رادیۆی ده‌نگ
یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان گفتوگۆیه‌كى سه‌باره‌ت به كێشه‌كانى كه‌رتى ته‌ندروستى له گه‌رمیان ئه‌نجامدا، به‌شداران جه‌ختیان كرده‌وه له‌وه‌ى نه‌بونى: بودجه، پلان، به‌دواداچون و لێپرسینه‌وه، هۆكارن بۆ خراپبونى دۆخه‌كه.
له‌و گفتوگۆیه‌دا كه ئه‌مڕۆ (28ـى شوباتى 2023) له هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانى رادیۆی ده‌نگ به‌ڕێوه‌چو، هەریەکه له: د.حارس محه‌مه‌د- بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى گشتی کەلار، رەفیق قادر- بەرپرسی بەشی کردەپزیشکیەکانی ته‌ندروستى گەرمیان، ئەیاد محه‌مه‌د- چالاکوان و سومەیە ساڵح- رۆژنامەنوس به‌شدار بون.
نەبونی بودجە و بێ پلانی، نەبونی چاودێری و لێپێچینەوە لەخودی کارمەندان، لەو کێشە زەقانەن کە هەردو بەرپرسەکەی تەندروستی گەرمیان جەختیان لێکردەوە.
د. حارس محه‌مه‌د، باسی لەوەکرد: گرفتی بودجە کێشەیەکی گەورەیە کە هیچ کات بەپێی پێویست نەتوانراوە بۆ پڕ کردنەوەی پێداویستیەکانمان دابین بکرێت.
دەشڵێت: لەم دۆخەدا باشتروایە بەنەخۆش بڵێین بڕۆنە ماڵەوە نەک بێن بۆ ئەو نەخۆشخانەیه‌ی کە هیچ چارەسەرێکی تێدا نیە.
نەخۆشخانەی گشتی کەلار ئه‌گەرچی هەفتانە 6 بۆ 7 ملیۆن دینار داهاتێتى، پێویستی مانگانەشی تەنها 10 ملیۆن دینارە، بەڵام د. حارس محه‌مه‌د رەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵکو داهاته‌كه راسته‌وخۆ دەچێتەوە وەزارەت.
لایخۆشیانه‌وه هه‌ریه‌كه له ئه‌یاد محه‌مه‌د و سومه‌یه ساڵح، ژماره‌یه‌ك پرسیار و تێبینی و سه‌رنجیان روبه‌ڕوى هه‌ردو به‌رپرسه‌كه‌ى ته‌ندروستى گه‌رمیان كرده‌وه.
ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه دۆخی ته‌ندروستى له ناوچه‌كه‌دا رۆژ دواى رۆژ خراپتر ده‌بێت و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆرتر له‌سه‌ر هاوڵاتیان به‌جێدێڵێت.
بێپلانی و کەم رۆڵی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بەوتەی رەفیق قادر، بەرپرسی بەشی کردە پزیشکیەکان له ته‌ندروستى گه‌رمیان، هۆکاری کەڵەکەبون و زیاتر بونی کێشەکانی کەرتی تەندروستیە.
وتی: تەندروستی گەرمیان رۆڵێکی لاوازی هەیە بۆ چارەسەرکردن و هیچ پلانێکیشی نەبوە و هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌كیشی نه‌بوه، کە ئەوەش هۆکارە بۆ زیاتر تێکچونی کەرتی تەندروستی و گیرۆدەبونی بەچەندین کێشە.
له‌باره‌ى كێشه‌كانى به‌شه‌كه‌شیانه‌وه، وتى: ئێمە ئه‌مبوڵانسەکانمان هیچ مەرجێکی تەندروستی نیە، هاوشێوەی ئۆتۆمبیلێکی ئاساییە کە نەخۆشێکی پێدەگوێزرێتەوە.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی، جگه له‌وه‌ش چالاكى دیكه‌ى وه‌كو: كۆنفرانس، كۆبونه‌وه و گفتوگۆى كراوه و به‌دواداچونى مه‌یدانى له‌باره‌ى پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كان به حكومه‌ته‌وه له سنوره‌كه، ئه‌نجام ده‌دات.