چواره‌مین كۆنفرانسی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌چو

2023/09/28    662 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانـى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگ، به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، چواره‌مین كۆنفرانسی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی رێكخست كه‌ تایبه‌ت بو به‌ پرسی به‌شدارییپێكردنى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ دروستكردنى بڕیاری حكومیی دا.
 
له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كه‌ 28 به‌ڕێوبه‌رى حكومیی و چالاكوان تیایدا به‌شداربون، له‌سه‌ره‌تاى دا زریان محه‌مه‌د- ئه‌ندامى ده‌سته‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، باسێكى له‌باره‌ى یه‌كه‌كه‌وه‌ پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ى به‌ ئامانجه‌كانى یه‌كه‌كه‌ كرد، له‌وانه: بره‌ودان به‌ چه‌مكى حكومه‌تى باش، بره‌ودان به‌ پرۆسه‌ى چاودێرییكردنى حكومه‌ت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌وه‌ و گرتنه‌به‌رى زیاتری بنه‌ماى شه‌فافیه‌ت، دروستكردنى رایه‌ڵه‌یه‌ك له‌نێوان حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، بۆ ئه‌وه‌ى له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌تى زیاتری كۆمه‌ڵگه‌ بكرێت.
 
پاشان جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان- رامیار عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و پشتگیریی خۆی له‌ ئه‌نجامدانى وه‌ها چالاكییه‌ك ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ به‌شدارییپێكردنى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى له‌ كاروباره‌كانى حكومه‌تدا پێویست و گرنگه‌.
 
وتیشی: سازدانی ئەم جۆرە کۆنفراس و چالاکیانە رۆڵی ئەرێنی و باشی دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان رێکخراوەکان و دامودەزگاکانی حکومەت دیارە ئەوەش بەئامانجی باشترکردنی کار و پرۆژەکانی حکومەت و بڕیاردانی دروست.
 
دوابەداوی ئەوە سیمینارێك له‌لایه‌ن سامان عه‌زیز- ئه‌زمونگه‌ر له‌ بوارى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌وه‌ پێشكه‌شكرا له‌باره‌ى پرسی به‌شداریی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى له‌ بڕیاری حكومه‌تدا، تیایدا ئاماژه‌ى به‌ هه‌ندێك بنه‌ماى پیشه‌یی كرد له‌م نێوه‌نده‌دا، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ راوێژ و به‌شداریی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى، حكومه‌ت ناتوانێت حكومه‌تێكى باش بێت و خزمه‌تگوزارییه‌كانى به‌ باشیی بگه‌یه‌نێت.
 
دواتر پانێڵێك به‌ڕێوه‌برا له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوس: گه‌رمیان حه‌مه‌پور، كه‌تیایدا هه‌ریه‌كه‌ له‌: شادیه‌ حسێن- به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان، ئه‌یاد محه‌مه‌د- چالاكى مه‌ده‌نی و عه‌لی خورشید- سه‌رۆكى شاره‌وانى كفری قسه‌یان له‌باره‌ى گرنگیی به‌شدارییپێكردنى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ بڕیاری حكومی دا كرد و باسیان له‌و ئاسته‌نگ و ئاله‌نگارییانه‌ كرد كه‌ له‌مڕوه‌وه‌ بونى هه‌یه‌.
دواتر به‌شداران له‌ چالاكوانانى مه‌ده‌نی و به‌ڕێوبه‌رانى حكومیی، هه‌ریه‌كه‌و له‌لای خۆیه‌وه‌ باری سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانى خسته‌ڕو.
 
كۆتا بڕگه‌ى كۆنفرانسه‌كه‌ش، بریتیی بو له‌ ئه‌نجامدانى وۆركشپۆپێك، كه‌تیایدا به‌شداران له‌ رێگه‌ى 4 گروپه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ى سه‌ره‌نج و راكانیان كرد له‌باره‌ى ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى كه‌ له‌ پرۆسه‌ى به‌شدارییپێكردنى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ بڕیاری حكومى دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ك پێشنیاز و راسپارده‌كانى خۆشیان خسته‌ڕو له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چۆن بره‌و به‌م به‌شدارییه‌ بدرێت و چ ئالیه‌تێك بگیرێته‌به‌ر.
 
ئه‌م كۆنفرانسه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چالاكیه‌كانى پرۆژه‌یه‌كى رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED ئه‌مریكی كه‌ له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانه‌وه‌ ئه‌نجامى ده‌دات.
 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,210     ژمارەی میوان 443