راپۆرتێك له‌باره‌ى: پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە
08:00PM - 2026-10-09 , بینین : 410


رادیۆی دەنگ


یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌نوێترین راپۆرتیدا کاریکردوە لەسەر پرسی ‌دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هاوکات لەسەر ئەو رێککەوتنەش بە وردی قسەی کردوە کە کراوە بۆ داننان بە زانکۆکە و جیاکردنەوەی کۆلێژەکانی خانەقین لێی، هەروەک دەستکەوتەکان و زیانەکانی ئەم رێککەوتنە شیدەکاتەوە و بەدواداچونیش دەکات بۆ ئەوەی ئایا هیچ بژاردەیەکی دیکە هەیە بۆ چارەسەری ئەم پرسە؟

رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی  NED،  پرۆژه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ بره‌ودان به‌ رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ و ژنان و چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی ئه‌نجام ده‌دات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ر سێ مانگ جارێك راپۆرتێكى قوڵ و بنكۆڵكاریی له‌باره‌ى پرسێكى په‌یوه‌ست به‌ مامه‌ڵه‌ى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له‌باره‌ى پرس و بابه‌ته‌كان، ئاماده‌ ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ش له‌رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به‌ رادیۆكه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت، كه‌ یه‌كه‌یه‌كى تایبه‌تى رادیۆكه‌یه‌ و له‌ ساڵی 2017ـه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی ناوچه‌كه‌، دروستیكردوه‌.

له‌ نوێترین راپۆرتی یەکەکەدا، تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر كێشه‌ى دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە نزیکەی 22 ساڵە بەردەوامە، تیایدا له‌سه‌ر زاری به‌رپرس و مامۆستا و پەرلەمانتار و شاره‌زایان و چالاكوانانه‌وه‌، به‌ وردیی له‌سه‌ر بەردەوامی کێشەکە و لێكه‌وته‌ى ئەو رێکەوتنەی کە کراوە، وه‌ستاوه‌.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ش به‌شێوازی PDF، كلیك له‌م فایله‌ى لایخواره‌وه‌ بكه‌:


له‌خواره‌وه‌ ده‌قی راپۆرته‌كه‌ بەشێوەی تێکست ده‌خوێننه‌وه‌.


راپۆرتێک لەبارەی:

پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان

لەلایەن حکومەتی عێراقەوە


پێشەکی

زیاتر لە 15 ساڵە کێشەی دانپێدانانی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی عێراق بە بڕوانامەی دەرچوانی زانکۆی گەرمیان، وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین، پڕکێشەترین و هەستیارترین قەیرانە ئەکادیمی و ئیدارییەکان لە دەڤەری گەرمیان و ناوچە جێناکۆکەکانی سنوری ماددەی 140ـی دەستور دەمێنێتەوە. ئەم قەیرانە تەنها کێشەیەکی پەروەردەیی و زانستیی نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە هاوکێشەیەکی ئیداری، دەستوری و سیاسیی ئاڵۆز لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا؛ کێشەیەک کە ڕاستەوخۆ دەستی خستوەتە سەر ژیان، داهاتو و بژێویی زیاتر لە 17 هەزار دەرچو، هەزاران خوێندکاری ئێستا، سەدان مامۆستا و فەرمانبەر و ئایندەی سێ کۆلێژی گرنگ لە سنوری قەزای خانەقین.

لە کاتێکدا لە ماوەی رابردودا هەوڵە نوێیەکان بە ئاراستەی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئەم چەقبەستوییە هەنگاویان نا و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و عێراق واژۆ کرا بەمەبەستی کردنی کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین بە زانکۆیەکی سەربەخۆ لەسەر میلاکی بەغدا لە بەرامبەر بەدەستهێنانی دانپێدانانی گشتگیر بۆ زانکۆی گەرمیان، ئەم هەنگاوە لە نێو کایەی سیاسی، ئەکادیمی، کارگێڕی و رێکخراوەیی دەڤەرەکەدا شەپۆلێکی فراوانی لە گفتوگۆی گەرم، لێکدانەوەی جیاواز و دژبەیەکی دروست کردوە. لە کاتێکدا لایەنێک ئەم پرۆسەیە بە دەستکەوتێکی مێژویی، رزگارکردنی چارەنوسی هەزاران گەنج و بوژانەوەی ناوچەکە پێناسە دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە وەک پاشەکشەیەکی مەترسیداری نەتەوەیی، بەخشینی بێبەرامبەری سەدان دۆنم زەوی و ژێرخانی گرانبەها، و دەروازەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیا لە خانەقین و گەرمەسێر سەیری دەکات.

یەکەی چاودێری لەم راپۆرتە بنکۆڵکارییەدا، بە وردی لە ڕێگەی بەڵگەنامە فەرمییەکان، لێدوانی راستەوخۆی سەرجەم بەرپرسانی ئیداری، زانکۆیی، حکومی، نوێنەرانی پەرلەمان، کەسایەتییە حیزبییەکان، مامۆستایان، چالاکوانان و دەرچوانەوە، تەواوی رەهەندەکانی ئەم پرسە، مێژوی سەرهەڵدانی کێشەکە، هۆکارەکانی پوکانەوەی ناوەندە زانستییەکانی خانەقین، ناوەڕۆکی یاداشتە فەرمییەکە و ڕوانگەی لایەنگران و نەیاران دەخاتە بەرچاو.


بەشی یەکەم: کێشەکانی داننان بە زانکۆی گەرمیان 


1. دانپێدانان (ئیعتیراف) چییە و بۆچی هێندە گرنگە؟ 

دانپێدانانی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراق بە بڕوانامەی زانکۆیەک، بەردی بناغەی شەرعییەتی کارگێڕی، یاسایی و ئەکادیمیی ئەو دامەزراوەیەیە لەسەر ئاستی عێراق و جیهاندا. بڕوانامەیەک کە لە بەغداوە دانپێدانراو نەبێت، هەڵگرەکەی لە تەواوی فەرمانگە فیدراڵییەکان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و لە کاتی داواکردنی هەلی کار و دامەزراندندا بێبەش دەبێت لە کێبڕکێ و وەک خاوەن بڕوانامە هەژمار ناکرێت.

ئەم بارودۆخە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردودا بارگرانییەکی دەرونی، ماددی و کۆمەڵایەتیی یەکجار گەورەی لەسەر شانی خوێندکاران و دەرچوانی دەڤەری گەرمیان دروست کردوە.

پەیمان ئیبراهیم، دەرچوی زانکۆی گەرمیان،  تیشکیخستە سەر ئەم ئازارە دەرونی و زانستییە و باسی لەوە کرد کە دانپێدانان بەهای کەرامەتی خوێندکار و بڕوانامەکەی دیاری دەکات. وتی: "بەرزبونەوەی بەهای ئەم بڕوانامەیە زۆر گرنگە بۆ تەواوی خوێندکاران، چونکە بڕوانامەیەک کە دانپێدانانی هەبێت، تەواوی دامودەزگاکانی حکومەت بەتایبەتی لە عێراق و دەوروبەریش ئیتر بەبێ دودڵی وەری دەگرن. ئەمە متمانە و دڵنیایی دەرونیی خوێندکار زیاد دەکات".

وتیشی: پێشتر خوێندکارمان زۆر هەبو گومان و دودڵی هەبو لەوەی لەم زانکۆیە بخوێنێت لەبەر ئەوەی بڕوانامەکەی دانپێدانراو نەبو، تەنانەت کەس هەبو لەبەر ئەم هۆکارە نەدەهاتە زانکۆی گەرمیان، بەڵام کاتێک بڕوانامەکە دانپێدانراو دەبێت، دڵنیایی بۆ دەرونی خوێندکاران دەگەڕێتەوە.

باسی لەوەشکرد کە ئەم پرسە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئایندەی زانستیی گەنجان هەیە و دەڵێت: بۆ رەخساندنی دەرفەتی خوێندنی باڵا، وەک ماستەر و دکتۆرا، دەرچوانی ئەم زانکۆیە کاتێک بڕوانامەکەیان دانپێدانراو بێت دەتوانن زۆر بە ئاسانی لە زانکۆکانی تری هەرێم، لە عێراق و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش بەبێ کێشەی بڕوانامە درێژە بە خوێندن بدەن لەبەر ئەوەی بڕوانامەکەیان دەبێتە باوەڕپێکراو.

بیلال محەمەد، دەرچویەکی دیکەی زانکۆی گەرمیان، یادەوەریی سەردەمی خوێندکاری دەگێڕێتەوە کە چۆن ئەم داواکارییە بوەتە خەمی سەرەکیی شەقام؛ وتی: چەند ساڵێک پێش ئێستا کاتێک لە قۆناغی دوەمی زانکۆ بوین، کە خۆپیشاندانیشمان کرد بۆ پرسی دەرماڵە، دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان یەکێک بو لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەو خوێندکارانەی خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا لە پاڵ داواکارییەکانی تردا.

وتيشی: دانپێدانانی زانکۆ لەڕاستیدا زۆر گرنگ بو، چونکە هەمو ئەو دەرچوانەی زانکۆ کە لە یەکەم خولی دەرچونەوە تائێستا تەواویان کردوە، پێویستییەکی حەتمییان بەم دانپێدانانە هەبو. بەشێکیان خوێندکاری یەکەم بون، ئەگەر هەر دامەزراندنێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رابگەیەنرایە و بڕوانامەکانیان دانپێدانراو نەبوایە، لەو دامەزراندنە بێبەش دەبون، چ خوێندکارە یەکەمەکان و چ هەر دەرچویەکی تر. هەروەها بۆ درێژەدان بە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هەندێک وڵاتی دەرەوە، ئەگەر زانکۆکە لەلایەن عێراقەوە دانپێدانراو نەبوایە، خوێندکار توشی گرفت دەبو.

بەڵام کێشەی نەبونی دانپێدانان تەنها لە سنوری خوێندکاراندا نەوەستابوەوە، بەڵکو رەنگی دابوەوە سەر پێگەی مامۆستایان و دەسەڵاتی ئەکادیمیی خودی زانکۆکەش.

د. ئاسۆ لەتیف عەزیز، راگری کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان لە خانەقین، تیشکدەخاتە سەر ئەو بەربەستە ئەکادیمییە قورسانەی روبەڕوی ستافی زانستی بونەتەوە و رایگەیاند: مامۆستایانی گەرمیان حەقی ئەکادیمییان لەم دۆخەدا پێشێل کرابو، بۆ نمونە ئێستا من راگرم، بەڵام توانام نییە بچمە بەغدا یان دیالە و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق تاوەکو وەک ئەندام بەشداری لە پرۆسەی گفتوگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆرادا بکەم؛ یەکسەر یەکەم وەڵامی ئەوان ئەوە بو پێیان دەوتین: "ئێوە سەر بە زانکۆی گەرمیانن و ئەو زانکۆیە دانپێدانراو نییە".

لەم بارودۆخەدا، هەمان گێڕانەوە لەلایەن د. رەشا رائید، راگری کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان دوپات دەکرێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: من دەرچوی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی بەغدام، کەچی ئێستا وەک راگر بۆم نەبو لە زانکۆکانی عێراق توێژینەوە بڵاوبکەمەوە یان بچمە گفتوگۆی ماستەر و دکتۆراوە، چونکە پێیاندەوتین ئێوە فەرمانی دامەزراندنتان لەسەر زانکۆی گەرمیانە. ئەم گرفتە نەک تەنها بۆ من، بەڵکو بۆ سەرجەم هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکە بوبوە بەربەست.

لە لایەکی ترەوە، د. هەڵمەت فایەق، بەڕێوەبەری ئۆفیسی متمانەبەخشینی زانکۆی گەرمیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدگای کوالێتی و متمانەی زانستییەوە لە بابەتەکەی روانی و جەختی لەوە کردەوە کە دانپێدانانی فیدراڵی هۆکاری بنەڕەتییە بۆ دەربازبون لە دابڕان.

د. هەڵمەت دەڵێت: لە پرۆسەی متمانەبەخشین بە زانکۆکان، بۆردێکی باڵا هەیە بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری پەروەردە کە متمانە دەبەخشن بە زانکۆکانی هەرێم.

وتیشی: زانکۆی گەرمیانیش یەکێک لەو زانکۆیانەیە کە متمانەی حکومەتی عێراقی نەبو. ئەم پرۆسەیە کۆمەڵێک سودی گەورەی بۆ زانکۆ هەیە لەوانە بەدەستهێنانی متمانە لە نێو کۆمەڵگە و خەڵکدا. من خۆم ماستەر و دکتۆرام لە دەرەوە خوێندوە و بڕوانامەکانم لە گەرمیان نەبوە بۆیە کێشەم نەبو، بەڵام هاوپیشەم هەبوە لەبەر ئەوەی دەرچوی زانکۆی گەرمیان بون و ناوی زانکۆکە لە لیستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقدا نەبو، توشی گرفتی گەورە بون لە درێژەدان بە خوێندن چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکانی باشور.

باسی لەوەشکرد: دانپێدانانی حکومەتی عێراق بە زانکۆی گەرمیان دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێک تا زانکۆکە هەیبەت و پێگەیەکی زۆر بەهێزتری لە نێو کۆمەڵگەی ئەکادیمیی کوردستان و عێراقدا هەبێت. لەو خاڵانەی ئێمە لە متمانەبەخشینی هەرێم بایەخی پێ دەدەین ئەوەیە ئایا زانکۆکە دانپێدانانی دەرەوەی هەرێمی هەیە؟ خاڵێکی تر هەیبەتی نێودەوڵەتییە لەڕوی رانکینگ، بەرەوپێشچون و بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی لە وەزارەتەکانەوە، کە بەدەستهێنانی دانپێدانانی بەغدا دەبێتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بۆی.

نازک ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هۆکاری داننەنان بە انکۆی گەرمیان، دەڵێت: دوای ئەوەی من بوومە ئەندامی پەرلەمان، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵم کرد و پرسیارم لێکردن کە هۆکاری سەرەکیی دانپێدانەنان بە زانکۆی گەرمیان چییە؟ ئەوان وتیان کێشەی زانکۆی گەرمیان ئەوەیە کە بارەگای سەرەکیی لە کەلارە و سەر بە پارێزگایەکی ترە، بەڵام سێ کۆلێژی لە خانەقین هەیە کە سەر بە پارێزگای دیالەیە و ناوچەی جێناکۆکە، بۆیە قبوڵ ناکەن زانکۆیەکی سەر بە هەرێم کۆلێژەکانی لە دو پارێزگای جیاوازدا دابەش بوبن.


2. دۆخی کۆلێژەکانی خانەقین؛ لە نێوان پوکانەوە و بەربەستی کارگێڕیدا 

لەکاتێکدا قەیرانی دانپێدانان بەسەر کەمپی سەرەکیی زانکۆی گەرمیان لە کەلاردا باڵی کێشا بو، لە قەزای خانەقین کارەساتێکی بێدەنگی ئەکادیمی لە ئارادا بو. سێ کۆلێژەکەی خانەقین (کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان، کۆلێژی زانستە کۆمپیوتەرییەکان و IT، و کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و وەرزش) کە لە رابردودا مەڵبەندی خوێندنی زیاتر لە دو هەزار خوێندکاری ناوچەکە و دەوروبەری بون، بە خێراییەکی سامناک بەرەو پوکانەوە و داخران هەنگاویان دەنا.

د. ئاراز فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، لە بەسەرکردنەوەی دۆخی ئەم سێ کۆلێژەدا رایگەیاند: ئەو سێ کۆلێژەی خانەقین لە سێ چوار ساڵ پێش ئێستا نزیکەی دو هەزار خوێندکاریان هەبو، بەڵام ئێستا هەموی ناگاتە دوسەد خوێندکار! ئەمە گرفتێکی گەورەیە و ئەو هەمو خەرجییە بۆ خەڵکی خانەقین و دەوروبەری زەرەرێکی زۆر بو. کار گەیشتبوە ئەوەی کۆلێژی ئەهلی لەوێ بکرێتەوە و خوێندکار پارە بدات و بچێتە ئەوێ لەبەر ئەوەی دەیانگوت زانکۆی گەرمیان دانپێدانراو نییە.

ئەم کەمبونەوەیە لە ساڵی خوێندنی 2024-2025ـدا گەیشتە لوتکەی مەترسیداری خۆی. سەرۆکی زانکۆی گەرمیان دەشڵێت: لە پرۆسەی وەرگرتنی ناوەندیی ئەمساڵدا، بە هەموی تەنها 40 خوێندکار بۆ خانەقین هاتبوەوە، هیچ لۆژیکێک لەوەدا نییە سێ کۆلێژ بە 11 بەشی زانستییەوە تەنها 40 خوێندکاری بۆ بچێت؛ زانکۆکە لە شوێنی خۆیدا دەپوکایەوە ئەگەر فریای نەکەوتینایە و چارەسەرمان نەکردایە.

د. ئاسۆ لەتیف، راگری کۆلێژی زمانی خانەقین، بە وردەکارییەوە ئامارەکانی خستەڕو؛ وتی: ئەمساڵ بە کۆلێژەکەی من و کۆلێژی کۆمپیوتەرەوە تەنها 38 خوێندکارمان بۆ هاتبو.  لە بەشی IT تەنها 7 خوێندکار و منیش 31 خوێندکار تەنها لە بەشەکانی وەرگێڕان، ئینگلیزی و عەرەبی. چوار بەشی تەواو هیچ خوێندکاریان نەبو؛ نە لە مێژو، نە لە جوگرافیا، نە لە عەرەبی، و نە لە دەرونناسی خوێندکار نەهات! لە بەشی ئێوارانیش یەک خوێندکار لە ئینگلیزی و دەرونناسی نەبو، کۆلێژی وەرزشیش یەک خوێندکاری نەهاتبو. دو کۆلێژی زەبەلاح بە هەشت بەشەوە تەنها 38 خوێندکار؟! 

وتیشی: زانکۆ واتە خوێندکار، ئەگەر خوێندکارت نەبێت زانکۆ بونی نامێنێت. ئێمە مەترسیی ئەوەمان هەبو ئەگەر زانکۆی خانەقین دانەمەزرێت و دان بە گەرمیاندا نەنرێت، تا سێ چوار ساڵی تر تەنانەت یەک خوێندکاریش لە خانەقین نەمێنێت، ئەو کات چارەنوسی مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکار بەرەو نادیاری دەچو.

لە شیکردنەوەی هۆکارەکانی ئەم داڕمانەدا، د. یاسین ئاشور، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی گەرمیان، باسی لەوە کرد کە پرسی بازاڕی کار و جوگرافیاش دەستی باڵایان لەم کێشەیەدا هەبوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: بە گشتی ژمارەی خوێندکار لە هەمو زانکۆکان بەتایبەت لە قەزا و ناحیەکان رو لە کەمی دەکات، لە زانکۆی گەرمیان ساڵی پار 1470 خوێندکار هاتن، بەڵام دواتر بەهۆی دابەزین، گواستنەوە و چون بۆ ئەهلی 1150 بۆ 1200 خوێندکار مانەوە؛ ئەمساڵیش تا ئێستا 980 خوێندکار هاتون کە پێشبینی دەکرێت بگاتە 1000 خوێندکار. 

وتیشی: بەڵام کاتێک سەیری بەشەکان دەکەین، لە کۆلێژی پزیشکی 130 خوێندکار، لە یاسا 80، لە بایۆمیدیکاڵ 60، و لە ئینگلیزیی کەلار 80 خوێندکار وەرگیراون و کورسییەکان پڕ بونەتەوە. کەواتە مەسەلەکە تەنها دانپێدانان نییە کە وای کردوە خوێندکار بۆ ئەم بەشانە نەیەت، بەڵکو کێشەکە پەیوەندیی بە بازاڕی کارەوە هەیە؛ خوێندکار دوای 16 ساڵ خوێندن دەیەوێت بەشێک بخوێنێت هەلی کاری هەبێت، بەڵام بەشە مرۆڤایەتییەکانی وەک مێژو، جوگرافیا و دەرونناسی لە تەواوی زانکۆکانی هەرێم لە قەیراندان و دەرچوانیان کاریان دەست ناکەوێت.

د. یاسین دەشڵێت: لە خانەقین سێ کۆلێژ، بینای گەورە و بەشە ناوخۆییەکان هەن کە خەرجییەکی زۆریان دەوێت لە کاتێکدا خوێندکاری نییە. تەنانەت بەشە سەردەمییەکانی وەک کۆمپیوتەر و نێتۆرکیش لە خانەقین خواستیان لەسەر کەم بوەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە خانەقین ناوچەی جێناکۆکە، هاتوچۆ لە بازگەکان سەختە و مانەوە لەوێ ئارام نییە، ئەم کێشە سیاسی و ئیدارییە وایکردوە خەڵک روی تێنەکات.

لە لایەنە یاسایی و کارگێڕییەکەیەوە، کێشەی بنەڕەتیی بەغدا لە دابەشبونی جوگرافیای زانکۆکەدا بو.

د. سیروان حەسەن، سەرۆکی پێشوتری زانکۆی گەرمیان و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، کە زیاتر لە 8 ساڵ سەرۆکی زانکۆ بوە و بەدواداچونی بۆ دۆسیەکە کردوە، رونیکردەوە: کاتی خۆی دەمزانی ئەم پرسە چارەسەر نابێت و بەغدا قبوڵی ناکات، چونکە دو هۆکاری هەبو: یەکەم هۆکاری سیاسی بو کە خانەقین ناوچەی جێناکۆکە، دوەم لەڕوی یاسایی و کارگێڕییەوە بو؛ ناکرێت لە ئیدارەی گەرمیانەوە کە سەر بە پارێزگای سلێمانییە بچیت لە خانەقین کۆلێژ بکەیتەوە کە لە ڕوی یاساییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، بەبێ ئەوەی رەزامەندیی دیالە و بەغدات وەرگرتبێت کۆلێژ بکەیتەوە.

وتیشی: عێراق پێی دەوتین ناگونجێت یەک زانکۆ کۆلێژەکانی لە دو جێگەی جیاوازدا بن کە یەکێکیان سەر بە سلێمانی و ئەوی تریان سەر بە دیالە بێت.


به‌شى دوه‌م: رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر داننان به‌ زانكۆكه‌؛ ناوەڕۆک و ره‌خنه‌كان


1. ناوه‌ڕۆكی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان بەغدا و هەرێم ده‌رباره‌ى چارەسەری کێشەکە

بۆ دەربازبون لەم تەنگژە کارگێڕییە و لەسەر داوای بەردەوامی دەرچوان و ئیدارەی ناوچەکە، زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان، لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بەڕێوەچو، تا سەرئەنجام یاداشتێکی لێکتێگەیشتن گەڵاڵە کرا.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی کۆبونەوەکەی بەغدای خستەڕو و رایگەیاند: رێکەوتی 27ـی ئەیلولی 2026، لەسەر بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، شاندێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید - راوێژکاری وەزیر و بە ئەندامێتیی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، راوێژکاری وەزیر، بەڕێوەبەرانی گشتیی تایبەتمەند و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا، لە تەلارى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد کۆبونەوە.

وتیشی: لە کۆبونەوەکەدا دوای گفتوگۆیەکی قوڵ، هەردولا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئیمزاکردنی یاداشتنامەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان. بەپێی یاداشتەکە:

1. زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ شاری خانەقین بنیاد دەنرێت کە ئەو کۆلێژانە دەگرێتەوە کە لە شارەکەدان و لە ئێستادا سەر بە زانکۆی گەرمیانن.

2. سەرۆکی زانکۆکە خەڵکی خانەقین دەبێت.

3.  پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکار کراوە دەبێت بۆ سەرجەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

4. سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لەڕۆژی دامەزراندنیانەوە بە کۆلێژەکانی خانەقینیشەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دانپێدانراو دەبن.

ئەم یاداشتەش لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە دەبردرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی.

نازک ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی کۆبونەوەکەوە دەڵێت: بە چڕی گفتوگۆمان کرد و گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە حکومەتی فیدراڵ دان بە زانکۆی گەرمیاندا بنێت و لە بەرامبەردا زانکۆیەکی سەربەخۆ لە خانەقین لەسەر میلاکی حکومەتی فیدراڵ دابمەزرێت، کە نە سەر بە کەلار بێت و نە سەر بە دیالە. هەروەها کادر و ستافی ناو کۆلێژەکانی خانەقین خۆیان زانکۆکە بەڕێوە ببەن و سەرۆکی زانکۆکەش کەسێکی خەڵکی خانەقین بێت. راوێژکارەکان هەمویان رازی بون و وتیان هەنگاوێکی لەمە باشترمان بۆ ناکرێت.

سەبارەت بە وردەکارییە ناوخۆییەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە، د. ئاراز فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاشکرای کرد کە شاندی هەرێم مەرجی قورسی بەغدای رەتکردوەتەوە کە داوای دانپێدانانی بەرامبەری دەکرد؛ ناوبراو وتیشی: پێشتر عێراق دەیوت دەبێت لە بەرامبەر دانپێدانان بە زانکۆی گەرمیان، ئێوەش دان بە 4 بۆ 5 زانکۆی ئەهلیی وەک کیتاب، قەڵەم و حەدبادا بنێن، بەڵام ئێمە رێگەمان نەدا باسی ئەو زانکۆیانە بکەن و توانیمان وەک زانکۆیەکی سەربەخۆی حکومی کە خاوەنی کوالێتیی بەرز، ستافێکی بەهێز، 41 بەشی زانستی، کۆلێژەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و گۆڤاری سکۆپۆسە مامەڵە بکەین. 

وتیشی: گەیشتینە ئەو بڕوایەی زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ خانەقین دروست بکرێت. لە کۆنوسەکەشدا بۆ یەکەمجار مەرجمان جێگیر کرد کە دەبێت سەرۆکی زانکۆی خانەقین بە مەرج خەڵکی خانەقین بێت. مەرجی دوەم ئەوەیە کە 50%ـی خوێندکاران لەڕێگەی زانکۆلاینی هەرێمەوە وەربگیرێن و 50%ـەکەی تریشی لەڕێگەی قبوڵی مەرکەزیی بەغداوە بێت.

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان باسی لەوەشکرد: گەرەنتییەکە ئەوەیە کە لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان، وەزارەتی فیدراڵ، نوێنەری هەرێم و شاندی ئێمە کۆنوسەکەمان لەناو پەرلەمانی عێراق ئیمزا کردوە. لەڕوی دارایی و کارگێڕیشەوە، 283 کارمەند و مامۆستای ئەو سێ کۆلێژە دەچنە سەر میلاکی زانکۆ نوێیەکە و بەغدا موچەیان دابین دەکات.

راژان باجەڵان، چالاکوان و دەرچوی زانکۆی گەرمیان کە لە کۆبونەوەکەی بەغدا ئامادە بوە، زانیاریی زیاتری لەبارەی کۆبونەوەکە خستەڕو؛ وتی: لەو کۆبونەوەیەدا دکتۆر حەیدەر عەبدولهادی بریکاری وەزارەت کە ئیدارەی وەزارەتی دەکرد و دکتۆر عادل ریکابی سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان بەشدار بون؛ شاندی هەرێم داوای کرد سەرۆکی زانکۆ نامۆ نەبێت و ئەوانیش رازی بون کە خەڵکی خودی خانەقین بێت. هەروەها موچەی ئەو فەرمانبەرانە لەسەر کۆڵی حکومەتی هەرێم دەبێتەوە و بەغدا پارەکەیان دەدات، لە کاتێکدا زانکۆکە لە سیستمی زانکۆلاین دەمێنێتەوە و خوێندکاری قەڵادزێ و سلێمانی وەک خوێندکاری بەسرە و بەغدا مافی خوێندنیان لەوێ دەبێت.

بەوتەی نازک ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا هەمو رێکارەکان لە حکومەتی فیدراڵ تەواو بون و تەنها چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمن؛ وتی: "ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر بکات، لە ماوەی سێ مانگدا دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان و دامەزراندنی زانکۆی خانەقین تەواو دەبێت".


2. روانگەی لایەنگران: کێ پێی باشە و پاساوەکانیان چییە؟

بەرەی لایەنگرانی ئەم ڕێککەوتنە (کە پێکدێن لە سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان، راگرەکانی خانەقین، بەشێک لە پەرلەمانتاران، ئیدارەی خۆجێیی و توێژی دەرچوان و ژمارەیەک لە چالاکوانان) پێیانوایە کە ئەم هەنگاوە باشترین و واقیعیترین بژاردەیە بۆ رزگارکردنی ئایندەی زانستیی ناوچەکە و پاراستنی مافی هەزاران دەرچو.

نازک ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لەوەدەکات پێشتر واژو کۆکراوەتەوە لەناو خەڵکی خانەقین و ئەم بڕیارەیان داوە. دەڵێت: خەڵکی خانەقین خۆیان داوای زانکۆی سەربەخۆیان کردوە و واژۆیان بۆ کۆکردوەتەوە؛ ئەگەر خەڵکی خانەقین خۆیان بەمە رازی نەبونایە، ئێمە ئەم کارەمان نەدەکرد.

د. ئاراز فەریق زەینەڵ، لە بەرگریکردن لەم بژاردەیەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوە سەرکەوتنە نەک دەستبەرداربون؛ ناوبراو وتی: ئێمە 17 هەزار دەرچومان هەیە لە زانکۆی گەرمیان، 6 هەزار خوێندکار لە کەمپەکە و نزیکەی 2 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر؛ واتە 25 هەزار خێزان پەیوەستن بەم زانکۆیەوە و چاوەڕێی دانپێدانان دەکەن تا دەرفەتی کاریان لە دامەزراندنەکانی عێراقدا دەستبکەوێت.

وتیشی: دانپێدانەنانی بەغدا بە گەرمیان تەنها بابەتێکی سیاسی بو نەک ئەکادیمی، چونکە دەیانویست دژایەتیی دامودەزگاکانی هەرێم بکەن. بەڵام کاتێک زانکۆی سەربەخۆ بۆ خانەقین دروست دەبێت، هیچ شتێک رادەستی عێراق نەکراوە، شارەکە کوردییە و زانکۆ بۆ کەربەلا و نەجەف ناڕوات؛ بەڵکو دەبێتە زانکۆیەک بۆ خەڵکی خانەقین، جەلەولا، قەرەتەپە، بەدرە و جەسان. 

وتیشی: "لە ساڵی 1968 کە زانکۆی سلێمانیی دروستکرا کەس نەیدەزانی چی لێ دەردەچێت، بەڵام ئەمڕۆ گەورەترین زانکۆیە لە عێراقدا؛ زانکۆی خانەقینیش بە هەمان شێوە دەبێتە دەستکەوتێک بۆ خەڵکی شارەکە و لە بەرامبەریشدا سەرجەم دەرچوانی ئێمە بڕوانامەکانیان دەبێتە فەرمی".

هاوکات د. ئاسۆ لەتیف، راگری کۆلێژی زمان، بە توندی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە لاوازبونی ناسنامەی نەتەوەیی دەکەن؛ وتیشی: هەندێک لە فەیسبوک قسەی بێبنەما دەکەن و دەڵێن کوردایەتی نامێنێت، ئەگەر ئێمە بوینە خاوەن زانکۆیەک لەسەر عێراق هیچ لە کوردایەتی کەم ناکات؛ من ناوم ئاسۆیە، لێرە هەر ئاسۆم و لەسەر عێراقیش هەر ئاسۆم. کوردایەتیی خانەقین لە هەڵبژاردنەکاندا 99.6%ـی دەنگەکانە.

وتیشی: ئێستا لە سێ کۆلێژەکە هەر سێ راگر کوردین، جێگرەکان کوردن، سەرۆک بەشەکان کوردن، مامۆستا و فەرمانبەران هەمویان کوردن؛ مەعقول نییە 500 عەرەب بهێننە شوێنی ئێمە! لە بەرامبەردا، ئەگەر ئەم زانکۆیە دروست نەبێت، سێ کۆلێژەکە دادەخرێن، چونکە خوێندکاریان تێدا نەماوە. 10 ساڵە کێشەی تەعیناتی گرێبەست و هەمیشەیی بۆ دەرچوان دروست بوە، بەڵام بەم رێککەوتنە کێشەی نزیکەی 14 هەزار دەرچوی رابردو و داهاتو چارەسەر دەبێت.

جەختی لەوەشکردەوە: زیاتر لە 10 هەزار واژۆی هاوڵاتییانی خانەقین لەسەر ئەم داواکارییە هەیە؛ وتى: "لەناو خودی خانەقیندا، 443 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرامان هەیە کە ئێستا رەنگە ژمارەیان گەیشتبێتە 500 بۆ 600 کەس، ئەم نوخبەیە خۆیان دەتوانن زانکۆکەی خۆیان بپەڕێننەوە و سەرۆکی داهاتوش هەر لەوان دەبێت. ئەگەر مەترسییەک بە قەد یەک لە ملیار بوایە، نە من، نە سەرۆکی زانکۆ و نە مەڵبەندی خانەقین ئەم کارەمان نەدەکرد".

لەلایەکی ترەوە، د. ئاریان رەئوف، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، جەختی لەسەر رەهەندی ئەکادیمی کردەوە و وتی: ئەم رێککەوتنە لە قازانجی هەردو لایە، ئەگەر زانکۆی گەرمیان وەک پێشتر بمایەتەوە روبەڕوی ئاڵنگارییەکی گەورە و ئیفلاسبونی تەواوەتی دەڕۆیشت، بەڵام ئێستا متمانە بۆ خوێندکاران دەگەڕێتەوە لە زاخۆوە تا خانەقین. لە خانەقینیش، کۆلێژەکان لە پوکانەوە رزگاریان دەبێت.

وتیشی: خوێندکار کاتێک دەزانێت زانکۆکە دانپێدانراوە، داوای پێشکەش دەکات بەتایبەت کە لە ناوچە جێناکۆکەکان دەرفەتی دامەزراندن هەیە. هەروەها بونی زانکۆ جوڵەیەکی گەورەی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەخاتە ناو شارەکە.

بەهەمانشێوە سۆزان مەنسور، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، باس لە هەوڵەکانی پێشو دەکات لەم بوارەدا و دەڵێت: ئێمە لەگەڵ دکتۆر ئاراز و دکتۆر تەحسین لەسەر بنەمای داواکاری و واژۆی 10 بۆ 11 هەزار باوک و دایک و دەرچوی خانەقین کارمان لەسەر ئەم کەیسە کرد. وەزارەتی فیدراڵ بە هیچ جۆرێک دان بە زانکۆی گەرمیاندا نەدەنا لەبەر ئەوەی زەوییەکەی لە ناوچەی کێشەلەسەرە، تەنها ئالیەتێک مابێتەوە ئەوە بو زانکۆی سەربەخۆ دروست بێت بەپێی یاسای عێراق کە دەڵێت هەر شارێک لە دو کۆلێژ زیاتری هەبێت شایستەی زانکۆیە.

وتیشی: بژاردەی تر ئەوە بو بخرێتە سەر زانکۆی دیالە کە ئێمە رەتمان کردەوە. کاتێک بابەتەکەم بردە لای کاک د. ئارام وەزیری خوێندنی باڵا، وتی: "سۆزان تۆ خوشکی شەهید حوسێن مەنسوریت چۆن قبوڵی دەکەیت ئەمە ببەخشین کە خوێنمان لەسەر داوە؟ منیش پێم وت شەهید بۆ خەڵک خوێنی داوە، خەڵکەکە خۆیان ئەمەیان داوا کردوە و چارەنوسی مناڵەکانیانە. دواتریش کاک قوباد تاڵەبانی وتی من لەگەڵ ڕای خەڵکم".

دەشڵێت: خانەقین شارێکی کوردستانییە و ناوچەیەکی کێشە لەسەرە، زانکۆکە سەر بە بەغدا بێت یان نا، ناسنامەی ناگۆڕێت؛ لە کەرکوکیش زانکۆی کەرکوک سەر بە عێراقە، کەچی شارەکە کوردستانییە و سبەی بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 خانەقین دەگەڕێتەوە سەر هەرێم و زانکۆکەش هەر بۆ خەڵکەکەی دەمێنێتەوە.

هەروەها جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین، لەڕوانگەی کارگێڕییەوە پشتیوانیی خۆی دەربڕی؛ وتی: وەک یەکەی ئیداری حەقم نییە دەستوەردان لە کاروباری زانکۆدا بکەم، بەڵام لەڕوی دابینکردنی زەوییەوە هاوکار بوین. 

وتیشی: چارەنوسی زیاتر لە 20 هەزار دەرچوی ئەم زانکۆیە کە 70%ـیان خەڵکی خانەقینن گرنگە و نابێت زەرەرمەند بن. من حەز دەکەم پڕۆژە، کارگە و زانکۆ لە شارەکەدا زیاد بکەن لەبەر ئەوەی جوڵەی بازرگانی دروست دەبێت؛ بۆیە با زانکۆ لە خانەقین دروست بێت و پێشوازیی لێ دەکەین.

ئەیاد محەمەد عەلی، چالاکوان لە گەرمیان، لە هەمان روانگەوە وتی: ئەم پرسە زۆر دواکەوتبو. لەم دۆخەدا بۆ ئەوەی دەستکەوتت هەبێت، ناچاریت قوربانی بدەیت تا زانکۆکەت ئیعتیرافی پێ بکرێت. گرنگ نییە سەرۆکی زانکۆ کورد بێت یان عەرەب، وەک چۆن لە دیالەش سەرۆک زانکۆ کورد بوە، گرنگ ئەوەیە خزمەتی خەڵکی خانەقین بکات و گرفتی زیاتر لە 18 هەزار قوتابی چارەسەر بێت. ناکرێت لە کاتێکدا لە خانەقین دەسەڵاتت نییە، بە سێ کۆلێژ کوردایەتی بە خەڵک بفرۆشیتەوە و خوێندکار بکەیتە قوربانی.

د. رەشا رائید، راگری کۆلێژی وەرزش، هاوڕای ئەم بۆچونانەیە و ئاماژە بەوە دەکات: بەستنەوە بە بەغداوە وا ناکات دەستبەرداری کوردایەتی ببین؛ وەک چۆن پەرلەمانتار دەچێتە بەغدا و واز لە کوردایەتی ناهێنێت. ئێمە لە زانکۆی بەغدا خوێندکار بوین و پارێزگاریمان لە کوردایەتی دەکرد، ئیتر چۆن لە خانەقین ناتوانین؟ زانکۆی کەرکوکیش سەر بە عێراقە، بەڵام سەرۆک و جێگر و نیوەی راگرەکانی کوردن و رکابەریی زانکۆی سلێمانی دەکات، بۆیە زانکۆی خانەقینیش ئەگەر پلانی درێژخایەنی بۆ دابنرێت دەبێتە خێر و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە.

بەڕای نازک ئەحمەد، پەرلەمانتاری کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، "ئەمە باشترین بژاردەیە و لەمە باشتر ناکرێت"؛ چونکە وەکخۆی دەڵێت: کاتی خۆی ناڕەزایەتیی ئێمە لەسەر ئەوە بو کە قبوڵ ناکەین کۆلێژەکان بخرێنە سەر زانکۆی دیالە، بەڵام ئێستا دەبێتە زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ خانەقین. خەڵکی خانەقین قوربانییان داوە و کوردپەروەرن، هەمیشە دەڵێم ئەگەر ئێوە جارێک کورد بن، ئێمەی خانەقینی دوجار کوردین.


3. روانگەی نەیاران؛ کێ پێی خراپە و هۆشدارییەکانیان چییە؟

لە بەرەی بەرامبەردا، ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییە دیارەکانی ناوچەکە، بەرپرسانی پێشوی زانکۆ و چالاکوانان بە توندی هۆشداری دەدەن لە دەرئەنجامە ستراتیژی، نەتەوەیی و دیمۆگرافییەکانی ئەم هەنگاوە و بە پاشەکشەیەکی مەترسیداری دەزانن.

شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی پێشوی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین، لە پێشەنگی رەخنەگراندایە و رایگەیاند: من سەد لە سەد لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی زانکۆی گەرمیانم، ئەمە ماف و ئیستحقاقی هەزاران خوێندکار و رەنجی دایک و باوکانە و نادیدەگرتنی ناحەقییەکی گەورەیە، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر خانەقین، پرسەکە لە چوارچێوەی ئەکادیمی دەردەچێت و دەبێتە بابەتێکی هەستیاری سیاسی و نەتەوەیی.

وتیشی: ئەم سێ کۆلێژە زیاتر لە 400 دۆنم زەوین و حکومەتی هەرێم تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری لە بیناسازی و ژێرخانیاندا خەرجکردوە. لەوێ کۆلێژێکی وەرزشیی ئۆڵۆمپی دروستکراوە کە لەسەر ئاستی هەرێم تەنها لە دهۆک هاوشێوەی هەیە و مەلەوانگەی 100 مەتریی نێودەوڵەتی و هۆڵی دو هەزار کەسیی تێدایە. بۆچی دەبێت ئەم هەمو سەرمایە و 400 دۆنم زەوییە بە بەلاش ببەخشرێت بە پارێزگای دیالە؟ ئێمە کاتێک جوتیارێکی کورد دو دۆنم زەوی بدات بە عەرەب کەرامەتی دەشکێنین، ئەی چۆن بە دەستی خۆمان 400 دۆنم زەوی زەوت دەکەین و پێشکەشی دەکەین؟

وتیشی: لە چەند ساڵی داهاتودا هەزاران کارمەند و تازەدامەزراوی عەرەب بە خێزانەکانیانەوە پەلکێشی خانەقین دەکرێن. ئێستاش لە گرێبەستەکانی حکومەت دەرچوانی کورد بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. کاتێک بە خۆمان دەزانین، رێگەی نێوان کەلار بۆ خانەقین کە کۆلێژەکانی لەسەرە، دەبێتە دەروازەی سەرلەنوێ تەعریبکردنەوەی ناوچەکە. بونی سەرۆکێکی کوردیش بۆ چوار ساڵ گەرەنتی نییە، وەک چۆن لە کەرکوکیش سەرۆکی زانکۆ نەیتوانی بەر بە لێکەوتەکان بگرێت.

 جەختی لەوەشکردەوە: "بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ناردومن، زانکۆی گەرمیان لە 22-6-2014 لەلایەن خوێندنی باڵای فیدراڵەوە بە فەرمی دانپێدانراوە؛ بەڵام لە 23-8-2021 بە بیانوی سیاسی و زەویی ناوچەی جێناکۆک، بڕیارەکە هەڵپەسێردراوە (تەعلیق کراوە نەک هەڵوەشێنرابێتەوە!). ئەگەر خاوەندارێتی لەم پرسە بکرێت و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بکرێت، ئەم هەڵپەساردنە پوچەڵ دەبێتەوە و تەواوی بڕوانامەکانی 2010 تا 2024 بە فەرمی دەمێننەوە، وەک چۆن زانکۆی حەدبا لە موسڵ تا 2014 لە هەرێم دانپێدانراو بو و کاری پێدەکرێت".

بەپێی وتەی شێرکۆ میروەیس: "کاتی خۆی ڕازی نەبوم بەم کارە و بەسەرۆکی ئێستا و پێشوی زانکۆی گەرمیانم وت ناکرێت و دەکرێت کۆلێژەکانی خانەقین تەجمید بکرێن تا گەرمیان متمانە وەربگرێت بێ ئەوەی خانەقین ببەخشین؛ یاخود ئەم کۆلێژانە بخرێنەوە سەر زانکۆی سلێمانی وەک چۆن لە سەرەتادا بون؛ یان زانکۆی سەربەخۆی خانەقین سەر بە هەرێم بێت؛ یاخود وەک وەزارەتی هەرێم رازی بو، با ساڵانە کرێی زەوییەکان بدات بە عێراق تا جێبەجێکردنی ماددەی 140. بۆیە دەبێت ئەم هەنگاوە رابگیرێت و کێشەی دەرچوان لە چوارچێوەی گشتیی کێشە سیاسییەکاندا چارەسەر بکرێت.

هاوکات د. سیروان حەسەن، سەرۆکی پێشوتری زانکۆی گەرمیان، هۆشداری دا لەوەی کە ئەم بڕیارە زیانێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتی هەرێم لە ناوچە جێناکۆکەکان؛ وتی: ئەگەر بە فەرمانی بەغدا زانکۆ لە خانەقین بکرێتەوە، دەسەڵاتی کارگێڕی، دارایی و دانانی پۆستەکان لە بەغداوە دەبێت و هیچ دەسەڵاتێکی هەرێمی تێدا نامێنێت. ئەمە دەستکەوت نییە، بەڵکو لەدەستدانی هەوڵ و ماندوبونی ئەو چەند ساڵەی حکومەتی هەرێمە کە بە مامۆستا و خەرجییەکی زۆرەوە لەو شارەدا کردویەتی و ئێستا لەسەر حازربەدەست دەدرێتە بەغدا. بەستنەوەی ئەم دامەزراوە ئەکادیمییە بە بەغداوە دەبێتە فاکتەرێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی عێراق و هێزێک بۆ ئەوەی ماددەی 140 پشتگوێ بخرێت و جێبەجێ نەکرێت.

وتیشی: تەنها لایەنێک کە سودمەند دەبێت ئەوەیە خانەقین لە کەلار جیا دەبێتەوە و زانکۆی گەرمیان متمانە وەردەگرێت، چونکە بەغدا ئیتر بەهانەی نامێنێت؛ بەڵام بۆ خانەقین نە لەڕوی نەتەوەییەوە دەستکەوتە و نە کێشەی دەستوریی پێ چارەسەر کرا. ئەمەش خاڵی لاوازی سیاسەتی 15 ساڵەی حکومەتی هەرێم بو کە نەیتوانی بە سازان و رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغدا کێشەی بڕوانامەی ئەو 17 هەزار دەرچوە یەکلایی بکاتەوە.

هەروەها ئەمیر خانەقینی، چالاکوان لە قەزای خانەقین، لایەنە نەرێنی و ئەرێنییەکانی پێکەوە بەستەوە و وتی: «دامەزراندنی زانکۆ بۆ خانەقین لەڕوی گەشەپێدانەوە هەنگاوێکی باشە، چونکە ئومێدمان هەیە شارەکە ببێتە پارێزگا و زانکۆ خاڵێکی بەهێزە بۆی، بەڵام ئەوەی کە زانکۆکە سەر بە بەغدا دەبێت، هەنگاوێکی خراپە؛ زۆربەی خەڵکی خانەقین پێیان باشە دامودەزگاکان سەر بە هەرێم بن.

وتیشی: لەڕوی نەتەوەییەوە خەڵک بە چاوی نەرێنی سەیری دەکەن کە لەڕوی زانستی و خوێندنی باڵاوە خانەقین لە هەرێم داببڕێت. کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێم و حزبە باڵادەستەکان بو کە پێشتر لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا ئەم پرسەیان وەک کارتی فشار بەکارنەهێنا، لە کاتێکدا دەرچوی خانەقین ساڵان تێدەپەڕێت و بێئومێد دادەنیشێت و گەرەنتیی دامەزراندنی نییە.

لەڕوانگەی ئایندەی خوێندنی باڵاشەوە لە ناوچەکە، بیلال محەمەد سەرنجێکی رەخنەگرانەی خستەڕو؛ وتیشی: ئەگەر کار بگاتە ئەوەی لە هەمو قەزا و ناحیەیەک زانکۆ بکرێتەوە، خوێندنی باڵا بێبەها دەبێت. ئەمساڵ دەرچوانی پۆلی 12 زۆر کەمی کردوە و داواکاری لەسەر زانکۆکان نەماوە. کێشەی ئێمە ئەوەیە ئایا خوێندکار دەچێت بۆ ئەم زانکۆ نوێیە؟ ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی کورددا بێت و کێشەی تەعریب دروست نەکات باشە، بەڵام ئەگەر خوێندکاری نەبێت چۆن بەڕێوە دەچێت؟


4. رێگەچارە بەدیلەکان؛ لە نێوان پێشنیاری نەیاران و وەڵامی لایەنگرانی رێککەوتنەکەدا

لە پاڵ مشتومڕەکان لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی هەبونی رێگەچارەی تر یەکێکە لە تەوەرە هەرە سەرەکی و ناکۆکەکانی نێوان بەرەی نەیاران و لایەنگرانی پرۆسەکە؛ لە کاتێکدا نەیارانی رێککەوتنەکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە چەندین بژاردەی تر لەبەردەستدا بون بۆ پاراستنی کۆلێژەکانی خانەقین بەبێ بەخشینیان بە بەغدا، لایەنگرانی لێکتێگەیشتنەکە دەڵێن هەمو دەرگاکانی تر تاقیکراونەتەوە و هیچ بژاردەیەکی تری واقیعی لەبەردەمدا نەبوە.

شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی پێشوی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین رەتیدەکاتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە تاکە چارەسەر بوبێت و چوار رێگەچارەی بەدیل دەخاتەڕو؛ وتی: کاتی خۆی کە لە خانەقین بوم ئەم پێشنیازانە هەموی لەگەڵ دکتۆر فەرهاد و دکتۆر ئاراز هەبون، بەڵام من رازی نەبوم و پێم وتن بەرپرسیارێتییەکی مێژوییە و ناچینە ژێر باری؛ چونکە دو سێ رێگەچارەی تر لەبەردەستدا بو.

لەڕونکردنەوەی بژاردە بەدیلەکاندا جەختی لەوە کردەوە: "رێگەی یەکەم ئەوە بو کۆلێژەکانی خانەقین هەڵبپەسێردرێن (تەعلیق بکرێن) و خوێندکاری بۆ نەنێردرێت و بیناکان و چەند مامۆستایەک بمێننەوە، ئەو کات بەغدا دان بە زانکۆی گەرمیاندا دەنێت بەبێ ئەوەی دەستبەرداری خانەقین ببین. رێگەی دوەم ئەوە بو ئەم کۆلێژانە لە بنەڕەتدا پێش دروستبونی زانکۆی گەرمیان سەر بە زانکۆی سلێمانی بون، دەکرا بخرێنەوە سەر زانکۆی سلێمانی. رێگەی سێیەمیش ئەوە بو زانکۆی خانەقین وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ بەڵام سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت".

 وتیشی: رێگەچارەی چوارەم ئەوەیە کە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم پێشتر ئامادەیی دەربڕیبو و وتبوی ئامادەم ساڵانە کرێی ئەو زەوییانە بدەم بە عێراق کە کۆلێژەکانی لەسەرە تا ئەو کاتەی دەستور و ماددەی 140 یەکلا دەبێتەوە؛ ئەمەش چارەسەرێکی تر بو.

جەختیشیکردەوە: جگە لەوەش زانکۆی گەرمیان لە 2014ـدا ئیعتیرافی پێکرابو، لە 2021 تەنها "تەعلیق کراوە" نەک هەڵوەشێنرابێتەوە، ئەگەر کەسێک بە جدی لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکات، ئەم تەعلیقە هەڵدەوەشێتەوە. بۆیە چەندین رێگەچارە هەبون و نەدەبو بۆ ئیعتیرافی گەرمیان خانەقین بە دیاری ببەخشرێت بە بەغدا.

لە هەمان ئاراستەدا، د. سیروان حەسەن، سەرۆکی پێشوتری زانکۆی گەرمیان، پێیوایە بژاردەی تر ئەوە بو کە لەڕێگەی سازان و هێزی سیاسییەوە کێشەکە یەکلایی بکرایەتەوە.

وتی: "ئەمە خاڵی بێهێزیی حکومەتی هەرێم بو کە لە ماوەی 15 ساڵدا نەیتوانی بە تەنسیق و سازانی سیاسی لەگەڵ بەغدا کێشەکە چارەسەر بکات، لە کاتێکدا بەغدا خۆی چەندین پێشێلکاریی گەورەی تر دەکات و دەیتوانی بە بڕیارێک دان بە زانکۆکەدا بنێت بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ئەو ژێرخان و مێژوە ببین".

هەروەها ئەمیر خانەقینی، چالاکوان لە قەزای خانەقین، ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی کارتی فشار لە بەغدا رێگەچارەیەکی بەهێز بو کە پشتگوێ خرا؛ وتیشی: "کەسێک بە جدی کاری لەسەر بکردایە دەیتوانی لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا ئەم بابەتە وەک کارتی فشار لەسەر بەغدا بەکاربهێنێت بۆ چارەسەرکردن، بەڵام بەداخەوە سەرکردەکانی دەسەڵات لە دانوستانەکان و لە دابەشکردنی پۆستەکاندا ئەمەیان نەکردە خاڵی فشار".

لە بەرامبەر ئەم پێشنیارانەدا، لایەنگرانی رێککەوتنەکە و بەرپرسانی ئێستای زانکۆ و وەزارەت  پێیان وایە ئەو قسانە دورن لە واقیعی بەغدا و هیچ رێگەیەکی تر بونی نەبوە.

د. ئاسۆ لەتیف، راگری کۆلێژی زمان لە خانەقین، لە وەڵامی داوای رێگەچارەی تردا بە راشکاوی رایگەیاند: "ئەگەر حەلی تر هەیە با ئاگادارمان بکەن و رێگاکەمان نیشان بدەن! ئێمە تاوەکو ئێستا هەمو رێگەیەکمان تاقی کردەوە؛ یەکەم جار وتیان زەوییەکە عائیدیەتی کێشەی هەیە و حەلمان کرد، دوەم جار وتیان ستافەکەی کێشەیە و حەلمان کرد، بەڵام بەغدا وتی ناکرێت زانکۆیەک کۆلێژەکانی لە سلێمانی و دیالە بێت، نوقتە سەری دێڕ! ئەگەر خانەقین نەبێتە زانکۆی سەربەخۆ، بەغدا بە هیچ جۆرێک دان بە گەرمیاندا نانێت.

 دەشڵێت: "دەڵێن با تەجمید بکرێت، باشە ئەگەر خوێندکار نەهات و کۆلێژەکان داخران، چارەنوسی خوێندکار و مامۆستا و فەرمانبەر چی لێ دێت؟ ئێمە هەمو شتێکمان تاقیکردەوە و بەغدا هیچ بژاردەیەکی تری نەهێشتەوە، کەواتە بژاردەی تر تەنها پوکانەوە و داخستنی یەکجارەکیی کۆلێژەکان بو".

سۆزان مەنسور، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق، کە خۆی پێشوتر بەشدار بوە لە دانوستانەکاندا، تەواوی ئەو بژاردانەی تر بە "ناواقیعی" ناودەبات و ئاشکرای دەکات: بە راشکاوی عێراق بە هیچ شێوەیەک رازی نەبو دان بە زانکۆی گەرمیاندا بنێت مادام کۆلێژەکانی لە ناوچەی جێناکۆک بون. بەپێی یاسای عێراق تەنها دو ئەگەر هەبو: یان بخرێتە سەر زانکۆی دیالە کە ئەوەش لە زیانی ئێمە بو، یان ببێتە زانکۆیەکی سەربەخۆ. بۆیە ئێمە شەڕمان لەسەر ئەوە کرد ببێتە زانکۆی سەربەخۆ بۆ خانەقین نەک سەر بە دیالە، و جگە لەم ئالیەتە هیچ رێگەیەکی یاسایی تر لە بەغدا نەمابوەوە.

لە هەمان روانگەوە، د. ئاراز فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، جەختی لەوە کردەوە کە بژاردەکانی تر پێشتر تاقیکراونەتەوە و رەتکراونەتەوە؛ وتی: پێشتر عێراق مەرجی ئەوەی دادەنا کە لە بەرامبەر دانپێدانان دەبێت ئێمەش دان بە 4 بۆ 5 زانکۆی ئەهلی وەک کیتاب و حەدبادا بنێین کە پەیوەندیی بە ئێمەوە نەبو، ئەمجارە رێگەمان نەدا باسی ئەوانە بکرێت. هیچ شتێک بە جدی چارەسەر نەبو، ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە نەکرایە کۆلێژەکانی خانەقین کە تەنها 40 خوێندکاری بۆ هاتبو دەپوکانەوە و کێشەی 17 هەزار دەرچوش بە هەڵپەسێردراوی دەمایەوە.

هەر سەبارەت بەو تێبینیانە، نازک ئەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، دەڵێت: ئەمری واقیع وایە کە ئەو ناوچانە ناوچەی جێناکۆکن و لەڕوی کارگێڕییەوە لەسەر حکومەتی فیدراڵن، بەپێی دەستور و یاساکانی خوێندنی باڵاش، ئەو زانکۆیانەی دەکەونە سنوری ناوچە جێناکۆکەکانەوە دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دانیان پێدابنرێت نەک هەرێم. لەبەر ئەوەی ئەو سێ کۆلێژەش لە ناوچەی جێناکۆکن و تەنانەت ئەمساڵ تەنها 38 خوێندکاریان وەرگرتوە، ناچارین ئەم هەنگاوە بنێین؛ ئەگەر نەکرێنە زانکۆیەکی سەربەخۆ، هەرگیز دان بە زانکۆی گەرمیاندا نانرێت.

هەروەها ئەیاد محەمەد عەلی، چالاکوان لە گەرمیان، لە رەخنەگرتن لە پێشنیارەکانی بەرەی نەیاران وتی: "ئەوانەی دەڵێن ئەمە فرۆشتنی خانەقینە، رێگەچارەی خۆیان چییە بۆ ئەوەی ئەم 18 هەزار قوتابییە نەبنە قوربانی؟ تۆ کاتێک دەسەڵاتت لە خانەقین نییە، ناتوانیت باز بدەیت بەسەر قۆناغەکاندا؛ دەبێت لە پەیژەی یەکەمەوە دەستپێبکەیت و رێککەوتن بکەیت، بۆیە لەم قۆناغەدا ئەم رێککەوتنە تاکە دەرفەت بو بۆ دەربازبون لەو بنبەستە".


به‌شى سێیه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان


یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام

1. کێشەی دانپێدانانی فەرمیی حکومەتی عێراق بە بڕوانامەی زانکۆی گەرمیان، زیاتر لە 22 ساڵە بەردەوامە و بوەتە یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکان کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و داهاتوی زیاتر لە 17 هەزار دەرچو و هەزاران خوێندکار هەبوە.

2. نەبونی دانپێدانان بوەتە بەربەست لەبەردەم مامۆستایان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە زانکۆی گەرمیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی گفتوگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆرا یان بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە ناوەندە زانستییەکانی تری عێراقدا.

3. بەهۆی نەبونی دانپێدانان و کێشە سیاسییەکان، کۆلێژەکانی خانەقین (کە لە رابردودا زیاتر لە دو هەزار خوێندکاریان هەبو) روبەڕوی داڕمانێکی گەورە ببونەوە، بە جۆرێک لە ساڵی خوێندنی 2024-2025ـدا تەنها 38 بۆ 40 خوێندکار رویان تێکردبون و بەرەو داخستنی یەکجارەکی دەچون. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك پێیانوایه‌ بێبەشبونی بەشە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەلی کار لەسەر ئاستی گشتیی هەرێم، له‌گه‌ڵ دۆخی سیاسی و ئه‌منی قه‌زاكه‌، فاکتەرى سەرەکین لە پشت کەمبونەوەی خواست لەسەر خوێندن لە کۆلێژەکانی خانەقین، نەک تەنها پرسی دانپێدانان نەبێت.

4. لە 27ـی ئەیلولی 2026، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و عێراق واژۆ کرا، بەپێی ئەوەی کۆلێژەکانی خانەقین ببنە زانکۆیەکی سەربەخۆ لەسەر میلاکی بەغدا، لە بەرامبەردا سەرجەم دەرچوانی زانکۆی گەرمیان (بە کۆلێژەکانی خانەقینیشەوە) دانپێدانانی گشتگیر بەدەستبهێنن.

بەپێی رێککەوتنەکە، سەرۆکی زانکۆی خانەقین دەبێت خەڵکی خودی شارەکە بێت، موچەی 283 مامۆستا و فەرمانبەری کۆلێژەکان لەلایەن بەغداوە دابین دەکرێت و پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکار بە شێوەی 50% لەڕێگەی زانکۆلاینی هەرێم و 50% لەڕێگەی وەرگرتنی مەرکەزیی بەغدا دەبێت.

5. لایەنگرانی رێککەوتنەکە (سەرۆکایەتیی زانکۆ، راگرەکان، ئیدارەی خۆجێیی و بەشێک لە سیاسى و چالاکوانان) ئەم هەنگاوە بە پێویست و واقیعیترین بژاردە دەزانن بۆ رزگارکردنی ئایندەی زانستیی ناوچەکە، دابینکردنی هەلی دامەزراندن لە فەرمانگە فیدراڵییەکان بۆ دەرچوان و رزگارکردنی کۆلێژەکانی خانەقین لە پوکانەوە.

6. له‌به‌رامبه‌ردا بەشێک لە نەیارانی رێککەوتنەکە (کە لە کەسانی سیاسی و ئەکادیمی و چالاکوان پێکدێن) هۆشداری دەدەن کە بەخشینی 3 کۆلێژ بە زیاتر لە 400 دۆنم زەوی و ژێرخانێکی گرانبەهاوە بە بەغدا، دەروازەیەک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی تەعریب لە خانەقین دەكاتەوە و پاشەکشەیەکی گەورەی نەتەوەییە.

7. نەیارانی رێککەوتنەکە پێیانوایە چەندین بژاردەی تر هەبون (وەک هەڵپەساردن/تەعلیقکردنی كارى کۆلێژەکان، خستنەوە سەر زانکۆی سلێمانی، یان قەرەبوکردنەوەی مادیی بەغدا)، بەڵام لایەنگرانی رێککەوتنەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەمو رێگەیەک تاقیکراوەتەوە و بەغدا هیچ بژاردەیەکی تری جگە لەمە نەهێشتوەتەوە.

8. لایەنگرانی پرۆسەکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە بەستنەوەی زانکۆکە بە بەغداوە ناسنامەی کوردیی خانەقین ناگۆڕێت، چونکە تەواوی پۆستە ئیداری و ئەکادیمییەکان (سەرۆک زانکۆ، راگر، سەرۆک بەش و مامۆستایان) کورد دەبن، هاوشێوەی دۆخی زانکۆی کەرکوک.

9.  نەیارانی رێککەوتنەکە رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم دەگرن کە لە ماوەی رابردودا نەیتوانیوە پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان وەک کارتی فشار لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵدا بەکاربهێنێت و کێشەکە بە رێگەی سیاسی یەکلابکاتەوە.

10.  لە کۆتاییدا، خاڵی هاوبەشی هەردولا ئەوەیە کە چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانان بۆ 17 هەزار دەرچوی زانکۆی گەرمیان بابەتێکی گرنگ و حەتمی بو، بەڵام جیاوازییەکە لەسەر شێواز و تێڕوانینی جیاوازیان لەبارەی باجی پێشکەشکردنی ئەو چارەسەرە بو لە ناوچە جێناکۆکەکاندا.


دوەم: راسپاردەکان

1. دامەزراندنی "لیژنەیه‌كى باڵا"

هه‌ست به‌وه‌ده‌كرێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ى بۆ پرسی داننان به‌ زانكۆی گه‌رمیاندا نراون، هه‌وڵی په‌رت و پچڕ پچڕ بون، هه‌ركه‌سه‌ له‌لای خۆی و هه‌ر به‌رپرس و په‌رله‌مانتار و سه‌رۆك زانكۆیه‌ك به‌پێی توانا و كات و بڕواى خۆی، كارى له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ كردوه‌ و بڕیارێكى مه‌ركه‌زیی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌بوه‌، ته‌نانه‌ت حكومه‌تى هه‌رێم هیچ جارێك ئه‌م پرسه‌ى وه‌كو خه‌می خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدادا له‌میانى وتوێژه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانى كابینه‌ حكومییه‌كاندا باس نه‌كردوه‌.

بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ به‌ته‌واوى وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواستى هه‌موان بێت، كۆمیته‌ یان لیژنه‌یه‌ك دروست بكرێت له‌نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ به‌غدا و به‌رپرسان و كه‌سانى ئه‌كادیمی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ وردیی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ پرسه‌كه‌ بكه‌ن و ئه‌گه‌رى داننان به‌ زانكۆكه‌ به‌مانه‌وه‌ى په‌یكه‌رى ئێستاى وه‌كوخۆی، گه‌ڵاڵه‌ى پێشنیاز و راسپارده‌ بكات و دواتر حكومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌رانییه‌وه‌ له‌ حكومەت و په‌رله‌مانى عێراق كار بۆ جێبه‌جێكردنى بكات و فشار له‌ حكومه‌تى ناوه‌ند بكات. ئه‌گه‌ر فشاره‌كان سه‌ریان نه‌گرت، ئه‌وا ئه‌وكات بیر له‌ رێگه‌چاره‌ى به‌دیل بكرێته‌وه‌.

2. ئه‌نجامدانى راپرسی

پێشنیاز ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه‌ به‌تەواوى دادپه‌روه‌ریی و شه‌فافیه‌تى تێدا ره‌چاو بكرێت، راپرسییه‌ك له‌نێو ده‌رچوانى زانكۆكه‌ و مامۆستا و ستافه‌كانى ئه‌نجام بدرێت، كه‌ ئایا له‌گه‌ڵ چ بژارده‌یه‌كن بۆ داننان به‌ زانكۆكه‌؟ ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كۆلێژه‌كانى خانه‌قین ببنه‌ زانكۆیه‌كى سه‌ربه‌خۆ و له‌سه‌ر گه‌رمیان نه‌مێنن و سه‌ر به‌ حكومه‌تى عێراق بن یان نه‌خێر؟

3. دەرکردنی یاسا و پێكهێنانى لیژنه‌ى هاوبه‌ش

له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر كۆلێژه‌كانى خانه‌قین كران به‌ زانكۆیه‌كى سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وا واباشه‌ پرۆسه‌كه‌ وه‌كو یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مانى عێراق یان وه‌كو په‌یڕه‌وێكى فه‌رمیی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ ده‌ربچێت، كه‌ تیایدا سه‌رجه‌م خاڵه‌كان و به‌تایبه‌تى ئه‌وه‌ى مایه‌ى مه‌ترسی و نیگه‌رانییه‌، ئاماژه‌ى پێبكرێت و به‌ته‌واوى رون بكرێته‌وه‌.

دواى ئه‌مه‌، لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى عێراقی دروستبكرێت كه‌ سه‌رپه‌رشتى رێككه‌وتنه‌كه و جێبه‌جێكردنى بكه‌ن و به‌ته‌واوى پێوه‌ى پابه‌ند بن.

4. خوێندنى تێكه‌ڵاو

 بۆ ئه‌وه‌ى زانكۆی خانه‌قین به‌ته‌واوى له‌ ئامێزه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ى دانه‌بڕێت، پێویسته‌ ره‌زامه‌ندی وه‌ربگیرێت بۆ پەرەپێدانی سیسته‌می "خوێندنی تێکەڵاو" لەنێوان زانکۆی گەرمیان و زانکۆی نوێی خانەقیندا بكرێت، بە جۆرێک کە سەرچاوە زانستییەکان، بەشە پزیشکی و ئەندازیارییەکان و تاقیگەکان هاوبەش ببن و كار و وانه‌ى هاوبه‌شیان هه‌بێت و په‌یوه‌ندیی ئه‌كادیمی و زانستییان بمێنێت. ئه‌مه‌ش به‌ رونى له‌ یاسا یان په‌یڕه‌و یان رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئاماژه‌ى پێبكرێت.

5. گەرەنتیی یاسایی بۆ پاراستنی موڵک و دارایی زانکۆ

لەڕێگەی ئه‌و یاسا/ په‌یڕه‌و/ رێككه‌وتنه‌وه‌، به‌ رونی ئاماژە بەوە بکرێت کە "سەرجەم ئەو بینا، زەوی و ژێرخانەی ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە خانەقین دروستکراون، خاوەندارێتییەکی فەرمییان بۆ زانکۆ نوێیەکە دەبێت و بە هیچ شێوەیەک بۆ مەبەستی تری غەیرە ئەکادیمی بەکارناهێنرێن".

ئه‌مه‌ش وەڵامدانەوەیەکی کردارییە بۆ نیگەرانییەکانی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ى كه‌ ترسیان له‌ بەفیڕۆچونی 400 دۆنم زەوی و سەروەت و سامانی زانکۆکە هه‌یه‌.


↑