تاکە ئامێرەکەی لەناوبردنی پاشماوەی پزیشکی لەگەرمیان پەکی کەوتوە
هەواڵ
09:06PM - 2026-10-14 , بینین : 59


رادیۆی دەنگ

سەرەڕای نەبونی ئامێرێكی سوتێنەر بۆ پاشماوە پزیشكییەكان، تەنها ئامێرێكی بچوكی وردكردن و تەعقیم كردنی پاشماوە و پێداویستییە پزیشكییەكان لە گەرمیاندا هەبو، بەڵام ئەویش بەهۆی کێشەوە کارەکانی راگیراوە.

هەڵگورد حەمید، لێپرسراوی بەشی کۆنترۆڵکردنی پەتا لە تەندروستی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەو ئامێرە هەرخۆی ئامێرێكی بچوك بو و لە توانایدا نەبو بۆ هەمو گەرمیان كاربكات، بەڵکو تەنها دەیتوانی كار بۆ تەنها مەڵبەندێک بكات.

سەبارەت بە کارکردنی ئەو ئامێرەش، وتی: ئەویش كارمەندی نەبوە و خۆمان كارمان پێكردوە، لەئێستادا كارەكانی راگیراوە بە هەمان هۆكار كە نەبونی كارمەندە.

وتیشی: ئەو ئامێرە تەنها كاری وردوخاشكردنی پاشماوەی پزیشكی و تەعقیمكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان بوە، ئەگینا گەرمیان پێویستی بە ئامێری سوتێنەر «محرقة»ـیە، چونكە تائێستاش پاشماوەی پزیشكی لەگەڵ پاشماوەی ئاسایی ماڵان تێكەڵدەكرێت.

باسی لەوەشكرد: زانیاری هەیە كە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ كۆمپانیەیەك رێككەوتوە بۆ ئەوەی پاشماوەی هەمو ناوچەكان وەربگرێت و لە رێگەی ئامێری سوتێنەرەوە لە ناوی ببات، بەڵام هێشتا جێبەجێنەكراوە.

↑