له‌گه‌رمیان یه‌كێتى كورسیه‌كى پارله‌مان بۆ پارتى چۆڵ ده‌كات

2021/10/13    2856 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ – یه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردن
 
 
ره‌نگه‌ هه‌واڵه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بێت: "له‌ بازنه‌ى پێنجى پارێزگاى سلێمانى، پارتى دیموكراتى كوردستان توانی كورسیه‌كى هه‌ڵبژاردنى پارله‌مانى عێراق به‌ده‌ستبهێنێت"، به‌ڵام شیكارییه‌كان ده‌ڵێن: یه‌كێتى كورسیه‌كى بۆ پارتى چۆڵ كرد.
 
پاش جیاكردنه‌وه‌ و پاكتاوی (81%)ى ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ بازنه‌ى پێنج كه‌ قه‌زاكانى: كه‌لار، كفری، چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ربه‌ندیخان ده‌گرێته‌وه‌، چوار براوه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ن:
 
1. موه‌فه‌ق حسێن (نه‌وه‌ى نوێ): 17 هه‌زار و 634 ده‌نگ.
 
2. شوان محه‌مه‌د (پارتى دیموكراتى كوردستان): 7 هه‌زار و 715 ده‌نگ.
 
3. رزگار محه‌مه‌د (هاوپه‌یمانى كوردستان/ یه‌كێتى): 6 هه‌زار و 644 ده‌نگ.
 
4. سروه‌ محه‌مه‌د (هاوپه‌یمانى كوردستان/ یه‌كێتى): 6 هه‌زار و 632 ده‌نگ.
 
به‌وپێیه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌مشێوازه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه‌ هه‌مو پێدراو و ده‌ره‌نجامه‌كانى جیاواز و تایبه‌تن، به‌ڵام ره‌نگه‌ دو خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌یان ده‌رنه‌چونى كاندیدی گۆڕان و ده‌رچونى كاندیدی پارتى بێت.
 
هه‌رچی ده‌رنه‌چونى كاندیده‌كه‌ى گۆڕانه‌، ئه‌وا ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌مو كوردستان روبه‌ڕوى بوه‌ته‌وه‌، هۆكاره‌ بۆ سه‌رنه‌كه‌وتنى، به‌ڵام به‌پشت به‌ستن به‌ ده‌ره‌نجامه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كان، ئه‌وه‌ى وایكرد پارتى كورسیه‌كى بازنه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، خراپ به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌كه‌ بو له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌.
 
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، له‌م بازنه‌یه‌دا (3) كاندیدی هه‌بو: رزگار محه‌مه‌د، سروه‌ محه‌مه‌د و كاروان یاروه‌یس. ته‌نها دوانیان سه‌ركه‌وتو بون، له‌كاتێكدا به‌پێی شیته‌ڵی ده‌نگه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كان، ده‌رده‌كه‌وێت یه‌كێتى به‌ ئاسوده‌یی ده‌یتوانی كاندیدی سێیه‌میش ده‌ربچوێنێت.
 
هه‌رسێ كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى تێكڕا (19) هه‌زار و (484) ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌م ریزبه‌ندییه‌:
 
1. رزگار محه‌مه‌د:  6 هه‌زار و 644 ده‌نگ.
 
2. سروه‌ محه‌مه‌د: 6 هه‌زار ه‌ 632 ده‌نگ.
 
3. كاروان یاروه‌یس: 6 هه‌زار و 208 ده‌نگ.
 
ئه‌م ده‌نگانه‌ به‌س بون بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رسێ كاندیده‌كه‌ ده‌ربچێت، چونكه‌ ده‌نگێكى زۆری یه‌كێتى بۆ كاندیده‌ ژنه‌كه‌ى ئاراسته‌ كراوه‌، كه‌ به‌حوكمی سیسته‌مى كۆتا، ئه‌و كاندیده‌ ده‌یتوانى به‌ ده‌نگێكى زۆر كه‌م ده‌ربچێت.
 
له‌م بازنه‌یه‌دا (5) ژن كێبڕكێیان ده‌كرد، به‌ڵام جگه‌ له‌ كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى، كه‌سیان خاوه‌نى ده‌نگده‌رێكى زۆر و قاعیده‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریی به‌هێز نه‌بون، به‌شێوه‌یه‌ك زۆرترین ده‌نگێك كه‌ كاندیدێكى ژن له‌م بازنه‌یه‌ به‌ده‌ستهێنابێت (برسن جیهاد)ى كاندیدی به‌ره‌ى توركمانیه‌ كه‌ (411) ده‌نگه‌، كه‌ جیاوازی ده‌نگه‌كانى له‌گه‌ڵ كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى ده‌گاته‌ (6) هه‌زار و (221) ده‌نگ. به‌شێوه‌یه‌ك كاندیده‌ ژنه‌كه‌ى یه‌كێتى ته‌نها به‌ ده‌نگدانى تایبه‌ت ده‌یتوانى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت كه‌ له‌و ده‌نگدانه‌دا ته‌نها له‌كه‌لار و كفری و ده‌ربه‌ندیخان (917) ده‌نگى به‌ده‌ستهێنابو.
 
ئه‌گه‌ر یه‌كێتى نزیكه‌ى شه‌ش هه‌زار ده‌نگى له‌ ژنه‌ كاندیده‌كه‌ى دا به‌هه‌ده‌ر نه‌دایه‌ و ئاراسته‌ى بكردایه‌ بۆ دو كاندیده‌كه‌ى تر، ئه‌وا به‌ ئاسوده‌یی ده‌یانتوانى نه‌ك سێ كورسی، به‌ڵكو له‌ ریزبه‌ندى ده‌نگه‌كانیشدا بچنه‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ كاندیدیه‌كه‌ى پارتى (شوان محه‌مه‌د) توانیویه‌تى 7 هه‌زار و 715 ده‌نگ به‌ده‌ستبێنێت، به‌ جیاوازیی (1 هه‌زار و 71) ده‌نگ له‌گه‌ڵ كاندیده‌ پیاوه‌ ده‌رچوه‌كه‌ى یه‌كێتى (رزگار محه‌مه‌د) و به‌ جیاوازی (1 هه‌زار و 507) ده‌نگیش له‌گه‌ڵ كاندیده‌ پیاوه‌ ده‌رنه‌چوه‌كه‌ى یه‌كێتی (كاروان یاروه‌یس)، له‌كاتى ئاراسته‌كردنى ئه‌و ده‌نگانه‌ى كاندیده‌ ژنه‌كانیان، ئه‌وا هه‌ردو كاندیده‌ پیاوه‌كه‌ى یه‌كێتى ده‌یانتوانى پێش به‌ كاندیده‌كه‌ى پارتى بده‌نه‌وه‌ و ریزبه‌ندى دوه‌م و سێیه‌م بگرن و چواره‌میش به‌حوكمی كۆتای ژنان هه‌ر بۆ خۆیان (یه‌كێتى) ده‌بو.
 
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت له‌لای پارتى، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌م بازنه‌یه‌، له‌ هه‌مو بازنه‌كانى دیكه‌ی سلێمانى، كاندیدی ئه‌و حزبه‌ ژن بوه‌، له‌م بازنه‌یه‌شدا له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاندیدێكى ژنى دانا، پاشان گۆڕی به‌ یه‌كێكى پیاو. به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ نه‌قۆزراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌بری ئه‌وه‌ى به‌كاربهێنرێت بۆ ده‌رچواندنى كاندیدێك زیاتر، كه‌چى بوه‌ به‌ باعیسی ده‌رچونى كاندیدێك كه‌متر.
 
به‌گشتى ئه‌وه‌ى له‌ پلان و كاركردنى یه‌كێتى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ بازنه‌ى پێنج و به‌تایبه‌ت گه‌رمیان ده‌خوێنرایه‌وه‌، ئه‌وه‌بو زۆرتر كار بۆ سه‌رخستنى كاندید ده‌كرد تاوه‌كو حزب و قه‌واره‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئاشكرا به‌ شێوازی كاركردنى سه‌ركرده‌ و به‌رپرسه‌كانیه‌وه‌ دیار بو، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكار بوبێت بۆ ئه‌وه‌ى چ له‌ كورسی و چ له‌ ریزبه‌ندی ده‌نگه‌كانیش دا، زیانمه‌ند بێت.
 
 
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,456,724     ژمارەی میوان 729