‌شیكاریه‌كی پێشبینیكارانه‌ بۆ كورسی حیزبه‌كان له‌بازنه‌ی سلێمانی بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان

2024/08/28    1334 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ- یه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردن
ئاماده‌كردنى: زاگرۆس ئه‌حمه‌د
 
تێبینییه‌كى گرنگ:
ئه‌م راپۆرته‌ پوختە‌ و هه‌ڵێنجراوی راپۆرتێكی شیكاریی رێكخراوی (پاسه‌وان)ـه بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌مى په‌رله‌مانی كوردستان.
 
 
پێشه‌كى:
 
لەم راپۆرتەدا بە وردیى سەرنج خراوەتە سەر هەڵسەنگاندنى ئاستى دەنگ و سەنگى لایەنە سیاسییەکان لە بازنه‌ی پارێزگای سلێمانی، بە لەبەرچاوگرتنی گریمانەی ئەوەی ئەگەر رێژەى بەشدارییکردن (60%) بێت، هەروەهــا پشــت بەستراوە بــە ئەنجامــى هەڵبژاردنەکانــى خولــى پێنجەمــى پەرلەمانى کوردستان له‌ ساڵى (2018) و هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە ساڵى (2021)، لەسەر ئەو بنەمایانە و بۆ شیتەڵکردنى دەنگ و سەنگى هەر یەک لە هێزە سیاسییەکان، چه‌ند ئەگەرێك خراونەتەڕو.
 
دەروازەیەک: 
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کــە بڕیارە لــە (20ـى تشرینی یه‌كه‌مى 2024) ئەنجام بدرێــت، جیاواز لە هەڵبژاردنەکانى رابـردو؛ هەرێمى کوردستان دابەش کراوە بۆ چوار بازنەى هەڵبژاردن و لیست و کاندیدى سەربەخۆش دەتوانن کێبڕکێى هەڵبژاردن بکەن، هەروەها چەند لیستێکى نوێش کێبڕکێى هەڵبژاردن دەکەن. 
 
زۆریى ژمارەى کاندیدەکان لە بازنەکانى هەڵبژاردندا ئەو ئەگەرە دەهێنێتە پێشەوە کە هەڵمەتى هەڵبژاردن گەرموگوڕتر دەبێت لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشو، بەمهۆیەشەوە رەنگە تاڕادەیەک بەشــداریی هەڵبــژاردن بــەراورد بــە هەڵبژاردنــى ئەنجومەنــى نوێنەرانى عێراق لە ساڵی (2021) زۆرتر بێت.
 
زانیاریی گشتى: 
 
- هەرێمى کوردستان بەسەر چوار بازنەى هەڵبژاردندا دابەش کراوە: (هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵەبجە).
 
- ژمارەى کورسییەکانى خولی شه‌شه‌مى پەرلەمانى کوردستان 100 کورسیین: (95 کورسیی گشتى و 5  کورسیى پێکهاتەکان). 
 
 
زانیاریی دەنگدەران: 
 
- کۆى گشتیى دەنگدەرانى سەرو (18) ساڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان: (3،789،390) سێ ملیۆن و حەوتسەد و هەشتاونۆ هەزار و سێسەد و نەوەد کەسە.
 
- کۆى گشتیى ئەوانەى کارتى بایۆمەترییان دەرکردوە و مافى دەنگدانیان هەیە: (2،901،080) دو ملیۆن و نۆسەد و یەک هەزار و هەشتا کەسه‌.
 
- رێژەى گشتیى ئەوانەى مافى دەنگدانیان هەیە: (76،5٪).
 
دابەشبونى دەنگدەران: 
 
- بازنەى پارێزگاى سلێمانى: (1،084،617) یــەک ملیــۆن و هەشــتاوچوار هەزار و شەشسەد و حەڤدە کەس.
 
- بازنەى پارێزگاى هەڵەبجە: (61،912) شەستویەک هەزار و نۆسەد و دوانزە کەس.
 
تێبینى:
 
تاکاتى ئامادەکردنى ئــەم راپۆرتە، لەلایەن کۆمسـیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە ژمارەى دەنگدەرانى بازنەى پارێزگاى سلێمانی و هەڵەبجـە لەیەک جیانەکراوەتەوە، هەر لەبەرئەوەشــە لەم راپۆرتەدا بە شێوەیەکى نزیکەیی لەسەر بنەماى رێژەى دانیشتوان و رێژەى دەنگدەرانیان لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق له‌ (2021)، دیاریی کراون.
 
گریمانەى بەشدارییکردن: 
 
ئەگەر وا دابنێین (60%)ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و بایۆمەترییان کردوە، بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن؛ ئەوا رێژەى دەنگدان بەپێى بازنەکانى هەڵبژاردن بەمشێوەیە دەبێت: 
 
- بازنەى پارێزگاى سلێمانى: (650،770) شەشسەد و پەنجا هەزار و حەوتسەد و حەفتا کەس.
 
- بازنەى پارێزگاى هەڵەبجە: (37،147) سیوحەوت هەزار و سەد و چلوحەوت کەس.
 
 
بازنەى هەڵبژاردنى پارێزگاى سلێمانی و هەڵەبجە
 
سەرنجێکى گشتى:
تا کاتى ئامادەکردنى ئەم راپۆرتە ئەو داتایانەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەبارەت بە ژمارەى دەنگدەر لە پارێزگاى سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاندون، پێکەوەن و جیا نەکراونەتەوە؛ لەبەرئەوە بە دروستى دیار نییە ژمارەى دەنگدەرى سەرو (18) ساڵ و ئەوانەشی بایۆمەترییان کــردوە لە هەریەک لەو پارێزگایانەدا چەندە، بــەڵام بۆ بەرچاوڕونیى لەم راپۆرتەدا پشــت دەبەستین بە ژمارەى دەنگدەرى هەریەک لەو دو پارێزگایە بەگوێرەى بڵاوبونەوەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق (2021)، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنى زیادبونى ژمارەى دەنگدەران بەگوێرەى ئەو داتایانەى کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق بڵاوی کردونەتەوە؛ بە شێوەیەکى نزیکەیی بۆمان دەردەکەوێــت ژمارەى دەنگــدەر و ژمارەى ئەوانەى مافى دەنگدانیان دەستەبەر کردوە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان (2024) چەندە وەک لەم خشتەیەدا رون کراوەتەوە:
 
 
 
بازنەى هەڵبژاردن لە پارێزگاى سـلێمانى بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردســتان (38) کورسیى بۆ تەرخان کراوە، کە دوانیان بــۆ پێکهاتەى مەسیحیی و تورکمانە، لەم بەشەدا ئێمە شیکاریی تەنیا بۆ (36) کورسییە گشتییەکەی ئەو بازنەیە دەکەین.
 
شیکاریی بۆ دەنگى لایەنەکان لەسەر بنەماى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان (2018)
 
بەگوێرەى داتاکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێم، لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان(2018)، لە سنورى پارێزگاى سلێمانى رێژەى دەنگى لایەنەکان بەمشێوەیە بو:
 
- یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان: (36%).
- بزوتنەوەى گۆڕان: (8،24٪).
- پارتى دیموکراتى کوردستان: (10،6%).
- جوڵانەوەى نەوەى نوێ: (10،7%).
- کۆمەڵى دادگەرى کوردستان: (10،8%).
- یەکگرتوى ئیسلامیى کوردستان: (5%).
 
 
شیکاریی بۆ دەنگى لایەنەکان لەسەر بنەماى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق (2021)
 
بەگوێــرەى داتاکانــى کۆمســیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێــراق، لە هەڵبژاردنــى ئەنجومەنــى نوێنەرانــى عێــراق (2021)، لــە ســنورى پارێــزگاى سلێمانى رێژەى دەنگى لایەنەکان بەمشێوەیە بو:
 
- یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان: (33%).
- جوڵانەوەى نەوەى نوێ: (28،8%).
- پارتى دیموکراتى کوردستان: (13،4%).
- کۆمەڵى دادگەرى کوردستان: (10%).
- یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان: (2،4%).
- بزوتنەوەى گۆڕان: (5،4%).
 
 
خستنەڕوى ئەگەرەکان:
 
یەکەم:
ئەگەر ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردســتان (2018) بکرێتە بنەما و بەهای هەر کورسییەک (16،298) دەنگ بێت؛ ئەوا ئاستى دەنگ و ژمارەى کورسیی لایەنەکان لە بازنەی پارێزگای سلێمانی بەمشێوەیە دەبێت: 
 
 
دوەم:
ئەگەر ئەنجامى هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (2021) بكرێته‌ بنه‌ما و به‌های هه‌ر كورسییه‌ك (8،471) ده‌نگ بێت، ئه‌وا ئاستی ده‌نگ و کورسیی لایەنەکان لە بازنەی پارێزگای سلێمانی بەم شێوەیە دەبێت: 
 
 
هەڵسەنگاندنى کۆتایی و شیکارى داتاکان:
لەدەرئەنجامــى وردبونــەوە لــە دەنگــى لایەنــەکان، دەردەکەوێت کە چانسى لایەنە سیاسییەکان لە بەدەستهێنانى کورسی پەرلەمانیدا بۆ خولى شەشەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەم شێوەیە دەبێت: 
 
 
لەسەر بنەمای ئەو شیکارییانەی سەرەوە، لە خوارەوە داتاکان بۆ هەر پارتێکــی سیاســیی شــیکاریی دەکەیــن و هەمــو ئەگــەر و پێشــبینییەکانی تایبــەت بــە هــەر پارتێکــی سیاســیی بەشــداربو لــە هەڵبژاردنــی پەرلەمانــی کوردستان (2024) لە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی دەخەینەڕو.
 
یه‌كه‌م: یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان
 
سـلێمانى بە ناوەندى دەسەڵاتى یەکێتیى هەژمار دەکرێت، سەبارەت بە خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، لەگەڵ ئــەوەى ســنورى ئــەم پارێزگایــە وەک بازنەیەکــى هەڵبــژاردن (36) کورســیی بــۆ تەرخان کراوە، بەڵام بە شیتەڵکردنى داتاکانى هەڵبژاردن؛ لە دۆخى ئاساییدا یەکێتیــى نیشــتیمانیى کوردســتان دەتوانێــت (12) بــۆ (13) کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بۆ نمونە بە لەبەرچاوگرتنى رێژەى بەشداریى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (2018)، ئەو حیزبە رێژەی (36%)ـى دەنگەکانى لەم پارێزگایەدا بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیشدا؛ هەمان حیزب رێژەی (33%) دەنگەکانى پارێزگاى سلێمانى بەدەستهێناوە.
 
بارودۆخ و واقیعى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە سەروبەندی هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا زۆر جیــاوازە، ئەمجارە ئاستەنگ و تەنگـژەى زیاتر لە پێشو روبــەڕوى یەکێتیى دەبنــەوە و لیستى بەرەى گەل کە لە هەناوى یەکێتیــى نیشتیمانیى کوردسـتانەوە هاتوە، لە سنورى پارێزگاى سلێمانیی کاریگەرییــان دەبێــت لەسەر کەمکردنى دەنگ و کورسیی ئه‌و حزبه‌.
 
دوه‌م: جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ
 
بازدانێکى گــەورە بەدیــی دەکرێــت لــە دەنگەکانــى جوڵانــەوەى نــەوەى نوێ لە نێوان هەردو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان (2018) و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق (2021)، بە جۆرێک رێژەى دەنگەکانى ئەو جوڵانەوەیە بە لەبەرچاوگرتنــى رێــژەى بەشــداربوان لــەو دو هەڵبژاردنەدا لە (10،7%)ـــەوە زیادیکردوە بۆ (28،8%).
 
خۆ ئەگەر نەوەى نوێ بتوانێت پارێزگارى لەم رێــژەى دەنگانــەى بــکات؛ ئــەوا چانســى بەهێــزی هەیــە لە ســنوری بازنــەی پارێزگای سلێمانی (11) کورسیی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەوەی سەبارەت بــە نــەوەی نــوێ جیــاوازە لــە هەڵبژاردنەکانــى رابردو، هاتنــە ئارای هێــزە نوێیەکانی وەکو رەوتی هەڵوێستی نیشتیمانیی و بەرەی گەل و کاندیدە سەربەخۆکانن، کە رەنگە پانتایی فراوانی دەنگدەرانی جوڵانەوەکە بچوک بکەنــەوە و کاریگەریی لەسەر کەموونەوەی دەنگەکانى دروستبکەن.
 
سێیەم: پارتى دیموکراتى کوردستان
 
سەنگی پارتى دیموکراتى کوردسـتان لە پارێـزگاى سـلێمانى تــەواو پێچەوانــەى هــەردو پارێــزگاى هەولێر و دهۆکــە، رێژەی دەنگى پارتى لە سلێمانى سنوردارە، بەمشێوەیەش لەسەر بنەماى شیکارکردنى دەنگەکانــى دەردەکەوێت کە دەتوانێت بۆ خولى شەشــەمى پەرلەمانى کوردستان لە باشــترین حاڵەتدا نزیکەی (4) کورسیی مسۆگەر بکات.
 
لەگەڵ ئەمەشدا دۆخى پارتى لە پارێزگاى سلێمانى چەند سەرنجێک هەڵدەگرێت: هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى پارتى و ئەو گرفتانەى لەناو کادیرانى ئەو حیزبەدا دروســت بــون، ئەگەرێکى بەهێــزە کاریگەریی لەسەر دەنگــدان دروســت بــکات، خــۆ ئەگــەر ململانــێ و ناڕەزایەتییەکانى ناوخۆى پارتى بەهێزتر ببن تا ئەو رادەیەى لایەنگر و کادیرە زویرەکان بەشداریی دەنگدان نەکەن، ئەوا ئەگەرێکى بەهێزە کە کورسییەکانى پارتى لە سنورى پارێزگاى سلێمانی بۆ سێ کورسی داببەزێت.
 
ئەگەر گرفتەکانى حوکمڕانى لە پارێزگاى سلێمانى پشکى گەورەی بەر یەکێتــى بکەوێــت، بەڵام وەک هاوبەشێکى سەرەکیى؛ یه‌خەى پارتییش دەگرێت، ئەمەش بە زیانى پارتیش تەواو دەبێت.
 
چواره‌م: کۆمەڵى دادگەرى کوردستان
 
هەرچەندە کۆمەڵى دادگەرى کوردستان لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق (2021)، تەنها لە دو بازنەى پاریزگاى سلێمانییدا کاندیدى هەبو، بەو شێوەیەش توانى رێژەى (10%)ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەهەمانشێوە بە لەبەرچاوگرتنى ئاستى بەشداریی لە هەڵبژاردندا، کۆمەڵى دادگەرى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان (2018)، لە سنورى پارێزگاى سلێمانیی توانى رێژەی (10،8%)ـى دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش سەلمێنەرى ئەوەیە لە دۆخى ئاساییدا ئەگەر کۆمەڵى دادگەریى بتوانێت پارێزگارى لە هەمان رێژەى دەنگەکانى بکات ئەوا چانسی بردنى سێ بۆ چوار کورسی پەرلەمانى دەبێت لەم بازنەیەدا.
 
بەڵام هاوشێوەى هێزەکانى تری بەشدار لە خولى شەشەمى پەرلەمانــى کوردســتان، ئەم هێزەش لەبەردەم ئاڵنگارییدا دەبێت و ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ هێزە نوێیەکان و بەدیارییکراویش (رەوتى هەڵوێستى نیشتیمانیى) بەشێک لە دەنگەکانى کۆمەڵەکە پەرت بکات.
 
پێنجه‌م: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان
 
ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان بتوانێت هەمان دەنگى ساڵى (2018)ـى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان بەدەستبهێنێت؛ ئەوا چانسى بەدەستهێنانى (9) کورسیی دەبێت،  بەڵام ئەوەى تێبینیى دەکرێت ئەستەمە هەمان دۆخى ساڵى (2018) بۆ بزوتنەوەى گۆڕان دوبارە ببێتەوە.
 
لەسەر بنەماى دەنگەکانى هەڵبژاردنی (2021)ـى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش؛ ئەو هێزە تەنها دەتوانێت لە دۆخى ئاساییدا یەک کورسی مسۆگەر بكات.
 
شه‌شه‌م: یەکگرتوى ئیسلامیى كوردستان
 
هەرچەندە یەکگرتوى ئیسلامیى لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق (2021)؛ تەنها یەک کاندیدى هەبو، بەڵام بە سەرنجدان لە ئاست و رێژەى دەنگەکانى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان (2018)، کە تەنها (5%)ـــى دەنگەکانى پارێزگاى سـلێمانى بەدەسـتهێناوە، ئەوە دەردەکەوێت کە یەکگرتوى ئیسلامیى کوردستان لە دۆخى ئاساییدا دەتوانێت دو کورسیی بەدەســتبهێنێــت، بەڵام بەهەمانشێوەى لایەنەکانى تــر؛ ئەگەر هێزە نوێیەکان بەشێک لە دەنگەکانى یەکگرتو پەرت بکەن، رەنگە چانسى کورسی دوەمى یەگرتو لەدەست بچێت و تەنیا یەک کورسیی مسۆگەر بکات.
 
حه‌وته‌م: بەرەى گەل
 
بەرەى گەل وەک قەوارەیەکى سیاسیی نوێ کە یەکەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەکات؛ لە بنەمادا لە هەناوى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانەوە هاتوه‌تە دەرەوە، هەر لەبەر ئەمەشە خاڵى بەهێزى دەنگدەرانى بەرەى گەل، ئەندامان و لایەنگرانى یەکێتیى نیشـتیمانیى کوردستانن.
 
بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى سەنگ و پێگەى بەرەى گەل لە پارێزگاى سلێمانییدا بەهێزترە بەراورد بە پارێزگاکانى تر، ئەمەش ئەو ئەگەرە دەهێنێتە پێشه‌وه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ دەنگ و کورسییەکانى یەکێتی ببات، هەروەها ئەگەرێکى بەهێزیشە بەشێک لە دەنگەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و نەوەى نوێش ببات.
 
هه‌شته‌م: ره‌وتى هەڵوێستى نیشـتیمانى
 
رەوتى هەڵوێستى نیشتیمانى وەک قەوارەیەکى سیاسیی یەکەمجارە کێبڕکێى هەڵبژاردن دەکات، زەمینەى دەنگدەرانى ئەم رەوتە زیاتر لەناو دەنگدەرانى لیسته‌كانى نەوەى نوێ و بزوتنەوەى گۆڕان دایە، ئەگەرى ئەوەش هەیە کاریگەریی لەسەر دەنگدەرانــى هێــزە ئیسلامییەکانى وەک یەکگرتوى ئیسلامیى کوردستان و کۆمەڵى دادگەریی کوردستان دروستبکات، بەو هۆیەشه‌وه‌ لە سنورى پارێزگاى سلێمانى چانسى بەدەستهێنانى کورسیی پەرلەمانى دەبێت.
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,435,234     ژمارەی میوان 727