د. سەردار عەزیز
کە لە کوردستان بووم ڕوداوێک لە گەرمیان ڕویدا بوە مایەی پەشۆکان. لە گوندێک، کە دوو عەشیرەتی جیاواز دەژیان، لە سەر زەوی و خاوەندارێتی بوو بە شەڕیان، عەشیرەتێک بۆسەی بۆ ئەوانیتر داناو سێ براو ئامۆزایەکیان کوشت. ئامۆزاکە زاوای براکانیش بوو.
ئەم ڕوداوە هێندە چڕ و دەوڵەمەندە بە داتا، پێویستت بە توانا و زانایی و پشوو درێژی فۆکۆیانەیە بۆ تێگەیشتن لێی. با کەمێک لێرەدا بوەستین. بچین بۆ بابەتێکی تر کە ڕەنگە دوور و نزیک پەیوەندییان نەبێت بەڵام پاشان دەردەکەوێت کە پەیوەستن، بە تایبەت کاتێک دێتە سەر مەدەنیەت.
خەڵاتی نۆبڵی ئابوری ئەمساڵ بۆ سێ ئابوری ناس بوو، کە یەکێکیان یویل مۆکیر Joel Mokyr بوو.
کارەکانی ئەو ئابوریناسە لە بواری مێژوی ئابوریدایە بە تایبەتی وەرچەرخانە گەورەکان و گەشەی زانست و تەکنەلۆجیا و شۆرشی پیشەسازی. لە یەکێک لە وانەکانی لە ئێل ئێس ئی یان قوتابخانەی لەندەن بۆ ئابوری باس لەئەوە دەکات بۆچی چین، تەنانەت کۆمەڵگای ئیسلامی سەردەمی عەباسی لە پێش ئەورپاوە بوون، بەڵام ئەوان لە گەشە وەستان، ئەوروپا پێشکەوت.
کرۆکی تێزەکەی یوێل ئەوەیە کە بەهۆی کڵێساوە، بە تایبەتی ئاینی کاتۆلیکی، لە ئەوروپا، خێڵ و تیرە بەرەو لاوازیی و نەمان چوون، لە جێگایاندا خێزان بوو بە یەکەی سەرەکی کۆمەڵگا. بەڵام لە چین تیرە و خێڵ و عەشیرەت مایەوە.
کاتێک ئەوروپا بوون بە خێزانی، هەروەها بەهۆی ئاینی کاتۆلیکەوە کە ڕێگەی نەدەدا ئافرەتی شوو کردوو و خاوەن منداڵ کار بکات، یان تەڵاق نەبوو، هەروەها فرە ژنی نەبوو، هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە خێزان بچوک بێت و ئافرەت درەنگ شوو بکات و زۆر خەسڵەتی تر.
بوونی خێزان بە یەکەی سەرەکی زۆر جودایە لە بونی عەشیرەت، چونکە خێزان بچوکە، توانای زۆر کاری نیە کە بە عەشیرەت دەکرێت. بە پێچەوانەوە عەشیرەت و خێڵەکان ئەوەندە گەورەن کە بتوانن زۆر کار بکەن، وەک پاوان، پاراستن، شەڕ، ژن و ژنخوازیی. ئەمەش جۆرێک لە یەکەی سەربەخۆ دروست دەکات. بەڵام خێزانەکان و پاشان تاکەکان، ناتوانن زۆر لەم کارانە بکەن. لە ئەنجامدا لە ئەوروپا خێزانەکان ناچاربوون یەکەی پێکەوەیی لە سەر بنەمای کار و مەبەست و ئامانج دروست بکەن.
ئەمەش هۆکاری سەرهەڵدانی مەدەنیەتە. مەدەنیەت بە پێچەوانەی یەکە نامەدەنییەکان، کراوەیە بۆ هەموان، ئەگەر بخوازن یان مەبەستیان بێت. جیاکاریی و شەڕخوازێتی تیادانیە بە گشتی. خەڵک لە سەر بنەمای بەرژەوەندی یان کاری هاوبەش پێکەوەن نەک لە بەر بنەمای خوێن یان ژن و ژنخوازیی.
بەلای یوێلەوە، ئەم وەرچەرخانە هۆکاری سەرهەڵدانی دەزگا و شۆرشی پیشەسازی و زۆر کاری تر بوون. دیارە کاتێک داهێنانێک دەبێت، کار و بواری تر بەهێز دەکات. بۆ نمونە کاتێک کە چاپخانە دێتە ناوەوە، کەڵەکەبوون و بڵاوبونەوەی زانیاری ئاسان دەبێت.
بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان.
ئەوەی بۆ من جێگای تێڕامان بوو لە گەرمیان ئەوەبوو کە شەڕی نێوان ئەو دوو گروپە وەک شەڕی نێوان دوو عەشیرەت باس دەکرا. لە ڕاستیدا عەشیرەت لە زیندوبونەوەیەکی سەیردایە. ئەم زیندوبونەوەیە لە لایەن هێزە زاڵەکانی کۆمەڵگا هاندەدرێت بە مەبەستی ڕێگری لە سەرهەڵدانی مەدەنیەت. لە هەمانکاتدا بۆ دروستکردنی پەرتبون و ململانێ و بڵاوبونەوەی ڕق. بۆ نمونە هەرگیز بیستوتە کە دوو عەشیرەت یەکیان گرتبێت، یان بوبن بە خاوەن پرۆژەیەکی هاوبەش، نەخێر. بەڵام بەردەوام هەواڵی شەڕ و ململانێ و پێکدادانی عەشیرەتەکان دەبیستیت.
دیارە لە کوردستان نەک هەر عەشیرەت، بەڵکو زۆر خەسڵەتی تر لە گەشەدان لە دژایەتی هەموو پێکەوەبونێکی مەدەنی دەکەن.
دەبێت ئەوە بزانین کە هەتا ئەم چەند دەیەی پێشوو، هێرشی عەشیرەتەکان بۆ سەر یەکتر و کوشتن و بردنی ماڵ و منداڵی یەکتر بەشێکی سەرەکی ژیان و ژیاری ناوچەکە بووە.
حەنا بەتاتو بە جوانی باسی ئەمە دەکات کاتێک باس لە جوتیارانی عێراق و سوریا دەکات.
کاتێک عەشیرەت زاڵە، ئەوا بە هیچ جۆرێک ڕێکخراوی مەدەنی بونی نابێت. بۆ نمونە ژینگە، ئابوری، ژێرخان، گەشە، زانست، بوارگەلێک نین عەشیرەت بیری لێبکاتەوە، بەڵکو زیاتر جەخت لە سەر چەک و پارە و لایەنگریی سیاسی دەکەنەوە. چەک و پارە و لایەنگری سیاسیش لای حیزبە گەورەکانە.
لە ئەنجامدا گرژی هەمیشەیی، پەرتەوازەیی، چەکداریی، ململانێ، دژایەتی، ئەمانە هەمو دەبنە خەسڵەتی کۆمەڵگا لە بری پێکەوەبون، متمانە، گۆڕینەوە، لەخۆگریی و یەکسانی.
- دوایین بابەتەکان
-
بەرنامە٤٠ پرۆژەن یان ١٩؟ لەسەر جیاوازیی ژمارەی مۆڵەتی پرۆژەکان وەبەرهێنانی گەرمیان رونکردنەوە دەدات
-
-
بەرنامەلە گەرمیان هاوڵاتیان کارەبای سۆلار بە حکومەت نافرۆشن
-
-
هەواڵبە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کارکردن لە دروستکردنی پارکە خێزانییەکەی کەلار رادەگیرێت
-
-
هەواڵپەروەردەی گەرمیان: نەوتمان بۆ هەمو قوتابخانەکان دابینکردوە
-
-
هەواڵسەرۆکی شارەوانی: شوێنی بەقاڵەکانی رزگاریی نەگونجاو بو بۆیە گواستمانەوە
-
زۆرترین بینراوەکان