50 هه‌زار دۆلار ده‌یكڕێت ئه‌گه‌ر 25 هه‌زاریشى بخرێته سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته 75 هه‌زار دۆلار كه ده‌كاته 7 ده‌فته‌ر و نیو، له كاتێكدا ئه‌و یه‌كانه‌ى كه 160 مه‌ترى و 180 مه‌ترییه له پرۆژه‌كان دروست ده‌كرێت ئه‌وه به 5 ده‌فته‌ر و نیو ئه‌فرۆشرێته‌وه، بۆیه هاوڵاتیان له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون سودمه‌ندترن.
* پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون تا چه‌ند كاریگه‌رییان هه‌بوه له‌سه‌ر دابه‌زینى نرخى خانوبه‌ره له سنوره‌كه؟
"پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون كاریگه‌رى زۆریان هه‌بوه له‌سه‌ر دابه‌زینى نرخى خانوبه‌ره له گه‌رمیان نه‌ك ته‌نها له ناو پرۆژه‌كان، به‌ڵكو له ناو خودى گه‌ڕه‌كه‌كانیش به‌تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار، ئه‌مه‌ش به‌پێى وته‌ى خاوه‌نى نوسینگه‌كانى خانوبه‌ره له سنوره‌كه كه هه‌ر خانویه‌ك له قه‌زاى كه‌لار نزیكه‌ى 25 هه‌زار دۆلار دابه‌زیوه". هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان واى وت.
ده‌شڵێت: ئه‌مه‌ش به جۆرێكه له كوێ 100 هه‌زار دۆلار بده‌یت به خانویه‌ك و له كوێ 62 هه‌زار بده‌یت به یه‌كه‌یه‌كى 200 مه‌ترى له پرۆژه‌ى بان ستى كه به 6 ساڵیش قیست به‌یته‌وه، بۆیه ده‌توانم بڵێم ئه‌و "شه‌یتان بازاڕییه‌ى" كه هه‌بو له نوسینگه‌كاندا نه‌ماوه و باڵانسێك دروست بوه له نێوان نرخه‌كان.
* ئه‌و پرۆژانه چین كه له ئێستادا وه‌به‌رهێنان مۆڵه‌تيان پێده‌دات؟
وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: جگه له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون گرنگیمان داوه به پرۆژه‌كانى دیكه‌ى بوارى وه‌به‌رهێنان به‌تایبه‌ت بازرگانى.
هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان وتى:
جگه له نیشته‌جێبون ئه‌و پرۆژانه‌ى كه وه‌به‌رهێنان له ئێستادا مۆڵه‌تیان پێده‌دات و گرنگى پێده‌دات پرۆژه بازرگانیه‌كانى و كشتو‌كاڵى و گه‌شتیارى و پیشه‌سازى
و كۆمه‌ڵگه‌ى په‌روه‌رده‌ییه، ئه‌مه‌ش به جۆرێكه له ماوه‌ى ساڵى رابردو 12 پرۆژه مۆڵه‌تى پێدراوه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: زۆرترین پرۆژه كه له سنوره‌كه هه‌بێت بازرگانییه به رێژه‌ى %40، دواى ئه‌وه پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون دێت به رێژه‌ى نزیكه‌ى %33.
وتیشى: كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌مان هه‌ن له رێكاردان و تاوه‌كو كۆتایى ساڵ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى باشمان ده‌بێت.
* ئه‌و پرۆژانه‌ى وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه، رێكاره‌كانى وه‌رگرتنه‌وه‌یان چین؟
"له گه‌رمیان ته‌نها دو پرۆژه‌مان هه‌یه وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه ئه‌وانیش پرۆژه‌ى هێلان سيتى و تابلۆ سیتیه، ئه‌مانه‌ش وه‌ك یه‌كه‌كان گرفت نیه، به‌ڵكو گرفته پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانه". هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان واى وت.
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ى پرۆژه‌ى تابلۆ سیتى كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو نراوه یه‌كێك له‌وانه قوتابخانه‌كه‌ى زو ته‌واو كرا له ئێستاشدا به ئاماده‌بونى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان باخچه‌كه‌ى و دایه‌نگه‌كه‌یمان وه‌رگرتوه‌ته‌وه و ته‌واو بوه، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه پرۆژه‌ى ئاوه‌كه‌یه‌تى كه ئه‌وه‌ش ده‌رخسته‌ى بۆ ئاماده‌كراوه و كارى له‌سه‌ر كراوه له‌گه‌ڵ كاره‌باكه‌ى كه كۆنوسیان بۆ كردوین كاره‌باى گه‌رمیان كومپانیا مولزه‌م كراوه به جێبه‌جێكردنى، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كار له‌سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌كانیش ده‌ستى پێكردوه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: پرۆژه‌ى هێلان سيتیش ته‌نها به‌شى خزمه‌تگوزارییه‌كانى شاره‌وانى ماوه‌ته‌وه چه‌ندینجار به نوسراوى فه‌رمى شاره‌وانیمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه و كۆبونه‌وه‌شمان كردوه كه رێگه چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و بابه‌ته بگیرێته‌به‌ر به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ئه‌و بڕگانه بێت یان سزادانى كۆمپانیا بێت یان ئه‌نجامدانى پرۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى بێت له شاره‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه ته‌واو ببێت كه نزیكه‌ى 15 ساڵه هاوڵاتى تێدا نیشته‌جێیه.
* ئه‌و پرۆژانه‌ى گرفت له جێبه‌جێكردنیان هه‌یه تا چه‌ند كارى له‌سه‌ر كراوه له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنانه‌وه؟
هه‌ندێك له پرۆژه‌كان گرفت له جێبه‌جێكردنیان هه‌یه به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى چین و توێژه‌كان، به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیانیش جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنیان كراوه.
هونه‌ر مه‌حمود، باسى له‌وه‌كرد: هه‌ر پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبون به رێژه‌ى جیاواز كارى تێدا كراوه، ئه‌وه‌ى له ئێستادا گرفتى له‌سه‌ر له‌لایه‌ن به‌شداربوانه‌وه پرۆژه‌ى قه‌ڵاى شێروانه‌یه له ناحیه‌ى رزگارى، گرفتیش له‌و گرێبه‌سته‌یه كه ئه‌نجامدراوه له به‌رژه‌وه‌ندى كۆمپانیا له‌لایه‌ن ئه‌و لق و سه‌ندیكانه‌ى كه له سنوره‌كه‌ن.
ده‌شڵێت: هاوڵاتیانیش زۆر كات بێ ئاگان له یاسا و رێنماییه‌كانى ئێمه كه چۆن مامه‌ڵه ده‌كرێت و له‌وه تێناگه‌ن، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ئێمه هه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان كارمان كردوه.
وتیشى: رێژه‌ى ئه‌نجامدراوى هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك له‌لاى ئێمه‌یه به‌پێى تیمى ئه‌ندازه‌مان قۆناغى هه‌یكه‌لینیش یه‌كێكه له قۆناغه‌كان كه زۆر قسه‌ى له‌سه‌ره، چونكه یه‌كڕه‌نگه و دیارنیه چه‌ند كارى تێدا ده‌كرێت، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش ئێستا گه‌شتوه‌ته قۆناغى خزمه‌تگوزارى.
له باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه رێژه‌یه‌كى یه‌كه‌كان له به‌شداربوان وه‌رگیراوه‌ته‌وه به كوێ گه‌شتوه، به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان وتى: ئه‌و به‌شداربوانه‌ى كه یه‌كه‌كانیان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه دیسان په‌یوه‌ندى به‌و گرێبه‌سته‌وه هه‌یه كه كراوه و زۆر ترسناكه بۆ به‌شداربو به‌جۆرێك ئه‌ڵێت هه‌ر به‌شداربویه‌ك پابه‌ند نه‌بێت ئه‌و رێكارانه‌ى كه له گرێبه‌سته‌كه هه‌یه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێمه و دادگاكانیش له به‌شداربوى وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى به رێژه‌ى له %10ى كۆى پرۆژه‌كه له هه‌قى خه‌رجیه كارگێرییه‌كانى كۆمپانیا له‌به‌شداربو وه‌ربگرێت، ئه‌م رێكارانه ئێمه قبوڵمان نیه، به‌ڵام كاتى خۆى په‌سه‌ند كراوه.
له‌باره‌ى كێشه‌ى پرۆژه‌ى بانستیشه‌وه ده‌ڵێت: پرۆژه‌ى بان ستى 810 یه‌كه‌یه ئه‌وه‌ى ئاگاداربین زیاتر له 790 یه‌كه دراوه‌ته‌وه به به‌شداربو، كێشه‌مان له 17 یه‌كه‌یدا هه‌یه له‌و رێژه‌یه‌ش زانیاریمان هه‌بێت شه‌شی چاره‌سه‌ر كراوه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: كارمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كردوه و كردومانه به مه‌رج به‌سه‌ر كۆمپانیاوه هیچ رێكارێكى ئیداری‌یان بۆ جێبه‌جێ ناكرێت تاوه‌كو ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانى داواكارى گشتیمان كردوه و رۆشتوینه‌ته دادگاش وته‌ى خۆمان داوه و به نوسراوى فه‌رمیش، بۆیه به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه پشتگیرى هاوڵاتیان ده‌بین له هه‌ر بارودۆخێك بێت.
* گرفتى راده‌ستكردنى پاره به كۆمپانیا له‌لایه‌ن به‌شداربوانه‌وه
"به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كانى وه‌به‌رهێنان ده‌بێت له رێگه‌ى حساب بانكى تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنانه‌وه پاره بدرێت به كۆمپانیا، به‌ڵام ئه‌م گرفته تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامى هه‌یه و چاره‌سه‌ر نه‌بوه، له كاتێكدا چه‌ندینجار جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كردوه و هاوڵاتیان خودى خۆیان له‌و روه‌وه تاوانبارن". هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان واى وت.
ده‌شڵێت: ئه‌مه‌ش دیسان په‌یوه‌ندى به‌و گرێبه‌سته هه‌یه كه كراوه له نێوانیاندا، به‌جۆرێك رێكه‌وتنیان كردوه له نێوان خۆیان كه به‌شداربو له %50 پابه‌ندى رێكاره‌كانى گرێبه‌سته‌كه بێت له‌به‌رامبه‌ردا پاره بدرێت به كۆمپانیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین دۆسیه‌مان هه‌بوه چاره‌سه‌رمان كردوه به‌هۆى ئه‌و گرفته، بۆیه به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژى ئه‌وه‌ین پاره راسته‌وخۆ بدرێت به كۆمپانیا.
* رۆڵى وه‌به‌رهێنان له ئیجرائاتكردن به‌رامبه‌ر به كۆمپانیاكانى وه‌به‌رهێنان چیه؟
هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: ئه‌و بابه‌ته به‌به‌رده‌وامى ئه‌بیستینه‌وه و ئه‌شى بینین، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه ئه‌وه ده‌كه‌ن هیچ له یاساى وه‌به‌رهێنان شاره‌زا نین و تێنه‌گه‌شتون له وه‌به‌رهێنان، ئه‌گه‌ر له روى ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه بڵێن له كۆى 12 به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى له هه‌مویان ده‌سه‌ڵاتى زیاترمان هه‌یه.
ده‌شڵێت: له به‌رامبه‌ر هه‌ر سه‌رپێچیه‌كى كۆمپانیا نه‌ك ده‌سه‌ڵاتى خۆمم به‌كارهێناوه، به‌ڵكو سه‌رپێچى ئیداریشم كردوه به نوسراوى فه‌رمى، ته‌نانه‌ت تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ى 12 كۆمپانیا سكاڵایان تۆماركردوه له‌سه‌رمان، بۆیه ئه‌وانه‌ى كه ئیشمان له‌سه‌ر كردون كارى جدى بوه و پشتگیرى جدیمان هه‌بوه.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى به‌پێى یاساى وه‌به‌رهێنان سزاى یاسایی چیه بۆ كۆمپانیاكان له بونى هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك؟ به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان وتى: به‌پێى یاساى وه‌به‌رهێنان هیچ سزایه‌كمان نیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌یه مۆڵه‌ت وه‌رگرتنه‌وه‌یه له كۆمپانیا، ئه‌مه‌ش به 3 قۆناغى ئاگاداركردنه‌وه ده‌گاته ئه‌و راده‌یه كه هه‌ر ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك زیاتر له 1 مانگى نێوان ده‌بێت، له ئه‌گه‌رى جێبه‌جێ نه‌كردنى داواكارییه‌كانمان ئه‌وه ده‌توانین مۆڵه‌ته‌كه وه‌ربگرینه‌وه ئه‌گه‌رچى تاوه‌كو ئێستا له گه‌رمیان نه‌گه‌شتوین به‌و راده‌یه و هیچ حاڵه‌تیكى له‌وشێوه‌یه‌مان نیه.