راپۆرتێك له‌باره‌ى کێشەکانی پاراستنى ژیانى سروشتیی له‌ گه‌رمیان

2023/08/26    1166 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
له‌میانه‌ى راپۆرته‌ مانگانه‌ییه‌كانى دا، یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌سه‌ر كێشه‌كانى پاراستنى ژیانى سروشتیی له‌ گه‌رمیاندا وه‌ستاوه‌ و به‌ وردی ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانى ئه‌و كێشانه‌ى خستوه‌ته‌ڕو.
 
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به‌ شێوازى (PDF).
 

 

یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگ، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌كانى رادیۆكه‌دا به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، هه‌ر مانگه‌ و له‌سه‌ كه‌رتێكى گشتی لە گەرمیان راپۆرتێك ئاماده‌ ده‌كات. له‌م مانگه‌دا راپۆرتێكى ئاماده‌ كردوه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانى پاراستنى ژیانى سروشتیی له‌ گه‌رمیان، كه‌ مه‌به‌ست لێی دارستانه‌ سروشتییه‌كان و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانه‌.
 
له‌و راپۆرته‌دا به‌ وردیی داتا و زانیاریه‌كان خراونه‌ته‌ڕو، هه‌روه‌ك دیارترین كێشه‌ و ئاله‌نگارییه‌كانى به‌رده‌م ژیانى سروشتی باسیان لێوەکراوە، هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنیش بۆ هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت له‌ پاراستنى ئه‌م بواره‌ كراوه‌. 
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌.
 
 
كێشه‌كانى پاراستنى ژیانى سروشتیی له‌ گه‌رمیان
 
بەشی یەکەم: ژیانى سروشتیی له‌ گه‌رمیان و کێشەکانی
 
پێشه‌كى:
مه‌به‌ست له‌ ژیانى سروشتیى، دارستانی سروشتیى و ئاژه‌ڵی كێوییه‌، كه‌ به‌وته‌ى چالاكوانان دۆخی ئه‌م دو به‌شه‌ى ژیانى سروشتیى له‌گه‌رمیان خراپه‌.
له‌میانه‌ى ئه‌م راپۆرته‌دا به‌شێوه‌یه‌كى ورد، له‌سه‌ر دۆخی هه‌ریه‌كه‌ له‌و دو به‌شه‌ ده‌وه‌ستین، هاوكات هۆكاری كێشه‌كان باس ده‌كه‌ین، دواتر له‌سه‌ر كێشه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ حكومییه‌ ده‌وه‌ستین كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنى ئه‌م بواره‌.
 
یەکەم: دارستانە سروشتییه‌كان
 
1. روبه‌رى دارستانه‌ سروشتییه‌كانى سنورى گه‌رمیان
به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ سنورى گه‌رمیان به‌پێى ئه‌و داتایه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2015 تۆماركراوه‌، 133 دۆنم زه‌وى دارستانى سروشتیمان هه‌یه‌.
ره‌شید به‌كر، ده‌ڵێت: له‌ سنورى گه‌رمیان دارستانى سروشتى به‌پێى روپێوى Gis كه‌ 10 ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت له‌ رێگه‌ى مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت كه‌ له‌ ساڵى 2015 ئه‌نجام دراوه‌ به‌پێى دواین داتاى ئه‌و ساڵه‌ له‌ سنورى گه‌رمیان رێژه‌ى سه‌وزاى 133 هه‌زار دۆنمه‌ كه‌ له‌ %80ـى ده‌بێته‌ دارستانى سروشتى و چه‌مه‌ وه‌رزییه‌كان له‌سه‌ر روبارى سیروان، هاوكات 531 دۆنم دارستانى ده‌ستكردمان هه‌یه‌.
 
2. له‌ناوبردنى دارستانەکان
رێکخراوە ژینگەییەکان و چالاکوانانى بوارى ژینگە باس لەوە دەکەن به‌پێى ئه‌و ده‌رچونه‌ مه‌یدانیانه‌ى كه‌ كردویانه‌ له‌ %80ـى دارستانه‌كانى سنوره‌كه‌ له‌ناوچون. 
نعمه‌ت ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامى رێكخراوى ژینگه‌پارێزى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان، ده‌ڵێت: وەك داتای دروست لەبەردەست نیە، بەڵام بەپێی زانیاری خۆمان کە چەند ساڵێکە دەرچونی مەیدانیمان کردوە لەسەدا %80ـى دارستانە سروشتیەکانی که‌نار روباری سیروان تیاچون بەهۆکاری مرۆیی.
یه‌كێك له‌ رێگاكانى له‌ناوبردنى دارستانه‌كان، كارگه‌كانى چه‌و و لمن.
سۆران نه‌ریمان، چالاكى ژینگه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى دا كه‌مپینێكیان بۆ هه‌ڵگرتنى كارى كارگه‌كانى چه‌و و لم ئه‌نجامدا، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ئه‌و كارگانه‌ دارستانى سروشتى ناوچه‌كه‌یان به‌ ته‌واوى وێران كرد.
به‌پێی وێنه‌یه‌ك كه‌ وێنه‌گرى بوارى سروشت و ژینگه‌ (مه‌ریوان سوبحانى) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، له‌ماوه‌ى 2 ساڵی وه‌ستانى كاركردنى كارگه‌كانى چه‌و و لم، دارستانى چه‌مى سیروان بوژاوه‌ته‌وه‌.
 
یه‌كێكى دیكه‌ له‌و هۆكارانه‌ى بۆ له‌ناوچونى دارستانه‌ سروشتییه‌كان ئاماژه‌ى پێده‌كرێت، به‌كارهێنانى زه‌وی دارستانه‌كانه‌ له‌لایه‌ن دانیشتوانى گونده‌كانه‌وه‌ بۆ كشتوكاڵكردن.
نیعمه‌ت ئه‌حمه‌د، له‌وباره‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: دارستانەکانی که‌نار روباری سیروان سوتان و له‌ناوبراون، چ پێشترلە لایەن کارگەکانەوە کە خاکەکەشیان تێکداوە، یان بەهۆکاری داگیرکردنی زەویەکەی لەلایەن دێهاتەکانەوە و به‌كارهێنانى بۆ كشتوكاڵ كردن.
هاوكات، له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌و داره‌ سروشتى و خۆرسكانه‌ى كه‌هه‌بون له‌ده‌شتوده‌ره‌كانى ناوچه‌ى گه‌رمیان له‌ماوه‌ى چه‌ندین ساڵى رابردو له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و ئه‌و كه‌سانه‌ى بازرگانى به‌دارى وشك و ته‌ڕه‌وه‌ ده‌كه‌ن زۆربه‌ى باخ و داره‌كانیان له‌ناو برد، ئه‌وه‌شی كه‌ هه‌بوو له‌باخ و سه‌وزایی بۆ شوێنى نیشته‌جێبون له‌ناو بران.
وتیشى: به‌تایبه‌ت له‌سنورى گه‌رمیان دو باخى خۆرسك هه‌یه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ باخه‌كانى سه‌ر روبارى سیروانه‌ كه ‌به‌به‌رده‌وامى به‌ر هێرشی سوتاندن و بڕینه‌وه‌ و فرۆشتن بوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى ماوه‌ دارستانه‌كانى گۆڕه‌ شه‌له‌یه‌ كه‌ 800م پانه‌ و 4 كیلۆمه‌تر درێژه‌ به‌درێژایی روبارى سیروان، ئه‌مه‌ش ده‌بینین رۆژانه‌ ده‌سوتێنرێت و له‌ناو ده‌برێت.
ته‌نها له‌مساڵدا 80 دۆنم دارستانى سروشتى له‌ گه‌رمیان سوتاوه‌، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان.
ره‌شید به‌كر، وتیشی: له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا 80 دۆنم زه‌وى به‌ دارستان سوتێنراون، به‌جۆرێك تاوه‌كو ئێستا كه‌س ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ و یه‌كلانه‌بوه‌ته‌ كێ ئه‌و تاوانه‌ى ئه‌نجامداوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ساڵانى رابردو حاڵه‌ته‌كه‌ زۆر كه‌م بوه‌ كه‌ له‌ %10ى ئه‌مساڵ ناكات.
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوان له‌ نێوانى ساڵانى 2020 تاوه‌كو 7 مانگى 2023 سزاى سه‌رپێچیكاران كه‌ به‌ سزاى مادى یه‌كلابوه‌ته‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوه‌:
 
 
له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ى دوكانى برژاندنى ماسییان هه‌یه‌، له‌ پشت سوتاندن و له‌ناوبردنى دارستانه‌ سروشتییه‌كانن، به‌و هۆیه‌ى داره‌كه‌ى به‌كاردێنن بۆ برژاندنى ماسى.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان وتیشى: قسه‌ زۆر له‌سه‌ر ماسى فرۆشه‌كان هه‌یه‌ كه‌ دار به‌كارده‌هێنن، كاتى خۆى زۆر به‌داواداچونمان كردوه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ و ته‌نانه‌ت ئیجرائاتیش كراوه‌، به‌ڵام ئێستا رێگه‌یان پێدراوه‌ به‌پێى رێنماییه‌كان و به‌شێوه‌ى یاسایى ئه‌و دارانه‌یان ده‌ست بكه‌وێت و به‌كاریشى بهێنن.
به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات لیژنه‌ى تایبه‌تیان پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌.
ره‌شید به‌كر، ده‌ڵێت: هه‌ر ماسى فرۆشێك ئه‌و داره‌ى كه‌ به‌كارى ده‌هێنێت بۆ برژاندنى ماسی به‌ رێگه‌ى یاسایی ده‌ستى نه‌كه‌وتبێت، ئه‌وه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌توانێت ئیجرائاتى یاسایى به‌رامبه‌ر بگرێته‌ به‌ر.
وتیشى: تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێكى وا له‌ گه‌رمیان تۆمار نه‌كراوه‌ كه‌ دارى گه‌رمیان به‌كارهێنرابێت بۆ برژاندنى ماسى، چونكه‌ زۆرینه‌یان به‌شێوه‌ى یاسایی داره‌كانیان ده‌ست كه‌وتوه‌ كه‌ به‌كارى ده‌هێنن.
له‌كاتێكدا ئه‌مساڵ و ساڵانى پێشتریش چه‌ندینجار حاڵه‌تى سوتانى دارستانه‌كان هه‌بوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى تێبینییه‌ كه‌ حكومه‌ت ته‌نانه‌ت روپێوی بۆ روبه‌رى زیانه‌كان نه‌كردوه‌.
ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان، وتى: ده‌بێت ئه‌و روبه‌ره‌ى كه‌ سوتێنراوه‌ ده‌بێت دیارى بكرێت و روپێوى بۆ بكرێت، به‌ڵام ئه‌هۆى ئه‌وه‌ى روپێوى پێویست له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ روبه‌رى سوتاو دیاریینه‌كراوه‌ كه‌ چه‌نده‌.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ و به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچونى پرسی سوتاندنى دارستانه‌كان به‌تایبه‌تى له‌مساڵ (2023) دا، لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵی كه‌لار، به‌ڵام خودی ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ ده‌ڵێت بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌!
سامان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى كه‌لار، وتى: ئه‌م بابه‌تى سوتاندن و پاراستنى روباره‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێت كه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌ رێگه‌ى جوتیاره‌كانه‌وه‌ ئه‌و دارستانه‌ سوتێنراوه‌، بۆیه‌ بوین به‌ سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ش،‌ چونكه‌‌ هیچ لایه‌نێك ئاماده‌نه‌بو ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ هه‌ڵبگرێت، بۆیه‌ رامان گه‌یاند ئێمه‌ هه‌ڵیده‌گرین، ئه‌گه‌رنا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كى به‌ئێمه‌وه‌ نیه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و لایه‌نانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ روبارى سیروان و دارستانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ندامى ئه‌و لیژنه‌یه‌ نین، له‌ نمونه‌ى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌شتوگوزار.
دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: "ئێمه‌ وه‌ك ژینگه‌ له‌ نێو ئه‌و لیژنه‌یه‌دا نین كه‌ بۆ سوتاندنى دارستانه‌كه‌ى سه‌ر روبارى سیروان پێكهێنراوه‌، ئاگاشم لێى نیه‌".
هاوكات، هێرش فه‌یزوڵڵا، به‌ڕێوبه‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كى گه‌شتیارى یان سوتاندنى ئه‌و دارستانه‌ یاخود زیاده‌ڕه‌ویی كردنه‌ سه‌ر روباره‌كه‌ و هاوكات كاركردنى كانه‌كانى چه‌و و لم له‌سه‌ر روباره‌كه‌ قسه‌مان هه‌بوه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و لیژنه‌یه‌ى كه‌ باس ده‌كرێت هیچ كه‌سێك په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نه‌كردوه‌ و له‌ نێوی دا نین.
 
3. رۆڵی حکومەت لە پاراستنی دارستانەکانی گەرمیان 
چالاكوانێكى بوارى ژینگه‌ رۆڵى حكومه‌ت به‌لاواز ده‌بینێت له‌ پاراستنی دارستانه‌ سروشتیه‌كانى گه‌رمیان، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و سوتان و كاولكارییه‌ى كه‌ ده‌كرێت له‌سه‌ر روباره‌كه‌ به‌ مه‌به‌سته‌.
سۆران نه‌ریمان، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان وتى: رۆڵى حكومه‌ت له‌ پاراستنى دارستانه‌كانى سه‌ر روبارى سیروان كه‌ تاكه‌ دارستانى سروشتیه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا وه‌كپێویست نه‌بوه‌، لەکاتێکدا ئەو ناوچەیە وه‌ك كارگه‌یه‌كى ئۆكسجینه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ له‌ ساڵانى رابردو به‌ هه‌مو جۆره‌كانى كاولكردن و سوتاندن و بڕینه‌وه‌ى دار و هه‌ڵكێشانى دار له‌ رێگه‌ى كانه‌كانى چه‌و و لم و هاوڵاتیانه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ من ناوى ده‌نێم ئه‌نفالى ژینگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ له‌به‌ر خاترى به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ندێك كه‌س.
وتیشى: دواى هه‌وڵ و ماندوبونێكى زۆر توانیمان فشارى مه‌ده‌نى دروست بكه‌ین دواى ئه‌وه‌ له‌ رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ وه‌ك لایه‌نى حكومى كۆبونه‌وى هاوبه‌ش كرا كانه‌كان راگیرا بۆ ماوه‌ى 2 ساڵ، له‌ ئێستاشدا دارستانى سه‌ر روباره‌كه‌ بوژاونه‌ته‌وه‌ و سروشتێكى جوانى به‌خشیوه‌ته‌وه‌ به‌ سیروان و رێژه‌یه‌كى زۆرى نه‌مام و دار سه‌وزبونەته‌وه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌وه‌ى جێگه‌ى داخ بو ژماره‌یه‌كى زۆر ئاگر له‌سه‌ر روباره‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ له‌ ماوه‌ى رابردو كه‌ پێمان وایه‌ به‌مه‌به‌ست كراوه،‌ داره‌كانى سوتێنراوه‌ هه‌ندێك خه‌ڵك بۆ به‌كارهێنان یان فرۆشتنى داره‌كان ئه‌وه‌یان كردوه‌ یان بۆ مه‌به‌ستى كشتوكاڵكردن كراوه‌، بۆیه‌ كه‌مپینێكى ترمان راگه‌یاند به‌ناوى پاراستنى دراستانه‌كانى روبارى سیروان داوامان له‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار كرد كه‌ ئه‌و دارستانه‌ بپارێزن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا زۆر به‌ده‌مى داواكه‌مان نه‌هاتوه‌ن.
ئه‌یاد محه‌مه‌د، چالاكوانى ژینگه‌یی له‌ گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: ئەوەى هەیە لە گەرمیان رێکخراوە نیە و یاساش وەکپێویست كارى پێناكرێت.
سه‌ریاس ئیبراهیم، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ لە گەرمیان، وتی: لێپرسینەوەکان بەپێی ئەو دەستدرێژیانە نیە کە دەبینین رۆژانە دەکرێتە سەر ژینگە و سروشتی ناوچەکە، ئەمەش نیگەرانی لای ئێمە دروستکردوە، بۆیە گرنگە دەستدرێژیکاران بەپێی ئەو یاسا بەرکارانەی هەیە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت، بڕوامان وایە یاساکان بەشێوەیەکی باش جێبەجێ ناکرێت.
به‌هه‌مان شێوه‌ رێكخراوێكى ژینگه‌ییش جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئه‌داى فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان رازى نین له‌ پاراستنى دارستانه‌كانى سنوره‌كه‌.
ئازاد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌دۆستان له‌ گه‌رمیان، ده‌ڵێت: پاراستنى دارستانه‌ سروشتیه‌كان و رۆڵى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و له‌ ئه‌داى فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌ش ناڕازین، چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كارى خۆیان بكه‌ن چ له‌ روى پاراستنى دارستانه‌كان یان چاودێریكردنیان یات پلانیان بۆ په‌ره‌پێدانى زیاتر.
وتیشى: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان كاریان له‌ نه‌مامگه‌كان و دارستان چڕكردوه‌ته‌وه‌، هیچ بیر له‌و پاوانانە ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ چى لێده‌كرێت و چۆن ده‌ستدرێژیان ده‌كرێته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دارستانه‌كان كه‌ داره‌كان ده‌بڕنه‌وه‌ یان ده‌یسوتێنن.
چالاكوان، سۆران نه‌ریمان، فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان به‌بێ رۆڵ ناوده‌بات له‌باره‌ى ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ى كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر دارستانى روبارى سیروان و وتى: رۆڵى ژینگه‌ى گه‌رمیان وه‌ك ده‌سته‌ى ژینگه‌ى هه‌رێمیش ده‌سته‌یه‌كى راوێژكارییه‌ كه‌ ره‌نگه‌ هێزێكى یاسایى ئه‌وتۆیان نه‌بێت بتوانێت لێپرسینه‌وه‌ بكات.
وتیشى: له‌سه‌ر سوتانى دارستانى روبارى سیروان، فەرمانگەی ژینگه‌ كه‌مترین رۆڵیان هه‌بوه‌ و هیچ شتێكیان نه‌كردوه‌، به‌ڵام وه‌ك لایه‌نى كارگێڕى نازانم شتێك كرابێت، بە گشتیش یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ زۆرترین بێده‌نگی هه‌بوه‌ له‌م بابه‌تى سوتاندنه‌ى دارستانى روباره‌كه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا، دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: "ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك ژینگه‌ هه‌ر لایه‌نێك له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ئه‌ركیان په‌یوه‌ندى به‌ ژینگه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست ئیجرائات نه‌كه‌ن له‌ بونى حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى ئه‌وه‌ راپۆرتێك ئاماده‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمانى ده‌كه‌ین.
وتیشى: ئێمه‌ به‌شێوه‌ى مه‌یدانى ناتوانین بچینه‌ شوێنى روداوه‌كان، به‌ڵام هه‌ندێك بابه‌تى دیكه‌ هه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌بینه‌ لایه‌نى هاوكارى، بۆنمونه‌ له‌ رێنماى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2015 كه‌ هه‌بو هه‌ر كه‌سێك كه‌ سه‌رپێچى كردبێت و راوى كردبێت ئه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ ئیجرائاتمان له‌گه‌ڵ ده‌كرد به‌ سزاى مادیی، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیه‌كه‌ى قورس بوایه‌ ئاراسته‌ى دادگامان ده‌كرد، دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن پۆلیسى دارستان و ژینگه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرا.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: به‌ڵام ئێستا به‌پێى رێنمایی ژماره‌ 3ـى ساڵى 2022 هه‌مو بابه‌ته‌كانى سه‌رپێچى ده‌خرێته‌ دادگاوه‌، به‌ڵام نوێنه‌رى ئێمه‌ له‌وێ ده‌بێت و داكۆكى ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌پێى یاسا له‌ ماده‌ى 42ـى ساڵى 2008 كه‌سه‌كه‌ به‌پێى فه‌رمانى دادوه‌ر سزاكه‌ى له‌ 100 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 100 ملیۆن دینار ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مو ئه‌و سه‌رپێچیانه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر ژینگه‌ به‌تایبه‌ت راوى نایاسایی.
"رۆڵى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پاراستنى دارستانه‌ سروشیه‌كانه‌، ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌شى كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ كه‌ كه‌یسه‌كانیان ده‌گاته‌ دادگا ئه‌وكات ئێمه‌ ده‌توانین ده‌ست به‌ رێكاره‌كانمان بكه‌ین و به‌دواداچون بۆ كه‌یسه‌كه‌ بكه‌ین له‌ رێگه‌ى نوێنه‌رمانه‌وه‌ له‌ دادگا". ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
وتیشى: دواى ئه‌وه‌ ده‌توانین به‌گوێره‌ى ئه‌و رێكارانه‌ى كه‌ له‌ یاساى ژماره‌ 10ـى ساڵى 2012دا هاتوه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ین.
هاوكات، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: "كه‌ قسه‌یه‌ك ده‌كرێت پێویسته‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بۆمان بهێنرێت كه‌ ئێمه‌ رۆڵمان نه‌بوه‌ له‌ پاراستنى ئاژه‌ڵه ‌كێوییه‌كان و دارستانه‌كانیش، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت وه‌كپێویست رۆڵمان نه‌بوه‌".
ده‌شڵێت: به‌به‌رده‌وامى به‌ش و بنكه‌كانمان له‌ ئه‌ركدان ته‌نانه‌ت‌ پۆلیسم له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كه‌ى ته‌قه‌ى لێكراوه‌ و بریندار كراوه‌.
"له‌سه‌ر راپۆرتى به‌شى پۆلیسى دارستانى قه‌زاى كه‌لار 3 كه‌یسمان داوه‌ته‌ دادگا كه‌ دراستانى روباره‌كه‌یان تێكداوه‌ به‌ شۆفڵ و حه‌فاره‌". هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار وا ده‌ڵێت.
وتیشى: كه‌یسه‌كان له‌ دادگان و به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان ئه‌وان یه‌كلاى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سزاكه‌ چى ده‌بێت.
لەبەرامبەردا، یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان په‌یوه‌ندى به‌: چۆمان ئه‌حمه‌د، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌: "ئاماده‌نین لێدوان بده‌ين".
سۆران نه‌ریمان، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان، وتى: ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌تى كه‌لار پێویسته‌ به‌ده‌م كێشه‌كانه‌وه‌ بڕۆن و پشتگیرى و هاوكارى پۆلیسى دارستان بكه‌ن، هاوكات پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ن كه‌ پێویستیانه‌ كه‌ ره‌نگه‌ به‌ته‌نها نه‌توانێت ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكات و پێویستى به‌ هاوكارى لایه‌نه‌كانى تریش بێت، بۆنمونه‌ به‌ هاوكارییكردنى لیژنه‌ى ئه‌منی (پۆلیسی شاره‌وانی).
له‌به‌رامبه‌ردا، هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار، ده‌ڵێت: ئێمه‌ ناتوانین پۆلیسى شاره‌وانى بنێرینه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پاراستنى دارستانه‌كان، چونكه‌ ئه‌ركى ئه‌وان له‌ناو شاردایه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى ئه‌وه‌یان نیه‌.
لایخۆشیه‌وه‌، ئازاد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌دۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان ئه‌نجومه‌نێك پێكبهێنرێت بۆ پرسی ژینگه‌ و مانگانه‌ كۆبونه‌وه‌ى خۆى بكات و به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كانى ده‌سته‌ى ژینگه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ئارادان‌.
 
4. "كه‌مته‌رخه‌میی" به‌رپرسان
رێكخراوێكى ژینگه‌یى ده‌ڵێت: هه‌ندێك له‌ به‌رپرسان له‌ ئاستى ئه‌و به‌رپرسیارێته‌دا نین به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان كه‌مته‌رخه‌من، به‌ڕێوبه‌رانیش ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئازاد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌دۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كان له‌ ئاستى ئه‌و به‌رپرسیارێتيه‌دا نین و تاڕادەیەک كه‌مته‌رخه‌من، به‌جۆرێك ئه‌وان خه‌مى پاراستن و چاكردنى ژینگه‌یان نیه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا، ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوین له‌ كاره‌كانمان ئه‌وه‌ى كراوه‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌و تۆمه‌ته‌ ئه‌به‌خشێته‌وه‌ له‌ جێگه‌ى ئێمه‌ بێت له‌ ئێمه‌ زیاترى پێناكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك تۆمه‌تبارنه‌بێت ناتوانیت له‌ خۆته‌وه‌ تاوانبارى بكه‌ى، ئه‌ركى ئێمه‌ش له‌ دواى ده‌ستگیركردن و ساخ بونه‌وه‌ى تاوانه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، ته‌نانه‌ت ناتوانین هیچ رێكارێك بگرینه‌ به‌ر به‌رامبه‌ر به‌رامبه‌ر كه‌سێك كه‌ تاوانبار نه‌بێت، یاساش ورده‌ و ناتوانین له‌ خۆته‌وه‌ كه‌سێك تاوانبار بكه‌یت.
هاوكات، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: كه‌ قسه‌یه‌ك ده‌كرێت پێویسته‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بۆمان بهێنرێت كه‌ ئێمه‌ رۆڵمان نه‌بوه‌ له‌ پاراستنى ژه‌ڵه‌كێوییه‌كان و دارستانه‌كانیش، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت وه‌ك پێویست رۆڵمان نه‌بوه‌".
ده‌شڵێت: به‌به‌رده‌وامى به‌ش و بنكه‌كانمان له‌ ئه‌ركدان ته‌نانه‌ت راوچى هه‌بوه‌ ته‌قه‌ى له‌ پۆلیسم كردوه‌ و برینداربوه‌.
لایخۆشیه‌وه‌، دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: "ئێمه‌ وه‌ك خۆمان كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ هه‌یكه‌لییه‌ى حكومه‌تدا به‌وشێوه‌یه‌ كه‌ هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك پێوه‌ندى به‌ كارى خۆى هه‌یه‌، بۆ نمونه:‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوان ئه‌ركیان چاودێریكردنى دارستانه‌كانه‌، هاوكات به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان ئه‌ركیان پاراستنى ژینگه‌یه‌ له‌ سه‌رپێچیه‌كان، ئه‌ركى ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌رپرسیارین له‌ هه‌مو كه‌یسه‌ ژینگه‌ییه‌كان له‌ روى چاودێرییه‌وه‌، كارى خۆمان كردوه‌ له‌ مانگى 5 ئه‌مساڵدا به‌ 2 -3 راپۆرتى ورد له‌سه‌ر ده‌شتاییه‌كانى  گه‌رمیان و ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى خۆشك و زمناكۆ و به‌مۆ و چیا ره‌زا، هه‌مو كه‌موكورتى و هۆكاره‌كانى سوتانمان خستوه‌ته‌ رو و ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمان كردوه‌".
له‌به‌رامبه‌ردا، ئازاد ئه‌جمه‌د، پێویایه‌ "ده‌كرێت ئه‌و پۆستانه‌ى له‌ گه‌رمیان هه‌ن و په‌یوه‌ندیان به‌ ژینگه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی تێدا دابنرێن كه‌ دڵسۆزى بوارى ژینگه‌ن و وردترن له‌ بواره‌كه‌دا و حه‌ز به‌ سروشتن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بواره‌كه‌ ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌".
 
5. نه‌بون و لاوازیی سزا بۆ سەرپێچیكاران
سۆران نه‌ریمان، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان، ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا كه‌ هه‌یه‌ له‌ لێدوانه‌كانى خۆیان گوێبیستى ئه‌وه‌ ئه‌بین كه‌ خه‌ڵكیان ده‌ستگیر كردوه‌، هه‌ندێكجار به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ریان هه‌بوه‌ به‌ شۆفڵ دارستانیان بڕیوه‌ و تێكیان داوه‌ كه‌ گیراون، هاوكات دارستانه‌كانیان سوتاندوه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێكیان درابێتن به‌ دادگا هه‌ندێكیان نه‌درابێتن.
وتیشى: ئێمه‌ دیسانه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ دادگاكانیش ده‌گرین كه‌ نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست سزاى تاوانباران بدرێت، سزاش درابێت سزایه‌كى مادى كه‌م بوه‌ كه‌ نه‌توانراوه‌ ببێت به‌ هۆكارێك خه‌ڵك بسڵه‌مێته‌وه‌ و كاریگه‌رى نه‌بوه‌ و رێگر نه‌بوه‌ ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه‌ داوا له‌ دادگاكان ده‌كه‌ین كه‌ به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كان كه‌یسێكى له‌و بابه‌ته‌ هه‌بو ئیجارائاتى توند بكرێت، چونكه‌ ژینگه‌ مه‌سه‌له‌ى ژیانه‌.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: یاساكه‌ هه‌یه‌ كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆمه‌تبار ده‌ستگیرده‌كرێت له‌ رێگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان و دارستان و پاوانه‌وه‌ كه‌ راده‌ستى داگا ده‌كرێت دادگاش لیژنه‌ پێك ده‌هێنێت بۆ خه‌مڵاندنى زیانه‌كان، ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ى كه‌ بۆ سوتاندنى دارێك ده‌كرێت زۆر كه‌مه‌ سزایه‌كه‌ى هێنده‌ تۆكمه‌ و گه‌وره‌ نیه‌ خه‌ڵك بترسێنێت و سڵى لێبكاته‌وه‌، سزاكه‌ش ره‌نگه‌ له‌ 50 بۆ 100 هه‌زارێك بێت و دواتر ئازاد بكرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌گوێره‌ى ته‌مه‌نى داره‌كان خه‌مڵاندن بكرێت و زانستیانه‌ سزا بدرێن.
"ئه‌و سزادانەى كه‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌رپێچیكاران هەندێكجار بەپێبژاردنێکی مادی کەم تێده‌پەڕێت، ئەوەش پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە فەرمانگەی ژینگە و دارستان و پاوان و پۆلیسی دارستان و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، لەڕێگەی پەرلەمانەوە داوای هەموارکردنەوەی یاسای تایبەتمەند بکەن بۆ زیادکردنی سزای توند و قورس بۆئەو کەسانەی کە دەبنە زیان بۆسەر ژینگەو سروشت". سه‌ریاس ئیبراهیم، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ لە گەرمیان هێما بۆ ئەوەدەکات.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: رۆژانه‌ و به‌رده‌وام ئه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت كه‌ ئیجرائات به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر كه‌ سه‌رپێچییان كردوه‌ چ بۆ سوتاندن و له‌ناوبردنى دارستانه‌كان یان راوكردنى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ئیجرائاته‌كان سارد و كه‌من تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ببێت به‌ قه‌ڵغانێك بۆ پاراستنى سروشت و ئاژه‌ڵه‌كان.
وتیشى: زۆرترین دار ده‌بڕێته‌وه‌ و دارستان ده‌سوتێنرێت تائێستاش به‌زۆرى ده‌ڵێن له‌لایه‌ن كه‌سانى نه‌ناسراوه‌وه‌ تاوانه‌كه‌ كراوه‌، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌.
به‌هه‌مان شێوه‌، ئازاد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌دۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان هه‌وڵیان نه‌داوه‌ كارێك بكه‌ن سزایه‌كى توند به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ بگیرێته‌ به‌ر كه‌ پێچه‌وانه‌ى رێنماییه‌كانى ژینگه‌ تاوانێك ده‌كه‌ن، پێویسته‌ كه‌سێك كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێت به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان سزایه‌كى توندى بۆ دابنرێت بۆئه‌وه‌ى نه‌توانرێت جارێكى دیكه‌ تاوانى ژینگه‌یی ئه‌نجام بده‌ن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌مه‌ وایكردوه‌ ئه‌وان ته‌نها رۆڵى چاودێرێك ببینن، ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه‌ ئامارێكى ورد هه‌بێت ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زیانانه‌ى كه‌ به‌ر ژینگه‌ و دارستانه‌كان كه‌وتون یاخود رێژه‌كه‌ زیادى كردوه‌ یان نا و چى له‌ده‌ست دراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ش هه‌ر راسته‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: به‌پێى ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ى كه‌ به‌رده‌ستن، ئیجرائاتمان كردوه‌ ئێمه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌ركى ئێمه‌ ته‌نها ده‌ستگیركردنه‌ و دادگاكان یه‌كلاى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سزاكه‌ى چیه‌ به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كان.
وتیشى: له‌ 6 مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا له‌ گه‌رمیان 75 كه‌س ده‌ستگیركراون.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: هه‌ندێكجار سه‌رپێچیه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بوه‌ بدرێته‌ دادگا له‌ نێوان یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان یه‌كلا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ى كه‌یسه‌كان له‌ دادگایه‌ و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچى زۆرجار گله‌یی ئه‌وه‌مان كردوه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كانمان كه‌ پێویسته‌ ئیجرائاته‌كان توند بن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رپێچیه‌كان كه‌م ببێته‌وه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: "به‌پێى یاساى ژماره‌ 10ـى ساڵى 2012 ئه‌و تۆمه‌تباره‌ى كه‌ تۆمه‌ته‌كه‌ى به‌سه‌ردا ساخ ده‌بێته‌وه‌ له‌ رێگه‌ى دادگاوه‌ سزاكه‌ى دیارى ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌ پێبژاردن و سزاى به‌ندكردنه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و تاوانه‌ى ئه‌نجامى داوه‌ سزاكه‌ى دیارى ده‌كرێت".
باسى له‌وه‌شكرد: له‌ یاساكه‌دا سزاى پێبژاردنه‌كان جیاوازه‌ له‌ دارێكه‌وه‌ بۆ دارێكى كه‌ یان له‌ ته‌مه‌نى دارێكه‌وه‌ بۆ ته‌مه‌نى دانه‌یه‌كى كه‌، بۆنمو له‌ 2 هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ هه‌ر دارێك ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو 350 بۆ 400 هه‌زار دینار، هاوكات ئه‌و دارانه‌ى كه‌ سزاكه‌ى ئه‌گاته‌ 400 هه‌زار دینار ئه‌و داره‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نى بگاته‌ 35 ساڵ، جگه‌ له‌و پاره‌ى كه‌ بۆى دانراوه‌ بۆ هه‌ر ساڵێكى ته‌مه‌نى داره‌كه‌ بڕى 10 هه‌زار دینارى دیكه‌ى لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش له‌ سه‌روى ئه‌و سزایه‌یی كه‌ بۆى دیارى كراوه‌.
ده‌شڵێت: سزایه‌كى دیكه‌شمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك 400 دار به‌ سه‌ره‌وه‌ له‌ناو ببات، ئه‌وه‌ ده‌بێت پاركێكى ده‌ستكرد دروست بكات و خزمه‌تى بكات بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك،  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌یسى له‌م شێوه‌یه‌مان نه‌بوه،‌ ئه‌وه‌ى هه‌بوه‌ له‌ ساڵى 2020 سه‌روى 150 دار له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ كارگه‌كانه‌وه‌ له‌ناوبرا و سزاى پێبژاردنه‌كه‌شى گه‌یشته‌ 2 ملیۆن و 543 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سزاى به‌ندكردنیش دیارییكراوه‌ به‌پێى یاساكه‌.
چالاكوانێك باس له‌وه‌ده‌كات: راسته‌ ئیجرائات كراوه‌، به‌ڵام له‌ تموحى ئه‌واندا نیه‌.
ئه‌یاد محه‌مه‌د، وتیشی: ناڵێم یاسا جێبەجێ نه‌کراوە، بەڵام وەکپێویست نیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی چاودێرییەکی ورد و دەستگیرکردنی کەسانی سەرپێچیکار.
 
6. نه‌بونى بنكه‌ بۆ پاراستنى دارستانه‌كان
چالاکوانان و رێکخراوە ژینگەییکان پێیان وایە لەسەر روبارى سیروان ئەگەر بنکەیەکى تایبەت بکرێتەوە بۆ پاراستنى دارستانى روبارەکە ئەوە ئەوە مەترسیەکان زۆر کەمتر دەبنەوە.
ئه‌یاد محه‌مه‌د، چالاكوانى ژینگه‌یی له‌ گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: ئێمه‌ داوامان كردوه‌ له‌سه‌ر روبارى سیروان بنكه‌یه‌ك بكرێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى زیاتر پاراستنى سروشتى روباره‌كه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا بەشێوەی فەرمی وەڵاممان وەرنەگرتوە، چونکە دانانی بنکە ئەرکی پۆلیسی دارستانە، بەڵام ئەوەی بیستومانە و پێمان وتراوە لێرە گرفتی نەبوونی پۆلیس و بەنزین و  ئۆتۆمبێلیان هەیە واتە پێویستیان بە بودجەیە.
به‌هه‌مان شێوه‌، ئازاد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌دۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: كردنه‌وه‌ى بنكه‌یه‌ك له‌سه‌ر رۆخى روباره‌كه‌ گرنكه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ پارێزه‌رى ئه‌و دارستانه‌ى كه‌ له‌وێ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانیش پارێزراو ده‌بن.
له‌ به‌رامبه‌ردا، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: ئێمه‌ دو بنكه‌مان هه‌یه‌ یه‌كێكیان له‌ باوه‌نوره‌ ئه‌وى تریان له‌ كوڵه‌جۆیه‌ هه‌ردوكیان حسابكه‌ له‌سه‌ر روبارى سیروانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمانخۆشه‌ نه‌ك 1 بنكه،‌ به‌ڵكو 5 بنكه‌ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ پاراستى ئاژه‌ڵه‌كان و دارستانه‌كان، به‌ڵام كردنه‌وه‌ى بنكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئیمكانیات و ستافى پێویسته‌".
سه‌ریاس ئیبراهیم، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ لە گەرمیان هێما بۆ ئەوەدەکات: بەپێی زانیاریەکان چەندین بنکەی پۆلیس و دارستان لەسنوری گەرمیاندا هەیە لە جێگەی وا بنکە هەیە رەنگە زۆر پێویست نەبێت، ئەتوانن لەو بنکانە پۆلیس بکشێننەوە، هاوكات دانانی بنکەش بۆ پاراستنی ژینگەی سیروان زۆر تێچوی نیە و کاریگەری گەورەی دەبێت.
به‌ڵام شوان محه‌مه‌د پێیوایه‌ له‌ بری بنكه‌، ده‌كرێت به‌ ئامێری درۆن (فڕۆكه‌ى بچوكى چاودێریی و وێنه‌گرتن) ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.
وتیشى: له‌ برى بنكه‌ ئێمه‌ ده‌كرێت 5 بۆ 6 درۆنمان هه‌بێت به‌به‌رده‌وامى چاودێرى سنورى روبارى سیروان و ئه‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ ئاژه‌ڵى كێوى تێدایه‌.
سۆران نه‌ریمان، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر بنكه‌یه‌ك له‌سه‌ر روبارى سیروان دابنرێت كه‌ پۆلیسى دارستان و ئاسایش و به‌رگرى شارستانى له‌وێ ئاماده‌بن، ئه‌وا ده‌توانن هه‌م تاوانباران ده‌ستگیربكه‌ن، هه‌م ئه‌و ئاگرانه‌‌ش كۆنترۆڵ بكه‌ن كه‌ ده‌كه‌وێته‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان، جه‌ختى كرده‌وه‌: بۆ حاڵه‌ته‌كانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بنكه‌ نیه‌، به‌ڵكو كه‌ره‌سته‌یه‌، ئه‌ویش كه‌ره‌سته‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌یه‌، كه‌ داواى 50 دانه‌ كه‌ره‌سته‌ى كۆڵمان كردوه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنى ئاگره‌كان كه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌سه‌ر روبارى سیروان، بۆیه‌ ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانین بزانم چیمان بۆ ده‌كرێت.
سۆران نه‌ریمان، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان وتى: بابه‌تى نه‌بونى پێداویستى و گرفتى كارمه‌ند و نه‌بونى به‌نزین و ئۆتۆمبێل له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان هه‌موى پاساوه‌ پاساوێكى لاوازیشه‌، چونكه‌ ناكرێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ك له‌ ساڵى 2000ـه‌وه‌ دامه‌زرابێت به‌ڕێوبه‌ركه‌ى زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ به‌ڕێوبه‌ر نه‌توانێت ئه‌و پێداویستيانه‌ى كه‌ پێویستن دابینى بكات.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌:چاودێرى چڕ نیه‌ بۆ پاراستنى دارستانه‌ سروشتیه‌كان، به‌ڕێوبه‌راتیش ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نه‌بونى ئیمكانیه‌ت كه‌ شتێكى زۆر ساده‌یه‌ و ئه‌توانن دابینى بكه‌ن.
 
7. چی بكرێت؟
چالاكوانى بوارى ژینگه‌ توندكردنه‌وه‌ى رێنمایی و یاساكان و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى تاك و كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌ به‌چاره‌سه‌ر ده‌زانن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ى كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر دارستانه‌كان و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: پێویسته‌ یاسا توندتر بكرێته‌وه‌ و سزاى مادى و به‌ندكردن زیاتر بكرێت ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كى دیكه‌ پێویسته‌ ئاستى هۆشیارى و په‌روه‌رده‌یی ژینگه‌یی له‌لاى هاوڵاتیان به‌رز بكرێته‌وه‌.
وتیشى: له‌ هه‌مانكاتدا پێویسته‌ پولیسى دارستان چاودێرییه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ و بنكه‌ى زیاتریان هه‌بێت له‌و شوێنانه‌ى كه‌ دارستانن، بۆ ئه‌وه‌ى باخ و سه‌وزاییه‌كان له‌ سوتاندن و بڕینه‌وه‌ بپارێزن.
هاوکات، سه‌ریاس ئیبراهیم، چالاكوانى بوارى ژینگه‌ لە گەرمیان هێما بۆ ئەوەدەکات: ژینگەی روباری سیروان دارستانێکی سروشتی گەورەیە کە هیچ تێچویەکی بۆ حکومەت نیە و سروشتیە تەنها چاودێرییەکی وردی دەوێت و هیچیتر، ژینگەی سیروان کارگەیەکی گەورەی بەرهەم هێنانی ئۆکسجینە و کاریگەری گەورەی لەسەر کەشوهەوای گەرمیان هەیە، بۆیه‌ پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت ئه‌و دارستانه‌ بهێڵرێته‌وه‌ و رێكارى توندى بۆ بگیرێته‌ به‌ر له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌.
 
دوه‌م: ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان
 
1. دۆخى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان
رێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان و چالاكوانانى بوارى ژینگه‌ جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌دۆخى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان له‌سنورى گه‌رمیان له‌ مه‌ترسیدایه‌، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: به‌ رێژه‌ى له‌ %80ـى ئاژه‌ڵه‌كان له‌ناوچون.
به‌رێوبه‌رى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات هیچ ئامارێك له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ كه‌ ده‌ریبخات ژماره‌ و رێژه‌ى ئاژه‌ڵی كێوی له‌ سنوره‌كه‌دا چه‌نده‌.
نعمه‌ت ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامى رێكخراوى ژینگه‌ پارێزى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: دۆخی ئاژەڵە کێویەکان رۆژ بەڕۆژ مەترسی لەناوچونیان زیاتر دەبێت بە هۆکاری سروشتی و مرۆیی، وەك لەناوچونی ژینگەی ئاژەڵە کیویەکان لە وشکە ساڵی و شکبونەوەی سەرچاوە ئاویەکان لە گەرمیان بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی،  هەروەها سوتاندن و فه‌وتاندنى دارستانەکانی که‌نار روباری سیروان.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: لەماوەی  30ساڵی رابردو گیاندارى كێوى کەمی کردوە بەهۆی نەبونی چاودێری و پاراستنیان، ئه‌و ئاسکانه‌ى كه‌ لەم دیوی سیروان تاکو دەگاتە سەرقەڵا و دەوروبەری کفری و سەنگاو %85 زیاتر لەناوچون، هاوكات له‌وبەری سیروان ناوچەی قۆرەتو تاکو دەگاتە سنوری خانەقین نزیکەی 70%ـى ئاسكه‌كان لەناوچون،  ئه‌مه‌ش به‌پێى داتای رێکخراوی ژینگە پارێزی گەرمیان.
به‌گشتیش چالاكوانان 3 خاڵ به‌ هۆكارى سه‌ره‌كیی ده‌زانن بۆ له‌ناوچون و كه‌مبونه‌وه‌ى ئاژه‌ڵه‌ سروشتییه‌كان، كه‌ ئه‌مانه‌ن:
 
ا. له‌ناوچونى دارستانه‌كان
چالاكوانانى بوارى ژینگه‌ و به‌رپرسانى حكومی له‌ گه‌رمیان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ناوچونى دارستانه‌ سروشتیه‌كان له‌ سنوره‌كه‌دا هۆكاره‌ بۆ كه‌مبوه‌نه‌وه‌ و له‌ناوچونى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان.
نه‌جیب عومه‌ر، ئه‌ندامى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان وتى: روباری سیروان و ناوچەی گەرمیان بە رێڕەوی ئەو باڵندە كێوییانە دادەنرێت كە لە باشورەوە كۆچ دەكەن بۆ باكور و بە پێچەوانەشەوە، كە بۆ پشودان ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە، بۆیە سوتاندنی دارستانەكان كاریگەری راستەوخۆی هەیە بۆ كۆچكردن و كەمبونەوەی زۆرێك لە باڵندەو گیانداری كێوى.
هاوکات، ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: سوتاندنى دارستانه‌ سروشتیه‌كان كاریگه‌رى هه‌بوه‌ له‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌كێوییه‌كان و باڵنده‌كان، به‌جۆرێك به‌شێكیان له‌ ناوچون و كه‌م بونه‌ته‌وه‌ یان بێچوه‌كانیان له‌ ناوچون یاخود هێلانه‌كانیان له‌ناوبراون.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بێت و به‌راوردێك بكه‌ین بۆ ئاژه‌ڵه‌كانى سه‌ر زه‌وى و ناو ئاو له‌گه‌رمیان  ده‌بینین ژماره‌یه‌كى زۆر ئاژه‌ڵ و جۆرى ئاژه‌ڵه‌كان كه‌ كاتى خۆى له‌ناوچه‌ى گه‌رمیان ژیاون و بونیان هه‌بوه‌، له‌ئێستادا نه‌ماون و له‌ناو چون به‌هۆى كرده‌وه‌ى مرۆڤ و گۆڕانى كه‌شوهه‌واوه‌.
باسى له‌وه‌شكرد: بۆنمونه‌ روبارى سیروان كه‌ له‌ساڵانى هه‌شتاكان ژماره‌یه‌كى زۆر و جۆره‌ها زینده‌وه‌رى تێدا بووه‌ به‌هۆى راوكه‌رانى ماسی كه‌جۆره‌ها ماده‌ى كوشتنده‌ به‌كارده‌هێنرێت ئێستا نه‌ماون، سه‌بارى ئه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاژه‌ڵه‌كان كه‌ده‌سوتێنرێن له‌كاتى سوتاندنى باخه‌كاندا له‌گه‌رمیان.
لایخۆشیه‌وه‌، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: به‌هۆى سوتاندنى دارستانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ ئاژه‌ڵى كێوى كه‌مبوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌و رێژه‌ زۆره‌ نیه‌ و رێژه‌كه‌ زۆر كه‌م نه‌بوه‌ته‌وه‌، هاوكات ناوچه‌كه‌ش سه‌ر سنورییه‌ و راسته‌وخۆ ئه‌گه‌ر ئاگرێك بكه‌وێته‌وه‌ ره‌نگه‌ شوێنه‌كه‌ به‌جێبهێڵن.
وتیشى: ئه‌مساڵیش ئاگر كه‌م بوه‌ له‌ گه‌رمیان له‌ چاو ساڵانى پێشتر، ئه‌وه‌ى هه‌بوه‌ ته‌نها دارستانى سروشتى قوله‌به‌رز و سه‌ر سیروان بوه‌، كه‌ به‌شێك له‌ بكه‌رانیشى ده‌ستگیركراون كه‌ هه‌ندێك كه‌س بون.
 
ب. وشكه‌ساڵى و گۆڕانى كه‌شوهه‌وا
"بەحوكمی ئەوەی ئێمە مانگانە لە دەرەوین و بە دواداچوون دەكەین، لە ساڵانی رابردوودا وشكە ساڵی كاریگەری راستەوخۆی هەبو لە نەمان و كۆچكردنی چەندین باڵندەو گیانداری كێوی". نه‌جیب عومه‌ر، ئه‌ندامى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان، واى وت.
وتیشى: هەروەها خراپی دۆخی ژینگە و زۆربونی ئۆتۆمبیل و كارگەكان و ژمارەی دانیشتوان، ئەمانەش كاریگەری خۆیان هەبوە لە كۆچكردن و نەمانی زۆریك لە باڵندەكان وەكو قاز و لەق له‌ق و پەڕەسێلكە و ریشۆڵە.
لە بەرامبەردا، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵی كاریگه‌ریى هه‌بو له‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ روى تینیوێتیه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى باش خه‌میان خواردوه‌ و ئاویان دابین كردوه‌ له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كان بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد تا راده‌یه‌ك مه‌ترسى دوربخه‌نه‌وه‌.
 
ت. راوكردن
راوكردن له‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كیانه‌یه‌ كه‌ وایكردوه‌ رێژه‌ى ئاژه‌ڵی كێوی له‌ سنوره‌كه‌دا كه‌م بكات.
نه‌جیب عومه‌ر، ئه‌ندامى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان، وتى: نه‌بونى ئیجرائاتى توند هۆكاره‌ بۆ راوكردنى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان بۆیە زیادیشى کردوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ زۆربەی ئەوانەی راودەكەن كوڕی بەرپرس و پلەداره‌ سەربازییەكانن، چونكه‌ چەندین جۆری چەكی بێ دەنگ و گرانبەها راوكردنیان پێیه‌.
باسى له‌وه‌شكرد: هەندێك مرۆڤی ئاساییش حەزیان لە خواردنی گۆشتی هەندێك باڵندەو گیانداری كێوییە، بۆیە دەستیان داوەتە راوکردن.
لایخۆشیه‌وه‌، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى راوكردن ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر شتێك كه‌ قه‌ده‌غه‌ كرا مه‌رغوب ئه‌بێت، یه‌كێكى دیكه‌ له‌ هۆكاره‌كان شێوازى ئیجرائاته‌كانه‌ كه‌ وه‌ك پێویست نه‌بوه‌ و لاواز بوه‌، ئه‌مانه‌ وایكردوه‌ راوكردن زۆربێت.
وتیشى: له‌ ئێستادا وه‌زعه‌كه‌مان تۆزێك به‌ره‌و باشى ئه‌ڕوات و ئاژه‌ڵى كێوى زۆربوه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن، چونكه‌ چاودێریمان چڕكردوه‌ته‌وه‌ به‌ ناردنى پۆلیسى دیكه‌ بۆ پاراستنیان و ئۆتۆمبێلى باشتریان بۆ دابین كراوه‌، به‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین بڵێین راوكردنمان قه‌ده‌غه‌ كردوه‌.
بۆ به‌ڵگه‌ى ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌ى وت: " شوێنى وامان هه‌بوه‌ كه‌ بینیومانه‌ ژماره‌ى ئاژه‌ڵی كێوی ئه‌وه‌نده‌ زۆر بون وه‌ك رانه‌ مه‌ڕ وابون".
نعمه‌ت ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامى رێكخراوى ژینگه‌ پارێزى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: راوکردن لەهەندێك ناوچە بوه‌تە هۆکاری لەناوچونی چەندین جۆر لەئاژەڵەکان، نمونەی: ئاسکی گەرمیانی بەهۆی فراوانی ناوچەکە و کەمی ئیمکاناتی پۆلیسی دارستان وەك لەهەندێ ناچەی تر کە مەترسی لەناوچونی لەسەره‌ بەتەواوەتی بەو هۆکارانەی باسم کرد، چونکە تەنها لەگەرمیان بونی هەیە ئه‌و ئاسكانه‌.
 
2. حكومه‌ت هۆكارى خراپی دۆخی ئاژه‌ڵانى كێوییه‌
نه‌جیب عومه‌ر، ئه‌ندامى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان وتى: "راوكردن له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بوه‌ به‌ دیارده‌ له‌ ئێستادا، به‌جۆرێك رۆژانه‌ به‌به‌رچاومانه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبیلی گرانبه‌ها و چه‌كی بێده‌نگ ته‌قه‌ له‌ ئاسك و گیانداری كێوی ده‌كرێت! حكومه‌تیش ئیجرائاته‌كانیان زۆر لاوازه".
به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان، ئاماژه‌ به‌ خراپی دۆخى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى داستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان ده‌كات و به‌نمونه‌یه‌ك ده‌یزانێت بۆ خراپی مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه‌یه‌دا.
نعمه‌ت ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامى رێكخراوى ژینگه‌پارێزى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان، ده‌ڵێت: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسی دارستان دامەزرا بۆ پاراستنی ژینگە، كه‌چى ئمکاناتیان لەبەردەست نیە وەك ئۆتۆمبیلی نوێ و سوتەمەنی بۆ جێبەجێ کردنی کارەکانیان.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: دۆخه‌كه‌ بەجۆرێكه‌ رۆژانە لەکاتی راوه‌دونانی راوچیەکان پەکیان دەکەوێت، بۆیه‌ ناچار واز لە راوچیەکە بێنن یان بەپێ دوایان کەون کە لەم ماوه‌یه‌ لەقۆرەتو ئه‌و بابه‌ته‌ رویداوه‌ بەپێ راوچیەکان دەستگیردەکەن.
له‌به‌رامبه‌ردا، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: كۆنترۆڵكردن و پاراستنى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان  قورسن به‌م ئیمكانیاته‌ى كه‌ هه‌مانه‌ له‌ ئێستادا و بێكه‌موكورتى نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارى خۆمان كردوه‌ و به‌رده‌وامبوین له‌ پاراستنیان".
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌ كاتى ده‌ستگیركردنى راوچیه‌كاندا پۆلیسمان ته‌قه‌ى لێكراوه‌ و بریندار بوه‌.
كێودۆستێك باس له‌وه‌ده‌كات: له‌به‌رامبه‌ر زۆرى راوكردنى ئاژه‌ڵه‌كێوییه‌كان له‌ سنورى گه‌رمیان پاساوى حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى داراییه‌، له‌ كاتێكدا بودجه‌ بۆ زۆر شتى دیكه‌ هه‌یه‌ به‌كارده‌هێنرێت.
نعمه‌ت ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامى رێكخراوى ژینگه‌ پارێزى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌لێت: هەمیشە پاساوی حکومەت کێشەی داراییە له‌ بون هه‌ر گرفتێك كه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ و قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، بەڵام بۆ هەندێك شت و شوێن هەموشتێك فەراهەمە، كه‌چى بۆ پرسی پاراستنی ژینگە گرفتى دارایی هه‌یه‌ و گرنگی ئەوتۆی پێ نەدراوە.
"حكومه‌ت شتێكی ئه‌وتۆی نه‌كردوه‌ بۆ گیانداره‌ كێوییه‌كان كه‌ شیاوی باسكردن بێت، به‌نزین و تراكتۆر بۆ دابینكردنی ئاو له‌ رێگه‌ی خێرخوازانه‌وه‌ دابین ده‌كرێت". نه‌جیب عومه‌ر، ئه‌ندامى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان وتى.
وتیشى: له‌ روی گرتنی راوچی زۆر كه‌مته‌رخه‌م بونه‌ له‌وه‌ی ناتوانن روبه‌ڕوی پله‌دار و به‌رپرسه‌ راوچییه‌كان ببنه‌وه‌.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌شڵێت: حكومه‌ت جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ پێویستى و ستافى له‌به‌رده‌ست نیه‌ ئه‌مه‌ هیچ لۆجیك نیه‌، چونكه‌ هه‌مومان ده‌زانین ئه‌م حكومه‌ته‌ چه‌ند داهاتی هه‌یه‌ و چه‌ندی سه‌رف ده‌كات.
هاوكات نمونه‌ وڵاتی ئێران ده‌هێنێته‌وه‌ و جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌: ئه‌گه‌ر كه‌سێك دارێك ببڕێته‌وه‌ 10 ملیۆن دینار سزای ده‌دا‌ت چ جای بگات به‌ ئاژه‌ڵێكی كێوی! ده‌كرێت لای ئێمه‌ش له‌ پاڵ دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ پۆلیسی دارستان با سزاكان توند بكرێن.
له‌باره‌ى رۆڵی فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌وه‌ بۆ پاراستنى ئاژه‌ڵانى كێوی، دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك ژینگه‌ هه‌ر لایه‌نێك له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیاره‌كان كه ‌ئه‌ركیان په‌یوه‌ندى به‌ ژینگه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست ئیجرائات نه‌كه‌ن له‌ بونى حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى ئه‌وه‌ راپۆرتێك ئاماده‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمانى ده‌كه‌ین.
وتیشى: ئێمه‌ به‌شێوه‌ى مه‌یدانى ناتوانین بچینه‌ شوێنى روداوه‌كان، به‌ڵام هه‌ندێك بابه‌تى دیكه‌ هه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌بینه‌ لایه‌نى هاوكار، بۆنمونه‌ له‌ رێنماى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2015 كه‌ هه‌بو هه‌ر كه‌سێك كه‌ سه‌رپێچى كردبێت و راوى كردبێت ئه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ ئیجرائاتمان له‌گه‌ڵ ده‌كرد به‌ سزاى مادیی، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیه‌كه‌ى قورس بوایه‌ ئاراسته‌ى دادگامان ده‌كرد، دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن پۆلیسى دارستان و ژینگه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرا.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: به‌ڵام ئێستا به‌پێى رێنمایی ژماره‌ 3ـى ساڵى 2022 هه‌مو بابه‌ته‌كانى سه‌رپێچى ده‌خرێته‌ دادگاوه‌، به‌ڵام نوێنه‌رى ئێمه‌ له‌وێ ده‌بێت و داكۆكى ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌پێى یاسا له‌ ماده‌ى 42ـى ساڵى 2008 كه‌سه‌كه‌ به‌پێى فه‌رمانى دادوه‌ر سزاكه‌ى له‌ 100 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 100 ملیۆن دینار ده‌ست پێده‌كات، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مو ئه‌و سه‌رپێچیانه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر ژینگه‌ به‌تایبه‌ت راوى نایاسایی.
 
3. یاسا نەیتوانیوە راوى ئاژەڵی کێویی كه‌مبكاته‌وه‌
" یاساكان كه‌موكورتییان زۆره‌، بۆنمونه‌ کەمی پێ بژاردنەکان لەسەر جۆری هەر ئاژەڵێك كه‌ راوده‌كرێت، هاوكات سزاکان لەسەر راوچیەکان بەجۆرێكه‌ نابێتە بەربەست لەبەردەم راونەکردن". نعمه‌ت ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامى رێكخراوى ژینگه‌ پارێزى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: یه‌كێكى دیكه‌ له‌ گرفته‌كان له‌ یاساكه‌دا ئه‌وه‌یه‌ پشتگیری نەکردنی پۆلیسی دارستان لەکاتی دەسگیرکردنی کەسێک لە راوچیەکان.
نه‌جیب عومه‌ر، ئه‌ندامى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان، وتى: ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێ راوچییه‌ك ده‌ستگیربكرێت له‌ گه‌رمیان به‌ یاسای كۆنی عێراقی سزا ده‌درێت، ئه‌ویش به‌ بژاردنی بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م و ئازاد ده‌كرێت، بۆیه‌ سزاكان هیچ توندنین، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ راوكردن له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ ببێت به‌ دیارده‌.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: دادگا و دادوه‌ره‌كان ده‌توانن ئه‌و یاسانه‌ى كه‌ هه‌ن‌ هه‌ڵسه‌نگێنن.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: به‌ڵام ئێمه‌ ئیجارائاته‌كان به‌ پێویست نازانین بۆ سه‌رپێچیه‌كان، بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر ئاسكێك بكوژرێت سزاكه‌ى 10 ملیۆن دیناره‌، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سزاى مادى بۆ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سزایه‌ به‌سه‌ر كه‌سێكدا بدرایه‌، ئه‌وا كه‌س راوی نه‌ده‌كرد.
 
4. پێویستە چى بکرێت؟
رێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان و چالاكوانان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ رێگرى كردنى زیاترى راوكردن پێویسته‌ هاوكارى باشى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان بكرێت له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌وه‌ى یاسا و توندكردنى له‌سه‌ر تاوانباران.
نعمه‌ت ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامى رێكخراوى ژینگه‌ پارێزى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان ده‌لێت: "پێویسته‌ هاوکاری پۆلیسی دارستان بكرێت لەدابینکردنی سوتەمەنی بۆهەندێ لەو بنکانەی پۆلیس کە فشارێکی زۆری راوکردنی لەسەرە، داواشمان کردوە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان ئیمکاناتی باش و زیاتر لەوەی کە هەیە لەهەمو رویەکەوە بخرێت بەردەست بۆ زیاتر بەهێزکردنی پۆلیسی دارستان و زیادکردنی بنکەکانی چاودێری لەو شوێنانەی کەتایبەتمەندی خۆی هەیە لە روی جۆری ئاژەڵەکان و ژمارە و گرنگیان وەك لەجێگای تر.
وتیشى: هەروەها بڵاوکردنەوە و دانانی تابلۆی رێنمای بۆ پاراستنی ژیانی کێوی و ژینگەیی، هاوكات دانانى ژمارەی بنکەکانی پۆلیسی دارستانی گەرمیان بۆ هاوکاری کردنی زیاتری خەڵک و بەشدارییان لەپاراستنی ژینگە و ژیانی کێوی.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، باس له‌وه‌ ده‌كات: "پێویسته‌ وه‌رزى راوكردن رێكبخرێته‌وه‌ به‌ یاسا، هاوكات كه‌ره‌سته‌كانى راوكردن سنورداربكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ پۆلیسى دارستان چاودێرییه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ و بنكه‌ى زیاتر بكه‌نه‌وه‌ له‌و شوێناى كه‌ له‌ ژێرمه‌ترسى راوكردندا گیانداره‌ كێوییه‌كان".
به‌هه‌مان شێوه‌، نه‌جیب عومه‌ر، ئه‌ندامى گروپى كێودۆستان له‌ گه‌رمیان وتى: پێوسته‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی له‌به‌رده‌ستی حكومه‌ت هه‌یه‌ بڕێكی باشی ته‌رخان بكرێت بۆ ژینگه‌ و دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ی باش بۆ پۆلیسی دارستان، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ئاسایش هاوكاری پۆلیسی دارستان بن له‌م بابه‌تی گرتنی راوچیانه‌دا، به‌جۆرێك كارێك بكرێت كه‌س نه‌توانێ راوی نایاسایی ئه‌نجام بدات.
 
سێیه‌م: كێشه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان
 
1. ناساندنێكى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان ئه‌ركى پارێزگارى كردنه‌ له‌ دارستان سروشتیه‌كان و ئاژه‌ڵه‌كێوییه‌كان له‌ سنورى گه‌رمیان له‌ بونى هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك و ده‌ستدرێژییه‌ك كه‌ بكرێته‌ سه‌ر ئه‌و بوارانه‌ى كه‌ باسمان كرد.
ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ له‌ ساڵى 2007ـه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان دامه‌زراوه‌ و له‌ 4 به‌ش پێكهاتوه‌ له‌ سه‌نته‌رى قه‌زاكان ئه‌وانیش: (به‌شى كه‌لار، به‌شى كفرى، به‌شى خانه‌قین، به‌شى قه‌ره‌هه‌نجیر)، هاوكات له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌كانیش بنكه‌ى تایبه‌ت هه‌یه‌ ئه‌وانیش: (بنكه‌كانى رزگارى، باوه‌نور، شێخ ته‌ویل و تیله‌كۆ) ئه‌م بنكانه‌ سه‌ر به‌ به‌شى قه‌زاى كه‌لارن، هاوكات (بنكه‌كانى ئاوه‌سپى، نه‌وجول، سه‌رقه‌ڵا و كوڵه‌جۆ كۆكس) سه‌ربه‌ به‌شى قه‌زاى كفرییه‌، هاوكات بنكه‌ى (مه‌یدان و قۆره‌تو) سه‌ر به‌ به‌شى قه‌زاى خانه‌قینن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بنكه‌كانى (ته‌كیه‌ى جه‌بارى، قادركه‌ره‌م و شوان) سه‌ربه‌ به‌شى قه‌ره‌هه‌نجیرن.
هه‌یكه‌لیه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان پێكدێت له‌ كۆمه‌ڵێك به‌ش و هۆبه‌ ئه‌وانیش: به‌شى كارگێڕى، ژمێریارى، جوڵان، ئامێر و پێداویستیه‌كان، به‌شى یاسا، به‌شى پلاندان (كه‌ ئه‌م به‌شه‌ ئامار و به‌دواداچون له‌ خۆ ده‌گرێت)، هاوكات هۆبه‌كانیش پێكدێت له‌: راگه‌یاندن، وردبین و پێداچونه‌وه‌ له‌ زانیارییه‌كان.
ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ له‌ راییكردنى كاره‌كانى دا پشتی پێده‌به‌ستێت، بریتییه‌ له‌:
- یاساى ژمارە 75ـى ساڵى 1955
- یاساى ژماره‌ 8ـى ساڵى 2008
- یاساى ژماره‌ 20ـى ساڵى 2008
- یاساى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2015
 
2. گرفتى بینا
له‌ سنورى گه‌رمیان به‌شێكى زۆرى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان بیناى تایبه‌ت به‌ خۆیان نیه‌، یه‌كێك له‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیانه‌، ئه‌گه‌رچى پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی زه‌وییان بۆ ته‌رخان كراوه‌، به‌ڵام نه‌رۆشتوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جبَكردنه‌وه‌.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: ئه‌و بینایه‌ى كه‌ تێیدانی بیناى خۆمان نیه‌، به‌ڵكو هى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى گه‌رمیانه‌ له‌ ناحیه‌ى رزگارى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتى خۆى زه‌ویمان بۆ ته‌رخان كرا پێش قه‌یرانى دارایی به‌ڵام نه‌رۆشته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
 
3. گرفتى ئۆتۆمبێل
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى كه‌ روبه‌ڕوى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان بوه‌ته‌وه‌ خراپى و نزمى مۆدێلى ئۆتۆمبێله‌كانیانه‌، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن پێویسته‌ هه‌موى چاك بكرێته‌وه‌ یاخود بگۆڕدرێت.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان، وتى: له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان 34 ئۆتۆمبێلمان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موى كۆنن پێویستیان به‌ چاكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌مویان مۆدێلى 2000 و خوارتره‌، له‌ كاتێكدا ئیشى و كارى ئێمه‌ هه‌موى له‌ ده‌شت و ده‌ردایه‌ وپێویستمان به‌ ئۆتۆمبێلى باش هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موى بگۆڕدرێت.
باسى له‌وه‌شكرد: ئێمه‌ 13 بنكه‌مان هه‌یه‌ له‌ سنورى گه‌رمیان، به‌كۆى گشتى 2 ئۆتۆمبێلمان باشه‌، ئه‌وانیش دانه‌یه‌كمان داوه‌ته‌ به‌شى خانه‌قین ئه‌وى دیكه‌شیان له‌ به‌شى كفرییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستمان به‌ چه‌ند ئۆتۆمبێلێكى ئاگركوژێنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆمان دابین بكه‌ن.
دشڵێت: هه‌مو ئه‌مانه‌ به‌ نوسراوى فه‌رمى داوه‌ته‌ وه‌زیرى دارایی له‌ سه‌ردانى بۆ گه‌رمیان چ له‌ چاككردنى ئۆتۆمبێله‌كانمان چ له‌ چاككردنى دۆخى سوته‌مه‌نى چ له‌ چاكردنى پاره‌ى به‌رده‌وام، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانین بزانین چیمان بۆ ده‌كرێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: به‌ وه‌زیرى دارایمان وتوه‌ كه‌ 500 ملیۆنى له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ پێمان وتراوه‌ پاره‌مان بۆ ته‌رخان بكات كه‌ ته‌نها داواى 55 ملیۆن دینارمان كردوه‌ بۆ چاككردنى كۆى ئۆتۆمبێله‌كانمان.
 
4. گرفتى كه‌مى نه‌سریه‌ى مانگانه‌
"له‌ پێش قه‌یرانى دارایی مانگانه‌ 5 ملیۆن دینارمان بۆ ته‌رخان ده‌كرا كه‌ پێى ده‌وترێ پاره‌ى به‌رده‌وام، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا 2 ملیۆن و 500 هه‌زارمان بۆ خه‌رج ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ كڕینى پێداویستى ته‌واوى فه‌رمانگه‌كه‌یه‌"، شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان واى وت.
وتیشى: گه‌وره‌ترین كێشه‌مان دابینكردنى به‌نزینه‌ كه‌ مانگانه‌ پێویستمان به‌ 10 ملیۆن دیناره‌ بۆ كڕینى به‌نزین، ئه‌گه‌ریش 5 ملیۆن دینارمان بۆ دابین بكرێت ده‌توانین ئیدامه‌ى خۆمان بده‌ین، له‌گه‌لچ ئه‌وه‌شدا داوامان كردوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌مان بۆ زیا بكرێت، به‌ڵام هیچ وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ نه‌بونى پاره‌ وایكردوه‌ نه‌توانین كاره‌كانمان وه‌ك پێویست ئه‌نجام بده‌ین به‌ ویستى خۆمان، ئه‌گه‌رچى سه‌ربارى ئه‌و هه‌مو كێشه‌یه‌ نه‌وه‌ستاوین.
 
5. گرفتى فه‌رمانبه‌ر
كۆى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان كه‌ له‌ سنورى گه‌رمیان هه‌ن گرفتى میلاكیان هه‌یه‌، له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیانیش هه‌مان كێشه‌ هه‌یه‌.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات: وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان میلاكمان كه‌مه‌، به‌تایبه‌ت به‌شى جوڵانمان كه‌ ده‌رچونیان هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌شى كه‌ هه‌یه‌ بۆشاییه‌كانیان پڕكردوه‌ته‌وه‌.
وتیشى: داوای میلاكمان كردوه‌ زیاتر بكرێت، به‌ڵام وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه‌.
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان به‌ كۆى به‌ش و بنكه‌كانه‌وه‌ 483 فه‌رمانبه‌ره‌، ك له‌ خودى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌دا 80 فه‌رمانبه‌رن، هه‌مو فه‌رمانبه‌رانیش میلاكن و گرێبه‌ستیان نیه‌.
 
6. گرفتى كه‌مى بنكه‌كان 
كه‌مى بنكه‌كان له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان وایكردوه‌ نه‌توانن له‌ هه‌ندێك شوێن كه‌ سه‌رپێچى هه‌بێت چ له‌ راوكردنى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان بێت یاخود له‌ دارستانه‌ سروشتیه‌كان بێت ئیجرائاتى راسته‌وخۆ بكرێت.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان وتى: له‌ سنورى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان 4 به‌ش و 13 بنكه‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كاره‌كانمان به‌باشى تێبپه‌ڕنێن، ئه‌وا پێویستمان به‌ 5 بنكه‌ى دیكه‌ ده‌بێت، هاوكات سنورى ناحیه‌كانیش جیا بكرێته‌وه‌.
به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: به‌ش و بنكه‌كانمان گرفتى ئاویان هه‌یه‌ و نه‌توانراوه‌ بیریان بۆ لێبدرێت بۆئه‌وه‌ى ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر ببێت.
 
7. گرفتى نه‌بونى ژماره‌ مۆبایلى تایبه‌ت
له‌ سنورى گه‌رمیان رێژه‌یه‌كى زۆرى فه‌رمانگه‌كان ژماره‌ مۆبایلى تایبه‌تیان نیه‌ به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه،‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ژماره‌ مۆبایلى شه‌خسیه‌ به‌كارده‌هێنرێت.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ژماره‌ مۆبایلى تایبه‌ت به‌ خۆمان نیه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنى به‌رێوبه‌رى به‌شه‌كان و خودى خۆمه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ سكاڵاكان و هاوڵاتیان په‌یوه‌ندى ده‌كه‌ن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ژماره‌ مۆبایله‌كان ئاشكران له‌گه‌ڵ ناوى به‌ڕێوبه‌رانى به‌شه‌كان له‌ هه‌ركاتێك په‌وه‌ندى بكرێت وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌.
 
8. گرفتى ئه‌نجامنه‌دانى راهێنان
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه‌ له‌نێو فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان هه‌یه،‌ نه‌كردنه‌وه‌ى راهێنانى تایبه‌ته‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى فه‌رمانبه‌ران، یه‌كێك له‌و فه‌رمانگانه‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیانه‌.
شوان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌: تاوه‌كو ئێستا راهێنانى تایبه‌ت نه‌كراوه‌ بۆ كارمه‌ندان و پۆلیسه‌كانمان له‌ شێوازى ته‌كنیكه‌كانى ده‌ستگیركردنى سه‌رپێچیكاران و چۆنیه‌تى به‌دواداچون كردن و مامه‌ڵه‌كردن، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌و رێنماییانه‌ى كه‌ بۆمان دێته‌ خواره‌وه‌ جێبه‌جێى ده‌كه‌ین، له‌وه‌ بترازێت هیچ نه‌كراوه‌.
 
چواره‌م: بۆچونى پسپۆڕێكى بواری ژینگه‌
هیوا رەشید عەلى، دکتۆرا لە یاسای ژینگە و مامۆستا لە زانکۆى گەرمیان، له‌باره‌ى پرسی ژیانى سروشتى و كێشه‌كانییه‌وه‌، به‌دواداچونى وردی كردوه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى دۆخه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ باری سرنج و تێبینییه‌كانى خۆی به‌مشێوه‌یه‌ى لایخواره‌وه‌ خسته‌ڕو:
 
1. كێ ژیانى سروشتى ده‌پارێزێت؟
سه‌باره‌ت به‌ پاراستنى دارستان و گیانه‌وه‌ره‌ كێویه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌توانین بڵێین له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ ده‌زگایه‌كى په‌یوه‌ندیدارو چه‌ند یاسا و رێنمایی هه‌یه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش زۆرجار بۆته‌ هۆكارى نا رونى و تێكه‌ڵاوى له‌ به‌رپرسیاریه‌تى.
به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌ پێى ماده‌ى سێیه‌م له‌ یاساى ژماره‌ 6ـى ساڵى 2009ـى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كى گشتى پۆلیس هه‌یه‌ به‌ناوى (به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى پۆلیسی پاراستنى دارستان و ژینگه‌ى هه‌رێم) و له‌ هه‌ر پارێزگا و ئیداره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ ئه‌م به‌ڕێو‌به‌رایه‌تیه‌ دروستكراوه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ پاراستنى دارستانه‌كان و ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كان له‌ هه‌ر ده‌ستدرێژیه‌كى نایاسایی.
جگه‌ له‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌، ده‌زگا و لایه‌نى تریش به‌ پێى یاسا و رێنمایی به‌رپرسن له‌م بواره‌  هه‌ماهه‌نگى كردن له‌گه‌ڵ پۆلیسی پاراستنى دارستان و ژینگه‌. بۆ نمونه‌ له‌ ماده‌ى 13 رێنماى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2021دا هاتوه‌: "هاریكارى له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ى پاراستنى ژینگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی دارستان و پاراستنى ژینگه‌ له‌ هه‌رێم و ده‌سته‌ى ژینگه‌ و گشت داموده‌زگا سه‌ربازیه‌كانى تر، به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌ گه‌ڵ سه‌رپێچیكارانى ئه‌م رێنماییه‌".
لێره‌دا بۆمان رون ده‌بیته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ هێزه‌كانى پۆلیسى تایبه‌ت به‌ پاراستنى دارستان و ژینگه‌، هێزى پێشمه‌رگه‌ش هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌ پاراستنى ژینگه‌ واته‌ پاراستنى دارستان و گیانه‌وه‌ران. جگه‌ له‌وه‌ش ده‌زگا سه‌ربازیه‌كانى تر به‌ گشتى ده‌بێت هاوكار و هاماهه‌نگ بن له‌م پرسه‌.
به‌ڵام لێره‌دا ده‌پرسین ئاستى ئه‌م هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریه‌ تا چ راده‌یه‌كه‌؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ پێى لێدوانى پۆلیسى دارستان وپاراستنى ژینگه‌ ئه‌ركى قورس له‌ ئه‌ستۆى ئه‌وانه‌ و هاوكارى و پشتیوانیان كه‌مه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ روى دارایى و ته‌كنیكیه‌وه‌.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ له‌ هه‌رێم یاساى تایبه‌ت به‌ پاراستنى دارستان هه‌یه‌ ئه‌ویش (یاساى ژماره‌ 10ـى ساڵى 2012ـى پاراستنى دارستان له‌ هه‌رێمى كوردستان). له‌ ماده‌ى 5 دا باس له‌ دارستانه‌ پارێزراوه‌كان ده‌كات كه‌ به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌بێت. واته‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ له‌ یاساكه‌ رۆڵى گه‌وره‌ى پێدراوه‌ بۆ پاراستن و گه‌شه‌پێدان و وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى دارستانه‌ سروشتی و ده‌ستكرده‌كان. وه‌كو  له‌ ماده‌ى 8ـى یاساكه‌ هاتوه‌: وه‌زاره‌تى دارایى له‌ سه‌ر پیشنیارى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌توانێت روبه‌رى پیویست له‌ زه‌وى میریى دابین بكات بۆ دروستكردنى دارستان و فراوانكردنیان و چاندنى نه‌مام.
یه‌كێك له‌ رۆڵَه‌ گرنگه‌ككانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بریتیه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى بۆ پاراستن وگه‌شه‌پێدانى دارستانه‌كان و ڕیگرتن له‌ سوتان و له‌ناوچونیان وه‌كو له‌ ماده‌ى نۆیه‌مى یاساكه‌ هاتوه‌.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئه‌مه‌ كراوه‌؟
به‌ پێێ یاساى پاراستنى دارستان رۆڵێكى گرنگ نه‌دراوه‌ به‌ پۆلیسى دارستان چونكه‌ ئه‌وان زیاتر روبه‌ڕوى سه‌رپێچى كاران ده‌بنه‌وه‌ نه‌ك له‌ ئه‌ستۆ گرتنى مه‌له‌فى به‌ڕێوه‌بردن و پاراستن و گه‌شه‌پێدانى دارستانه‌كان. 
له‌لایه‌كى تره‌وه‌، به‌ پێى یاساى ژماره‌ 4ـى ساڵى 2022ـى تایبه‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنى ئاو له‌ هه‌رێم، ده‌زگاى ئاسایشیش ئه‌ركدار كراوه‌ به‌ پاراستنى سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان. وه‌كو له‌ ماده‌ى 15ى یاساى تازه‌ى ئاو باس له‌وه‌ ده‌كات ده‌زگاى ئاسایش و پۆلیسی پاراستنى دارستان و ژینگه‌ ئه‌ركى پاراستنى سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.
 
2. یاسا رێگه‌ى به‌ راوكردن داوه‌؟
یاسا و رێنماییه‌كان رێگه‌یانداوه‌ به‌ رێكخستنى راوكردن و به‌كارهێنانى دارستانه‌كان له‌ چوارچێوه‌یه‌كى یاسایی داریكراودا، بۆ نمونه‌: به‌ پێى رێنمایه‌ك كه‌ له‌ ده‌سته‌ى پاراستن و چاكككردنى ژینگه‌وه‌ ده‌رچوه‌ به‌ناوى (رێنماى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2021 تایبه‌ت به‌ راوكردن) لیره‌دا باس له‌ ریكخستنى شێوازى راوكردنى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان كراوه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ كه‌سى راوچى هه‌ڵگرى مۆڵه‌تى یاسایی بێت و پابه‌ند بێت به‌ مه‌رجه‌كانى مۆڵه‌ت كه‌ تیایدا جۆرى باڵنده‌ و گیانه‌وه‌ر و كاتى راوكردن و ژماره‌ى ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ى راوى ده‌كات و ئامراز و چه‌كى به‌كارهاتوى راوكردن دیارییكراوه‌، به‌ڵام راوكردنى ئاژه‌ڵى كێوى ره‌ها نیه،‌ بۆ نمونه:‌ راوكردنى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى مه‌ترسى له‌ناوچونیان له‌سه‌ره‌ رێگه‌ پێنه‌دراوه‌ و هه‌ر كه‌سێك راوى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ بكات سزاى یاسایی ده‌درێت. وه‌كو له‌ ماده‌ى پێنجه‌مى رێنماى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2021دا هاتوه‌: "راوكردنى پڵنگ و مامز و ئاسك و مه‌ڕ و به‌رانه‌ كێوى و ورچ و كه‌متیا و جۆره‌كانى ترى ئاژه‌ڵه‌ ده‌گمه‌نه‌كان كه‌ مه‌ترسى له‌ ناوچونیان له‌سه‌ره‌ به‌ پێى لیستى (IUCN)ـى جیهانى قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستى پاراستنى هاوسه‌نگى ژینگه‌یی".
 
3. دارستانه‌ سروشتییه‌كان چۆن ده‌پارێزرێن؟
پرسى پاراستنى دارستانه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ پاراستنى هاوسه‌نگى سروشتى و هه‌مه‌چه‌شنى زینده‌وه‌ران، به‌ مانایه‌كى تر به‌ له‌ناوچونى دارستانه‌ سروشتیه‌كان و كه‌مبونه‌وه‌ى سه‌وزاى ده‌بێته‌ مه‌ترسى جدى بۆ له‌ناوچونى هه‌مه‌چه‌شنى زینده‌وه‌ران و كۆچكردنیان.
له‌ یاساى ژماره‌ 8ـى ساڵى 2008ـى تایبه‌ت به‌ پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى هه‌رێم كه‌ یاساى سه‌ره‌كى ژینگه‌یه‌ به‌ رونى باس له‌ پاراستنى هه‌مه‌چه‌شنى زینده‌وه‌ران كراوه‌، وه‌كو له‌ ماده‌ى 31ـى یاساكه‌ هاتوه‌: "به‌ مه‌به‌ستى پاراستنى سروشت و هه‌مه‌چه‌شنى زینده‌وه‌ران ئه‌م كارانه‌ قه‌ده‌غه‌كراون، وه‌كو: راوكردن، بڕینه‌وه‌ى دار و دره‌خت  و گیا سروشتیه‌كان  له‌ سه‌ر زه‌وى و ئاوى و له‌ موڵكى گشتى".
یه‌كێك له‌ هه‌ڕه‌شه‌كان بریتیه‌ له‌ سوتاندنى دارستانه‌كان. هه‌ندێجار سوتاندن به‌ هۆكارى به‌ ئه‌نقه‌سته‌ بۆ مه‌به‌ستى دروستكردنى خه‌ڵوز یاخود به‌ ئیهمالی هاوڵاتى روده‌دات به‌ كاتى چون بۆ سه‌یران و نه‌كوژانه‌وه‌ى ئاگره‌كانیان. له‌ ماده‌ى 15 له‌ یاساى پاراستنى دارستانه‌كان ژماره‌ 10ـى ساڵى 2012دا هاتوه‌: "رێگه‌نادرێت بۆ دروستكردنى خه‌ڵوز داره‌كان بسوتێنرێت ته‌نها به‌ پێى مۆڵه‌تى تایبه‌ت نه‌بێت و به‌ پێى پێویستى هه‌رێم".
له‌ ماده‌ى 20 باس له‌ پاراستنى دارستانه‌كان له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ كراوه‌ و له‌ بڕگه‌ى چواره‌م هاتوه‌: "رێگه ‌نادرێت له‌ دورى 300 مه‌تره‌وه‌ له‌ دارستانه‌كانه‌وه‌ ئاگر بكرێته‌وه‌، ته‌نها ئه‌ویش به‌ مۆڵه‌تى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌بێت".
له‌ پرسى رێگرتن له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ پۆلیسى دارستان به‌رپرسیارى پێدراوه‌ له‌ چوارچیوه‌ى پاراستنى دارستانه‌كان، به‌ڵام له‌ پرسى كۆنترۆڵكردن و كوژانه‌وه‌ى ئاگرى دارستانه‌كان، باس له‌وه‌ كراوه‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌ گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار پێویسته‌ ئامراز و كه‌لوپه‌لى میكانیكى و ته‌كنیكى پیویست ده‌ستەبه‌ر بكات بۆ كوژانه‌وه‌ى ئاگرى دارستانه‌كان، له‌ گه‌ڵ دروستكردنى تاوه‌رى تایبه‌ت به‌ چاودێرى دارستانه‌كان، له‌ بڕگه‌ى شه‌شه‌مى ماده‌ى 20یشدا باس له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر ده‌سه‌ڵاتى كارگێڕى ناوچه‌كان ده‌كات به‌مه‌به‌ستى سود وه‌رگرتن له‌ ئۆتۆمبێل و ئامراز و پێداویستیه‌كانى ئاگر كوژێنه‌وه‌ و گرتنه‌ به‌رى رێوشوێنى پێویست بۆ رێگرتن له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌.
لیره‌دا سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌و دو بڕگه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ یاساكه‌، به‌ڵام ده‌بینین هێشتا كیشه‌ و گرفت هه‌یه‌ له‌ رێگرتن یان كۆنترۆڵكردنى ئاگرى دارستانه‌كان.‌ ده‌بینین هیچ تاوه‌رێك نیه‌ بۆ چاودێرییكردنى دارستانه‌كان، هه‌روه‌ك له‌ روداوه‌كانى ئه‌م دوایه‌ى سوتانى دارستانه‌ سروشتیه‌كانى كه‌نارى سیروان بینیمان گرفت هه‌بو له‌ كۆنترۆڵكردنى ئاگره‌كه‌ به‌ هۆى نه‌بونى ئامرازى پێویست بۆ كوژانه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌.
 
4. داهاتى ژینگه‌ بۆ بوارى ژینگه‌ نییه‌
زۆرجار لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گله‌یی له‌ نه‌بونى پێداویستی و بودجه‌ ده‌كه‌ن.
به‌ پێى رێنماى سندوقى پاراستنى و چاككردنى ژینگه‌ ژماره‌ 2ـى ساڵى 2009، سندوقێكى تایبه‌ت دروستكراوه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى داهاته‌ ژینگه‌یه‌كان و‌ دواتر ته‌رخانكردنى بۆ پاراستن و گه‌شه‌پێدانى ژینگه‌.
له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ به‌ پێی یاساى ژماره‌ 4ـى ساڵی 2022ـى به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنى ئاو له‌ هه‌رێمى كوردستان، باس له‌ دروستكردنى سندوقیك كراوه‌ به‌ناوى (سندوقى پاراستن و بوژانه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ هه‌رێم). داهاتى سندوقه‌كه‌ پێكدێت له‌ گوژمه‌ى ته‌رخانكراو له‌ بودجه‌ى هه‌رێم و ئه‌و كۆمه‌ك و یارمه‌تیانه‌ى پێشكه‌ش ده‌كرێت، داهاتى ئه‌م سندوقه‌ش‌ بۆ مه‌به‌ستى پاراستن و  بوژانه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان و رێگه‌گرتن له‌ پیسبونى خه‌رج ده‌كرێت. 
به‌ڵام كێشه‌ى سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م داهاتانه‌ بۆ ئه‌و بوارانه‌ى ژینگه‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌.
بۆ نمونه‌ هه‌ندێك رسوماتى ژینگه‌ى هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆ وه‌رده‌گیرێت له‌ كاتى به‌ناوكردنى ئۆتۆمبێل، هه‌ندێك رسوم و داهاتى ژینگه‌ى تر هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام هیچ له‌م داهاتانه‌ ناچنەوە بۆ سندوقه‌كه،‌ به‌ڵكو دەچن بۆ وه‌زاره‌تى دارایى، ته‌نانه‌ت پاره‌ى پێبژاردنه‌كانی ژینگەش "غرامه‌" ناچێته‌وه‌ ئه‌م سندوقه‌.
 
5. حكومه‌ت كه‌مته‌رخه‌مه‌
سه‌ره‌ڕاى هه‌ندێك گرفت له‌ یاساكان، وه‌كو ناڕونى هه‌ندێك له‌ یاساكان و ئه‌ركداركردنى چه‌ند ده‌زگایه‌ك به‌ پرسى پاراستنى ژینگه‌ و دارستانه‌كان، به‌ڵام لاوازى گه‌وره‌ له‌ نه‌بونى هه‌ماهه‌نگى پێویسته‌ له‌ نیوان لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆكارى لاوازى له‌ جێبه‌جێكردنى یاسا و رێنماییه‌كان.
له‌ لایه‌كى ترەوە حكومه‌ت زۆر بایه‌خى به‌ مه‌له‌فه‌ى ژینگه‌ و دارستانه‌كان نه‌داوه‌ و بودجه‌ و تواناى مرۆیی و ته‌كنیكى پێویستى بۆ ته‌رخان نه‌كردوه‌. خودى پۆلیسی دارستان و پاراستنى ژینگه‌ش لاوازه‌ له‌ چاودێریكردنى دۆخى دارستانه‌كان و پاراستنى ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كان، ره‌نگه‌ هۆكارێكى بونى بنكه‌ى ئه‌و هێزانه‌ بێت له‌ناو شاردا له‌ جیاتى بونیان له‌ نزیك دارستانه‌كان. ئه‌و هێزانه‌ش پێویستیان به‌ پشتیوانى زیاتر هه‌یه‌ له‌ روى راهێنان و دابینكردنى كه‌ره‌سته‌ و ئامرازى پێویست بۆ چاودێرییكردن، وه‌كو: كامێراى چاودێرى و درۆن و كۆپته‌رى ئاگركوژاندنه‌وه‌.
 
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
 
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. به‌پێی داتا فه‌رمییه‌كان كه‌ هی ساڵی 2015ـن، له‌ سنورى گه‌رمیان رێژه‌ى سه‌وزاى 133 هه‌زار دۆنمه‌ كه‌ له‌ %80ـى ده‌بێته‌ دارستانى سروشتى و چه‌مه‌ وه‌رزییه‌كان. هه‌رچی رێژه‌ و ژماره‌ى ئاژه‌ڵی كێوییه‌، ئه‌وا هیچ داتایه‌كى رون یان به‌ نزیكه‌یی بونى نییه‌.
2. به‌وته‌ى رێکخراوە ژینگەییەکان و چالاکوانانى بوارى ژینگە،‌ %80ـى دارستانه‌كانى سنوره‌كه‌ له‌ناوچون. هه‌روه‌ك چالاكوانان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن ئاژه‌ڵی كێویه‌كان له‌ماوه‌ى 30 ساڵی رابردودا 80%یان له‌ناوچون. هه‌رچی حكومه‌تیشه‌ هیچ داتایه‌كى فه‌رمی و زانستیی له‌لا نیه‌ كه‌ رێژه‌ى له‌ناوچونى دارستان و ئاژه‌ڵی کێوی ده‌ربخات.
له‌ له‌ناوچونى دارستانه‌كان دا، 3 هۆكارى سه‌ره‌كی هه‌یه‌:
یه‌كه‌م: سوتان و سوتاندن.
دوه‌م: تێكدانیان له‌لایه‌ن كارگه‌كانى چه‌و و لم.
سێیه‌میشیان: داگیرکردنی زەویەکەی لەلایەن هاوڵاتیان و به‌كارهێنانى بۆ كشتوكاڵ كردن.
هه‌رچی له‌ناوچونى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانیشه‌، ئه‌وا ئاماژه‌ به‌ 3 هۆكار ده‌كرێت:
یه‌كه‌م: له‌ناوچونى دارستان و پاوانه‌كان كه‌ لانه‌ و هێلانه‌ و جێگه‌ى ژیانى ئاژه‌ڵه‌كانن.
دوه‌م: وشكه‌ساڵی و گۆڕانى كه‌شوهه‌وا، كه‌وایكردوه‌ ئاژه‌ڵه‌كان بفه‌وتێن یان كۆچ بكه‌ن.
سێیه‌م: راوكردن، كه‌ وایكردوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر و به‌رفراوان ئه‌نجام بدرێت و ببێته‌ هۆی كه‌مبونه‌وه‌ى ژماره‌ى ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان.
3. له‌ ساڵی 2020ـه‌وه‌ تا حه‌وت مانگى ئه‌مساڵ، 14 كه‌س له‌ دادگا سزادراون به‌هۆی پێشێلكارییكردنه‌ سه‌ر دارستانه‌كان.
به‌پێی داتاكانى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان له‌ماوه‌ى ساڵی 2020 هه‌تا سه‌ره‌تاى مانگى ته‌موزی ئه‌مساڵ (واتا 3 ساڵ و نیو)، 386 سه‌رپێچیكار له‌وانه‌ى زیانیان به‌ دارستان و ئاژه‌ڵی كێوی گه‌یاندوه‌، ده‌ستگیر كراون. هه‌روه‌ك به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسی دارستان، سه‌رپێچی دیكه‌ هه‌بون كه‌ نه‌یانداون به‌ دادگا و له‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ وه‌كخۆی ده‌ڵێت: "سه‌رپێچیه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بوه".
4. ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستگیر ده‌كرێن، ده‌درێنه‌ دادگا، به‌ڵام ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ سزا ده‌درێن نازانرێت، هه‌روه‌ك چالاكوانان و حكومه‌ت باس له‌وه‌ده‌كه‌ن سزاكان سوكن، چونكه‌ سزاى وا هه‌یه‌ ده‌گاته‌ 10 ملیۆن دینار، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، قه‌ت نه‌یانبیستوه‌ كه‌س ئه‌و سزایه‌ بدرێت.
5. له‌ روى یاساییه‌وه‌، زۆر یاسا و رێنمایی هه‌ن كه‌ بوارى ژیانى سروشتى رێكده‌خه‌ن، له‌نمونه‌ى: (یاساى ژمارە 75ـى ساڵى 1955، یاساى ژماره‌ 8ـى ساڵى 2008، یاساى ژماره‌ 20ـى ساڵى 2008، یاساى ژماره‌ 6ـى ساڵى 2009 " وه‌زاره‌تى ناوخۆ"، یاساى ژماره‌ 10ـى ساڵى 2012، یاساى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2015، یاساى ژماره‌ 4ـى ساڵى 2022)، له‌گه‌ڵ (رێنماى ژماره‌ 2ـى ساڵى 2009 و رێنماى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2021).
ئه‌و یاسا و رێكارانه‌ى هه‌ن، نه‌بونه‌ته‌ هۆكارى كۆتاییهێنان به‌ راوكردن، له‌مه‌شدا جگه‌ له‌وه‌ى حكومه‌ت تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌ كه‌مته‌رخه‌میی، هاوكات باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌سانى به‌رپرس و ده‌ستڕۆشتو و كوڕه‌كانیان، به‌ چه‌ك و ئۆتۆمبیلی مۆدێرن و باش راوده‌كه‌ن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت، ته‌نانه‌ت كه‌سانى وا تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌ راوكردن كه‌ خۆیان كارمه‌ندى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانن.
له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت تۆمه‌تى ئه‌وه‌ ره‌د ده‌كاته‌وه‌ ئاسانكارییان كردبێت بۆ راوكردن، نمونه‌ى ئه‌وه‌ش دێننه‌وه‌ كه‌ جاری وا هه‌بوه‌ پۆلیسيان له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى راوچییه‌كاندا بریندار بون.
به‌ڵام وه‌ك چالاكوانێك ئاماژه‌ى پێده‌دات، لێپرسینەوەکان بەپێی ئەو دەستدرێژیانە نیە کە دەبینین رۆژانە دەکرێتە سەر ژینگە و سروشتی ناوچەکە، هه‌روه‌ك شاره‌زایه‌كى یاساش ده‌ڵێت: حكومه‌ت زۆر بایه‌خى به‌ مه‌له‌فه‌ى ژینگه‌ و دارستانه‌كان نه‌داوه‌ و بودجه‌ و تواناى مرۆیی و ته‌كنیكى پێویستى بۆ ته‌رخان نه‌كردوه‌.
6. چه‌ند داموده‌زگایه‌كى حكومیی هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ پرسی ژینگه‌ و دارستان و ئاژه‌ڵی كێوییه‌وه‌، له‌وانه‌: (پۆلیسی دارستان، دارستان و پاوان، ژینگه‌)، به‌ڵام ناڕونى له‌ ئه‌ركیاندا هه‌یه‌، یان به‌شی پێویست ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌.
7. پرۆسه‌ى چاودێریی دارستانه‌ سروشتی و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان، هه‌م كۆن و ته‌قلیدییه‌، هه‌میش تێچوى زۆره‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌رفراوانه‌ و رێگاى هه‌ره‌ باویش ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئۆتۆمبیل به‌سه‌ریان بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش تێچوى زۆره‌ و زۆرجار واده‌كات لایه‌نه‌ چاودێرییكاره‌كان نه‌توانن به‌شى پێویست گه‌ڕانى مه‌یدانییان هه‌بێت به‌هۆی كێشه‌ى سوته‌مه‌نى و ئۆتۆمبیله‌وه‌.
8. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان، لایه‌نى سه‌ره‌كیی پاراستنى ژیانى سروشتیه‌ له‌ گه‌رمیان، ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ له‌ ساڵى 2007ـه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ 4 به‌ش و 13 بنكه‌ پێكدێت كه‌به‌سه‌ر قه‌زا و ناحیه‌كاندا دابه‌ش بون.
ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ كێشه‌ى زۆری هه‌یه‌، هه‌ر له‌ نه‌بونى پێداویستی و كه‌می میلاكه‌وه‌، تاده‌گات به‌ نه‌بونى بودجه‌ى پێویست و كێشه‌ى بینا و هی دیكه‌وه‌.
هه‌روه‌ك شێوازی كاركردنى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ ته‌قلیدییه‌ و كارمه‌نده‌كانى خولی پسپۆڕی تایبه‌تیان به‌م بواره‌ بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و رانه‌هێنراون.
9. ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت جه‌خت له‌ پێویستیی به‌شداریی هاوڵاتیان له‌ پاراستنى ژینگه‌ و ژینگه‌ى سروشتى ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هیچ رێوشوێنێكى دانه‌ناوه‌، ته‌نانه‌ت هیچ ژماره‌یه‌ ته‌له‌فۆنێكى تایبه‌ت نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان له‌كاتى به‌دییكردنى راو و پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌ى سروشتى په‌ناى بۆ ببه‌ن.
 
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. له‌ روى یاساییه‌وه‌ كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆی بۆشایی نه‌بونى یاسا له‌م بواره‌دا نییه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ یاساكان پێویست به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ بكه‌ن و وابكرێت زیاتر گونجاوبن بۆ دۆخی ئێستا. گرنگیشه‌ له‌ دانانى یاساكاندا ره‌چاوى دۆخی ناوچه‌كان بكرێت، له‌مه‌شدا ده‌بێت دۆخی ناوچه‌ى گه‌رمیان ره‌چاو بكرێت، كه‌ دیارترین ناوچه‌یه‌ له‌ زۆریی مه‌ترسیه‌كانى روبه‌ڕوى وشكه‌ساڵی و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و به‌بیابان بون.
2. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وه‌ى كه‌ كه‌لێنه‌، شێوازی جێبه‌جێكردنى یاساكانه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ندێكجار به‌هۆی هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن، یان لێكدانه‌وه‌ى جیاوازه‌وه‌یه‌. جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ست به‌وه‌ده‌كرێت دادگاكان زۆر بوارى ژینگه‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگرن و لێپێچینه‌وه‌ و حوكم و سزادانه‌كانیان هاوشێوه‌ى بواره‌كانى دیكه‌ نییه‌، نمونه‌ش بۆ ئه‌م قسه‌یه‌، وته‌یه‌كى به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسی دارستانى گه‌رمیانه‌ كه‌ باس له‌وه‌ده‌كات هه‌ندێك جۆری راو سزاكه‌ى ده‌گاته‌ 10 ملیۆن دینار، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانبیستوه‌ كه‌س به‌م پێبژاردنه‌ سزا بدرێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى پرۆسه‌ى ده‌رچونى سزاكان و یه‌كلایی بونه‌وه‌ى كه‌یسه‌كان زۆرجار كاتى زۆر ده‌بات و ئه‌مه‌ش نائومێدیی دروست ده‌كات.
3. له‌ بوارى جێبه‌جێكردندا، پێویسته‌ حكومه‌تى خۆجێی كاراتر بێت له‌ پاراستنى ژیانى سروشتى. له‌ماوه‌كانى رابردودا حكومه‌ت بڕیاری داخستنى كانه‌كانى چه‌و و لمی دا، كه‌ ئه‌مه‌ش بڕیارێكى بوێرانه‌ بو و بوه‌هۆی بوژاندنه‌وه‌ى دارستانه‌ سروشتییه‌كان، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك پرسی دیكه‌دا ئه‌و حه‌ماس و به‌ده‌مه‌وه‌چونه‌ نه‌بینرا، به‌تایبه‌تى له‌ پرسی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كان و مه‌سه‌له‌ى راوكردن.
بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین ئه‌نجومه‌نێكى پاراستنى ژیانى سروشتى له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى گه‌رمیان و قه‌زا و ناحیه‌كان پێكبێت، كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پرۆگرام و كارنامه‌ى خۆی هه‌بێت و به‌شێوه‌یه‌كى خولیی كۆبونه‌وه‌ بكات و به‌دواداچون بكات بۆ پرسه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ پاراستنى ژیانى سروشتى.
4. له‌روى پۆڵینكاریی ژیانى سروشتییه‌وه‌، حكومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكى نه‌ناوه‌، تائێستا هیچ رێبه‌ر و بڵاوكراوه‌ و تۆمارێك نیه‌ كه‌ ده‌ریبخات چ روه‌ك و نه‌مام و گیاندار و په‌له‌وه‌رێكى سروشتى له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، ته‌نانه‌ت بڕى گریمانكراویی روبه‌رى دارستان و ژماره‌ى ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كانیش نازانرێت.
پێویسته‌ حكومه‌ت به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیدارن، له‌م بواره‌دا رۆڵ بگێڕن و هه‌وڵی ئاماده‌كردنى رێبه‌رێك بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زۆر گرنگه‌ زانكۆی گه‌رمیان به‌شدار بێت و ته‌نانه‌ت به‌هۆی بونى پسپۆڕیی و تواناى زانستیی باش له‌ زانكۆكه‌، ده‌توانرێت به‌ فه‌راهه‌مكردنى پێداویستییه‌كان، ئه‌وان به‌و كاره‌ هه‌ستن.
5. شێوازی پاراستنى ژیانى سروشتى زۆر ته‌قلیدی و كۆنه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات زۆر كارا نه‌بن. بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین كه‌ رێكارى نوێ بگیرێته‌ به‌ر، له‌نمونه‌ى: دروستكردنى تاوه‌ری چاودێریی، پشتبه‌ستن به‌ فلای كام (كامێرای فڕیو) و درۆن، دانانى كامێرای چاودێریی جێگیر و ...هتد، به‌مه‌به‌ستى چاودێرییكردنى وردی ژیانى سروشتی و ئاگاداربون له‌ هه‌ر پێشێلكارییه‌ك كه‌ ده‌كرێت.
6. بونى بنكه‌كانى پۆلیسی دارستان له‌ دور له‌ناوچه‌كانى ژیانى سروشتى، وایكردوه‌ تیمەکانی پۆلیس به‌ ئاسان نه‌گه‌ن به‌و شوێنانه‌ له‌كاتى بونى هه‌ر سه‌رپێچییه‌كدا، بۆیه‌ ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ بنكه‌كان شوێنه‌كانیان بگۆڕدرێت و نزیكبن له‌و ناوچانه‌وه‌ كه‌ ژیانى سروشتى تیایاندا هه‌یه‌.
هه‌روه‌ك ده‌بێت رێنمایی نوێ ده‌ربكرێت به‌وه‌ى سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌كاتى بونى سه‌رپێچی بۆسه‌ر ژیانى سروشتى، ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ پۆلیسی دارستان هه‌بێت، نه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ كارى خۆیانى نه‌زانن.
7. ده‌بێت حكومه‌ت هه‌وڵبدات پرسی پاراستنى ژیانى سروشتى بكات به‌ پرسێكى هاوبه‌ش و گشتیی و هاوڵاتیان به‌شداریی پێبكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گرنگه‌ چالاكیی هۆشیاریی هه‌بێت، هه‌روه‌ك رێگاكانى په‌یوه‌ندیكردنى هاوڵاتیان كارا بكات، له‌نمونه‌ى دانانى سه‌نته‌رێكى زانیاریی و ده‌ستنیشانكردنى ژماره‌ ته‌له‌فۆنێكى خۆڕایی كه‌ هاوڵاتیان له‌كاتى بونى سه‌رپێچی دا به‌ ئاسانى په‌یوه‌ندیی پێوه‌بكه‌ن. یاخود دروستكردنى په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هێڵی گه‌رمی (104) بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان له‌كاتى بونى سه‌رپێچی له‌ ژیانى سروشتی، به‌بێ به‌رامبه‌ر ته‌له‌فۆن بۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ بكه‌ن.
8. زۆجار حاڵه‌تى راوكردنى به‌رپرسانى حزبی و حكومیی و سه‌ربازیی و كوڕه‌كانیان و هه‌روه‌ها كارمه‌ندانى حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، بینراوه‌ و تۆماركراون‌، پێویسته‌ له‌مڕوه‌وه‌ حزب و حكومه‌ت پێداگیر بن و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ن و ئاسانكارییان له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن.
پێویسته‌ لایه‌نه‌ حكومییه‌كانیش بوێر بن له‌ ئاشكراكردنى ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى راوی ئاژه‌ڵی كێوی ده‌كه‌ن و رایگشتى له‌سه‌ریان به‌جواب بهێنرێت.
9. ده‌ستدرێژییه‌كى زۆر هه‌یه‌ بۆسه‌ر دارستانه‌ سروشتیه‌كان، چ به‌هۆكارى پیشه‌سازیی، یان به‌مه‌به‌ستى كشتوكاڵیی. گرنگه‌ حكومه‌ت له‌م بابه‌ته‌دا رون و توند بێت، به‌وه‌ى رێگه‌ نه‌دات روبه‌رى دارستانه‌كان بۆ مه‌رامی دیكه‌ له‌ناو ببرێن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كى ده‌وریی به‌سه‌ر دارستان و روبه‌ره‌ سروشتییه‌كاندا گوزه‌ر بكه‌ن و راپۆرتیان له‌باره‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و كه‌سانى سه‌رپێچیكار بده‌نه‌ دادگا.
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,370     ژمارەی میوان 603