بەهۆی ئامادەنەبونی پزیشکی بێهۆشکارەوە لە نەخۆشخانەیەکی کەلار نەشتەرگەریی ئەنجام نەدرا
هەواڵ
07:44PM - 2026-09-23 , بینین : 167


رادیۆی دەنگ

ئەمڕۆ بڕیار بو نەشتەرگەریی بۆ ژمارەیەک ژن لەنەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب لەکەلار ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەنجام نەدرا، وتەبێژی تەندروستی گەرمیانیش دەڵێت بەهۆی ئامادەنەبونی پزیشکی بێهۆشکاریی بوە و ئیجرائات دەکەین.

بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، ئەمڕۆ بڕیاربوە ژمارەیەک ژن کە پێشتر نۆرەیان بۆ دیارییکراوە، لەنەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان ومناڵبون لە کەلار، نەشتەرگەریی ئەنجام بدەن، بەڵام هیچ کام لە نەشتەرگەرییەکان ئەنجام نەدراون.

لەوبارەوە ئازاد حەمەفەرەج، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ۳ پزیشکی بێهۆشکار لە نەحۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیبدا هەن، بەڵام ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەکەدا نەبون.

وتیشی: ئەو پزیشکەی کە پێویست بو لەوێ ئامادەبێت نەهاتبو، بۆیە ئیجرائاتی پێویستی یاسایی بەرامبەر دەکرێت.

دەشڵێت: "قسەش لەگەڵ ئیدارەی نەخۆشخانەکە دەکەین بۆ ئەوەی رونکردنەوە بدەن ئایا بۆچی کەسی بەدیلیان نەناردوەتە جێگاکەی؟"

بەپێی وتەی وتەبێژی تەندروستی گەرمیان نەخۆشخانەکە هیچ پزیشکێکی میلاکی نییە، چونکە دو لە پزیشکە بێهۆشکارەکان خۆبەخشن و دانەیەکیان تەنسیبەو لە وەزارەتی پێشمەرگەوە هاتوە.