بره‌ودان به‌ كارى رێكخراوه‌یی له‌ گه‌رمیان تاوتوێ ده‌كرێت

2021/03/15    1097 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
له‌ گفتوگۆیه‌كدا ژماره‌یه‌ك چالاكوان پرسی بره‌ودان به‌ كارى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ گه‌رمیان تاوتوێ ده‌كه‌ن و جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی چالاك بكرێت، هاوكات بره‌و به‌ هاوكاریی و كارى هاوبه‌شى نێوان رێكخراوه‌كانیش بدرێت و به‌رنامه‌ى تایبه‌تیش هه‌بێت بۆ گه‌شه‌دان به‌ به‌شداریی ژنان.
 
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ، ئێواره‌ى (14/3/2021)، له‌ هۆڵی رادیۆ گفتوگۆیه‌كى به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌ك چالاكوان رێكخست، ئه‌مه‌ش بۆ زیاتر تاوتوێكردنى چۆنیه‌تى بره‌ودان به‌كارى رێكخراوه‌كان له‌ گه‌رمیان.
 
گفتوگۆكه‌ له‌ پاش ئاماده‌كردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرتێكى تایبه‌ته‌وه‌ هات كه‌ یه‌كه‌كه‌ له‌باره‌ى دۆخی رێكخراوه‌كانه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان مانگى رابردو بڵاویكرده‌وه‌، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و راپۆرته‌، باس له‌وه‌كرا كه‌ چ هه‌نگاوێك بنرێت بۆ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كان.
 
زریان محه‌مه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ رادیۆی ده‌نگ، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌تایبه‌تى 3 خاڵ وه‌كو دیارترین كێشه‌كانى كارى رێكخراوه‌كان ده‌ستنیشانكرابون، ئه‌وانیش په‌یوه‌ندی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى، سستى هه‌ماهه‌نگیی و كارى پێكه‌وه‌یی له‌نێوان رێكخراوه‌كان، له‌گه‌ڵ پرسی به‌شداریی ژنان.
 
له‌ گفتوگۆكه‌دا به‌شداران جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌كى باشتر له‌نێوانیان بهێنرێته‌ ئاراوه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێشنیازى ئه‌نجامدانى چه‌ند چالاكیه‌كى وه‌كو خول و سیمینار و وۆركشۆپ كرا، هه‌روه‌ك یه‌كه‌م كۆنفرانسی یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانیش كه‌ ساڵی پار ئه‌نجامی دا، به‌ هه‌نگاوێكى دروست زانرا و پێیان باش بو كارى له‌وشێوه‌یه‌ دوباره‌ ببێته‌وه‌.
 
هه‌روه‌ك به‌شداران ئاماژه‌یان به‌پێویستى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای ژماره‌ 1ى ساڵی 2011ى تایبه‌ت به‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌شیان به‌ هه‌نگاوێك بۆ رێكخستنه‌وه‌ى زیاتری په‌یوه‌ندی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی زانی.
 
 
له‌ باسی دوه‌مدا له‌باره‌ى كارى پێكه‌وه‌یی رێكخراوه‌كانى گه‌رمیانه‌وه‌، جه‌خت له‌وه‌كرایه‌وه‌ كه‌ كاری پێكه‌وه‌یی زامنى ئه‌وه‌ ده‌كات پرسه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ كۆمه‌ڵگا باشتر كاریان له‌سه‌ر بكرێت، هۆكارى سستى ئه‌م په‌یوه‌ندی و كارى پێكه‌وه‌ییه‌شیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ رێكخراوه‌كانیش به‌شى پێویست پیشه‌یی نین و دابه‌ش بون به‌سه‌ر ئایدیا و بیروڕا و ته‌نانه‌ت پارته‌ سیاسیه‌كانیش دا.
 
هه‌روه‌ك نمونه‌ى ناوه‌ندى كارى هاوبه‌شى رێكخراوه‌كانى گه‌رمیان هێنرایه‌وه‌ و به‌ ئه‌زمونێك وه‌سفكرا كه‌ مایه‌ى چاولێكردنه‌ به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ به‌ ئه‌زمونى ئه‌و سه‌كۆیه‌ درا كه‌ رێكخراوه‌كانى ژنان هه‌یانه‌ له‌ سنوره‌كه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌كه‌یه‌ش كه‌ به‌شێك له‌ رێكخراوه‌كانى ژنان به‌ به‌شداریی خودی حكومه‌تیش له‌ سنورى گه‌رمیان به‌ سه‌رپه‌رشتی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پێكهاتوه‌.
 
به‌شێك له‌ به‌شداران پێیانوابو كه‌ پێویسته‌ ئه‌م كارى هاوبه‌شه‌ چ له‌ شێوه‌ى تۆڕ یان له‌شێوه‌ى هه‌ماهه‌نگیی، له‌سه‌ر بنه‌ماى پرس و دۆز بێت، یان له‌سه‌ر بنه‌ماى پسپۆڕێتى، واتا رێكخراوه‌كان ده‌توانن كۆڕبه‌ندێك پێكبهێنن بۆ كاركردن له‌سه‌ر پرسێكى تایبه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كى تایبه‌ت هه‌تا ده‌یگه‌یه‌نن به‌ ده‌ره‌نجامێك، یاخود له‌سه‌ر ئاستى پسپۆڕیی كۆڕبه‌ند پێكبێنن.
 
له‌ به‌شى سێیه‌مى گفتوگۆكه‌ى یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ تایبه‌ت به‌ پرسی چۆنیه‌تى بره‌ودان به‌ كارى رێكخراوه‌كان له‌ گه‌رمیان، باس له‌ به‌شداریی ژنان كرا، ئاماژه‌ به‌وه‌كرا كه‌ ئه‌گه‌رچی به‌شدارییه‌كه‌ قه‌باره‌كه‌ى باشتر بوه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ ئاستى پێویست دا نیه‌، بۆ ئه‌مه‌ش لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی به‌ هۆكار زانرا.
 
به‌شداران بۆچونیان وابو كه‌ پێویسته‌ رێكخراوه‌كان له‌مڕوه‌وه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ خۆیان بكه‌ن و پرسی به‌شداریی ژنان به‌ هه‌ند وه‌ربگرن، به‌تایبه‌تیش به‌شدارییه‌كه‌ ته‌نها نه‌بێته‌ بابه‌تێكى روكه‌ش و نمایش ئاسا، به‌ڵكو رۆڵ به‌ ژنان بدرێت له‌نێو رێكخراوه‌كان دا، له‌مڕوه‌شه‌وه‌ هه‌ندێك بۆچون ئاڵوگۆڕ كرا، باس له‌وه‌شكرا كه‌ گرنگه‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان وه‌ك به‌شێكى زیندو و چالاكى كۆمه‌ڵگا، رۆڵ ببینن له‌ دروستكردنى كادیری ژن.
 
به‌شدارانى گفتوگۆكه‌ پێكهاتبون له‌: بێستون ژاڵه‌یی – چالاكوان و به‌رپرسی رێكخراوى پرۆژه‌، به‌هادین كه‌مال – چالاكوان و به‌ڕێوبه‌رى رێكخراوى گه‌نجانى بوێر، ڤیان سابیر – چالاكوان و سه‌رپه‌رشتیاری رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان له‌ گه‌رمیان، ئومێد عه‌لی - به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌رى گه‌شه‌پێدانى چالاكى لاوانى كه‌لار، له‌یلا ئه‌حمه‌د – چالاكوان و ئه‌ندامى تیمی رێكخراوى وادی ئه‌ڵمانى له‌ گه‌رمیان و شاهۆ عه‌بدوڵڵا- چالاكوان.
 
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,197     ژمارەی میوان 430