بەڕێوبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان لەبارەی دەسترێژی گولە لە ئەفسەرێکی رونکردنەوە دەدات
هەواڵ
11:42AM - 2026-10-12 , بینین : 509


رادیۆی دەنگ

دوای ئەوەی شەوی رابردو دەستڕێژی گولە لەئۆتۆمبێلی بەڕێوبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان کرا و نزیکەی ۳۰ فیشەکی پێوەنرا، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان رونکردنەوە لەبارەی روداوەکە دەدات و وردەکاریی دەخاتەڕو.

پێشتر رادیۆی دەنگ بڵاویکردەوە کە دوای ئەوەی شەوی رابردو بەرپرسی بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان لەکەلار، هەر لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا نزیکەی ۳۰ فیشەک دەنرێت بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە. روداوەکەش جگە لەزیانی ماددی، زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە.

عەمید فایەق عەزیز، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: نەقیب هاوڕێ جەلیل یەکێکە لە ئەفسەرە باشەکانی بەڕێوبەرایەتیمان و بەڕێوبەرێکی چالاکە، شەوی رابردو دوای هاتنەوەی لە ئەرکەکەی کاتژمێر ۲:۳۰ خولەکی شەو دەستڕێژی گولە لە ئۆتۆمبێلەکەی کراوە

وتیشی: کەسێک هاتوە بە ماتۆڕێکەوە نزیکەی ۳۰ فیشەک تەقاندوە و ۲۲ فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتوە، فیشەکانیش لە جۆری فیشەکی کڵاشینکۆف بون.

دەشڵێت: ئەوەندەی ئاگاداربم نەقیب هاوڕێ جگە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی بە دڵسۆزیی، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نییە.

بەپێی وتەی بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانی تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانن.

هاوکات سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لێکۆڵینەوە لەروداوەکە بەردەوامە و هەوڵدەدەین بەزوترین کات بکەری تاوانەکە دەستگیر بکەین.

↑