د. شێرکۆ نەریمان سوبحان*
دانپێدانانی زانکۆکان بریتی نییە لە پێدانی نوسراوێکی فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە. پرۆسەکە نەک هەر یەکجار نییە، نەک هەر ساڵانەش نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژانەیە. لەڕوی حەقیقیەوە، پڕۆسەی دانپێدانان پرۆسەیەکی زانستی و ئەکادیمی و دامەزراوەیی و یاساییە، نەک پرۆسەیەکی سیاسی. رۆژانە دەبێت ئەم پرسانە گرنگیان پێبدرێن، نەک پێشێل بکرێن! "اعتراف" شتێک نیە پێت بدرێت، بەڵکو پرۆسەیەکە رۆژانە بەدەستی دێنیت! واتا ناپاڕێیتەوە لە بەرامبەرەکەت، بەڵکو بە ئیشکردن ناچاری دەکەیت دانت پێدا بنێت!
کاتێک ئەم پرۆسەی دانپێدانانە بەرەو پرۆسەیەکی سیاسی دەبرێت، واتای خۆدزینەوەیە لە کایە زانستی و ئەکادیمی و دامەزراوەیی و یاساییەکانی ناو خودی زانکۆ، نەک دەرەوەی زانکۆ. ئەوەی کە ئێستا هەیە تەنها دانپێدا-نە-نانی سیاسی نییە، بەڵکو ئەوەی لە داهاتودا وەردەگیرێت، دانپێدا-نانی سیاسی دەبێت. چۆن؟!
پرۆسەی زانستی: کاتێک زانکۆیەک کەشێکی زانستی لەبار نەخولقێنێت بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و خوێندکارانی، واتای ئەوەیە کە خودی زانکۆکە خۆی دان بە گرنگی زانستی زانکۆکەدا نانێت! ئیتر بۆچی لۆمەی دانپێدا-نە-نانی عێراق بکرێت؟!
پرۆسەی ئەکادیمی: کاتێک زانکۆیەک پڕ بێت لە کەسانێک لە سەر بنەمای نا ئەکادیمی کاربکەن، چۆن دانپێدانانەکەی نابێت بە سیاسی؟!
هەندێک کەسایەتی هەیە ئەگەر دەرچوی زانکۆکانی ئەوروپاش بێت، هەر نابێت بە ئەکادیمی. نابێت کەسێک هەمو ژیانی لە کاتی گەنجێتی و خوێندنی بەکالۆریۆس بە ئیهمالی و تەمەڵی بردبێتەسەر و بە پەنجا و خولی دوەم دەرچوبێت، ئەم کەسە رێنمایی بۆ دەربکرێت یان دبلۆمێک بخوێنێت و ببێتە ستافی ئەکادیمی. ئەمە بە یاسا رێکخراوە. لە قانونی خزمەتی زانکۆیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئەوەی دەبێتە ئەکادیمی دەبێت لە گشت قۆناغەکانی خوێندنی نمونەیی بێت.
پرۆسەی دامەزراوەیی: کاتێک زانکۆیەک پڕبێت لە کاری کەسێتی و پەیوەندی نادامەزراوەیی، کاتێک زانکۆ بە هێزی کارۆموگناتیسی تەلەفۆن دەبرێتەڕێوە، کاتێک زانکۆ بە شێوەی هەرەمی (هایرارکی) شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو هۆبەکان و دەستدەخاتە ناو کاروباری تۆماری کۆلێج و گواستنەوە و ئامادەبونی خوێندکاران، ئەم زانکۆ بە چی حەقێک داوای دان-پێ-دا-نان دەکات؟!
پرۆسەی یاسایی: کاتێک زانکۆیەک، پێشێلی رێنمایی و یاساكانی خوێندنی باڵای عێراق و کوردستان و پەرلەمانی خۆی دەکات، ئەمە واتای ئەوە نییە کە خۆی "اعتراف" بە خۆی ناکات؟! کاتێک زانکۆیەک دەرماڵەی مامۆستایانی لەدەرەوەی یاسا و رێنمایی دەبڕێت، کاتێک بەشی یاسایی و تۆماری گشتی زانكۆیەک تەداخولی فەسڵکردنی خوێندکاری سەرپێچیکار دەکات، ئەمە چۆن چۆن دەبێتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و چۆن چۆنی اعتیرافی پێ بکرێت کە ئەمە دامەزراوەیە؟!
داهاتوی دانپێدانان:
کەواتە کاتێک زانکۆیەک پرۆسە زانستی و ئەکادیمی و دامەزراوەیی و یاساییەکانی ناو زانکۆکە خۆی پێشێل دەکات، بەڵام لە لایەن خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانان وەردەگرێت، ئەمە دانپێدانانێکی سیاسی دەبێت، نەک دانپێدانانی زانستی. دانپێدانانی زانستی ئەوەیە کە رۆژانە لە ناو هەناوی زانکۆکە خۆیەوە هەڵدەقوڵێت.
سەردانی مەیدانی و "اعتراف":
پرۆسەی "اعتراف" بە سەردانی مەیدانی و تەشریفاتی و پەیوەندی نادامەزراوەیی لەگەڵ ناوەوە و دەرەوەی زانکۆ بەدەست نایەت. بە پێچەوانەوە، کارگێڕیی زانکۆ لەسەروی هەرەمەوە تا خواری هەرەمەکە، دەبێت هەر کەس سنوری خۆی بزانێت، هەر کەس ئیشی خۆی بکات. نەک هەر نابێت بڕواتە دەرەوەی زانکۆ، بەڵکو بە بڕوای من دەبێت خۆی لە ناو ژورەکەی قەتیس بکات و دەست بگرێت بە یاسا و رێنماییەوە. ئەوەندە ئیشوکار بکات، تا نەک عێراق، بەڵکو جیهان "اعتیرافی" پێبکات!
هیچ زانکۆیەکی جیهانی نییە سەرۆکی زانکۆ و راگرەکەی ژوری خۆی بەجێبهێڵێت و بڕوات بۆ سەردانی مەیدانی و تەشریفاتی. بڕۆن سەیری وێبسایتی زانکۆکانی جیهان بکەن، بزانە کەس هەر دەزانێت کێ سەرۆکی زانکۆ و راگرە؟! کاری ئەکادیمی چی پەیوەندی بە سەردانەوە هەیە؟! سوێند بەخوا، نزیکەی پێنج ساڵ لە زانکۆی نیوکاسڵ، ئێستاش نەمزانی سەرۆکی زانکۆکە ناوی چیە! تا شەش مانگ وامزانی راگرەکەمان کارگوزارە!
دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی:
دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی پرۆسەیەکی زۆر جیاوازە، بە شێوەیەک ئەگەر هەمو زانکۆکە دانپێدانان بە دەستبهێنێت، هی کۆلێجی پزیشکی جیاوازە. دەکرێت زانکۆ "اعتیرافی" نەبێت، بەڵام کۆلێجی پزیشکی هەیبێت. دەکرێت زانکۆ "اعتیرافی" هەبێت، بەڵام کۆلێجی پزیشکی نەیبێت.
دانپێدانانی کۆلێجی پزیشکی لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق (NCAMC)ـەوە دەبێت کە راستەوخۆ پەیوەستە بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نەک وەزارەتی خوێندنی باڵا. ئەم ئەنجومەنە پێوەری خۆی هەیە بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکان کە پەیوەستە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە. پێوەرەکانیش بریتین لە: دیدگای کۆلێج، پرۆگرامی خوێندن، هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان، ستاف، خوێندکار، دارایی، کارگێڕیی و سەرچاوەی فێرکردن.
* پرۆفیسۆر، کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵلەنێوان دەزگای بارزانی و وەزارەتی پەروەردە؛ کێ قوتابخانەکەی لانەسیتی دروست دەکات؟
-
-
هەواڵبەڕێوبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان لەبارەی دەسترێژی گولە لە ئەفسەرێکی رونکردنەوە دەدات
-
-
هەواڵبە ٢٩ فیشەک دەستڕێژی گولە لە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی گەرمیان دەکرێت
-
-
هەواڵشوێنەواری گەرمیان لە بارەی شوێنەوارە نوێیەكەی جۆگەی گاور دەڵێت: دەكرێت بە پڕۆژەی گەشتیاریی
-
-
هەواڵقەرەباڵغیی ساڵانەی لیژنەی پزیشکیی گەرمیان؛ تەندروستی بەڵێنی چارەسەر دەدات و هۆکارەکەش دەخرێتە ئەستۆی قوتابخانەکان
-