
د. عهبدولموتهڵیب رهفعهت
توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستوە کە ژمارەی رۆژانی دابارین لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان کەمبوەتەوە، بەڵام دیاردە توندەکانى کەشوهەوا رویان لە زیادبون کردوە، بەتایبەتى روداوی بارانبارینی بەخوڕ یا (دابارینى بڕێکى زۆر لە کەمترین ماوەدا).
لە چەند ساڵی رابردودا گۆڕانکاری گەورە لە کەشوهەوای روى زەوی رویداوە، بە تایبەتتر گۆڕانکاری پەیوەست بە پلەی گەرمی و پێدەچێت لە داهاتویەکی نزیکدا ئەم گۆڕانکارییانە بەردەوام توندتر ببن. گازە گەرمکەرەوەکان لە بەرگى هەوا بە رێژەیەکى یەكجار زۆر زیادیان کردوە لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ، ئەمەش بوەتە هۆی گەرمبونی زهوی. پێشتر وا بیر دەکرایەوە کە کاریگەری گازە گەرمکەرەوەکان تەنها سنوردارە بە بەرزبونەوەى پلەکانى گەرمى، بەڵام لە گەڵ پێشکەوتنى زانست، لیکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان کاریگەری لەسەر هەمو رەگەزەکانى کەشوهەوا هەیە، لەوانەش: سیستەمی با و شێوازی بارانبارین لە سەرانسەری جیهاندا. دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان دەبێتە هۆی وشکەساڵی و برسێتی و لافاو و گۆڕانکاری لە ماوە و درێژیى وەرزەکاندا.
لەڕوى زانستیەوە بڕی ئەو هەڵمی ئاوەی کە هەوای گەرم دەتوانێت هەڵیبگرێت زیاترە لەو بڕە کە هەوای سارد دەتوانێت هەڵیبگرێت، بۆ نمونە مەنجەڵێکی داپۆشراو تا ئاو و هەوای ناوی گەرمتر بێت، هەڵمی ئاوی زیاتری تێدا دەبێت. دو پرۆسە لەناو مەنجەڵەکەدا رودەدەن: ئاوەکە بەهەڵم دەبێت، هەڵمەکەش لە هەمان کاتدا چڕتردەبێتەوە و دەبێتە ئاوی شل. بە واتایەکى تر رێژەی بەهەڵمبونی ئاو لەگەڵ گەرمبونیدا زیاد دەکات و رێژەی چڕبونەوەش بەهەمان شێوە زیاد دەکات لە ئەنجامی زیادبونی رێژەی هەڵم. دوای ماوەیەکی دیاریکراویش لە گەرمکردنەوە، رێژەی زیادبونی چڕبونەوە یەکسان دەبێت بە رێژەی بەهەڵمبون و رێژەی هەڵمی ناو مەنجەڵەکە بە جێگرى دەمێنێتەوە.
کاتێک ئەم نمونەیە بۆ وەسفکردنی بەرگەهەوا و دەریاکان بەکاردەهێنین، ئەوە رون دەبێتەوە کە رێژەی هەڵمی ئاو کە هەوا دەتوانێت لەخۆی بگرێت تا لەسەدا حەوت زیاد دەکات، ئەمەش لە ئەنجامی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی روی زەوی بەڕێژەى یەک پلەى سەدى. بۆیە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە داهاتودا، هەوا هەڵمی ئاوی زیاتری تێدا دەبێت، کە دەتوانێت چڕببێتەوە و هەور و باران دروست بکات لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان وەک ناوچە گەرم و وشک و بیابانەکان.
لەبەر هەمان هۆکارى زیادبونى رێژەى گازە گەرمکەرەوەکان و گەرمبونى هەوا و تێکچونى سیستەمى ژینگە، لێکۆڵینەوە نوێیەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژمارەی رۆژانی بارانبارین کەمیکردوە بەڕێژەى نزیکەی لەسەدا پێنج و ماوەى وشکى یان مەوداى نێوان دابارینەکان درێژتر بوەتەوە. ئەمەش یەکێکە لە دیاردە توندەکان و نیشانەیهكى سەختی گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا بە تایبەتى لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکاندا.
ئەم دیاردەیە کاریگەرى لە سەر هەرێمى کوردستان زیاترە بە هۆى ئەوەى کە زیاتر لە ٨٠% زەوییە کشتوکاڵییەکانى هەرێمى کوردستان زەوى کشتوکاڵى دەیمن کە پشت بە ئاوى باران دەبەستن بۆ ئاودێریی. هەروەها ئەم دیاردەیەش زۆر بەڕونى لە بەشێکى زۆرى هەرێمى کوردستان دەرکەوتوە، بۆ نمونە زۆرترین بارانبارین لە ماوەیەکى کورتدا دەبارێت و ماوەى وشکى نێوان دابارینەکان بەڕونى لە زۆربەى ساڵەکاندا زیادیان کردوە، ئەمەش کاریگەرى زۆر خراپى دەبێت لە سەر کۆى سیستەمى ژینگە بە تایبەتى لەڕوى کشتوکاڵییەوە، چونکە زیادبونى ماوەى وشکى کاریگەرى دەکاتە سەر رێژەى شێ لە خاکدا لە ئەنجامى زیادبونى رێژەى بەهەڵمبون، بەمەش حاڵەتى (Soil-water stress) لە خاکدا رودەدا. بۆیە لەم بارودۆخەدا بەروبومە چێندراوەکان بە تایبەتى دانەوێڵە پێویستیان بە ئاودێرى تەواوکار (Supplementary irrigation) دەبێت.
بۆ دەربازبون لەم دیاردەیە و پەیڕەوکردنى تەکنیکى (ئاودێرى تەواوکار) بەمەبەستى پاراستنى بەروبومەکە چێندراوەکان پێویستە چەند رێگایەکى زانستى تۆکمە بگیردرێتەبەر و لە ئێستاوە کارى لە سەر بکرێت لەلایەن وەزارەتى کشتوکاڵ وسەرچاوەکانى ئاوەوە.
یەکەم هەنگاویش گرنگیدانە بە دروستکردنى پۆند لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان و تەواوکردنى هەمو ئەو پۆند و بەنداوانەیە کە کارکردن تییاندا راوەستاون بە هەر هۆکارێک بێت. هەوڵى جددى بدرێت بۆ دروستکردنى پرۆژەی ئاودێریى لە گەڵ پۆند و بەنداوەکاندا، چونکە زۆرێک لەو پۆند و بەنداوانە تەنها بۆ کۆکردنەوەى ئاو دروستکراون بەبێ بیرکردنەوە بۆ دابەشکردنى ئاو بە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا و بەکارهێنانى بە شێوەى زانستى. لە لایەکى ترەوە ئەکرێت رێنمایى جوتیاران بکرێت و هانبدرێن بە دروستکردنى پۆند لە نێو زەوییە کشتوکاڵیەکانیاندا بۆ کۆکردنەوەى ئاوى باران و داپۆشینى بە مەبەستى کەمکردنەوەى بەهەڵمبون.
دوەم هەنگاو بریتییە لە رێگەپێدان بە لێدانى بیر بە تایبەتى بۆ ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە کە ناتوانرێت پۆند لە نزیکیاندا دروستبکرێت و دەکرێت یەک بیر بۆ چەند جوتیارێک یان چەند پارچه زەوییەکى کشتوکاڵى لێبدرێت و ئاودێریى بەشێوەیەکى زانستى ئەنجامبدرێت لەڕێگەى پەیڕەوکردنى سیستمى ئاودێرى دڵۆپاندن یا پرژاندن بە مەبەستى کەمکردنەوەى بەفیڕۆدانى ئاو. ئەمەش پێویستە لە ژێر چاودێرى حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت بەمەبەستى کۆنترۆڵکردنى رێژەى دەرهێنانى ئاوى ژێر زەوى.
بەو دو رێگایە دەتوانرێت تەکنیکى خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوادا پەیڕەوبکرێت بە تایبەتى لە بوارى کشتوکاڵدا، هەروەها فشار لەسەر سەرچاوەکانى ئاو کەمتربکرێتەوە و پارێزگارى لە بەرهەم و بەروبومى ناوخۆیی بکرێت. ئەم رێکارانەش پێویستى بە پشتگیریى وپاڵپشتى حکومەت هەیە، چونکە کەمکردنەوەى زیانەکان یا خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا، بە پلە یەک ئیشى حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، ئەرکى ئەوانە رێگا و چارەسەرى گونجاو بدۆزنەوە بۆ بارودۆخە نهخوازراوەکان کە روبەڕوى هاوڵاتیان و سەرچاوە سروشتیەکان دەبنەوە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدۆسیەی فرۆشتنی زەوی لەلایەن شارەوانی کفرییەوە بە قەدەغەکراویی ماوەتەوە
-
-
راپۆرتچەقۆ، مەترسییەک لەسەر گەردنی گەنجانی گەرمیان
-
-
هەواڵداواکاری گشتی گەرمیان سکاڵا لەسەر کارگەیەک دەجوڵێنێت
-
-
بەرنامەمەترسیی و لێکەوتەکانی پاشماوەی پاتری بۆسەر ژینگە
-
-
بەرنامەشانۆ چۆن دهتوانێت خزمهت به بوارى رۆشنبیریی له گهرمیان بكات؟
-
زۆرترین بینراوەکان