لەسبەینێوە پارەی کۆتا وەجبەی پارەی گەنمی جوتیاران لە گەرمیان دابەشدەکرێت
هەواڵ
09:16PM - 2026-10-18 , بینین : 49


رادیۆی دەنگ

کۆتا وەجبەی پارەی گەنمی جوتیارانی گەرمیان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ خەرجکراوە کە زیاتر لە ملیارێک دینارە، سایلۆی گەرمیانیش دەڵێت: لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین.

کاروان رەئوف، بەڕێوبەری سایلۆی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کۆتا وەجبەی پارەی گەنمی جوتیارانی گەرمیان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ خەرجکراوە، لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین.

دەشڵێت: ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە و خەرجکراوە، ملیارێک و ٥٥ ملیۆن دینارە، کە بە ژمارە ١٣٠ پسوڵەیە، بەڵام بە جوتیار نزیکەی ٣٠٠ جوتیار دەبن، چونکە هەر چەند جوتیارێک و پسوڵەیەکیان هەیە.

لەبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٦ـەوە، بەڕێوبەری سایلۆی گەرمیان هێمای بۆ ئەوەکرد: چەکی وەجبەی یەکەمی پارەی ئەو جوتیارانەش گەیشتوە کە هی ساڵی ٢٠٢٦ـە و خۆی لە ملیارێک و ٦٥٥ ملیۆن دیناردا دەبینێتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە: دوابەدوای پارەی گەنمی ساڵی ٢٠٢٥، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەش بکەین.

↑