
سەرکەوت جەلیل
خوێندکاری دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی
ئەمڕۆ زۆر کەس دژی زۆر شتن. من دژی بەفیڕۆدانم بەگشتی؛ لە بەفیڕۆدانی ئاو و کارەباوە تا پیسکردن و تێکدانی ژینگە و بەهەندنەگرتنی کەرامەتی مرۆڤ. واتە هەم سەرچاوە مرۆییەکان و هەمیش سەرچاوە دارایی و سروشتییەکان، گرنگن و دەبێت دەستیان پێوە بگیرێت. بە دەربڕینێکی تر، نابێت بەفیڕۆ بدرێن، لەبەر هۆیەکی رەنگە سادە و بەڵگەنەویست: هیچکام لەو سەرچاوانە موڵکی بە تەنیا کەسێک نین و هی هەموانن. بۆیە هەرچۆن بەکار یان وەبەر دەهێنرێن، دەبێت رەچاوی سودی گشتی بکرێت. وەکچۆم دژی ئەوانەم، هاوکات دژی بەفیڕۆدانی هەندێک وشە و چەمکیشم، کە دەشێت دەلالەت و مانای مێژویی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت، بەو پێیەی بەشێکن لە ناسنامە و یادەوەریی دەستەجەمی. لێرەدا باسەکە لەسەر ناوی "ئەنفال"ە، کە هەندێک جار لە ناوەندە نافەرمییەکەدا بۆ مانا و مەبەستی تر بەکار دەبرێت. ئەوانەی من ئەو جۆرە بەکارهێنانەم لێ دیون، خوێنەوار و شارەزان لە بواری خۆیاندا، بۆیە نابێت وەها بەکارهێنانێکی هەڕەمەکیی ناوی ئەنفالیان بەسەردا تێپەڕێت.
لای هەر کەسێک ئەنفال هەر مانایەکی هەبێت، ئاساییە. چونکە وشەکە عەرەبییە و لە چەندان بەستێنی جیاوازدا بەکار هاتوە، هەر لە ئاینی ئیسلامەوە و وەک بەشێک لە ڕێنماییەکانی ئیسلام تایبەت بە چۆنێتیی بەشینەوەی دەستکەوتەکانی جەنگ (کە لە عەرەبی و بەستێنی شەرعیی ئیسلامدا، ئەوە ماناکەیەتی) تا دەگاتە زۆر لێکدانەوە و راڤەی جیاواز رەنگە لە بواری تری زانستە مرۆییەکاندا. بەڵام سەرباری هەر مانایەکی ئەو وشەیە دەکرێت هەیبێت، لای ئێمەی کورد مانایەکی تایبەتی هەیە. واتە لە باری زمانەوە هەر مانایەکی هەبێت، لە باری زاراوەییەوە "ئەنفال" ناوی ئۆپەراسیۆنێکی جینۆسایدییانەی هەشت قۆناغی بو لە ١٩٨٨ و لەلایەن رژێمی بەعسی عەرەبیی ئیشتراکیی عێراقەوە دژی کورد. بۆ ئێمە، هەرچۆنێکی حیساب بکەیت، لەوە کەمتر نییە. "ئەنفال" یەکێکە لە جینۆسایدەکانی مێژو. جینۆساید بۆ خۆی چەمکێکی گشتی و گشتگیرە، هەمو هەوڵێکی کوشتن و لەناوبردنی کۆمەڵێکی نەتەوەیی، ئاینی، ئیتنی یان زمانیی دەگرێتەوە. مشتومڕی ئەوەش هەیە، کە دەکرێت جگە لە کوشتنی بایۆلۆژی (جینۆسایدی بایۆلۆژی)، کوشتن و تێکدانی کەلتوری (جینۆسایدی کەلتوری)یش هەبێت. واتە "ئەنفال" جینۆسایدە، کوشتنی جوەکانی ئەوروپا لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە، کوشتنی توتسییەکان بە دەستی هوتوەکانی رواندا، کوشتنی بۆسنییەکانی سربیا، کوشتنی ئێزدییەکانی شینگال و دەوروبەری لەلایەن داعشەوە، جینۆسایدن. جینۆساید چەترێکە و هەمو ئەو کردارانەی دەچنە خانە و سایەی پێوەرەکانییەوە، دەگرێتەوە.
تا هەنوکە زیاد لە جارێک و لە زیاد لە بەستێنێکدا، وشەی ئەنفال بەکار هێنراوە، کە دەکرێت بوترێت "بەفیڕۆدان" یان "زێدە مەسرەفکردن"ی وشەکە بوە. بۆ نمونە، پێش چەند رۆژێک بەڕێز سۆران حەمە رەش لە بەرنامەیەکی کەناڵی زووم-دا، بردن و داگیرکردنی بەشێکی کەلتوری کورد(بەتایبەت دەڤەری گەرمیان)ی لەلایەن تورکەکانەوە، بە "ئەنفال" ناو برد. پێشتر تێکدانی روباری سیروان لە گەرمیان، بە "ئەنفال" ناو براوە. پێشتریش پەرلەمانتارێکی کوردی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، خنکان و ونبونی منداڵێکی لە قوڕولیتەی لافاوێکدا لە هەولێر، ناونا "ئەنفال".
رەنگە ئەرکی من نەبێت، گریمانەی نیازی ئەو بەڕێزانە بکەم، کە بۆچی و بە چ مەبەستێک زاراوەی "ئەنفال" لە غەیری بەستێنی خۆیدا بەکار دەبەن، بەڵام گومانێکیشم هەیە، گومانێکی باش. پێدەچێت ئەو بەڕێزانە لە گەورەیی "ئەنفال" تێگەشتبن، کاتێکیش هەر دیاردە یان روداوێکی پێ بەراورد دەکەن، دەیانەوێت بڵێن: ئەمەش وەک "ئەنفال" مەزنە، بۆیە دەهێنێت بەهەند بگیرێت و کاری لەسەر بکرێت. بەڵام ئەوەشی لێی دەترسم، دیوەکەی تری هاوکێشەکە، هەر راست و رەوایە. بەراورکردنی روداوێک بە جینۆسایدێک، چەندە روداوەکە هەڵدەکشێنێت و گەورەی دەکات، دەکرێت هێندەی ئەوەش جینۆسایدەکە بچوک بکاتەوە و بیخاتە ئاستی ئەو روداوەی پێی بەراورد کراوە. لەو نمونانەی باس کران، گەر "ئەنفال" وا بکات خنکانی منداڵێک لە لافاوێکدا، تێکدانی روباری سیروان، یان دزینی کەلتوری ناوچەی گەرمیان لەلایەن تورکانەوە، مەزن دەربکەون و ئەوان لە "ئەنفال"ەوە گوڕێکی زیاتر وەربگرن، دەبێت ئەوەش بخەینە تەرازوی هەڵسەنگاندنەوە کە "ئەنفال" بەو مەزنێتییەی خۆیەوە، دەخرێتە قاڵبی هەریەک لەو روداوانەوە. ناکرێت بە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بوترێت "ئەنفال"، وەکچۆن ناکرێت پێی بوترێت جینۆسایدیش، تەنیا لەبەر ئەوەی خەڵکێک لە حکومەت توڕەن.
ئاگادارم، دەشێت کەسانێک بڵێن "ئەم پێناسانە کێ دایهێناون؟ بۆچی دەبێت ئێمە پابەندی پێناسە و روانینێک بین، خۆمان رۆڵی راستەوخۆمان لە داڕشتنەوەیدا نەبوە؟" بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی هیچ پێناسەیەک نەبێت. بابەتی ئەوەی تا چەند لەگەڵ پێناسەی جینۆسایدداین، وەک ئەوەی لە پەیماننامەی رێلێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ١٩٤٨دا هاتوە، شتێکی ترە. بەڵام، بۆ نمونە وەک ئەوەی کەناڵێکی وەک "روداو" لەگەڵ ئاوارەبونی کوردانی خورماتودا کردی، کاتێک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا و بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم و پێشڕەویی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبییەوە، شارەکەی خۆیانیان جێهێشت، بێین و بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک بڵێین "ئەوەی لە خورماتودا ڕوی دا، جینۆساید بو"، ئەوەش ناکرێت. تێبینی و رەخنەکان لەسەر پەیماننامەی جینۆساید، زۆرن، بەڵام دەکرێت دو دانەیان باس بکرێن. یەک، جێنەکردنەوەی جینۆسایدی کەلتوری لە پەیماننامەکەدا، سەرباری ئەوەی یاساناسانی ئەودەم پێداگر بون کە دەبێت لە پێناسەی جینۆسایددا رەچاوی کەلتور (بۆ نمونە، کوێرکردنەوەی زمانی نەتەوە یان جڤاتێک) بکرێت. دو، دانانی مەرجی نیاز (intention، القصد) بۆ ئەوەی کردارێک پڕاوپڕ پێناسەی جینۆسایدی بەسەردا بچەسپێت. واتە جگە لەوەی کۆمەڵێک کوژراون، دەبێت ئەوەش بسەلمێنرێت، کە نیازی ئەنجامدەری تاوانەکە، لەناوبردنی هەمەکی یان هەندەکیی کۆمەڵی بەئامانجگیراو بوە. ئەوانە و جگە لە پرسی چەسپاندنی پەیماننامەکە و دادگاییکردنی تۆمەتباران و ... هتد.
لە پەیوەست بە مژارەکەی ئێرەوە، با "ئەنفال" و هۆلۆکۆست بەراورد بکەین. گەر بپرسین، ئایا تا ئێستا چەند کورد ناوی هۆلۆکۆستیان بۆ وەسفکردنی "ئەنفال" بەکار هێناوە؟ ڕەنگە نزیک بێت لە سفرەوە. ئەی ئایا بەپێچەوانەوە، چەند کورد ناوی "ئەنفال"یان لە کاتی باسکردنی جینۆسایدی جوەکاندا بەکار هێناوە؟ ڕەنگە دیسان نزیک بێت لە سفرەوە. بەڵام بۆچی؟ چونکە هەریەک لەو دو وشەیە، لەوە کەوتون تەنیا دو وشەی زارەکیی سادە و رۆژانەیی بن؛ بون بە زاراوەگەلێک کە دەلالەتی مێژویی تایبەت بە خۆیانیان وەرگرتوە. وەکچۆن ئەنفال لە باری زمانییەوە، ماناکەی رونە و هەمو کەس دەتوانێت بەکاری بهێنێت (تەنانەت کەسێکی عەرەبی خەڵکی باقوبە دەناسم، ناوی ئەنفال-ە)، بە هەمان شێوە، هۆلۆکۆستیش لە بنەڕەتدا یۆنانییە (هۆلۆکۆستۆس) و مانای "سوتنگە" یان"قوربانیی سوتێنراو" دەگەیەنێت (بە عەرەبی: المحرقة). ئەوەش جیایە لەو قوربانییە ئاساییەی بۆ خواوەندەکان دەکرێت، کە دەبنە بابەتی ژەمێکی ئاسایی خواردن، چونکە لەمیاندا قوربانییەکە دەسوتێنرێت و دەبێتە خۆڵەمێش. هەمان جۆری قوربانی، بەڵام بە ناوێکی تری عیبرییەوە، لە تەوراتدا هاتوە. هەندێک جار دەستەواژەی "هۆلۆکۆستی ئەتۆمی" بەکار دەهێنرێت، چونکە تەقاندنی هەر چەکێکی ئەتۆم، بە تیرەی چەند کیلۆمەترێک دەوروبەری خۆی تێکڕا دەسوتێنێت. بەڵام دوای دوەم جەنگی جیهانی و جینۆسایدی جوەکان، هۆلۆکۆست، بەتایبەت لە ئینگلیزی و زمانە لاتینییەکانی تریشدا، گەر بە پیتی گەورە بنوسرێت (Holocaust) لەو چێوە زمانییە گشتییە دەردەچێت و دەبێتە ناوی تاوانێکی دیاریکراو و کۆی ئەو پرۆسەی لەناوبردنە دەگرێتەوە، کە نازییەکان لە کۆلۆنییەکانی ئەوروپایاندا دەرهەقی جوەکان، بەڕێوەیان برد. واتە دەبێتە دالی جینۆسایدی جوەکان لە سەروەختی ئەو جەنگەدا. بە هەمان شێوەی ناوی گشتیی ئەنفال، گەر کەسێک لە وەسفی روداوێکدا وشەی هۆلۆکۆست بەکار ببات، ئاساییە. بەڵام بەپێی یاسا زمانییەکە، بەتایبەت لە زمانە لاتینییەکاندا (ئەوانەی بە ئەلفبای لاتینی دەنوسن)، دەبێت بە پیتی گەورە نەینوسێت، چونکە وەک وترا، نوسینی بە پیتی گەورە مانایەکی تایبەتی وەرگرتوە و بوەتە ناوی جینۆسایدێکی دیاریکراو لە شوێنکاتێکی دیاریکراودا.
بەم پێودانگە بێت، هەم "ئەنفال" و هەم "هۆلۆکۆست" کاتێک لە بەستێنی هەردو تاوانی جینۆسایدەکەدا بەکار دێن، واتە کاتێک بە مانا زاراوەییەکەیان بەکار دێن، دەبن بە دالێکی گەورەتر. وەکچۆن هەڵەیە گەر کەسێک بە ناوی کەسێکی ترەوە بانگ بکرێت، بۆ نمونە، بە 'کوردستان' ناوێک بوترێت 'خەبات'، یان گیانلەبەرێک بە ناوی گیانلەبەرێکی ترەوە بانگ ببرێت، بۆ نمونە، بە 'کەروێشک' بڵێین 'ئاسک'، ئاوەهاش گەر بە دیدێکی دیاریکراوی مێژوییەوە و لە بەستێنی جینۆسایددا، بە هەر دیاردە و روداوێکی تر بڵێین "ئەنفال"، هەڵەیە. گومانیش دەکەم ئەو بەڕێزانەی وشەکە بەکار دەبەن، مەبەستیان لایەنی فەرهەنگی و فراوانی وشەکە بێت، چونکە وەک وتم، ئەنفال لە عەرەبیدا واتە دەستکەوتی جەنگ. با بەو مانایە لێکی بدەینەوە، ئەو پەرلەمانتارەی بە خنکانی مناڵەکەی هەولێری وت ئەنفال، ئایا مەبەستی ئەوە بو بڵێت ئەو منداڵە پاشماوە یان دەستکەوتی جەنگە؟ باوەڕ ناکەم. دەکرێت گریمانی ئەوە بکەین، ئەو کەسانەی وشەکە بەکار دەهێنن، مەبەستیان دیوی زاراوەیی وشەکەیە، کە ئاماژەیە بۆ روداوێکی مێژویی گەلەکەمان و دەلالەتی خۆی هەیە، کە جیای دەکاتەوە تەنانەت لە جینۆسایدەکانی تریش. بۆ نمونە، "ئەنفال" و ئەوەی ئێزدییەکانیش هەرتکیان جینۆسایدن، بەڵام لە هەندێک روشەوە جیاوازن. یەکەمیان لەلایەن خودی دەوڵەت و سوپای عێراقەوە ئەنجام درا، بە فەرمانی خودی سەرەککۆمار (سەدام حسێن)، کەچی ئەوەی ٢٠١٤ی ئێزدییەکان، بە دەستی چەتەکانی داعش بو، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و خەمساردیی سوپای عێراق و بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە کە لە شینگالەوە نزیک و لەو ناوچەیە بەرپرس بون.
هەمو وشەکان سەرەتا ئاسایین، تا کاتێک کۆمەڵێک دەلالەتی گرنگ و تایبەت هەڵدەگرن. وشەکانی وەک ئەنفال، راپەڕین، سەرکردە، ئاشبەتاڵ، گێرەشێوێن، یان هەر یەکێکی تر، سەرەتا کە دروست دەبن، وشەگەلی رۆژانەیین. بەڵام کاتێک دێنە ناو دنیای رەمزیی مرۆڤەکانەوە، کاتێک دەبنە وەسف بۆ دنیایەکی لەوەی پێشتریان گەورەتر، یان دەبنە هەڵگری باری سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراو، یان روداوگەلی جیاوازیان پێوە دەئاڵێت، چیتر تەنیا وشەیەک نین، بەڵکو دەبنە چەمک یان کۆنسێپتێک، کە جیهان و یان ژیانی تایبەتی خۆیانیان دەبێت. بۆ نمونە، تا کاتێک لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردودا، ڕافائێل لێمکین چەمکی جینۆسایدی دانەتاشی (لە دو وشەی ‘جینۆس’ی یۆنانی بە مانای خێزان، بنەماڵە، خزم، یان نەژاد لەگەڵ وشەی 'ساید'ی ڕۆمایی بە مانای کوشتن)، جیهان بەو جۆرە لە تاوانی دەوت کوشتن و بەس. پاش داتاشینی چەمکەکە لەلایەن لێمکینەوە، پاشەوپاش زۆر روداوی پێشتر بە جینۆساید ناوبران، وەک قڕکردنی نیاندەرتاڵەکان، کوشتنی کەنعانییەکان بە دەستی ئیسرائیلییەکان، داگیرکردن و کوشتنی بەکۆمەڵ لە شاری قرتاج لەلایەن رۆماییەکانەوە لە ١٤٦ی پێش زاین، داگیرکاریی مۆنگۆلەکان و تەیموری لەنگ و زۆری تریش. لە سەروەختی دوەم جەنگی جیهانیدا، وینستن چەرچڵی سەرەکوەزیرانی بەریتانیا بە جینۆسایدی دەوت "ئەو تاوانەی ناوی نییە". بەڵام بێگومان پاش دروستبونی چەمکەکە و خەتوخاڵدانی، پاش دەرچواندنی پەیماننامەکەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ١٩٤٨، ناوێکی نوێ، چەمکێکی نوێ بە کۆمەڵێک خەسڵەت و دەلالەتی نوێوە بۆ وەسفکردنی روداوەکان، هاتە بون. لەوە بەدوا، نەدەکرا بە هەمو کوشتنێک بوترێت جینۆساید، وەکچۆن ناکرێت بەو کوشتنانەشی دەچنە چێوەی جینۆسایدەوە، بوترێت دزین، یان ساختەکردنی دراو. چونکە هەریەک لەو ناو یان چەمکانە، مانا و دەلالەتی خۆیانیان هەیە و ناکرێت تێکەڵ بکرێن. گەر ئەمە بۆ خودی چەمی جینۆساید، کە چەتر یان ناوی گشتیی تاوانەکەیە راست بێت، بۆ ئەو روداوانەی جینۆسایدیش، کە لە شوێنکاتی دیاریکراودا دەقەومێن، هەر راستە. واتە ناکرێت بە "ئەنفال" بوترێت هۆلۆکۆست، یان بە "هۆلۆکۆست" بوترێت ئەنفال.
وشە و چەمکەکان، هەروەک مرۆڤ، لەدایک دەبن، پیر دەبن، دەگۆڕێن و دەشمرن. ئەوەش رێسایەکی گشتی و ئاساییە. بەڵام لەو جێیەدا کە لەسەر مانای وشەیەک، یان پێناسەی چەمکێک، جۆرێک رێککەوتن هەیە، رێگەدان بە فەوزا تەنیا فەوزای لێ دەکەوێتەوە. وەکچۆن ناتوانین بە هەمو کوشتنێک بڵێین جینۆساید، ئاواش ناتوانین لە هەر شتێک ناڕازی بین، بڵێین "ئەنفال". وشەی تر زۆرن بۆ وەسفکردن و لێکدانەوەی مەبەستەکان و گەیاندنی پەیامەکان. هیچ پێویست ناکات بە دەستی خۆ، زمان و زیهنی خۆ بشێوینرێت و لە یەکێک لە گەورەترین یادەوەرییە دەستەجەمییەکانی ئەو گەلە لە چەند سەدەی رابردودا، بدرێت. جیاکردنەوەی مانای زارەکی و رۆژانەیی و فەرهەنگیی وشەکان لە مانا تەکنیکی و زاراوەییەکانیان، گەلێک گرنگە؛ هەر ئەوەشە وا دەکات ئێمەی مرۆڤ، بتوانین ناو لە شتەکان و دیاردەکان بنێین و ئەو مانا زاراوەییانەیان پێ ببەخشین و لە وشەیەکی سادە و رۆژانەیی تاکڕەهەندییەوە، بیانکەین بە چەمک و هەڵگری زیاد لە مانا و دەلالەتێک، یان بیانکەین بە پێناسەی سەردەم و قۆناغێک. خۆ راستە گرنگە ناوەکە لەسەر زار و لە یادی هەمواندا بێت، بەڵام وەک خۆی و بە گەورەیی خۆیەوە، نەک بەو شێوەیە بەفیڕۆ بدرێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدۆسیەی فرۆشتنی زەوی لەلایەن شارەوانی کفرییەوە بە قەدەغەکراویی ماوەتەوە
-
-
راپۆرتچەقۆ، مەترسییەک لەسەر گەردنی گەنجانی گەرمیان
-
-
هەواڵداواکاری گشتی گەرمیان سکاڵا لەسەر کارگەیەک دەجوڵێنێت
-
-
بەرنامەمەترسیی و لێکەوتەکانی پاشماوەی پاتری بۆسەر ژینگە
-
-
بەرنامەشانۆ چۆن دهتوانێت خزمهت به بوارى رۆشنبیریی له گهرمیان بكات؟
-
زۆرترین بینراوەکان