قەرەباڵغیی ساڵانەی لیژنەی پزیشکیی گەرمیان؛ تەندروستی بەڵێنی چارەسەر دەدات و هۆکارەکەش دەخرێتە ئەستۆی قوتابخانەکان
هەواڵ
12:58PM - 2026-10-11 , بینین : 88


رادیۆی دەنگ

ساڵانە لە كاتی پشكنینی چاوی خوێندكاراندا كە لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەردەگیرێن، قەرەباڵغیەكی زۆر لە لیژنەی پزیشكی هەمیشەیی گەرمیان دروستدەبێت، لێپرسراوی لیژنەكەش هۆكاری گرفتەكە بۆ قوتابخانەكان دەگەڕێنێتەوە، تەندروستی گەرمیانیش بەڵێنی چارەسەرکردن دەدات.

ئامانج سەڵاح، لێپرسراوی لیژنەی پزیشكی هەمیشەیی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: ساڵانە لە مانگی تەموز (٧)ـەوە، ئێمە نوسراو بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتیمان دەكەین و ئەوانیش گشتاندن دەكەن بۆ هەمو قوتابخانەكان، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە قوتابخانەكان چەند رۆژێك پێش دەستپێكردنەوەی دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكان خوێندکارەكان ئاگاداردەكەنەوە كە بڕۆن بۆ قوتابخانەكە و پشتگیریی وەرگرن، ئەمەش ئەو قەرەباڵغییە دروستدەكات کە باس دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد کە بەو هۆیەی لیژنەکە تەنها دەوامی بەیانیانی هەیە، فریای ئەو هەمو داواکاری پشکنینە ناکەوێت، بۆیە قەرەباڵغی دروستدەبێت.

هاوكات، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە هەوڵی دانانی چارەسەرێکدان بۆ کێشەکە.

ئازاد حەمە فەرەج، بە رادیۆی دەنگی وت: لە هەوڵداین بۆ چارەسەركردنی و چاوەڕوانین ئەگەر قەرەباڵغ بێت ئەتوانین شوێنی تریشیان بۆ بكەینەوە یاخود لە بەشی ئێواران پشكنینیان بۆ بكرێت.

↑