رادیۆی دەنگ
لەکاتێکدا ئیدارەی گەرمیان ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی "روناکی" لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، بەرێوبەرایەتی گشتی کارەبای ناوچەکە ئاشکرای دەکات کە بڕی 83 ملیار دینار قەرز لەسەر هاوبەشانی کارەبا کەڵەکە بوە، کە بەشێکی زۆری لە ئەستۆی هاوڵاتیانە.
لهبارهى كێشهكانى كارهبا له سنورى گهرمیان، یهكهى چاودێریی حكومهتى خۆجێی گهرمیان سهر به رادیۆی دهنگ، له چوارچێوهى پرۆژهیهكى رادیۆكهدا به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، كۆبونهوهیهكى لهگهڵ حازم کەریم، بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان ئهنجام دا. له خوارهوه ناوهڕۆكى كۆبونهوهكه دهخهینهڕو.
83 ملیار دینار قەرز و شێوازی نوێی پارەدان
سەبارەت بەو بارگرانییە داراییەی لەسەر کەرتی کارەبایە، حازم کەریم ئاماری وردی قەرزەکانی خستەڕو و وتی: "کێشەیەکی گەورەمان هەیە، نزیکەی 83 ملیار دینار قەرزمان هەیە لە گەرمیان. لەو بڕە نزیکەی 78 ملیاری لای هاوڵاتیانە (47 ملیاری لای ماڵان، 15 ملیار بازرگانی، 8 ملیار و 700 ملیۆن پیشەسازی و زیاتر لە ملیارێکیش هی کشتوکاڵە)، تەنها 7 ملیار دینار لای دامودەزگا حكومییهكانه".
لەبارەی شێوازی وەرگرتنەوەی پارە لە پرۆژەی روناکیدا، وتی: لە پرۆژە نوێیەکەدا سیستمەکە دەکرێتە ئەلیکترۆنی و بانکی، هاوڵاتی دەتوانێت راستەوخۆ پارە بنێرێت. "هەر هاوڵاتییەک سێ مانگ لەسەر یەک پارەی کارەبا نەدات، لەڕێگەی بەشی کۆمپیوتەرەوە پێوەرەکەی دەکوژێنرێتەوە".
نەخشەڕێگای "پرۆژەی روناکی" لە گەرمیان؛ لە مانگی چوارەوە دەستپێدەکات
سەبارەت بە وادەی جێبەجێکردنی پرۆژەی روناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، حازم کەریم وردەکاریی دابەشکارییە جوگرافییەکانی ئاشکرا کرد.
بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان وتی: بەپێی دواین زانیاریی تیمەکانی پرۆژەی روناکی، گەرمیان دابەشکراوە بەسەر 5 زۆندا (زۆنی 1 و 2: کەلار، زۆنی 3: رزگاریی، زۆنی 4: کفری، زۆنی 5: ناحیە و گوندەکان).
وتیشی: بەپێی ئەو بەڵێنەی پێماندراوە، بڕیاروایە لە مانگی 4ـی ئەمساڵەوە وەک هەنگاوی یەکەم، پرۆژەکە لە زۆنی 1 و 2ـی کەلار جێبەجێ بکرێت و کارەبایان ببێتە 24 کاتژمێری.
پرۆژەکە گوندەکانیش دەگرێتەوە و هەر بەشداربویەک لە هەرێمی کوردستان کارەبا بەکاربهێنێت دەبێت لەچوارچێوەی ئەم سیستەمەدا پێوەری زیرەکی بۆ دابنرێت.
دۆخی کارەبا لە زستان لەنێوان شار و کێشەی کارەبای گوندەکان
سەبارەت بە دۆخی ئێستای کارەبا، حازم کەریم دەڵێت: لە زستاندا بەتایبەت لە مانگەکانی 12 و 1، توانیومانە تێکڕا 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دابین بکەین. پشکی گەرمیان بەپێی بەرهەمهێنانی گشتی دەگۆڕێت، بەڵام بە تێکڕا 100 بۆ 120 مێگاواتمان بەردەکەوێت.
وتیشی: لەم زستانەدا لۆد زۆر بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 270 بۆ 280 مێگاوات، بەڵام ئەگەر بە بەردەوامی 150 بۆ 160 مێگاواتمان پێ بدەن، دەتوانین 24 کاتژمێر کارەبا دابین بکەین و سەقامگیری هەبێت.
لەبارەی دابەشکردنی کارەباوە، بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان رونیکردەوە: سێ گروپی ناوشار و یەک گروپی گوندەکانمان هەیە. گوندەکان لە 5ـی ئێوارە بۆ 5ـی بەیانی (12 کاتژمێر) کارەبایان پێ دەدرێت، چونکە زۆربەیان مۆلیدەیان نییە. ههرچی ناوشاریشه کارەباکەی پچڕپچڕە.
لەبارەی پچڕانی کارەبای گوندەکان لەکاتی بارانباریندا، وتی: بەهۆی درێژی هێڵەکانەوە (وەک هێڵی مەیدان بۆ کوردەمیر کە 70 کیلۆمەترە)، بەهۆی باران و هەورەبروسکەوە هێڵەکان توشی کێشە دەبن، هاوکات تێکچونی ڕێگای گوندەکان بەهۆی بارانەوە وادەکات تیمەکانی چاککردنەوە نەتوانن بەزویی بگەنە شوێنەکە.
پرۆژە راگیراوەکان و نەبونی نەختینە
سەبارەت بە گەیاندنی کارەبا بۆ گوندەکان، حازم کەریم ئاشکرایکرد: پرۆژەی گەیاندنی کارەبا بۆ 24 گوند هەبوە، زۆربەی تەواو بوە تەنها دو گوند ماوە کە بەهۆی نەبونی نەختینەوە کۆمپانیا کارەکەی راگرتوە.
وتیشی: کۆمپانیاکە نزیکەی ملیارێک دیناری ماوە و بۆی خەرج نەکراوە، ئەگەر مانگانە 50 بۆ 60 ملیۆنیشی پێ بدەین دەستبەکار دەبێتەوە.
کێشەی ڤۆڵتییە و وێستگەکان
لەبارەی چارەسەری لاوازی ڤۆڵتییە لە ناحیەکان و بەتایبەتی ناحیە دورەدەستەکان، حازم کەریم بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان، وتی: کێشە کە پەیوەندی بە دورییەوە هەیە، بۆ چارەسەر وێستگەی مۆبایلی کەلارمان گواستەوە بۆ ناحییهى باوەنور. بۆ ناحیهى كۆكسیش داوای گۆڕینی وێستگە 10 مێگاییەکەمان کردوە بۆ 45 مێگا. هەروەها لە ناحیهى زینانه "نەوجول" سەرقاڵی راکێشانی هێڵێکی 33ـین تا وێستگە مۆبایلەکەی بۆ بگوازینەوە، بەڵام بەهۆی نەبونی پارەوە کە تێچوەکەی نزیکەی 400 ملیۆن دینارە، کارەکە وەستاوە.
وزەی خۆر؛ ئاگادارییەک بۆ هاوڵاتیان
لەبارەی سیستمی وزەی خۆر (سۆلار)، حازم کەریم رەتیکردەوە هیچ باجێک خرابێتە سەر ئەو سیستمە و وتی: داوا دەکەین هەرکەسێک سۆلار دادەنێت سەردانمان بکات و فۆرم پڕبکاتەوە، ئەمە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیە، چونکە ئەگەر تۆمار نەکرابێت، ئەو کارەبا زیادەیەی دەیخاتە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە بۆی هەژمار ناکرێت و دەفەوتێت، بەڵام ئەگەر تۆمار کرابێت، زیادەکەی بۆ دەگێڕدرێتەوە و لە پارەی کارەبای حکومی بۆی دەشکێنرێت.
ئاشکراشیکرد، دیراسەی پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی 25 مێگاواتی وزەی خۆریان کردوە لەسەر روبەری 300 دۆنم زەوی.
خانەنشینبون و مەترسی پەککەوتنی تیمەکان
بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان ئاماژهى بهوهدا خانەنشینبونی فەرمانبەرانیان، کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست کردون.
حازم کەریم، وتی: تەنها لە ساڵی 2025ـدا 93 فەرمانبەرمان خانەنشین بون کە دەکاتە 15٪ـی کۆی فەرمانبەران. ئێستا ئۆتۆمبیلی "سەبەتە"ـمان هەیە و شۆفێرمان نییە لێی بخوڕێت، تیمەکانمان بەرەو پیربون دەچن و کاری ئێمەش هێز و بازوی دەوێت.
باسی لهوهشكرد: هیچ کەسێک له شوێنى خانهنشینبوهكان دانەمەزراون، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر خێرایی چاککردنەوەی کارەبا هەبوە.

کۆبونەوەی تیمی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵلەسهر داخستنى نهمامگهى رزگاریی شارهوانى قهزاكه رونكردنهوه دهدات
-
-
هەواڵهاتوچۆى گهرمیان ماتۆڕسکیلە دیلیڤەرییەکان تۆماردەکات
-
-
هەواڵلقی گەرمیانی سەندیكای كرێكاران: دادگا سزای ئەو خاوەنکارانە دەدات کە موچەی کرێکارەکانیان زیاد ناکەن
-
-
هەواڵلەکەلار کێشەی کەمبونەوەی دراوی ۲٥۰ دیناریی سەرهەڵدەدات
-
-
هەواڵوردبینییکردن و قەرەبو هۆکاری دابەشنەکردنی زەوییە لە کفری
-